ئایا ڕۆژووگرتن تەنها وازهێنانە لە خواردن و خواردنەوە؟ یان پێویستە کەسى ڕۆژووان لە چی دووربکەوێتەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ڕۆژووگرتن تەنها وازهێنانە لە خواردن و خواردنەوە؟ یان پێویستە کەسى ڕۆژووان لە چی دووربکەوێتەوە؟

خەڵكانێكی زۆر هەن پێیان وایە ڕەمەزان واتا خۆ گرتنەوە لە خواردن خواردنەوە و خەوتن بۆ چەند سەعاتێك !!! گەر وا بێت لە ڕۆژوو گرتن ئاسان تر نیە، بەڵام ئەمە گەورەترین هەڵەیە كە پێویست ئەكات خۆمانی لێ‌ بپارێزین، چونكە هەروەك پێغەمبەر فەرموویەتی: ليس الصيام من الأكل والشرب، إنما الصيام من اللغو والرفث، فإن سابك أحد أو جهل عليك، فقل إني صائم إني صـائم " (صحيح الجامع الصغير / 5376)، واتە: ڕۆژوو تەنها خۆ گرتنەوە نیە لە خواردن و خواردنەوە، بەڵكو ڕۆژوو بریتییە لە خۆگرتنەوە لە قسەی پڕوپوچ و بێ‌ سوود، وە ئەگەر هاتوو كەسێك جنێوی پێ‌ دایت یان كردەوەیەكی نەفامانەی بەرامبەرت ئەنجام دا (هەڵەیەكی دەرحەق كردی) ئەوا پێی بڵێ‌: من بە ڕۆژووم، من بە ڕۆژووم.
موسڵمانی یەك خوا پەرست زۆرشتێك هەیە لەگەڵ ڕۆژوو گرتندا ناگونجێت وە بۆ ئەوەی ڕۆژووەكەمان بەبێ‌ كەم و كوڕی ببەخشینە پەروەردگارمان ئەبێ خۆمان لەو شتە خراپانە بپارێزین، جا نازانم بۆچی كە دیاری بۆ كاربەدەستێكی پایە بەرز ئەبەین هەوڵ ئەدەین كەموو كوڕی تیا نەبێت كە چی بیر لەوە ناكەینەوە ـ نموونەی بەرزی بۆ خوای پەروەردگار ـ كە ڕۆژووەكانمان بۆ پەروەردگارە و گوێی نادەینێ‌ كەم و كوڕی تیابێ یا نە ؟!! هەروەها لەخەڵكی وا بێت ڕۆژوو تەنها ڕۆژوی دەم بەستنە بێ‌ گوێدانە ئەندامەكانی تری لەش بۆیە كە ڕۆژوو ئەگری و خۆت لە خواردن و خواردنەوە ئەگریتەوە با زمانیشت بەڕۆژوو بێت، بیپارێزە لە درۆ و قسەی پڕو پوچ و ناشەرعی و نوكتەی هەڵبەستراوی خەیاڵ چونكە پێغەمبەری خوا فەرمویەتی فەرموویەتی: " إن الرجل ليتكلم بالكلمة لا يرى بها بأسا يهوي بها سبعين خريفا في النار " (صحيح الجامع الصغير / 1618).
واتە: مرۆڤ ووشەی وای بەسەر زاردا دێ‌، و هیچ بایەخێكی بۆ دانانێت، كەچی حەفتا پایز ـ ساڵ ـ دەیهاوێتە ناو دۆزەخەوە.
هەروەها فەرموویەتی: " من لم يدع قول الزور والعمل به فليس لله حاجة في أن يدع طعامه وشرابه " (رواه البخاري).
واتە: ئەگەر ڕۆژووان واز نەهێنێ‌ لە ووتەی درۆ و ئەنجامدانی، خوای پەروەردگار پێویستی بەوە نیە كە ئەو كەسە واز لەخواردن و خواردنەوەكەی بهینێ‌.
هەروەها فەرموویەتی:" ألا أخبركم بأكبر الكبائر ؟ قالوا: بلى يا رسول الله، قال: الإشراك بالله، وعقوق الوالدين، وشهادة الزور أو قول الزور، قال: فما زال رسول الله يقولها حتى قلنا ليته سكت " (صحيح سنن الترمذي / 2301).
واتە: ئایا گەورەترینی تاوانە گەورەكانتان پێ ڕاگەیەنم ؟ ووتیان: بەڵێ‌ ئەی پێغەمبەری خوا ! فەرمووی: هاوەڵ بۆ خوا بڕیاردان و خراپەكاری و ئەزیەتدانی دایك و باوك، و شایەتیدانی درۆ و، یان ووتە درۆ، دەڵێت: بەردەوام ئەوەی دووبارە دەكردەوە تاكو ووتمان خۆزگە بێدەنگ ببایە.
خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێ‌: [ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ ] (الحج: 30).
واتە: هەروەها خۆتان بپارێزن لە قسەی درۆ و ناڕەوا.
چاوەكانیشت لە تەماشا كردنی حەرام بپارێزە، شەوان با چاوت بەڕۆژوو بێت بەرامبەر سەتەلایت، ڕۆژانیش لە دەشت و دەر و لە بازار چونكە خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ [ قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ ] (النور:30).
واتە: ئەی پێغەمبەری خوا بە ئیمانداران بڵێ‌: چاوتان بپارێزن لەئاست تەماشاكردنی نامەحرەمدا وە داوێنیشتان لە تاوان بپارێزن، بێگومان ئەوە باشترە بۆتان، بێگومان خوا لە هەموو كردەوەكانیان بە ئاگایە.
خۆت لە بیستنی گۆرانی و قسەی ناشەرعی و پڕوپوچ و هەموو جۆرە تاوانێك بپارێزە، بۆ ئەوەی لە كۆمەڵەی ئەو كەسانە نەبیت كە پێغەمبەری خوا دەربارەیان فەرمویەتی: " رب صائم حظه من صيامه الجوع والعطش ورب قائم حظه من قيامه السهر " (صححه الألباني في صحيح الترغيب و الترهيب / 1084).
واتە: زۆرێك ڕۆژووەوان هەیە تەنها برسێتی و تینوێتی بۆ ئەمێنێتەوە. وە زۆرێك هەیە لەوانەی شەو نوێژ ئەكەن تەنها بەشیان ماندو بون و شەونخونیەكی بێ‌ پاداشتە.
ئەمەش لەهۆكاری ئەو هەموو تاوانانەی ئەیكات لە درۆ و غەیبەت و تەماشاكردنی حەرام و... هتد. كە دەبنە هۆی ئەوەی پاداشتی ڕۆژووەكەی و شەو نوێژەكەی كەم بكات تا هیچی لێ‌ نامێنێتەوە.
بۆیە چ سودێكی هەیە ئەو ڕۆژوەی خاوەنەكەی ماندو ئەكاو ئێوارە وەختی بەربانگ هیچی بۆ نامێنێتەوە، چونكە دڵی مردوە و تەنها وەكو عادەتێك ڕۆژوو ئەگرێت نەك وەكو عیبادەتێك، هەر لەسەرەتای ڕەمەزانەوە تا كۆتایی تینوی ئەبێ‌ و برسی ئەبێ‌ و دڵیشی هەمان دڵی ڕەش و ڕەقە و هیچ نەگۆڕاوە و هەر بەردەوامە لەسەر تاوان كردن، لەكاتێكدا ئەگەر بە مردوەكان بڵێن ئومێدی چی ئەكەن ئەڵێن مانگی ڕەمەزان لەگەڵ ئەوەشدا زیندوەكان هەر بەردەوامن لەسەر تاوان كردن، بۆیە ئاگەداربە، چونكە پێغەمبەری خوا لەسەر مینبەر فەرمووی آمين آمين آمين پاشان پرسیاریان لێ‌ كرد ئەی پێغەمبەری خوا تۆ كاتێ‌ ڕۆیشتیتە سەر مینبەر فەرمووت آمين آمين آمين ؟ فەرمووی لەوكاتەدا جبریل ـ سەلامی خوای لێ‌ بێت ـ هاتە لام و فەرموی: هـەر كـەسێك لـە ئـوممـەتـەكـەت مـانگی ڕەمـەزانی بـەسـەردا هـاتوو خـوا لێی خـۆش نەبوو با بڕواتە دۆزەخەوە و خوا دوری كاتەوە لە ڕەحمەتی خۆی، بڵێ‌ (آ‌مین)، ئەفەرموێت: منیش وتم (آمین)
هەروەها پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: " ورغم أنف رجل دخل عليه رمضان ثم انسلخ قبل أن يغفر له " (صححه الألباني في مشكاة المصابيح / 927).
واتە: بێ‌ دەسەڵاتی و سەرشۆڕی بۆ كەسێك مانگی ڕەمەزانی بەسەردا هات و كۆتایی بێت پێش ئەوەی خوا لێی خۆش بێت.
هەروەها (ابن القیم) فەرموویەتی: ((كل قيام لا ينهى عن الفحشاء و المنكر لايزيد صاحبه إلا بعداً، وكل صيام لايصان عن قول الزور والعمل به لايورث صاحبه إلا مقتاً و رداً، يا قوم أين آثار الصيام !! أين أنوار القيام))
واتە: هەموو شەونوێژێك كە یاساغی نەكات لە خراپە و خراپەكاری جگە لە دووری شتی تر بەخاوەنەكەی نابەخشێت، وە هەموو ڕۆژوویەكیش كە خاوەنەكەی نەپارێزێت لە ووتەی درۆ و ئیش پێكردنی، جگە لە تووڕەیی و ڕەتكردنەوەی كارەكەی هیچی تر بە خاوەنەكەی نابەخشێت، جا خەڵكینە كوا شوێنەواری ڕۆژوو !! كوا ڕووناكیەكانی شەونوێژ !!!.
بۆیە موسڵمانی بەڕێز ڕۆژوو بۆ ئەشكەنجەدان نیە بەڵكو بۆ پەروەردەكردنە كەچی خەڵكێكی زۆر لەم پەروەردەكردنە بێبەشن و خۆیان توشی بێهێزی و ماندوبون ئەكەن و لەتاوان زیاتر هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.

سەردان: ٣,٢٣٣ بەش: ڕۆژوو