ئایا ئەركی موسڵمان چیە بەرانبەر دینەكەی ؟
خوای گەورە ئەرك و وەزیفەی ئەم ئوممەتەی دیاری كردووە وەكو دەفەرموێت: [كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ ] { آل عمران:110}.
واته : ئێوە ـ ئەی ئوممەتی موحەممەد ﷺ ـ چاكترین ئوممەت و بەسودترینی خەڵكین بۆ خەڵك، فەرمان بەچاكە دەكەن كە بریتیە لەوەی لەڕووی شەرع و عەقڵەوە بەچاك ناسراوە، وە ڕێگری و یاساغی دەكەن لە خراپە كە بریتیە لەوەی لەڕووی شەرع و عەقڵەوە بەخراپ و قێزەون ناسراوە، و باوەڕتان بەخوای پەروەردگار هەیە و بەڕاستی دەزانن باوەڕبوونێكی پتەو كە بەكردەوە پشتگیری كراوە .
جا بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمان كە بانگخواز بێت بۆ لای خــوای پەروەردگار، فەرمان بە چاكە بكات و ڕێگری لە خراپە بكات ئەوەش بەو مەرجە شەرعیە زانراوانەی كە باسكراون، پێش ئەمەش دەبێت باوەڕێكی بتەوی هەبێت بە خوا بەشێوەیەك كە پاڵی پێوە بنێت بۆ دەست گرتن و پەیوەست بوون بە فەرمان پێكراوەكانەوە و دووركەوتنەوە لە حەرام كراوەكان، و شوێنكەوتەی پێغەمبەر بێت ﷺ و بیدعەچی نەبێـت، بۆ ئەوەی بانگەوازكار بێت بە كرداری پێش گوفتاری، وە بۆ ئەوەی ببێت بە پێشەنگێكی چاك و چاولێكراو بۆ خەڵكی تر و كاریگەری لەسەر خەڵكی دەوروبەری خۆی دروست بكات.
جا ئەركی موسڵمان بەرانبەر بەدینەكەی خۆی لەمانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
یەکەم : بەتاك دانانی خوا لە پەرستندا و دووركەوتنەوە لە شیرك و هاوبەش پەیداكەران: خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ (56) ] { الذاريات}. یان دەفەرموێت: [إِنَّ اللَّهَ لَا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاءُ] { النساء: 48}.
دوو ەم : پابەندبوون بە چەمكی گشتگیرێتی عیبادەت بەو شێوەیەی كە هەموو لایەنەكانی ژیان دەگرێتەوە: وەكو خوای گەورە دەفەرموێت: [قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (162) لَا شَرِيكَ لَهُ ] { الأنعام}.
جا موسڵمان دەتوانێت هەموو ژیانی بگۆڕێت بۆ عیبادەت ئەگەر نیەتی پاكژ بكاتەوە بۆ خوا وكردەوەی چاك بێت.
سێ یەم : موسڵمان دەبێت بزانێت كە چەندین موسڵمان هەیە وێنەی ئیسلام ناشرین دەكەن بە كردارو گوفتار و ئاكاریان، بۆیە پێویستە لەسەر ئەم لەهەوڵدا بێت بۆ پیشاندانی وێنە جوان و پاكەكەی ئیسلام كە پێغەمبەری خوا ﷺ پێی ڕاگەیاندووین لە خوای پەروەردگارەوە، كە هیچ داهێنراوێك و تەڵخی و ناڕوونیەكی تێدا نیە.
چوارەم : دەبێت بزانێت كە ئەوانەی كە موسڵمان نین بەملیارەها كەسن، وە زۆربەی ئەوانەش هیچ شتێكی دەربارەی ئیسلام نازانن، یان وێنەیەكی شێوێنراویان پێ گەیشتووە سەبارەت بە ئیسلام.
بۆیە پێویستە لەسەر ئەم كە هەموو هەوڵێك كەلەتوانایدایە بیدات بۆ تێگەیاندنی ئەوانە، چونكە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: " لَأِنْ يَهْدِيَ اللهُ بِكَ رَجُلًا وَاحِدًا خَيْرٌ لَكَ مِنْ أَنْ يَكُونَ لَكَ حُمْرُ النَّعَمِ " { متفق عليه}. واتە: سوێند بەخوا ئەگەر خوا كەسێك هیدایەت بدات لەسەردەستی تۆ ئەوا باشتر بۆت لەوەی حوشترێكی سوورت هەبێت (ئاژەڵێكی گرانبەهای ئەو سەردەمە بووە).
پێنجەم : لەگەورەترین ئەركەكانی موسڵمان ئەوەیە كە پابەند بێت بە ئاكار و ڕەوشت و عیبادات و هەڵسوكەوت و ڕەفتاری ئیسلامیەوە بەو جۆرەی كە خوای گەورە شەرعاندوویەتی و رێگەی پێداوە، چونكە ئەوە شێوازە لەكاریگەرترین هۆكارەكانە بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خەڵكی و بانگكردنیان بۆ ناو ئیسلام.
شەشەم : لەسەر موسڵمانە كە شانازی بكات بە دینەكەیەوە، و بەبەزەیی بێت بەرانبەر كەسانی تر، و دڵنیاش بێت كە سەردەكەوێت، و ئایندەش بۆ ئیسلامە: خوای گەورە دەفەرموێت: [يُرِيدُونَ لِيُطْفِئُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ (8) هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَى وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ الْمُشْرِكُونَ (9) ] { الصف}.
حەوتەم : یەكێكی تر لە ئەركەكانی موسڵمان ئەوەیە كە فێـری زانستی شەرعی بێت لای زانایان و فێرخوازانی شەرعی كە هەڵگری دینە ڕەسەنەكەی ئیسلامن و ئەوانەی كە دوورن لە بیدعەو باوەڕی لاڕێ و گومڕاكەرانە: خوای گەورە دەفەرموێت: [يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ (11) ] { المجادلة}.
وە دەبێت فێرخواز پابەند بێت بەدەقەكانی قورئان و فەرموودەی صحیحەوە و ووتەی هیچ كەسێك پێش ئەوان نەخات هەركەسێك بێت، هەروەها ئەو عادات و شتە كەلتوریانەی كە لەكۆمەڵگاكاندا باون ئەگەر هاتوو پێچەوانەی ئیسلام بوو ئەوا دەبێت هەم خۆی لێیان دووربكەوێتەوەو هەمیش ئامۆژگاری خەڵكی تر بكات، كەوابوو واجب ئەوەیە كە شوێنكەوتەی قورئان و فەرموودە بیت و بۆ هەموو كاروبارێك بگەڕێیتەوە بۆی.
هەشتەم : موسڵمان دەبێت خۆڕاگربێت لەسەر ئەوا ئەزیەت و ئازارانەی كە تووشی دەبن و ڕووبەڕوی دەبنەوە لەلایەن خەڵكیەوە لەكاتی بانگەوازكردنیدا، چونكە شوێنكەوتووانی پێغەمبەران هەر دەبێت تووشی ناڕەحەتی و سەختی ببنەوە، هەربۆیە لقـمان بە كوڕەكەی خۆی ووت: [يَابُنَيَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَاصْبِرْ عَلَى مَا أَصَابَكَ إِنَّ ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ (17)] { لقمان}.
نۆیەم : دەبێت موسڵمان پشكی دیار وبەرچاوی هەبێت لە پرۆژە و كارە خێرخوازی و خۆبەخشیەكاندا، و چاوەڕێی پاداشتەكەشی لای خوا بێت، چونكە ئەم كاروكردەوانە لای خوای گەورە لەزۆرێك لە عیبادەتە سوننەتەكان باشترن.
دەیەم : هەروەها دەبێت موسڵمان پشكی هەبێت لە بونیادنانی شارستانیەتی ئوممەتەكەیدا لەو بوارەی كە خۆی پسپۆرە تیایدا و سەركەوتووە، بۆیە دەبێت ئەو بوارە دەستنیشان بكات كە گونجاوە بۆی و لێزانە تێیدا بۆ ئەوەی خزمەتی پێ بكات و داهێنانێك پێشكەش بە ئوممەتەكەی بكات، چونكە ئێمە هەروەكو چۆن پێویستمان بە فێرخوازێكی زانستی شەرعی پسپۆر هەیە بەهەمان شێوەش پێویستمان بە بلیمەت و كەسە لێهاتووەكانە لە بوارە جۆربەجۆرەكانی وەكو ئەندازیاری و ئابووری و كۆمەڵایەتی و زانست وهونەرەكانی تردا.