دوو جار توش بوون بە حەیز لە مانگێکدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
دوو جار توش بوون بە حەیز لە مانگێکدا
پرسیار:

ئایا دەکرێ ئافرەت لە مانگێکدا دوو جار توشی حەیز ببێ؟
من توشی جۆرە نەخۆشیەک بووم ئەویش ئەوەیه مانگانە دوو جار توشی حەیز دەبم وهەر جارەی حەوت ڕۆژ بۆ دە ڕۆژ  بەردەوام دەبێت ، ئایا چۆن ڕۆژوو بگرم ،وچۆن نوێژ بکەم ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
قاعیدەیەکى شەرعی هەیە دەڵێت : (الحكم يدور مع علته وجوداً وعدماً)
واتە: حوکمی شتەکان لەگەڵ هۆکارەکانیاندان بەبوون ونەبوون .
جا گەر خوێنی حەیز هەبوو ئەوەی کەمەعلومە چۆنە بەڕەنگی سیفەتەکانی : ئەوا حوکمەکانی جێ بەجێ دەبن لەحەرام بوونی نوێژ وڕۆژو وجیماع ، تەنانەت گەر زیاد لەجارێکیش لەمانگێکدا دوو بارە ببێتەوە ، وتەنانەت گەر ماوەکەشی زیاد بێت لەو ماوەیەیی کەهەیە لەمانگەکانی تردا .

 پرسیار کراوە لە ( الشيخ بن باز رحمه الله)
ئایا لەنێوان دوو حەیزدا کەمتر لەمانگێک هەیە ؟

لەوەڵامدا گوتوویەتی 
بەڵێ لەنێوان دوو حەیزدا کەمتر لەمانگێک هەیە ، وە کەمتر لەبیست ڕۆژیش ، وە هەندێکیان دەڵێن: کەمتر لەسیازدە ڕۆژ ، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نی یە ، جا هەرکات خوێنی بینی نوێژ ناکات مەگەر خوێنەکە زەرد یاخود لێڵ بێت لەدوای پاک بوونەوە ئەو جۆرانە هیچ حسابێکیان بۆ ناکرێت.
زەردایی ولێڵایی وەک میز وان نوێژ وڕۆژووی پێوە دەکرێت ولەکاتی نوێژدا خۆی پاک دەکاتەوە ونوێژ دەکات ولەکاتی نوێژەکاندا دەست نوێژ دەگرێت وەک ئافرەتێک توشی ئیستیحازە بووبێت ئەوەی کەخوێنی بەردەوام دێت ئەم جۆرە نوێژ دەکات وڕۆژوو دەگرێت وبۆ هەموو نوێژێک دەست نوێژ دەشوات ، و واز لەنوێژ ناهێنێت مەگەر کاتی عادەکەی نەبێت ، گەر کاتی عادە وحەیزەکەی هات نوێژ ناکات وڕۆژوو ناگرێت ، وە هەرکات کاتی حەیزەکەی تەواو بوو خۆی دەشوات ونوێژ دەکات وڕۆژوو دەگرێت .

وە هەروەها پرسیار کراوە لە ( الشيخ ابن عثيمين – رحمه الله -) :
لەبارەی ئافرەتێکەوە کە کاتێ توشی حەیز دەبێت ودواتر پاک دەبێتەوە وخۆی دەشوات ، ودوای ئەوەی کە نۆ ڕۆژ نوێژ دەکات خوێنی هاتووە وسێ ڕۆژ نوێژی نەکردووە ، پاشان پاک بووەتەوە ویازدە ڕۆژ نوێژی کردووە ، ودواتر عادەی مانگانەی هاتووە ، جا ئەو نوێژانەی کەئەو سێ ڕۆژە  نەیکردوون دوو باره بکاتەوە یاخود حسابی حەیز بۆ ئەو سێ ڕۆژە بکات ؟ .

لەوەڵامدا گوتوویەتی :
حەیز هەرکات هات ئەوا حەیزە جا ماوەی نێوان ئەو حەیزە وحەیزەکان تر کەم بێت یاخود زۆر ، جا گەر توشی حەیز بوو وپاک بووەوە ودوای پێنج ڕۆژ یاخود شەش یاخود دە ڕۆژ دوو باره توشی حەیز بووەوە ئەوا: نوێژ ناکات ؛ چونکە ئەوە حەیزه ،وبەو شێویەیە هەرکات پاک بووەوە وپاشان توشی حەیز بوو واجبە لەسەری نوێژ نەکات ، بەڵام گەر خوێنەکە بەردەوام بوو وکۆتایی نەدەهات بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت : ئەوا بەئیستیحازە ئەژمار دەکرێت ، لەو حاڵەتەدا تەنها ماوەی حەیزەکەی نوێژ ناکات .
" مجموع فتاوى الشيخ ابن عثيمين " ( 11 / السؤال 230 ) .

والله أعلم .

سەردان: ٢,٤٩٩ بەش: حەیز و نیفاس