(20) ئامۆژگاری بۆ دایك و باوك لە مانگی ڕەمەزان سەبارەت بە منداڵەکانیان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
(20) ئامۆژگاری بۆ دایك و باوك لە مانگی ڕەمەزان سەبارەت بە منداڵەکانیان
پرسیار:

ئەرکی دایک و باوک چیە لە مانگی ڕەمەزان سەبارەت بە منداڵەکانمان؟ 

یەکێک لە نیعمەتەکانى خواى گەورە بەسەر موسڵمانەوە ئەوەیە کە بیگەیەنێت بە مانگی ڕەمەزان و یارمەتى بدات بە ئەنجامدانى عیبادەت و ڕۆژوو گرتن و تەراویح و زیندوو کردنەوەى شەوانى قەدر ، چونکە مانگی ڕەمەزان مانگی چەند قات بوونەوەى چاکەکانە ، مانگی بەرزبونەوەى پلەکانە ، مانگی ڕزگاربوونە لە ئاگری دۆزەخ ، بۆیە گرنگە کە موسڵمان ئەم مانگە پیرۆزە بقۆزێتەوە بە ئەنجامدانى کردەوەى چاکە و پەلە بکات لە پڕکردنەوەى کاتەکانى بە عیبادەت و خواناسی ، چونکە چەندین کەس مەحروم بوون لە گەشتنیان بە مانگی ڕەمەزان و عیبادەت کردن تێیدا ئەوەش لەبەر نەخۆش یان مردن یان گومڕایی .
وە پێویستە لەسەر دایکان و باوکان منداڵەکانیان بەجوانى پەروەردە بکەن و لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان منداڵەکانیان ڕابێنن لەسەر ڕۆژوو گرتن و هانیان بدەن بۆ کارى خێر و سەردان کردنى مزگەوت چونکە منداڵ لەسەر ئەوە گەشە دەکات و گەورە دەبێت کە لە لایەن دایک و باوکی یەوە فێر دەکرێت .

جا لەم چەند ڕۆژە موبارەکە پێویستە لەسەر دایك و باوك دەورێکی گەورە و کاریگەرییان هەبێت لەسەر منداڵەکانیان، بۆیە ئەم چەند ئامۆژگارییەی دایكان و باوكان دەکەین:
1- چاودێری ڕۆژووی منداڵەکانتان بکەن و هانیان بدەن لەسەری.
٢- بیریان بخەنەوە لەسەر حەقیقەتی ڕۆژوو، بۆیان ڕوون بکەنەوە ڕۆژوو تەنها خۆگرتنەوە نییە لەسەر خواردن و خواردنەوە، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ بەدەستھێنانی تەقوا و سڕینەوەی تاوانەکان و لێخۆشبوونی خوای گەورە.
٣- فێری ئادابی خواردن و خواردنەوەیان بکەن کە بەدەستی ڕاست بخۆن و لەبەردەم خۆیان بخۆن، بیریان بخەنەوە زیادەڕەوی حەرامە و زۆر خواردن زیانی هەیە بۆ لاشەیان.
٤- ڕێگرییان لێبکەن لە زۆر خواردن و خواردنەوە لەکاتی ڕۆژوو شکاندن جاری واھەیە دەبێتە هۆی لە دەستدانی نوێژی ئێوارە بە جەماعەت.
٥- بیریان بخەنەوە لە حاڵ و گوزەرانی ئەوانەی فەقیر و هەژارن و توانایان نییە خواردنێك پەیدا بکەن و بیخۆن و برسێتییان نەمێنێت.
٦- لەم یادانە جێگای کۆبوونەوەی کەس و کار و خزمە نزیکەکان و گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی یە، تا ئێستاش لە هەندێك شوێن ئەمە هەیە، کە جێگەی گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی یە و دەرفەتێکە بۆ چاککردنەوەی ناکۆکی نێوان کەسەکان.
٧- یارمەتیدانی دایك لە ئامادەکردنی خواردن و دانانی سفرە.
٨- بیریان بخەنەوە بە ئامادەبوونیان بۆ نوێژی تەراویح و خۆئامادەکردن بۆی بە کەم خواردن و چوون بۆ مزگەوت.
٩- بیریان بخەنەوە بە پارشێوکردن کە بەرەکەتە و یارمەتیدانی کەسی بەڕۆژووە بۆ ڕۆژووگرتنەکەی.
١٠- کاتیان پێ بدرێت پێش نوێژی بەیانی بۆ ئەوەی ئەوەی نوێژی ویتری نەکردووە تا بیکات، وە هەرکەسێك ویستی لێبێت بپاڕێتەوە لە پەروەردگاری بۆ خۆی بپاڕێتەوە.
١١- گرنگیدان بە نوێژی بەیانی بە جەماعەت ئەوانەی لەسەریانە، کە زۆرێکمان لە خەڵکی بینیوە هەستاون بۆ پارشێوکردن پاشان چوونەتەوە سەر جێگای خەوتنیان و نوێژی بەیانیان نەکردووە.
١٢- پێغەمبەری خوا ﷺ لە دەشەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان " خەریکی عیبادەت کردن دەبوو و خێزانەکانی هەڵدەساند" ئەمە بەڵگەیە لەسەرئەوەی خێزان پێویستە لەسەریان گرنگی بەو کاتە باش و موبارەکانە بدەن کە ڕەزامەندی خوای تێدا بەدەست دێت، وە پێویستە لەسەر مێرد خێزان و منداڵەکانی هەڵسێنێت بۆ عیبادەت کردن و نزیك بوونەوە لە خوای گەورە.
١٣- هەندێك ماڵ منداڵی بچوکیان هەیە پێویستیان بەوەیە قسەیان بۆ بکەن و هانیان بدەن، بۆیە پێویستە لەسەر باوك و دایك خەبەریان بکەنەوە بۆ پارشێوکردن، وە هانیان بدەن لەسەر بەڕۆژوو بوون لەو مانگە یان نیوەی مانگی ڕەمەزان... بەو شێوەیە.
لە ڕوبەیعی کچی موعەویذەوە (ڕەزای خوای لێبێت) فەرموویەتی: لە بەیانی ڕۆژی عاشورا پێغەمبەری خوا ﷺ کەسێکی نارد بۆ ناو هاوەڵانی پشتیوانان، پێیان ڕابگەیەنێت هەرکەسێك ڕۆژووەکەی شکاندووە با دەست هەڵبگرێت لە خواردن و خواردنەوە تا ئێوارە، وە ئەوەیشی بەڕۆژووە با بەردەوام بێت لەسەر ڕۆژووگرتنەکەی، دەفەرمووێت: ئێمەش لەدوای ئەوە بەڕۆژوو بووین و منداڵەکانیش ڕۆژوومان پێدەگردن، [منداڵەکان وە دەمانبردن بۆ مزگەوت]، وە یاریمان بۆ دروست دەکردن لە سوف و خوری، کاتێك منداڵێك بگریایە لە برسا ئەو یاریەمان پێیدەدا تا کاتی ڕۆژوو شکاندن.
ئیمامی نەوەوی (ڕەحمەتی خوای لێبێت) فەرموویەتی: لەم فەرموودەیە ئەوەی تیایە  منداڵ ڕابهێنرێت لەسەر عیبادەت، بەڵام واجب نییە لەسەریان.
١٤- ئەگەر بتوانرێت و ئاسان بێت لەسەر دایك و باوك لە مانگی ڕەمەزان بڕۆن بۆ عومرە ئەوە خێرێکی گەورەیە بۆ خۆیان و خێزانەکەیان، عومرە لە مانگی ڕەمەزان پاداشتی حەجی هەیە، باشتریش وایە لە سەرەتای ڕەمەزان بڕۆن بۆ ئەوەی توشی ئەو قەرەباڵغییەی کۆتای ڕەمەزان نەبن لەوێ بەتایبەت گەر منداڵیان لەگەڵ بوو.
١٥- پێویستە لەسەر مێرد تەکلیفی زیاد نەکاتە سەر خێزانی بە ئامادەکردنی خواردنی جۆراوجۆر، چونکە زۆرێك لە خەڵکی ئەو مانگە زیاتر خواردن دەخۆن و زیادەڕەوی تێدا دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی ماندووبوونی ئافرەت و زۆر خواردنیش ئینسان بێتاقەت و تەمبەڵ دەکات لە عیبادەت.
١٦- مانگی ڕەمەزان مانگی قورئانە، ئامۆژگاریمان ئەوەیە لە هەموو ماڵێکدا دابنیشن قورئان بخوێنن، بۆیە پێویستە لەسەر باوك کە منداڵەکانی فێربکات و واتای ئایەتەکانیان بۆ تەفسیر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا باسی ئاداب و ئەحکامەنی ڕۆژوو بکات، سوپاس بۆ خوا زۆرێك لە زانایان و فێرخوازانی زانستی شەرعی کتێبیان نوسیوە لەسەر حوکمەکانی ڕەمەزان، وە ئەو کتێبانە دەتوانرێت لە سی دانیشتن لە مانگی ڕەمەزان هەر ڕۆژی باسی بابەتێکی تێدا بکرێت، کە خێرێکی زۆری دەبێت بۆ کۆمەڵگا.
١٧- هانیان بدرێت بۆ خێرکردن و یارمەتیدانی دراوسێ و ئەو کەسانەی پێویستییان هەیە.
لە ئیبنو عەبباسەوە (ڕەزای خوایان لێبێت) فەرموویەتی: پێغەمبەری خوا ﷺ باشترین کەس بوو لە خێرکردن، لە مانگی ڕەمەزان زۆر زیاتر خێری دەکرد کاتێك جبریل دەهات، لە هەموو شەوێكی ڕەمەزان دەهات قورئانی لەگەڵ دووبارە دەکردەوە، پێغەمبەری خوا ﷺ لە بایەکی خێرا، خێراتربوو بۆ خێرێکردن.
١٨- پێویستە لەسەر دایك و باوك ڕێگری بکەن لە منداڵەکانیان کە شەوان بەبێ سوود بەرنە سەر، وە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نەدەن خەریکی تاوان و سەرپێچی ببن، چونکە لەو مانگە شەیتانەکانی مرۆڤ دەردەچن بە شەو و ڕۆژ خەریکی بڵاوکردنەوەی خراپەن.
١٩- بیربکەرەوە لە کۆبوونەوەی خێزانی لە بەهەشتی نەبڕاوە لە قیامەت، گەورەترین خۆشبەختی ئەوەیە لەژێر سێبەری عەرشی خوای گەورە بی لە ڕۆژی دوایی، وە ئەو دانیشتنانە لە فێربوونی عیلم و ڕۆژووگرتن هەمووی هۆکارێکە بۆ بە دەستهێنانی خۆشبەختی ڕۆژی دوایی.
20- پێویستە لەسەر دایک و باوک مانگی ڕەمەزان بکەن بە مانگی عیبادەت و خواناسی و خۆیان و منداڵەکانیان دوور بکەونەوە لەسەیر کردنى فلم و گۆرانی و دراماکانى مانگی ڕەمەزان .

سەردان: ٢,٣١٠ بەش: ڕۆژوو