لەهۆکارەکانی سنگفراوانى لە قورئانی پیرۆز دا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لەهۆکارەکانی سنگفراوانى لە قورئانی پیرۆز دا
پرسیار:

ئەو کارە باشانە چین کە ئەنجامی بدەم بۆ ئەوەى هەست بە ئارامی و دڵخۆشی بکەم؟

خوشک و براى موسڵمان : گەر دەتەوێ هەمیشە دڵ و دەروونت ئارام بێت و هەست بە ئاسوودەیی بکەی ئەوا ئەم خاڵانە جێ بەجێ بکە :

1️⃣تەوحید و یەکخواپەرستی:
(أَفَمَن شَرَحَ اللَّهُ صَدْرَهُ لِلْإِسْلَامِ فَهُوَ عَلَىٰ نُورٍ مِّن رَّبِّهِ)

واتە : ئایا كه‌سێك كه‌ خوای گه‌وره‌ سینگی كردۆته‌وه‌و فراوان كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئیسلام وه‌ له‌سه‌ر نوورو ڕووناكیه‌ له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ وه‌كو كه‌سێكى دڵڕه‌ق وایه‌ كه‌ له‌ تاریكی و گومڕاییدا بێت و دوور بێت له‌ حه‌ق؟ نه‌خێر هه‌رگیز یه‌كسان نین .
* ئەمە لەگەورەترین هۆکارەکانی فراوانبوونی سینەیە.

2️⃣گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە:
(فَلَوْلَا إِذْ جَاءَهُم بَأْسُنَا تَضَرَّعُوا وَلَٰكِن قَسَتْ قُلُوبُهُمْ )
واتە : ئەبوایە کاتێک بەڵا و موسیبەتی ئێمەیان بۆ بهاتایە بەزەلیلی و ملکەچیەوە لەخوای گەورە بپاڕانایەتەوە ،  به‌ڵام ئه‌وان دڵیان زیاتر ڕه‌ق بوو .
* دەلالەتە لەسەر ئەوەی کە ملکەچ بوون و زەلیل بوون بۆ لای خوای گەورە سینە فراوان دەکات.

3️⃣نوێژ:
(وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ (97) فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ وَكُن مِّنَ السَّاجِدِينَ)
واتە : ئێمە ئەزانین کەتۆ دڵت تەنگ ئەبێ سەبارەت بەتۆ ئەیڵێن،تۆ تەسبیحاتی پەروەردگارت بکە حەمد و سەنای خوای گەورە بکە،وە لەو کەسانە بە کە کڕنۆش بۆ خوای گەورە ئەبەن.
* [کڕنۆش بەران :واتا نوێژ خوێنان]

4️⃣خوێندنەوەی قورئان:
(قَدْ جَاءَتْكُم مَّوْعِظَةٌ مِّن رَّبِّكُمْ وَشِفَاءٌ لِّمَا فِي الصُّدُورِ وَهُدًى وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ)
واتە : به‌دڵنیایی له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ په‌ندو ئامۆژگاریتان بۆ هاتووه‌ كه‌ قورئانی پیرۆزه‌، وه‌ شیفایه‌ بۆ ئه‌و دڵه‌ى كه‌ له‌ناو سینگه‌كانه‌ بۆ هه‌ر دوودڵى و گومانێك كه‌ رووبه‌ڕووتان بێته‌وه‌ قورئان شیفایه‌ بۆی ، وه‌ هیدایه‌ت و ڕێنمایی و ڕه‌حمه‌ته‌ بۆ باوه‌ڕداران.
 * ئەو ئامۆژگاری یە لێرە بەواتاى قورئانی پیرۆز دێت.

5️⃣زیکر و یادی خوا :
(الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّهِ  أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ)
واتە : ئەو کەسانەی کە باوەڕێیان هێناوە و دڵیان ئارام دەبێت بەزیکر و یادی خوای گەورە،وە بزانن کە تەنها زکر و یادی خوای گەورە دڵەکان هێمن و ئارام و ئاسوودە ئەبێت.
* وە هەموو جۆرەکانی زیکر دەگرێتەوە لە پاک و بێگەردی وە سوپاس گوزاری بۆ خوای گەورە وە جگە لەوانیش..

6️⃣نزا (دوعا):
(قَالَ رَبِّ اشْرَحْ لِي صَدْرِي )
واتە : موسا سەلامی خوای لەسەر بێت فەرمووی ئەی پەروەرەدگار سینگم فراوان بکە کە بتوانم باری قورسی پێغەمبەرایەتی و ئازاری خەڵک هەڵبگرم.
* یەکەم داوای موسا سەلامی خوای لەسەر بێت ئەوە بوو کە خوای گەورە سینگی فراوان بکات.

سەردان: ١,٨٢٨ بەش: تەزکیەى نەفس