جۆرەکانی ئەزیەت دانى دراوسێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جۆرەکانی ئەزیەت دانى دراوسێ
پرسیار:

ئایا جۆرەکانی ئەزیەت دانى دراوسێ کامانەن ؟ ڕێگاکانی چاک بوون لەگەڵ دراوسێدا کامانەن ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

جۆرەکانی ئەزیەت دانى دراوسێ

1- ئەزیەت دان بەزمان : ئەوەش لەڕێگەی غەیبەت ، یاخود تۆمەت هەڵبەستن ، یاخود جوێندان ، یاخود بوهتان کردن ، یاخود لەعنەت کردنەوە دەبێت ، هەروەک لەو فەرموودەیەدا هاتووە کە ( الإمام أحمد ) لە "مسند"کەی ، و(الحاكم) لە "مستدرك" کەیدا بەسەنەدێکی سەحیح لەعبداللەی کوڕی عەباسەوە خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویانەتەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا ، فەرمووی ((ليس المُؤمنُ بالطَّعَّان، ولا اللعَّان، ولا الفاحش، ولا البَذِيء)).
واتە: مرۆڤی باوەڕدار نە تانەدەر ، ونه لەعنەت کەر ، ونەدەم پیس ، ونە زمان شڕ ونە ئەزیەت بەخشە .
 
2- ئەزیەت دان بەچاو: ئەوەش ئەزیەتدانە بەچاو دێری کردنی دراوسێ ، وشوێنکەوتنی عەورەتی ، یاخود حەیا بردنی ماڵ ومنداڵەکەی ، وە لەڕێگای دیوار یاخود سەقفی خانو ، یاخود تەسویر کردن ، یاخود وێنه گرتن  ، وهتد .. لەسەحیحی بوخاری دا هاتووە : پێغەمبەری خوا : فەرموویەتی ((زِنا العينين النظر))، واتە: زینای چاو تەماشا کردنە .

 وە لە کتابی ( الأخضري )دا هاتووە "دروست نی یە بۆ موسوڵمان تەماشای براکەی بکات بەشێوەیەک ئازاری بدات ...، جا لەوانە :
توند بوون لەگەڵ ئەوانەی کەدەیانەوێ تەماشای ماڵی کەسانی تر بکەن ، لەفەرموودەکەی ئەبو هورەیرەدا خوای لێ ڕازی بێت هاتووە پێغەمبەری خوا : فەرمووی: ((لو أنَّ رجُلاً اطَّلع عليك بغير إذنٍ، فخذَفْتَه بحصاةٍ، ففقأْتَ عينَه؛ ما كان عليك مِن جُناحٍ))؛ البخاري ومسلم.
واتە: گەر پیاوێک تەماشای ماڵی کردی بەبێ مۆڵەت ، وبەردێکت تێ گرت ، وچاوت کوێر کرد ، ئەوا هیچت لەسەر نی یە .
( ابن حجر ) لەشەرحی فەرموودەکەدا دەڵێت: لەلای موسلیم بەشێوەیەکی تر لە ئەبو هورەیرەوە هاتووە بەلەفزی: ((من اطَّلع في بيتِ قومٍ بغير إذنهم؛ فقد حلَّ لهم أن يفقؤوا عينَه)).
واتە: هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت تەماشای ماڵێکى کرد ، ئەوا دروستە بۆیان چاوی کوێر بکەن .
وە بەشێوەیەکی تریش هەر لە ئەبو هورەیرەوە هاتووە کە لەمە سەریحترە و "أحمد"، و"ابن أبي عاصم"، و"النَّسائي"، ڕیوایەتیان کردووە و( ابن حبَّان، والبيهقيُّ،) بەسەحیحیان دانەوە: ((من اطَّلع في بيت قوم بغير إذنهم، ففقؤوا عينَه فلا دِية ولا قصاص))،
واتە: هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت تەماشای ماڵێکى کرد ، ئەوانیش چاویان کوێر کرد ئەوا نەخوێن ونەتۆڵە سەندنەوەی لەسەر نی یە .

 وە لەڕیوایەتێکی تردا هاتووە: ((فهو هَدر)). واتە: خوێنی بەهەدەر دەچێت .
 
3- ئەزیەت دان بەگوێ : ئەوەش گوێگرتنە لەقسەی خەڵک ، یاخود تۆمار کردنی دەنگیان بەبێ ئیزن ؛ هەڕەشە کراوە لەو کەسانەی کەگوێ دەگرن لە سڕ و نهێنی خەڵک ، عبداللەی کوڕی عەباس خوا لێیان ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: ((ومن استمع إلى حديث قومٍ، وهم له كارهون أو يفرُّون منه، صُبَّ في أُذُنه الآنُكُ يوم القيامة))رواه البخاري.
واتە: هەرکەسێک گوێ بداتە قسەی کەسانێک ، لەکاتێکدا ئەوان پێیان ناخۆش بێت یاخود لێی ڕابکەن ، ئەوا لەڕۆژی دوایی دا مسی تواوە دەکرێ بەگوێی دا .

4- ئەزیەت دان بەداوێن: ئەوەش زینا کردنە لەگەڵ خێزانی دراوسێ ، یاخود کچەکەی ، یاخود خوشکەکەی ، یاخود پوری ، فەرموودەیەک لەم بارەیەوە هاتووە وعبداللەی کوڕی مەسعود خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: گوتم: ئەی  پێغەمبەری خوا ، چ تاوانێک لەهەمووی گەورەترە؟ فەرمووی: ((أن تجعل لله ندًّا وهو خلقَك))، فقلتُ: ثم أي؟ قال: ((أن تُزاني حليلةَ جارِك))؛ رواه أبو داود، وصححه الألباني.
واتە: هاوبەش بۆ خوا بڕیار بدەی لەکاتێکدا دروستی کردووی ، گوتم: پاشان چ تاوانێکی تر ؟ فەرمووی: زینا لەگەڵ خێزانی دراوسێکەتدا بکەیت. 

5- ئەزیەتدان بەدەست: ئەوەش فڕێدانی زبڵ وپیسی یە بۆ بەردەم ماڵی دراوسێ ، یاخود لێدان لەدەرگای ماڵ لەلایەن منداڵەوە ، یاخود دزی کردن لەماڵ ، یاخود ئاژەڵەکانی ، عەمری کوڕی عاص خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر فەرمووی: ((المسلم من سَلِم المسلمون من لسانِه ويدِه، والمهاجرُ من هَجَر ما نهى اللهُ عنه)) ؛ متفق عليه.
واتە: موسوڵمان ئەو کەسەیە کەموسوڵمانان لەدەست وزمانی پارێزراو بن ، وکۆچکردو ئەو کەسەیە کەکۆچی کردبێت لەو شتانەی خودا ڕێگری لێ کردووە.

6- ئەزیەت دان بەپێ: ئەوەش چوونە ماڵی درواسێ بەبێ مۆڵەت ، یاخود لەکاتێکدا کەگونجاو نەبێت.

7- ئەزیەتدان بەماڵ : ئەوەش تێکدانی ماڵ ، یاخود خواردنیەتی بەناحەق ، ئەوەش ڕێگری لێ کراوە بەدەقی قورئانی پیرۆز ، خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ إِلَّا أَنْ تَكُونَ تِجَارَةً عَنْ تَرَاضٍ مِنْكُمْ وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا * وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ عُدْوَانًا وَظُلْمًا فَسَوْفَ نُصْلِيهِ نَارًا وَكَانَ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرًا ﴾ [النساء: 29، 30].
واتە:ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ماڵی خۆتان له‌نێوان یه‌كتریدا به‌ باتڵ و به‌حه‌رام مه‌خۆن وه‌كو ڕه‌شوه‌و به‌رتیل و پاره‌ی فاڵچێتی و پاره‌ی زیناو قومارو ریباو هه‌ر شتێك كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردبێ ، ئیلا ئه‌گه‌ر بازرگانیه‌ك بێت به‌ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولا كڕیارو فرۆشیار، وه‌ غه‌ش و فێڵ و نادیاری تیا نه‌بێت ، وه‌ ئێوه‌ خۆتان مه‌كوژن چونكه‌ به‌هه‌ر شتێك خۆتان بكوژن له‌ناو ئاگرى دۆزه‌خدا به‌و شته‌ سزا ده‌درێن، یاخود هه‌ندێكتان هه‌ندێكتان مه‌كوژن كه‌ هه‌ر كه‌سێكت كوشت وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ خۆتت كوشتبێ ، به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ زۆر به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه‌ به‌رامبه‌ر ئێوه‌. 
وه‌هه‌ر كه‌سێك ئه‌م شته‌ بكات ماڵی خه‌ڵكی به‌ناحه‌ق و به‌زوڵم بخوات یان كه‌سێك بكوژێ به‌ دوژمنكاری و به‌ زوڵم به‌بێ حه‌ق ، ئه‌وا ئه‌یخه‌نه‌ ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش لای خوای گه‌وره‌ زۆر ئاسانه‌، وه‌ خوای گه‌وره‌ تواناو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا هه‌یه‌.

8- ئەزیەتدان بەدەنگ: ئەوەش خۆی لەبەکار هێنانی ئامێرە سەردەمیەکاندا دەبینێتەوە ؛ وەک بەرز کردنەوەی دەنگی مۆسیقا ، یاخود ڕادیۆ ، ومایکرۆفۆن بەتایبەت لەبۆنە وئاهەنگەکاندا ، بەشێوەیەک دراوسێکان نەتوانن بنوون ، یاخود پشوو بدەن ، یاخود نەتوانن لەگەڵ ئەوانەی دەور وبەردا قسە بکەن لەبەر دەنگە بەرزەکە ، تاوەکو کاتێکی درەنگ لەشەودا.

9- ئەزیەتدان بەبۆنی ناخۆش: وەک بوونی دەواجین وئاژەڵ لەنزیک ماڵ ، بەشێوەک وا بکات دراوسێکان ئەزیەت بدات ، ئەمە جگە لەوەی کەدەبێتە هۆکاری نەخۆشی .

ڕێگاکانی چاک بوون لەگەڵ دراوسێدا: 
1- پاڕانەوە بۆی بەهیدایەت گەر کافر یاخود تاوان بار بوو  ، وهیوای خێر خواستن بۆی .
2- وەڵامدانەوەی سەلامی وبەدەمەوە چوونی دەعوەتی .
3- داپۆشینی عەیب وناتەواویەکانی خۆی وماڵ ومنداڵی .
4- ئەزیت نەدانی .
5- پرسیار کردنی وجێ بەجێ کردنی پێویستیەکانی .
6- ئارام گرتن لەسەر ناڕەحەتیەکانی .

ئامۆژگاریەک:
دراوسێ لەلای خودا بایەخێکی گەورەی هەیە ، بەشێوەیەک پێغەمبەر گومانی برد ڕۆژێک جبریل عليه السلام بێتە لای وئاگاداری بکاتەوە دراوسێ دەبێتە میرات گر ، هەرەک فەرموویەتی : ((ما زال جبريلُ يوصيني بالجارِ، حتى ظَننتُ أنه سيورِّثُه))؛ متفق عليه.
واتە: بەردەوام جبریل ئامۆژگاری دەکردم لەبارەی دراوسێ وە تاوەکو گومانم برد ببێتە میرات گری .
 

سەردان: ٢,٠٧٧ بەش: هەمەجۆر