چۆن موسوڵمان خۆی ڕزگار بکات لەڕەوشتی ناپەسەند ، وخۆی بڕازێنەوە بەڕەوشتی بەرز و جوان ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن موسوڵمان خۆی ڕزگار بکات لەڕەوشتی ناپەسەند ، وخۆی بڕازێنەوە بەڕەوشتی بەرز و جوان ؟
پرسیار:

من ڕەوشتم زۆر ناشیرینه ، وئازاری دایکم دەدەم  ، وبەردەوام توڕەی دەکەم  ، وهەندێ جار ڕەوشتم جوانە ، بەڵام زۆربەی جار ناشیرینە ، ئایا چ بکەم ڕەوشتم جوان دەبێت ؟ 
وه ئایا ئەو شتانە چین کەیارمەتی دەرن لەسەر ڕەوشت جوانی لەگەڵ دایک وباوکدا ؟ وئایا سزا دەدرێم لەسەر ڕەوش ناشیرینی ؟ یاخود ڕەوشت جوانی تەنها سوننەتە ؟ 
ومن کاتێ ڕەوشتی خۆم جوان دەکەم هەست بەڕیا دەکەم ، وهەست دەکەم شیرکی بچوکم بڕیار داوە لەڕەوشتدا ، چۆن بەردەوام بم لەسەر ڕەوشتی جوان و نیەتم خاڵس کەم بۆ خوداى گەورە لەو کارەدا ؟

بەناوى خواى بەخشەندەو میهرەبان

یەکەم :
ڕەوشت جوانی قورسترین کردارە لەتەرازووی چاکەکاندا لەڕۆژی دوایی دا ، وخاوەنی جوانترین ڕەوشت نزیکترین کەسه لەپێغەمبەرەوە لەڕۆژی دوایی دا .
پێشەوا تورموزی  فەرموودەیەکی بەژمارە (2018) لەجابرەوە ڕیوایەت کردووە وبەحەسەنی داناوه دەڵێت : پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی : ( إِنَّ مِنْ أَحَبِّكُمْ إِلَيَّ وَأَقْرَبِكُمْ مِنِّي مَجْلِسًا يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَحَاسِنَكُمْ أَخْلَاقًا ) .
وصححه الألباني في " صحيح الترمذي " .
واتە: خۆشەویسترینتان بەلای منەوە و نزیکترینتان لە من لەڕۆژی دوایی دا ئەوەتانە کەڕەوشتی جوانترە .

وە پێشەوا بوخاری (6035) ، وموسلم (2321) لەعبداللەی  کوڕی عەمرەوە گێڕاویانەوە وپێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ( إِنَّ خِيَارَكُمْ أَحَاسِنُكُمْ أَخْلَاقًا ) .
واتە: باشترینتان ئەوانەتانن کەڕەوشتیان جوانتره.

پێشەوا نەوەوی دەڵێت: ئەم فەرموودەیه پێداگری تێدایە لەسەر ڕەوشت جوانی ، وڕوونکردنەوەی ڕێزی خاوەنەکەیەتی ، وئەوە سیفەتی پێغەمبەرانی خودا وئەولیاکانیەتی .

حەسەنی بەسری دەڵێت: ڕەوشت جوانی بریتی یە لە: چاک بوون وکاری چاک ئەنجام دان ، وئەزیەت نەدانی خەڵک ، ودەم وچاو وڕوو گەشی لەگەڵ خەڵکدا .

وەقازی عیاز دەڵێت: ڕەوشت جوانی بریتی یە لە: تێکەڵاوی کردنی خەڵک بەڕووگەشی ، وخۆشویستنیان ، و بەزەیی هاتنەوە پێیان ، وتەحەمول کردنی ناڕەحەتیان ، ولەسەر خۆ بوون لەگەڵیان ، وئارام گرتن لەسەریان ، و واز هێنان لەخۆ بەگەورە دانان بەسەریاندا ، ودوور کەوتنەوە لەتوندی وتوڕە بوون ، وسەرزەنشت کردن .

دووەم :
ئازار دانی دایک وباوک لەتاوانە گەورەکاته ، وکەسێک ئازارى دایک و باوکی بدات سەرفراز نابێ لەدونیا ودوا ڕۆژدا .
وە پێویستە لەسەر موسوڵمان زۆر چاک بێت لەگەڵ دایک وباوکیدا ، وهەوڵی باش بوون بدات لەگەڵیان ئەوندەی کەلەدەستی دێت ، ودوور کەوێتەوە لەتوڕە کردن و لەفەرمان دەرچوونیان .

سێیەم :
جوان کردن وباش کردنی ڕەوشت شتێکە دەکرێت ، و بەم هۆکارانە بەدەست دێت :
- ناسینی فەزائیلەکانی ڕەوشت جوانی ، وزانینی ئەو پاداشتە گەورەیەی کەبۆی دانراوە لەدونیا ودوا ڕۆژدا .
- ناسینی ڕەوشتە ناشیرینەکان ، وشوێنەوارە خراپەکانی.
- تەماشا کردنی سیرە و ژیانی پیاو چاوکان .
- دوور کەوتنەوە لەڕەوشتی ناپەسەند ، وخۆڕازاندنەوە بەڕەوشتی ئارام گری ، وخۆ ڕاهێنان لەسەر لەسەر خۆیی وپەلە نەکردن .
- دانیشتن لەگەڵ کەسانی ڕەوەشت بەرزدا ، ودوو کەوتنەوە لەکەسانی ڕەوشت ناشیرین .
- ڕاهێنانی دەروون لەسەر ڕەوشت جوانی ، وئارام گرتن لەسەری ، شاعیر دەڵێت:
تكَرَّمْ لتَعْتادَ الجَمِيلَ ، ولنْ تَرَى ... أَخَا كَرَمٍ إِلَّا بأَنْ يتَكَرَّمَا .
بەخشندە بە بەڵکو ڕابێیت لەسەر شتی چاک ، وهەرگیز نابینی کەسی بەخشندە مەگەر بەبەخشندەیی نەبێت .

لەکۆتایدا : بەدوعا کردن وپاڕانەوە لەخودا بەوەی ڕەوشتی جوان کات ویارمەتی بدات ، ویەکێک لەدوعاکانی پێغەمبەر : ( اللهُمَّ أَحْسَنْتَ خَلْقِي ، فَأَحْسِنْ خُلُقِي) رواه أحمد (24392) وصححه محققو المسند . وصححه الألباني في "صحيح الجامع" (1307).
واتە: خوایه ڕووت جوان کردووم ، دەی من دوات لێ دەکەم ڕەوشتم جوان کەیت .
وە گەر جارێک موسوڵمان توشی زەلەتێک بوو ، ئەوا پەلە دەکات لەداوای لێبوردن کردن ، وچاککردنی ئەوەی خراپی کردووە .
و کەسی موسوڵمان ڕەوشتی خۆی دەڕازێنتەوە وەک جێ بەجێ کردنی فەرمانی خودا ، وڕازی کردنی ، وەک شوێن کەوتنی پێغەمبەری خودا ، هاوشێوەی هەموو عیبادەتەکانی تر ، ڕەوشتی خۆی جوان ناکات بۆ ئەوەی خەڵک وەسفی بکەن ، بەو هۆیەوە کردەوەکەی بەتاڵ ببێتەوە وسزا بدرێت لەسەر ڕیا .

وەهەروەک چۆن موسوڵمان هەوڵی خۆیەکلایی کردنەوە دەدات لەعیبادەتەکانی دا بۆ خودا ، بەهەمان شێوە کاتێ ڕەوشتی جوان دەکات تەنها چاوەڕێی پاداشت دەکات لەخودا  .

چوارەم :
یەکێکی تر لەو شتانەی کەیارمەتی دەرن لەسەر چاک بوون لەگەڵ دایک وباوکدا :
- زانینی مافی دایک وباوک ، وچۆن ئەوان گەورەیان کردووە وپەروەردەیان کردووە وتەحەمولی ناڕەحەتیەکانی ژیانیان کردووە لەپێناو ئەودا  .
- ئاشنا بوون بەو دەقە شەرعیانەی کەهاتوون لەبارەی ڕێزی دایک وباوک ، وفەزڵ وڕێزی ئەو کەسانەی چاکن لەگەڵ دایک وباوک .
- زانینی ئەوەی کەچاک بوون لەگەڵ دایک وباوکدا یەکێکە لەگەورەترین هۆکارەکانی ئەوەی منداڵ چاک بێت لەگەڵ ئەو دایک وباوکانەدا کەباش بوون لەگەڵ دایک وباوکیاندا ، وپێچەوانەکەشی بەهەمان شێوەیه  .
- تەماشا کردن ژیانی سەلەفی ساڵەح ، وئەوان چۆن بوون لەگەڵ دایک وباوکیاندا  .
- خوێندنەوەی ئەو کتێب ونامیلکانەی کەباس لەڕێزی دایک وباوک دەکەن ، وەهەروەها گوێگرتن لەو وتار و وانانەی کەمرۆڤ هەڵدەنێن بۆ چاک بوون لەگەڵ دایک وباوکدا .
- دیارى ، و قسەی چاک ، وڕوو گەشی ، وزۆر پاڕانەوە هەموو ئەمانە یارمەتی دەرن بۆ ڕەوشتجوانی  .
والله أعلم .

سەردان: ٣,٠٢٩ بەش: تەزکیەى نەفس