كارەكانی خوای گەورە پڕ لە حیكمەتە، ئايا حیمكەت ‏لە بەڕۆژوو بوونی مانگی ڕەمەزان چییە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كارەكانی خوای گەورە پڕ لە حیكمەتە، ئايا حیمكەت ‏لە بەڕۆژوو بوونی مانگی ڕەمەزان چییە؟
پرسیار:

كارەكانی خوای گەورە پڕ لە حیكمەتە هیچ ئیشیكی نییە كە بەبێ حیكمەت بێت بزانین حیمكەت لە بەڕۆژوو بوونی مانگی ڕەمەزان چییە؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
هیچ كارێك نییە كە خوای پەروەدگار ئەمری پێ كردبین، هیچ شتێك نییە كە خوا فەرزی كردبێت ئیلا سوودی تێدایە، وە هیچ شتێك نییە كە خوا حەرامی كردبێت ئیلا ئەو شتە فەسادی تێدایە، وە ڕەمەزانیش یەكێكە لەو واجباتانەی كە خوای پەروەردگار لەسەر موسڵمانانی داناوە وە لەبەر حیكمەتێكی زۆر لەبەر مەسڵەحەتێكی گەورە كە هەموو ئەو پاداشتانە خوای پەروەردگار لە یەك ووشە كۆی دەكاتەوە كە لە قورئانە پیرۆزەكەی دا دەفەرمووێ:
[يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] (البقرة:183)
واتە: ئەی ئیمانداران خوای گەورە ڕۆژووی لەسەر ئێوە داناوە هەر وەكو چۆن لەسەر كەسانی پێش ئێوەشی دانابوو بۆ ئەوەی بە تەقوا بن، كەواتە حیكمەت لە فەررزبوونی ڕۆژوو گرتنی ڕۆژوو لەسەرمان ئەوە شتێكە، وە لەبەر چی لە مانگی ڕەمەزاندا فەرزكرا وە شتێكی ترە، حیكمەت لە ڕۆژو وەكو وتمان خوای پەروەردگار ڕوونیكردۆتەوە بە پوختی دەفەرمووێ: [لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] بەڕۆژوو بن بەڵكو بە تەقوابن، كەواتە ڕۆژوو وا لە مرۆڤ دەكات كە تەقوای خوای پەروەردگار بكاتو نەفسی پاك كاتەوەو دەروونی خاڵص بكات بۆ خوای پەروەردگارو ڕەوشتو ئەخلاقی جوان بكات، كەسێك بێت بگەڕێتەوە بۆ لای خوای پەروەردگار لە كرداریداو لە هەڵسو كەوتیداو لە مامەڵەو ڕەوشتیداو كەسێكی ڕەوشت جوانو كەسێكی چاكو باشی لێ دەرچێت ئەوەش ڕۆژوو گرتن هۆكارێكی زۆر زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە ڕەوشتو ئیمان بەرزو بە تەقوا بێت، چونكە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێ:
[إِذَا كَانَ يَوْمُ صَوْمِ أَحَدِكُمْ فَلاَ يَرْفُثْ وَلاَ يَجْهَل] أخرجه البخاري ومسلم، وانظر: صحيح أبي داود: 2045، و صحيح الجامع الصغير: 783)
ئەگەڕ ڕۆژەكەتان ڕۆژێكی ئەوەبوو كە كەسێك تێیدا بە ڕۆژوو بوو نەدەچێتە لای خێزانی نەجنێو دەدات نەقسەی ناشیرین دەكات وە ئەگەر كەسێكیش قسەی پێ وت با ڕەدی نەداتەوە بڵێت من بەڕۆژووم بڵێت من بە ڕۆژووم، كەواتە ڕۆژو وات لێدەكات جنێو نەڵێتو دەمی خۆی بگرێتو دەم پاك بێتو ڕەوشت جوان بێت، نەچێت شەڕو هەرا لەگەڵ كەسانێك بكات ئەگەر بیانەوێ شەڕیشت لەگەڵ بكەن مرۆڤ ئەخلاقو ڕەوشتی لەوە جوانتر بێت ئەو ڕۆژوو گرتنە وا لە مرۆڤ دەكات ئەخلاقو ڕەوشتی بەرزبكاتەوە، یان پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت: [رُبَّ صَائِمٍ حَظُّهُ مِنْ صِيَامِهِ الْجُوعُ وَالْعَطَشُ] صحيح ابن خزيمة:1880، و مسند أحمد بن حنبل:8658.
واتە: هەندێك كەس هەیە بەڕۆژووە لە بەڕۆژوو بونەكەیدا تەنها تێنوویەتیو برسیەتی بۆ دەمێنێتەوە خێری بۆ نانوسرێ، چونكە ئادابی بە ڕۆژووبوونەكەی تێدا نەبووەو نەی زانیوە، حیكمەت لە بەڕۆژووبووندا ئەوەیە بە تەقوا بێت تەقوای خوای نەكردووە دەمی خۆی نەپاراستووە لە قسەی خراپ لە غەیبەت كردن لە جنێوودان لە درۆكردن لە بوهتانكردن وە چاوی خۆی نەپاراستووە لە نەزەركردن وە سكی خۆی نەپاراستووە لە حەرام تێكردن وە ڕەوشتی خۆی نەپاراستووە ئەو كەسە هیچ نیعمەتی بە ڕۆژووبوونی نەزانیوە بۆیە خوای گەورە هیچ خێری بۆ نانوسێتو ئەجری وەرناگرێت ئیلا برسیەتیو تێنوویەتی بۆ دەمێنێتەوە، كەواتە یەكەم ئایەتی بە ڕۆژووبوون بە [لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] وە كۆتا ئایەتیش دیسان هەر بەوە كۆتایی پێهاتووە خوای گەورە دەفەرمووێت: بۆ ئەوەی بە تەقوا بن ئایەتەكانی ڕۆژوو بە تەقوا دەستی پێكرد بە تەقوا كۆتایی هات، كەواتە حیكمەت لە بەڕۆژووبوون ئەوەیە مرۆڤ تەقوای خوای گەورە بكات وە مرۆڤ كە بەڕۆژوو بوو وای لێدێ جارێ برسی دەبێتو وای لێدەكات بگەڕێتەوە لای خوای گەورە برسیەتی وات لێدەكات بیر لە فەقیریو برسیەتی بكەیتەوە لەمەو دوا چاك بیت لەگەڵیانو بیریان لێبكەیتەوە ئەوەش خەسڵەتێكی تەقوایە، برسیەتی وا لە مرۆڤ دەكات شەهووەتی كەم دەكاتەوە بۆ ئەوەی كاری خراپە نەكات [إِنَّ الشَّيْطَانَ يَجْرِي مِنَ الإِنْسَانِ مَجْرَىَ الدَّم] مختصر الأحكام المستخرج على جامع الترمذي 988.
شەیتان لەناو مرۆڤ دەڕوات هەر وەك چۆن خوێن لەناو دەمارەكان دەڕوات، شەیتانیش هەموو كاتێ هانی مرۆڤ دەدات بەرەو شەهووەتو خراپەی دەباتو دەیەوێ بەرەو خراپەمان بەرێو لامان بدات، بەڵام كە مرۆڤ بە ڕۆژووبوو چۆن دەمارەكانی خوێن تەسك دەبنەوە چونكە خۆراكی تێدا ناچێت بەهەمان شێوەش شەیتان دوور دەكەوێتەوە لە مرۆڤـ، كەواتە كۆمەڵێك حیكمەت هەیە لە بە ڕۆژووبووندا كە هەمووشیان لەوەدا كۆدەبنەوە مرۆڤ تەقوای خوای گەورە دەكات زیاتر كەسێكی باش دەبێت كەسێكی چاك دەبێت لەگەڵ خوای خۆی لەگەڵ نەفسی خۆی لەگەڵ دەورووبەرەكەی لەگەڵ خێزانی خۆی رۆژو وات لێ دەكات بە تەقوا بیت خۆپارێزبیت لە هەموو شتێك كە خوای گەورە پێی ناخۆشە سیفەتێكی ناشیرینە كەواتە مەبەست لە بەڕۆژووبوندا كە خوا لەسەری واجب كردووین خوای گەورە برسیەتی ئێمەی ناوێت تێنوویەتی ئێمەی ناوێت حیكمەت لە بەڕۆژووبوندا ئەوە نییە تەنها تۆ برسی بیتو تێنوو بیت حیكمەت لەوەدا ئەوەیە خۆت ڕابهێنیت پەروەردەی نەفسی خۆت بكەی لەسەر ئەوەی كە كەسێك بیت باوەڕت بەكەم هەبێت وەئەگەر خواردنێكی كەمیش بێت كەسێك بیت ئاگات لە فەقیرو هەژار بێت، كەسێك بیت كە ئەخلاقت جوان بێت، كەواتە خوای گەورە تەقواكەی لە بەڕۆژبوونەكەی ئێمە دەوێت نەك برسێتیو تێنووێتی لە ئێمە بووێت، چونكە خوای گەورە نایەوێت عەزابمان بدات بەڵكو ئەوە ڕێگایەكە بۆ ئەوەی زیاتر ڕەوشت جوانو ئەخلاق جوان بین بە تەقوا بین بۆیە خوای گەورە ئەو ڕێگایەی لەسەر ئێمە داناوە جا بۆیە لێرەوە دەیڵێم هەر كەسێك كە حیكمەتی بە ڕۆژووبوون نەزانێت وابزانێ مەبەستی شەریعەت لە فەرزبوونی ڕۆژوودا برسیەتیو تێنوویەتییە ئەوە بە هەڵە حاڵی بووە بەڵكو دەبێت هەموومان بزانین مەبەست ئەوەیە كە دەبێت بە تەقوابین جا بۆیە هەر كەسێك كەلە سەرەتای مانگی ڕەمەزانو كۆتایی ڕەمەزان هەر وەكو یەك بێت ئەو هەموو ڕۆژووەی كە بە ڕۆژووبووە بەرەو تەقوای نەبردێتو كەسێكی بە تەقوای لێدەرنەچووبێت ئەوە هیچ لە ڕۆژووەكەی حاڵی نەبووە، وە ئەو مەبەستەش كە شەریعەت هەیەتی لە بەڕۆژووبوندا نەی پێكاوە بۆیە پێویستە مرۆڤ لە سەرەتاوە تەقوای خوای گەورە بكات وە هەوڵ بدات بە ڕۆژووەكانی زیاتر بەتەقوا بێت بەڵكو ئامانجەكە بپێكێو خوای گەورە لێی ڕازی ببێت إن شاء الله.
[بەرِێز: د.عبداللطيف وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە]

سەردان: ٣,٩٥٤ بەش: ڕۆژوو