تکایە ڕونکردنەوەمان بدەنێ سەبارەت بە خوێنەكانی لەشی ئافرەت و حوكمی هەریەكەیان لەشەریعەتی پیرۆزی ئیسلامدا ، وە چ شتێک لەسەریان حەرام دەبێ؟ وە پیاو چۆن چێژ لە خێزانى ببینێ لەکاتێکدا لە سوڕی مانگانەدایە ؟
الحمدُ لِلهِ رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آلهِ وصحبهِ وسلم...أما بعدُ:
یەکەم : خوێنی بێ نوێژی ( الحیض):
پێناسەكەی:
خوێنی بێ نوێژی: بریتیە لەو خوێنەی كە لە شوێنی مناڵبوونی ئافرەتەوە دەردەچێت لە كاتی لەش ساغیو پێگەیشتنی دا
كاتەكەی :
شەرع كەمو زۆری تەمەنی ئافرەتی نەكردوە بە پێوەر بۆ دیاری كردنی سەرەتای ئەو تەمەنەی كە ئافرەت تێیدا دەكەوێتە بێ نوێژیەوە، بەڵكو دەركەوتنی خوێنەكەی كردووە بە پێوەر بۆ سەرەتای تەمەنی كەوتنە سەر خوێن
ڕەنگەكەی:
مەرجە خوێنی بێ نوێژی لەسەر ڕەنگێك لەم ڕەنگانەی خوارەوە بێ :
1-سورێكی تۆخی مەیلەو ڕەش:
2- سوور
3- زەرد: ئەویش جۆرە ئاوێكە لەكاتی بێ نوێژی دا لە لە شوێنی مناڵبوونی ئافرەتەوە دێتە خوارەوەو زیاتر مەیلەو زەرد دەردەكەوێت.
4- لێڵو بۆر
وە ئەو ئاوە زەردباو لێڵو بۆرەش كاتێ دەكرێتە نیشانەو سەلمێنەری بێ نوێژیو بە بێ نوێژی دادەنرێ كە ئافرەتەكە لە سووڕی خوێندا بێ و لە ڕۆژانی حەیزدا بێ، ئەگەر نا بە حەیز دانانرێ.
ماوەكەی:
شەرع لایەنی كەم و زۆری كەوتنە سەر خوێنی دیاری نەكردووە، بۆیە بۆ زانینو پەی بردن بە ماوەی بێ نوێژیو پاكبوونەوە، شەرع عادەتی ئافرەتەكە خۆی كردۆتە پێوەر بۆ ئەوەی چەندێ لە بێ نوێژی دا دەمێنێتەوە، بەڵام زۆربەی زۆری عادەتی ئافرەتان شەش تا حەوت ڕۆژە، دەكرێ لەوە زیاتر بێو دەشگونجێ لەوە كەمتر بی؟!
دوو تێبینی :
1- لە کاتی یەکەم توش بوونى کچان بە سوڕی مانگانە ئەوە نیشانەى باڵغ بوونێتی.
2- لە دواى پاک بوونەوەی ئافرەت لە عادە لێڵایی و زەردایی حسابی بۆ ناکرێ و بەردەوام دەبێ لە نوێژ و ڕۆژوو گرتنى خۆى .
دووەم : خوێنی بێ نوێژی « زەیستانی»
پێناسەكەی:
خوێنی زەیستانی: بریتیە لەو خوێنەی كە لە شوێنی منداڵبوونی ئافرەتەوە دەردەچێت بەهۆی منداڵ بوونەوە، ئەگەر لەبارچوونیش بێ. (فقه السنة 1/63)
وە لەزمانی عەرەبی دا پێی دەوترێ «النفاس» لەبەر ئەوەی دەرچوونی خوێنەكە بەدوای دەرچونی نەفسێكدا دێ كە منداڵەكەیە.( كفاية الإخيار1/75)
ماوەكەی:
لای كەمی ماوەی خوێنی زەیسانی دیاری نەكراوە ، بۆیە ئافرەتی وا هەیە تەنها لە كاتی منداڵ بوونەكەدا خوێنی لێ دێت ، بەڵام لای زۆری ماوەكەی لە چل (40) ڕۆژ زیاتر تێپەڕ ناكات ، جا ئەگەر ئافرەت پێش چل ڕۆژەكە پاك بوویەوەو لە خوێن بڕا، ئەوا دەبێ خوی بشواتو دەست بكاتەوە بە نوێژ، وە ئەگەرلە چل ڕۆژ زیاتر خوێنی لێ هات ئەوە بە نەخۆشی دەژمێرێتو نابێ لە چل ڕۆژەكە زیاتر خۆی بە زەیسان بزانێ، بۆیە لە دوای ئەو چل ڕۆژە ئەگەر لە خوێنیش نەبڕێ، دەبێ خۆی بشواتو دەست بكاتەوە بە نوێژ.
سێیەم : خوێنی نەخۆشی:
پێناسەكەی:
خوێنی نەخۆشی: بریتیە لەو خوێنەی كە لە شوێنی منداڵبوونی ئافرەتەوە دەردەچێت بە بەردەوامی یان پچڕپچڕ لە غەیری كاتو حاڵەتی ئاسایی خۆی دا، بە هۆی نەخۆشیەوە.
دووەم: چۆنیەتی جیاكردنەوەی خوێنەكە:
وەكو وتمان ئەم خوێنە لەكاتو حاڵەتی ناوەختدا دەردەچێت، پێ دەچێ بە بەردەوام ئەم خوێنە لەگەڵ ئافرەتدا هەبێ، یان بەشێوە پچڕپچڕو سات سات، بۆیە جاری واهەیە لەگەڵ خوێنی بێ نوێژی (حیض)دا تێكەڵ دەبێ.
جا بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێ ئەم خوێنە لە خوێنی بێ نوێژی جیابكاتەوە پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكات بەپێی حاڵەتەكەی خۆی:
حاڵەتی یەكەم: پێش ئەوەی توشی خوێنی نەخۆشی ببێت، ماوەی بێ نوێژی لای ئافرەتەكە زانراوبێتو بزانێت ماوەی بێ نوێژیەكەی چەندە، لەم حاڵەتەدا ئەو ماوە زانراوە بە ماوەی بێ نوێژی بۆی دادەنرێت، وە جگە لەوەیش بە نەخۆشی دەژمێرێت.
حاڵەتی دووەم: ئەوەیە كە بەردەوام خوێنی لێ بێت و لە پێشیشدا ڕۆژانێكی زانراوی نەبووە بۆ دیاری كردنی ماوەی بێ نوێژیەكەی، یان هەیبووە بەڵام لە یادی نەماوە، وە یان هەر بە نەخۆشیەوە باڵغ بوبێ، وە ناتوانێ خوێنی حەیزو نەخۆشی جیابكاتەوە لە یەك ، ئەوا لەم حاڵەتەدا حەیزەكەی شەش ڕۆژ یان حەوت ڕۆژی بۆ دادەنرێت لە مانگێكەدا وەكو عادەتی زۆر بەی ئافرەتانە، وە ڕۆژانی تریشی هەمووی بە نەخۆشی بۆ دادەنرێت.
حاڵەتی سێیەم: ئەوەیە ئافرەتەكە هەر لەسەرەتاوە عادەتێكی نەبووە لەسەری بڕوات و كاری پێ كردبێ، بەڵام بتوانێ خوێنی بێ نوێژی لە خوێنی نەخۆشی جیابكاتەوە، بە پێی ڕەنگەكانیان كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد، ئەوا لەم حاڵەتەدا كار بەجیاكردنەوەكەی خۆی دەكات.
ئەو شتانەی کە بەهۆی خوێنی سوڕی مانگانە(الحیض) یان زەیسانی (خوێنی منداڵ بوون)ەوە حەڕام دەبێت
1- نوێژ کردن .
2 ـ ڕۆژووگرتن .
3 ـ ڕۆیشتنە لای خێزان لە دامێنەوە .
4- دەستدان لە قورئان .
5- تەواف کردن .
بەڵام بۆ ئافرەتێک کە خوێنی نەخۆشی هەیە :
هیچ شتێك حەرام نابێت لەسەرى لەوانەی كە حەرام دەبێت لەسەر ئافرەتی بێنوێژ ، تەنها ئەوە نەبێت كە پێویستە لەسەری بۆ هەموو نوێژێك دەستنوێژ بگرێت .
ئەو شتەی کە دروستە لەحاڵەتی سوڕی مانگانەدا یان کاتى زەیسانی لەگەڵ ئافرەتدا بکرێت
ـ یاری ودەستبازی و ماچ کردن و چێژ وەرگرتنى پیاو لە خێزانى بەبێ ئەوەی جیماعی لەگەڵ بکات .
ـ یەکتر ڕەحەت کردن. واتە ئافرەت بە دەستى مێردى ڕەحەت بکات ، وە پیاویش بەهەمان شێوە بۆ خێزانەکەى .