کۆمەڵێک ئامۆژگاری گرنگ و بەسوود بۆ قوتابیان  بۆ بۆنەى نزیکبونەوەى تاقیکردنەوەى قوتابخانەکان  : ماڵپەڕی وەڵامەکان
کۆمەڵێک ئامۆژگاری گرنگ و بەسوود بۆ قوتابیان  بۆ بۆنەى نزیکبونەوەى تاقیکردنەوەى قوتابخانەکان  
پرسیار:

لەگەڵ نزیک بوونەوەى تاقیکردنەوەى قوتابخانەکان چ ئامۆژگارییەکتان هەیە بۆ قوتابیان؟

کۆمەڵێک ئامۆژگاری گرنگ و بەسوود بۆ قوتابیان و فێرخوازەکان بۆ بۆنەى نزیک بونەوەى تاقیکردنەوەى قوتابخانەکان

یەکەم : پشت بەخوای گەورە ببەستە ، چونکە لە گەورەترین هۆکارەکانی سەرکەوتن پشت بەستنە بە خواى گەورە لەگەڵ گرتنەبەرى هۆکارەکان .
دووەم : چاك بە بۆ دایك و باوكت و هەوڵبدە گوێڕایەڵییان بکەىت چونکە دوعاکردنی ئەوان بۆ تۆ لە گەورەترین هۆکارەکانی سەرکەوتنە.
سێیەم : زۆر زیکر و یادی خوای گەورە بکە و پشت بە خوای گەورە ببستە و پشت بە زیرەکی خۆت مەبەستە و بە زیرەکی خۆت لە خۆبایی مەبە.
چوارەم : هیچ شتێك ئاسان نابێت تەنها ئەوە نەبێت کە خوای گەورە ئاسانی بکات بۆیە ڕوو لە خوای گەورە بکە بە داواکردن و خۆ زەلیل کردن بۆی.
پێنجەم: پەیوەندی نێوان خۆت و خوای گەورە بەهێز بکە لە هەموو کاتێك ، وه‌ لە کاتی تاقیکردنەوە و جگە لەو کاتەش، بە پارێزگاری کردنت لە نوێژەکان و زیکرەکانی بەیانیان و ئێواران .
شەشەم : زۆر استغفار و داواى لێخۆشبوون لە خواى گەورە بکە چونکە  هۆکارە بۆ ئەوەی کارەکانت بۆ ئاسان ببێت.
حەوتەم : جەوێکی لەبارو گونجاو بۆ سعی کردن هەڵبژێرە و دورکەوە لە جەنجاڵی و دانیشتنی ناو مەجلیس  بۆ ئەوەی سعیت بەباشی پێ بکرێت.
هەشتەم : شەوی پێش تاقیکردنەوە بەتەواوی خۆت ئامادە بکە  لەروی دەرونی و جەستەیەوە  بەباشی بخەوە و خۆت لە قەلەقی بە دور بگرە   وە کاتژمیرێک لانی کەم پێش تاقیکرنەوە   واز لە مراجەعەو سعی بهێنە  چونکە ئەمە دەبێتە هۆکاری قەلەقی زیاتر و لەبیر چونەوەی زیاتریش.
نۆیەم: ڕۆژی تاقیکردنەوە کە لە ماڵ دەرچوویت ئەم زیکرە لەبیر مەکە و بڵێ : «بِسْمِ اللهِ ، تَوَكَّلْتُ عَلَى اللهِ ، وَلا حَوْلَ وَلا قُوَةَ إِلاَّ بِاللهِ»  چونکە خوێندنی ئەم زیکرە دەبێتە مایەی هیدایەت و یارمەتى خواى گەورە و نەمانی کێشە و خەفەت و دوور کەوتنەوەى شەیتان لێت.
دەیەم : بەردەوام دوعا بکە خوای گەورە کارەکانت بۆ ئاسان بکات، لەو دوعا گرنگ و گشتییانەى کە گونجاوە لە ڕۆژانى تاقیکردنەوە بکرێت بریتین لە :
*
« اللَّهُمَّ لاَ سَهْلَ إِلاَّ مَا جَعَلْتَهُ سَهْلاً، وَأَنْتَ تَجْعَلُ الْحَزْنَ إِذَا شِئْتَ سَهْلاً »
* « رَبِّ اشْرَحْ لِي صَدْرِي وَيَسِّرْ لِي أَمْرِي»
*  «لاَ حَوْلَ وَلاَ قُوَّةَ إِلاَّ بِاللَّهِ»
* «اللَّهُمَّ  اهْدِني وَسَدِّدْني»
یانزەیەم : پێویستە لەسەر قوتابی تەقوای خوای گەورەی هەبێت و لە خواى گەورە بترسێت و غەش و قۆپی نەکات لە تاقیکردنەوەکانی ، چونکە پێغەمبەرى خوا (ﷺ) فەرموویەتی : «مَنْ غَشَّ فَلَيْسَ مِنِّي» واتە : ئەوەى غەش بکات لەمن نییە .
دوانزەیەم : سەرەتا پرسیارەکان هەمووی بخوێنەوە پاشان بە وەڵامدانەوەى پرسیارە ئاسانەکان دەست پێبکە و هیچ پەلە پەل مەکە .
سیانزەیەم :  کاتێکی تەواو دیاری بکە بۆ پێداچوونەوەی وەڵامەکان وە زۆر بە وردی و لەسەرخۆیی پێش ئەوەى تەسلیمی مامۆستای بکەیت.
چواردەیەم :  ئەگەر شتێکت لەبیر چوو لەکاتی تاقیکردنەوە و ناڕەحەت بوو لەسەرت ئەوا  ئەم دوعایە بکە و بڵێ:
« اللَّهُمَّ لاَ سَهْلَ إِلاَّ مَا جَعَلْتَهُ سَهْلاً، وَأَنْتَ تَجْعَلُ الْحَزْنَ إِذَا شِئْتَ سَهْلاً »
واتە: خودایە هیچ شتێك ئاسان نییە، جگە لەوە نەبێت، كە تۆ ئاسانت كردوە، هەروەها تۆش كارێك قورس دەكەیت ‌و كاتێكیش ویستت لێی بێت ئاسان دەبێت
پانزەیەم : کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ  واز لە حەلکردنی پرسیارو موناقەشەی پرسیارەکان بهێنەو  پشویەک وەرگرەو خۆت ئامادە بکە بۆ تاقیکردنەوەی دواتر   چونکە گەر نمرەی کەم بەدەست بهێنیت وات لێ دەکات بێ هیوا بیت و ئیرادەت لاواز بێت بۆ تاقیکرنەوەکانی دواتر.
شانزەیەم : ئەنجامی تاقیکردنەوەكه‌ کۆتایی ژیان نییە، نەفسی خۆت ڕابهێنە لەسەر ڕازی بوون بە قەزاو قەدەری خوای گەورە، وە گلەیی و ناشوكری نەکەیت، بە پێچەوانى ئەو کەسانەى کە لەکاتى کەوتن پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن 
.
داوای سەلامەتی و سه‌ركه‌وتن بۆ قوتابییه‌کانمان ده‌كه‌ین، وه‌ خوای گه‌وره‌ یارمه‌تی هه‌موومان بدات بۆ ئه‌وه‌ی پێی خۆشه‌ و لێی ڕازییه‌.

 

سەردان: ٣,٦٩٨ بەش: زانست و بانگەواز