تێروانینى ئاینى پیرۆزى ئیسلام بۆ کڕین و فرۆشتن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تێروانینى ئاینى پیرۆزى ئیسلام بۆ کڕین و فرۆشتن
پرسیار:

ئایا تێروانینى ئاینى پیرۆزى ئیسلام بۆ کڕین و فرۆشتن چیە؟ 

لە ئیسلامدا بابەتی کڕین و فرۆشتن، لە دوو ڕوویەوە تەماشا دەکرێت:

یەکەم: (التراحم) ڕەحمەتداری.
دووەم: (التعاقد) گرێبەستی.

درێژترین ئایەتی قورئانی پیرۆز، باسی گرێبەستی قەرزە (دەینە)، و لە درێژترین بابەتەکانی فیقهی ئیسلامی، ئەحکامی گرێبەستی کڕین و فرۆشتنن (البیوع)!

قورئان و فەرموودە، هانی موسڵمان دەدەن کە: 
لە باشترین کاسبکارییەکان، بازرگانییەکی حەڵاڵە، کە گرێبەستەکەی ئەم مەرجانەی تیادابێ.

• ڕازیبوونی هەردوو لا .
• دوور لە ڕیبا و قومار، و کڕین وفرۆستن بە شتی نا دیار(مجهول) یان بە شتی حەرام....هتد.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەصڵ لە کڕین و فرۆشتندا بە پێی شەرع؛ حەڵاڵی و سەربەستی بازاڕە.
واتە:
✓بەبێ بەڵگە ناکرێت بڵێن فڵانە کڕین و فرۆشتن حەرامە!
✓بە دەسەڵاتی سیاسی ناتوانین نرخەکان بسەپێنین، بە بێ پاراستنی کڕیار و فرۆشیار لە ستەم!

بەم هەموو سەربەستیە لە باڵی گرێبەستدا(التعاقد)، گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتن بۆ بازرگانەکان چۆڵ ناکرێت، بەڵکو باڵی(التراحم) دەست بەسەر کڕین و فرۆشتنی موسڵمانی ڕاستەقینەدا دەگرێت، و بە دەیان شێواز ئەم ڕەحمەتدارییە لە کردەوەکانیدا دەردەکەوێت وەک لەم نمونانەدا:

١- کڕین لە کەسێک کە بازاڕی نییە، لە جیاتی صەدەقە پێ کردنی، بێ ئەوەی هەست بکات!
2- کڕین بە نرخێکی گرانتر لەوەی فرۆشیار دەڵێت، کاتێ کڕیار دەزانێ ، فرۆشیارەکە ئاگای لە گرانی بەهای کاڵاکانی نییە!
3- کڕین لە کەسی ناسراو بە فسق! بەنییەتی تێکەڵیکردنی، تاوەکو بتوانێ قسەیەکی خێری بۆ بکەیت، بە ناڕاستەوخۆ!
4- دورکەوتنەوە لە هەموو کڕین و فرۆشتنێک، ببێتە هۆکاری گرانی کاڵاکان یان هەبوونی شوبهە و مشتومڕ لە سەر حەڵاڵی و حەرامیەکەی وەکو کڕین و فرۆشتنی شەبەکی و هەرەمی...هتد .
5- دوور کەوتن لە چەند جارەی قازانج وەکو ١٠٠٪ و ٢٠٠٪...هتد.
6- دوورکەوتنەوە لە کەمکردنەوەی ڕاتب و مانگانەی کەسێک کە ناچاری کارکردنە بە هەر نرخێک بێت....

دەیان نمونەی دیکە، کە پێش ئەوەی تەماشای حوکمی شەرعی گرێبەستەکە و مەرجەکانی بکەین(التعاقد) ئایا شەرعییە یان نا شەرعییە؟- لە ڕووی ئەو مەرجانەی کە باسکران -؛ موسڵمانی ڕاستەقینە تەماشای ڕووی دیکەی کڕین و فرۆشتنەکە دەکات کە (التراحم)ە، وەکو ئەو نمونانەی کە باسکران....

لە کۆتاییدا:

لە کڕین و فرۆشتندا با لە پلەی ئیسلام سەرکەوین، کە تەنها تەماشاکردنی مەرجە شەرعییەکانی گرێبەستە(التعاقد)، بۆ پلەی ئیمان و ئیحسان، کە تەماشاکردنی ڕووی (التراحم)ە...

ئەمما حوکمی غەش و فێلبازی....هتد(أكرمكم الله) ئەمە لاتان زانراوە، شیاوی باس نییە..

مامۆستا سامی مصطفی حسن


سەرچاوە:
* [يَمْحَقُ اللَّهُ الرِّبَا وَيُرْبِي الصَّدَقَاتِ ۗ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ كَفَّارٍ أَثِيمٍ ][سورة البقرة 276].
* الرحلة الفكرية لعبدالوهاب المسيري ص٨١.

سەردان: ٤,٥٥٤ بەش: کڕین و فرۆشتن