بەرنامەی موسڵمان لە مانگی ڕەمەزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بەرنامەی موسڵمان لە مانگی ڕەمەزان
پرسیار:

وەکو موسڵمان چ بەرنامەیەکان هەبێ بۆ مانگى ڕەمەزان بۆ ئەوەى زۆرترین کردەوەى چاکەى تێدا ئەنجام بدەین و کاتەکانمان بەفیڕۆ نەچێت؟

زۆر لە ئێمە کاتێ کە ڕەمەزان دێ دەبینی لەسەرەتادا عیبادەتێکی زۆر ئەنجام دەدات پاشان وردە وردە سارد دەبێتەوە ، هەموو ئەمانە بەهۆی نەبوونی بەرنامەیەکی زانستی پێش وەختەوەیە ،هەر بۆیە پێمان باش بوو لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا ئەم بەرنامەیە بخەینە ڕوو بەڵکو هەموان پێوەی پابەند بین و ئەو سوننەتانە جێ بەجێ بکەین ، و بتوانین لە مانگى ڕەمەزانى پیرۆزدا زۆرترین توێشوو کۆبکەینەوە بۆ قەبر و قیامەتمان .

یەکەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لە نوێژی بەیانیەوە: 
• وەڵامدانەوەی بانگ پاشان خوێندنى دوعاى دواى بانگ (دوعاى الوسیلة).
• کردنی دوو ڕکات سوننەتی پێش نوێژی بەیانی لە ماڵدا.
• خۆ سەرقاڵ کردن بەدوعاوە تاوەکو قامەت دەکرێت.
• ئەنجام دانی نوێژی بەیانی لەگەڵ سوور بوون لەسەر زوو چوون بۆ مزگەوت.
• دانیشتن لە مزگەوتدا و خوێندنی زیکرەکانی بەیانیان و خوێندنی جوزئێکی قورئان یاخود زیاتر.
• ئەنجام دانی دووڕکات نوێژ دوای دەرکەوتنی خۆر بە چارەکێك.

دووەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لەدوای دەرچوون لە مزگەوت :  
• نوستن لەگەڵ چاوڕەێ کردنی پاداشتدا لەو نوستنەدا.
• چوون بۆ کار یاخود خوێندن لەگەڵ چاوەڕەێ کردنی پاداشتدا لەو کار وخوێندنەدا.
• سەرقاڵ بوون بەزیکر و یادی خوداوە بەدرێژایی ڕۆژ.

سێیەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لەکاتی نوێژی نیوەڕۆدا:
• وەڵامدانەوەی بانگ پاشان خوێندنى دوعاى دواى بانگ (دوعاى الوسیلة).
• ئەنجام دانی چوار ڕکات سوننەتی پێش نیوەڕۆ بەدوو ڕکات دوو ڕکات.
• ئەنجام دانی نوێژی نیوەڕۆ لەگەڵ سوور بوون لەسەر زوو چوون بۆ مزگەوت. 
• ئەنجام دانی دوو ڕکات سوننەتی ڕاتیبەی دوای نوێژی نیوەڕۆ.
• قەیلولە (نوستن پێش نیوەڕۆ) بۆ ماوەیەکی کەم لەگەڵ چاوڕەێ کردنی پاداشتدا .

چوارەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لەکاتی نوێژی عەسردا:
• وەڵامدانەوەی بانگ پاشان خوێندنى دوعاى دواى بانگ (دوعاى الوسیلة).
• ئەنجام دانی چوار ڕکات سوننەتی پێش عەسر بەدوو ڕکات دوو ڕکات.
• ئەنجام دانی نوێژی عەسر لەگەڵ سوور بوون لەسەر زوو چوون بۆ مزگەوت. 
• خوێندنی جوزئێکی قورئان یاخود زیاتر.
• گوێگرتن لە وتار و ئامۆژگاری لەمزگەوتدا.
• زیکری ئێواران کردن.
• گرنگی دان بەکار وباری ماڵ وپێداویستیەکانی ویارمەتی دانی دایکان و باوکان لەئامادەکردنی خواردن ئێوارەدا.
• خواردن دان بەڕۆژووەوان لەمزگەوتدا.
• خۆ سەرقاڵ کردن بەدوعا و پاڕانەوەوە پێش بانگی ئێوارە .
• دەست نوێژ شوشتن و خۆ ئامادەکردن بۆ نوێژی مەغریب.

پێنجەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لەکاتی ئاوا بوونی خۆردا:
• شکاندنی ڕۆژوو بەخورمای تەڕ و شل گەر خورما نەبوو بە ئاو.
• وەڵامدانەوەی بانگ پاشان خوێندنى دوعاى دواى بانگ (دوعاى الوسیلة).
• ئەنجام دانی نوێژی مەغریب لەگەڵ سوور بوون لەسەر زوو چوون بۆ مزگەوت. 
• ئەنجام دانی دوو ڕکات سوننەتی ڕاتیبەی دوای مەغریب.
• کۆ بوونەوە لەگەڵ کەس و کار و خێزاندا لەگەڵ شوکر وسوپاس کردنی خودا لەسەر ڕۆژووی ئەو ڕۆژە.
• دەست نوێژ تازە کردنەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ نوێژی عیشا .

شەشەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لەکاتی نوێژی عیشادا:
• وەڵامدانەوەی بانگ پاشان خوێندنى دوعاى دواى بانگ (دوعاى الوسیلة).
• ئەنجام دانی نوێژی عیشا لەگەڵ سوور بوون لەسەر زوو چوون بۆ مزگەوت. 
• ئەنجام دانی دوو ڕکات سوننەتی ڕاتیبەی دوای عیشا.
• ئەنجا دانی نوێژی تەڕاویح لەگەڵ جەماعەتدا لەمزگەوتدا.
• خوێندنی جوزئێکی قورئان یاخود زیاتر.
• دوای تەواو بوونی نوێژی تەڕاویح ئەنجام دانی یەکێک لە چالاکیانە: ( دانیشتنی خێزانی – سیلەی ڕەحم گەیاندن– بانگەواز کردن و بلاوکردنەوەى بابەتى بەسوود لەڕێگای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و جگە لەوانیشەوە – لەبەر کردنی قورئان ــ و موڕاجەعە کردن  )
• زوو نوستن ودوور کەوتنەوە لە درەنگ نوستن.

حەوتەم : بەرنامەی پێشنیار کراو لەکاتی سێیەکی شەودا:
• هەستان پێش بانگی بەیانی.
• ئەنجام دانی دوو ڕکات سوننەت لەگەڵ درێژ کردنەوی ڕکوع و سەژدەکانی دا ، چونکە پێغەمبەرى خوا جگە ئەنجامدانى (11) ڕکاتى شەو نوێژ کە هەڵدەسا لەخەو پێش بانگى بەیانى دوو ڕکاتى دەکرد.
• خوێندنی جوزئێکی قورئان یاخود زیاتر.
• پارشێو کردن بێ زیادەڕۆیی و ئیسراف لەگەڵ هەست کردن بەئەنجام دانی سوننەتی پارشێو کردن ، وە کە هیچی پێ نەخورا با چەند دەنکە خورمایەک یان پەرداخێک ئاویش بووە هەر بیخوا .
• دانیشتن بۆ دوعا و پاڕانەوە تاوەکو بانگی بەیانی.

لەکۆتایدا . .
پێویستە و زۆر گرنگە هەموان ئاگاداری هەموو کات و ساتەکانی ڕەمەزان بین و لەشتی بەسوودا بەڕێی بکەین ، عبداللەی کوڕی مەسعود خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت: ( ما ندمت على شيء ندمي على يوم غربت شمسه ، نقص فيه أجلي ولم يزدد فيه عملي ).
واتە: خەفەتم بۆ هیچ شتێک نەخواردووە بەئەندازەی ئەوەی ڕۆژێکم لێ ئاوا بووبێت وتەمەنم کەم بووبێتەوە بەڵام کردەوەکانم زیادی نەکردبێت.

دەی برای موسوڵمان گەر توانیت لەمانگی ڕەمەزاندا کەس پێشت نەکەوێت لەکاری چاکەدا ئەوا ئەو کارە بکە ، ئەبو هورەیرە گێڕاویتەوە ودەڵێت پێغەمبەری خوا  سەرکەوتە سەر میمبەر و فەرمووی : آمين ، آمين ، آمين ، پێی گوترا : ئەی پێغەمبەری خوا  ، تۆ پێشتر ئەمەت نەکردووە ؟ فەرمووی :" قال لي جبريل : أرغم الله أنف عبد أو بَعُدَ دخل رمضان فلم يغفر له ، فقلت : آمين .... " رواه ابن خزيمة ( 1888 ) – واللفظ له - ، والترمذي ( 3545 ) وأحمد ( 7444 ) وابن حبان ( 908 ) ، انظر " صحيح الجامع " ( 3510 ) .
واتە : جبریل پێی گوتم : لوتی ئەو کەسە بەخۆڵدا بچێت کە ڕەمەزانی بەسەردا دێت و خودا لێی خۆش نابێت ، دەڵێت : منیش گوتم : آمین .

جا باش وایە ئێمەی موسڵمانان لەمانگی ڕەمەزان لەگەڵ پەروەردگار بازرگانی بكەین بۆ ئەوەی جێگایەكی فراوانتر و بڵندتر لە بەهەشت بەدەست بهێنین، چونكە مانگی ڕەمەزان یەكێكە لەباشترین مانگەكان بۆ بازرگانی كردن لەپێناو بەدەست هێنانی بەهەشت، دڵنیابن گەر بە مردوەكان بڵێن ئارەزوی چی ئەكەن یەكێك لەو شتانەی ئارەزوی ئەكەن ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزانە، جا باش وایە ئێمەی زیندوان تا لە دونیاداین ڕۆژوو بگرین بەرلەوەی بمرین و چاوەڕوانی ئومێدێكی خەیاڵی بكەین كە نایەتە دی ئەویش زیندوو بونەوەیە بۆ ڕۆژوو گرتن. زیندوەكان ئاگەداربن ڕۆژگارێك دێت پەشیمان ئەبنەوە لەو ڕۆژانە بەبێ‌ ڕۆژوو گرتن بەسەرتان بردوە، دەبا بیرێك لەخۆمان بكەینەوە (11) مانگ بۆ دونیا ئەژین هیچ نەبێت با (1) مانگیش بۆ قیامەتمان بژین .

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٧,٢٦٢ بەش: ڕۆژوو