ئایا دوای بە كارهێنانی سانتی فڕێدانی ئاسایە لەڕووی دینەوە هەندێك دەڵێن دەبێت بشیۆى ئینجا فڕێ بدرێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دوای بە كارهێنانی سانتی فڕێدانی ئاسایە لەڕووی دینەوە هەندێك دەڵێن دەبێت بشیۆى ئینجا فڕێ بدرێ؟

بەناوى خواى بەخشندەى مهیرەبان

بەكارهێنانى سانتى یان هەر پارچە لۆكە یان قوماشێكى تر یان دەستەواژەیەك لەم بابەتە بۆ ئافرەتان كە لە خوێنى خولى مانگانەدا بن یان لە زەیسانیدا كارێكى دروستە و كارپێكراو بووە لە نێو موسڵماناندا بەڵام ئەگەر ئەو خوێنانە بەر جل و بەرگ كەوتن پاك دەكرێتەوە و دەشۆردرێن وەك لە فەرموودەى (اسماء)ى كچى ئەبوبەكردا هاتووە كە پرسیارى كردووە لە پێغەمبەرى خوا () ووتوویەتى ئەى پێغەمبەرى خوا ئەگەر خوێنى حەیز بەر جل بەرگى هەریەكێ لە ئێمەى ژنان كەوت چى بكەین؟ پێغەمبەرى خوا () فەرمووى: (إذا أصاب ثوب احداكنّ الدمُ من الحيضة فلتقرصه ثم لتنضحه بماء ثم لتصلى فيه) رواه البخاري برقم (307)
واتە: ئەگەر هەركاتێ خوێنى حەیز بەر جلوبەرگى هەریەكێ لە ئێوە كەوت بابەدەستى نوقورچى لێ بگرێت و بیپروێنێت پاشان ئاوى پیادا بكات پاشان نوێژى پێوە بكات. ئەمە ئەگەر كراسى ترى نەبوو وەك لە فەرمودەى (عائشە)دا هاتووە دەڵێت: (ما كان لإحدانا الا ثوب واحد تحيض فيه فاذا أصابه شيء من دم قالت بريقها فقصعته بظفرها) رواه البخاري برقم (312)
واتە: ئێمەى ژنان هەر یەكەى كراسێكیان هەبوو كە خوێنى حەیزى بەردەكەوت بە تفى دەمى و نینۆكەكانى خوێنەكەى لادەبرد.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت ئەگەر ئافرەتان یەك كراسیان هەبوو ئەوا دەیشۆن و دیسان لەبەرى دەكەن بەڵام ئەگەر زیاتر لە كراسێكیان هەبوو ئەوا كراسێكى تر لەبەردەكەن و ئەویتر دەشۆن.

بەڵام بۆ ئەو شتانەى كە لە پرسیارەكەدا هاتووە پێویست ناكات بشۆردرێن چونكە فڕێ دەدرێن و یەك جار بەكار دەهێنرێن وە ئەگەر بڵێین هەر بشۆردرێت باشترە پاشان فڕێبدرێت ئەوا پێویستمان بەبەڵگە هەیە بۆ سەلماندنى بەڵكو بە پێچەوانەوە بەڵگەمان هەیە لەسەر نەشۆردنى و فڕێدانى بەبێ شۆردن وەك لە فەرموودەى (ابو سعید الخدری) دا هاتووە ئەڵێ: (قيل يارسول الله انتوضأ من بئر البضاعة وهي بئر يُلقى فيها الحيض ولحوم الكلاب و النتن فقال رسول الله : ان الماء طهور لا ينجسه شيء) رواه أحمد وأبوداود والترمذي والنسائي.
واتە: وتیان ئەى پێغەمبەرى خوا لەئاوى (بضاعة‌) دەستنوێژ هەڵگرین لە كاتێكدا قوماشى حەیز و گۆشتى سەگ و شتى پیسى فڕێ دەدرێت تیایدا پێغەمبەرى خوا () فەرمووى: ئاو پاكە و هیچ شتێك پیسى ناكات. بەڵێ بۆ پیس بوونى ئاو یان پیس نەبوونى چەندین فەرموودەى ترمان هەیە و ئەم بابەتە درێژەى هەیە بەڵام ئەم فەرموودەیە بەڵگەى ئەوەى تیادایە كە پێویست ناكات قوماش و سانتى و شتى وا بشۆردرێت پاشان فڕێ بدرێت.
والله أعلم.
لە لایەن مامۆستا (خلیل أحمد)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٣١٠ بەش: حەیز و نیفاس