بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ئەگەر ڕۆژووان لە كاتى بەڕۆژوو بوونیدا و لە خەودا لەشى گران بوو ئەوا هیچى لە سەر نیە، چونكە یەكێك لە كردەوەكانى پێغەمبەر (ﷺ) ئەو بووە، فەجرى بەسەردا دەهات و لەشیشی گران بوو لە جووت بوونى لەگەڵ خێزانەكانى و خۆشوشتنى پاش فەجر ئەنجام دەدا و پاشان بە ڕۆژوو دەبوو.
ئەوەش بە بە بەڵگەى فەرموودەى (عائیشە) و (أم سلمە) وە ـ ڕەزاى خوایان لێبێت ـ كە دەگێڕنەوە و دەفەرموون: أَنَّ النَّبيَّ (ﷺ) كَانَ يُدْڕكُهُ الْفَجْرُ وَهَوُ جُنُبٌ مِنْ أَهلِهِ، ثُمَّ يَغْتَسِلُ ويَصُومُ (أخرجه البخاري: (4 / 123) رقم: (1927)، و مسلم رقم: (1109)).
واتە: پێغەمبەرى خوا (ﷺ) جارى وا هەبوو فەجرى بە سەردا دەهات بە لەش گرانى لە جووت بوونى لەگەڵ خێزانەكانى، پاشان خۆى دەشوشت و بەڕۆژوو دەبوو.
بۆیە لەشگرانى لە كاتى خەودا هیچ زیانێكى نیە بۆ ڕۆژووان، پێش بانگ و فەجر دەركەوتن بێت، یان دواى نوێژو كاتى خۆر هەڵاتن.
وە ئەوەشى ناوێت كە ڕۆژووان بە دواى ڕێگر بگەڕێت بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانى ئەو كردارە فەسلەجیە كە لە ژیانى هەموو مرۆڤێكدا ڕوو دەدات، دواى باڵغ بوونى، نێرینە بێت یان مێینە... خواى گەورەش زاناترە.
بۆ زانینى زیاتر سەبارەت بە ئەحكامەكانى ڕۆژووان، و چۆنێتى ڕۆژووى پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕمەزاندا، ئەم كتێبە بخوێنەوە (چۆنێتى ڕۆژووى پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕمەزاندا).
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە