چۆنێتى هەڵسوکەوت لەگەڵ خيلاف: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنێتى هەڵسوکەوت لەگەڵ خيلاف
پرسیار:

لەکاتى وەڵامدانەوەى کەسی موخالیف ڕەچاوی چی بکرێت و چی بکەین بۆ ئەوەى وەڵامێکى سەرکوتوو بدەینەوە؟

هەڵسوکەوت لەگەڵ خيلاف

ئەگەر دەتەوێ وەڵامی کەسێک، یان نووسینێک بدەیتەوە، لەم (١٠)خاڵانە ئاگاداربە، تا وەکو لە وەڵامەکەتدا سەرکەوتوو بیت:

یەکەم : نییەت بۆ خودا بێ، مەبەست لە وەڵامدانەوە گەیشتن بەڕاستی بێت یان ڕاستکردنەوەی هەڵە (ئەمە گرنگترین خاڵە).

دووەم : مەوقفی بەرامبەر وەکو خۆی بگوازەوە ، هەروەها زاراوەکانی بەرامبەر بە جوانی لێیان تێبگە، و بزانە ئەو زاراوە و وشانەی تۆ بەکاریان دەهێنی؛ بەرامبەرت بە جوانی لێیان تێدەگات.

سێیەم : زۆرجار وەڵام دانەوە پێویستە، بەڵام کاتەکە گونجاو نییە.

چوارەم: هەموو شتێکی نا پەسەند کە قسەی بەرامبەر هەڵیدەگرێت، لەسەر بەرامبەر حیساب نییە(لازم القول ليس بقول). وە هەمو شتێکی پەسەند کە قسەی بەرامبەر هەڵیدەگرێت؛ بۆ بەرامبەر حیسابە.
قسەکانی یان نووسینەکانی، لە ڕووی باشەوە لێکدەدرێنەوە (حمل الكلام على أحسن المحامل).

پێنجەم: بەشی ڕاستی لای بەرامبەر پێویستە دیار بکرێت، لەگەڵ هەڵەکانی تێکەڵ نەکرێت.
هەروەها هەڵەکانی بەرامبەر پۆلێن دەکرێن، زۆر جار باسی هەڵەی گچکە ناکرێت، لەبەر هەڵەی گەورە.

شەشەم: ڕەخنە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی بەرامبەر پەیوەندیان بە کەسایەتی بەرامبەرەوە نیە؛ ئایا چ کەسێکە یان چ لایەنێکە.

حەوتەم: تەرازوی ڕاستکردنەوەی هەڵەی بەرامبەر، پێویستی بە دوو جۆری بەڵگەیە:
یەکەم: بەڵگەی (شەرعی = نقل)
دووەم: بەڵگەی (عقل)ی.
وە ئەگەر بەڵگەی شەرعی، پێت نەگاتە عەقڵی بەرامبەر، نابێ باسی بکەی.

هەشتەم: گوێبیستی بەرامبەر بە بەجوانی، لێی سودمەند بە، و بارێکی دەروونی ساغڵەمت هەبێ، بە شێوەیەک هەرکات ڕاستی لای ئەو بێ بۆی بگەرێیتەوە.

نۆیەم: هۆکارەکانی هەڵەی بەرامبەر بزانە، تاوەکو چارەسەری لە بناغەوە بکرێن.

دەیەم: ئادابی گفتوگۆ ...دەنگی نزم لە دەنگی بەرز بەهێزترە، زەردەخەنە لە توڕەی گەورەترە، هەر شتێک لەمانە جێی خۆی هەیە؛ بە بێ تەکەلوف و تەصەنوع.

ئەمە دە خاڵ، ئەگەر لە خۆت و بەرامبەرتدا نەهێنە جێ کاتی وەڵام و وەڵامدانەوە، ئەوا: (انسحب) بگەرێوە.

مامۆستا سامی مصطفی حسن


سەرچاوەکان:
* منهجية التعامل مع المخالفين. تأليف: سليمان الماجد /ط. التكوين.
* فقه الحوار مع المخالف في السنة النبوية. تأليف: فتحي الموصلي. /ط. الدار الاثرية.
* فقه الرد على المخالف. تاليف: خالد بن عثمان السبت. /ط. مركز المصادر.
* منهج العلامة محمد ناصر الدين الالباني في التعامل مع المخالفين. إعداد: هادى عبدالكريم /ط. الرسالة العالمية.
* أصول الشيخ عبد العزيز بن باز في الرد على المخالفين. تأليف: فيصل الجاسم. /ط. دار البشائر.

سەردان: ١,٨٣٤ بەش: زانست و بانگەواز