چەند چالاکییەکی گرنگ و بەسوود بۆ منداڵان لە مانگی ڕەمەزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند چالاکییەکی گرنگ و بەسوود بۆ منداڵان لە مانگی ڕەمەزان
پرسیار:

لە مانگی ڕەمەزان چی فێری منداڵەکانمان بکەین و چۆن گرنگیان پێ بدەین تا خۆشەویستى مانگی ڕەمەزان زیاتر بچەسپێ لە دڵیان؟

کۆمەڵێك زانیاری دەربارەی ڕەمەزان دەخەینە ڕوو کە گرنگە فێری منداڵان بکرێن، وە ئەو ڕەوشت و ئەخلاقانەی کە گرنگن بۆ چاندنی لە دەروون و کەسایەتی منداڵدا، وە ئەو خووە ئایینی و کۆمەڵایەتیانەی کە دەبێت منداڵ لە منداڵییەوە لەسەری ڕابهێنرێت لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا:

یەکەم : منداڵەکانتان فێربکەن نییەتیان بۆ خوای گەورە بێت لە کردەوە چاکەکانیان.

دووەم : گرنگە منداڵەکان فێربکرێن ڕۆژووگرتن تەنها خۆ گرتنەوە نییە لە خواردن و خواردنەوە، بەڵکو خۆگرتنەوەشە لە ئازاردانی خەڵك و قسەی خراپ و خوڕەوشتی خراپ.

سێیەم : گرنگە منداڵ فێر بکرێت لە ڕەمەزاندا فێری ئارامگرتن و گرتنەوەی نەفس و لێبوردن و نەرم و نیانی و لێبوردن بەرامبەر بە منداڵان و دوورکەوتنەوە لە تاوان و خوڕەوشتی خراپ ببن، ئەویش بە ئەنجامدانی هەندێك کاری ئاسان وەکو: هەڵسوکەوت لەگەڵ بەرامبەر بە نەرم و نیانی، و یاریکردن و هەموو شتێکی باش کە بەرامبەر براکەمان پێی خۆشە، وە دوورکەوتنەوە لە لێدان و قسەی خراپ بەرامبەر منداڵان ... هتد.

چوارەم : مانگی ڕەمەزان مانگی چاکە و خێرکردنە، یارمەتیدانی فەقیر و هەژارەکانە، وە چاکە پاداشتی زیاترە، بۆیە پێویستە منداڵ ڕابهێنرێت و بەشداری پێبکرێت لەسەر کردەوەی چاك لەو مانگەدا، وە بەشداری بکات لە خێرکردن بە پارەی تایبەتی خۆی، وە لەناو خێزانەکان هەموویان بەشداربن لە خێرکردن لەو مانگەدا.

پێنجەم : ئەگەر منداڵ نەگەیشتبووە ئەو تەمەنەی کە بەڕۆژوو ببێت با هەر بەشداری بکات لە خێرکردن، سووربن لەسەر بردنی منداڵ بۆ نوێژی جەماعەت، زیاتر فێر دەبیت بە بینین وەك فێرببێت بە قسەکردن بۆی، فێری چۆنیەتی نوێژکردنیان بکەن، وە پۆشاکی جیاوازیان بۆ پەیدا بکەن لە کاتی چوون بۆ مزگەوت، وە بەرماڵ و قورئانی بچوك تایبەت بە خۆیان.

شەشەم : ڕایانبهێنن لەسەر گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی تا لەکاتی گەورەبوونیان جێبەجێی بکەن و گرنگییەکەی بزانن، منداڵەکانتان ببەن لەگەڵ خۆتان بۆ ماڵی کەس و کارتان و خزمەکان، وە بانگهێشتیان بکەن بۆ ماڵی خۆتان، کە ئەمانە یارمەتیدەرە بۆ منداڵ لەسەر ئەوە ڕابێت و پەیوەندی خزمایەتی و کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات.

حەوتەم : منداڵەکانتان ڕابهێنن لەسەر ئامادەکردنی خواردن بۆ کاتی ڕۆژوو شکاندن و یارمەتیدانی ماڵەوە، وە هانیان بدەن لەسەر ئەو خواردن و شیرینییەی خۆیان حەزیان لێیە تا ئامادەی بکەن بۆ کاتی ڕۆژوو شکاندن.

هەشتەم: منداڵەکانتان فێری قورئان خوێندن بکەن و هانیان بدەن بۆ لەبەرکردنی، دیاریان پێبدەن لەسەر ئەو سورەت و چەند لاپەڕەیەی لەبەریان کردووە.

نۆیەم : مانگی ڕەمەزان تەواو دەبێت بە بینینی مانگی شەووال، جەژن دێت و خۆشی تێدا دەردەبڕێت لە دوای تەواوبوونی ڕۆژووی ڕەمەزان، پۆشاکی تازە بۆ منداڵەکان ئامادە بکەن و سەردانی خزم و کەس و کار بکەن و پێشوازی لە میوان بکەن و خواردنیان بەسەردا دابەش بکەن.

دەیەم : لە شتە جوانەکان ئەوەیە کە منداڵ بەشداری پێبکرێت لە کڕینی پۆشاك بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی و هەژارن.

سەردان: ١,٦٣٩ بەش: پەروەردەى منداڵ