لە ڕەمەزاندا بۆچی ئەوان دەگرین و من ناگریم؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە ڕەمەزاندا بۆچی ئەوان دەگرین و من ناگریم؟
پرسیار:

بۆچی كاتێك ئایەتی قورئان یان باسی پیاوچاكانی پێشین دەكرێت بۆ كەسانێك دڵیان پڕدەبێت و فرمێسك بەچاویاندا دێتەخوارێ ، ئەی بۆچی من ناگریم؟! هەوڵ دەدەم بەڵام ناتوانم و بۆم دروست نابێت؟

الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده، وبعد
 یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتن وسەرفەرزای لەكاروبارە دونیایی و دینیەكاندا ئەوەیە كە مرۆڤ كێبڕكێ لەگەڵ خۆیدا بكات و هیچ بیانوویەك نەدات بەخۆی بۆ ئەوەی لەناكاو مەرگ یەخەی پێ نەگرێت و پاشان پەشیمان بێتەوە لەكاتێكدا كە پەشیمانی سوودی نییە.  

 برام، خوشكم، فەزڵی گریان لەترسی خوادا زۆر گەورەیە، ئەوەتا پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:  { سبعة يظلهم الله في ظله يوم لا ظل الا ظله»، وذكر منهم: «رجل ذكر الله خاليا ففاضت عيناه } [رواه البخاري ومسلم]. واتە: ((حەوت جۆر كەس هەن كەخوا دەیانخاتە ژێر سایەو سێبەری خۆیەوە لەو ڕۆژەدا كەهیچ سایەو سێبەرێك نییە جگە لەسایەو سێبەری ئەو زاتە: یەکێک لەو حەوت کەسە : كەسێكە بەتەنهایی یادی خوا بكات و چاوەكانی فرمێسكیان لێ ببارێت)).

 برام ، خوشكم ... پرسیارێك كە لە مێشكی زۆربەی ئەوانەی كەمتەرخەمن دێت و دەڕوات – هەموومان كەمتەرخەمین – ئەوەیە كە بۆچی كاتێك ئایەتی قورئان یان باسی پیاوچاكانی پێشین دەكرێت بۆ كەسانێك دڵیان پڕدەبێت و چاویان فرمێسكی پێدا دێتەخوارێ ، ئەی بۆچی من ناگریم؟! هەوڵ دەدەم بەڵام ناتوانم و بۆم دروست نابێت؟ بەڵام لە تەنیشت و پشت و پێشمەوە خەڵكی دەگرین؟ ئایا هۆكار چییە؟

 برام، خوشكم، هۆكارەكەی خوای گەورە باسی كردووە لە قورئاندا ئەم ئایەتەیە:  [كَلَّا بَلْ رَانَ على قُلُوبِهِم مَّا كَانُوا يَكْسِبُونَ]  [المطففين:14].واتە: ئەوان تەنها دڵەكانیان پەردەپۆشكراوە ـ بەهۆی ئەو هەموو تاوانەی كە ئەنجامی دەدەن ـ
 جا لەڕاستیدا ئەمە هۆكاری ڕاستەقینەیە لە كەم گریان و كەمی هەست كردن بە ترسی خوا. 
يحيون ليلهم بطاعة ربهم *** بتلاوة وتضرع وسؤال
وعيونهم تجري بفيض دموعهم *** مثل انهمال الوابل الهطال
 باشە بۆچی ئەوان دەگرین، چی وای لێ كردوون بگرین و چێژ و لەززەت وەربگرن لەوە و ئەی ئێمە بۆچی ناگرین؟؟ 
 ئەوان لەتاوان دووركەوتونەتەوە ودواڕۆژیان خستۆتە پێش چاویان لەكاتی تەنهایی وئاشكراییدا، بۆیە دڵیان چاك بووە و چاویان پڕفرمێسك بووە.  
 بەڵام ئێمە كە ئەو كارانەمان لەدەست دا دڵمان ڕەق و چاومان وشك بوو. 

 برام ، خوشكم.... 
 چاك بزانە كە ئەو ترس و بیمە لەخوا كە گریان بەدوایدا دێت، دروست نابێت و بەردەوام نابێت ئیلا بەدەست گرتن بەمانەی خوارەوە نەبێت:  
1- تۆبە و داوای لێخۆشبوون لەخوای گەورە بەدڵ و زمان، بەو شێوەیە ڕوو دەكەیتە خوا بەپەشیمانی و ترسەوە هەست دەكەیت دڵ وناخت پڕبووە لە شەرم و هەست كردن بەنیعمەت وسۆز وبەزەیی خوا.  

2- وازهێنان لە تاوان و وریابوون لێی، گەورە و بچووك و شاراوە و ئاشكرای، چونكە ئەوە نەخۆشیەكی كوشندەیە كە دەبێتە لەمپەر و ڕێگری دڵ لە نزیكبوونەوە لە خوا، هەر تاوانه كە دڵ تاریك و تەسك دەكاتەوە. 

3- لەخوانزیك بوونەوە بە عیبادەتی وەكو نوێژ و ڕۆژوو حەج و صەدەقە و زیكر و خێركردن.  

4- بیركردنەوە لە قیامەت، لەڕاستیدا برا و خوشكەكانم ئەوەی زۆر جێگەی سەرسامیە ئەوەیە كە ئێمە هەموومان دڵنیاین لەوەی كە ئەم دونیایە كۆتایی دێت و ژیانی نەبڕاوی ڕاستەقینەش بریتیە لە ئاخیرەت كەچی لەگەڵ ئەوەشدا كاری بۆ ناكەین و لەخەمیدا نین بەگوێرەی پێویست.  
 خوای گەورە دەفەرموێت: [مَّن كَانَ يُرِيدُ الْعَاجِلَةَ عَجَّلْنَا لَهُ فِيهَا مَا نَشَاءُ لِمَن نُّرِيدُ ثُمَّ جَعَلْنَا لَهُ جَهَنَّمَ يَصْلَاهَا مَذْمُومًا مَّدْحُورًا ﴿١٨﴾ وَمَنْ أَرَادَ الْآخِرَةَ وَسَعَىٰ لَهَا سَعْيَهَا وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَأُولَٰئِكَ كَانَ سَعْيُهُم مَّشْكُورًا ] [سورة الإسراء:19،18]. واتە: هەر كەسێك داواكاری دونیا و ژیانی دونیای پێشخراو بێت ، وهەوڵی تەنها بۆ ئەوە بێت ، و دواڕۆژ یش بەڕاست نەزانێت ، وكاری بۆ نەكات ، ئەوا خوای پەروەردگار ئەوەی كەویستی لەسەر بێت بۆی پێش دەخات تێیدا لەوەی كە لە ( اللوح المحفوظ ) ـدا نووسیویەتی ، پاشان لەدواڕۆژدا دۆزەخی بەنسیب دەكات ، ودەیخاتە دۆزەخەوە بەلۆمەكراوی و دوورخراوەیی لەبەزەیی و ڕەحمەتی خۆی ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەمەبەست و هەوڵی بۆ دونیا بووە ، نەك دواڕۆژ . وە ئەو كەسەشی كەمەبەستی بەكردەوە چاكەكانی پاداشتی ڕۆژی دوایی بێت كە ماوە و نەبڕاوەیە ، وبەگوێڕایەڵی خوای پەروەردگار هەوڵی بۆدا ، و باوەڕی  بەخوای پەروەردگار و پاداشت ، وسزای گەورەی هەبێت ، ئەوا ئەوانە كردەوەكانیان وەردەگیرێت و لەلای پەروەردگاریان پاشەكەوت دەكرێت بۆیان ، و لەسەری پاداشت دەدرێنەوە .

5- خواناسین بە زانین و ناسینی ناو وسیفاتەكانی خوای گەورە، وەكو دەفەرموێت:  [ إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ ] (سورة فاطر:28) واتە: بەڕاستی هەر زاناكان پەی بەو نهێنیانە دەبەن ولەناو بەندەكانی خوادا هەر ئەوان لەخوا دەترسن. 
 وەكو وتراوە: هەركەس زیاتر خوا بناسێت زیاتر لێی دەترسێت.  

6- پاشان وەسیەتت بۆ دەكەم بە زۆر خوێندنەوەی حاڵ و گوزەرانی پیاوچاكان و چاولێكەریان.  

 برا و خوشكم... لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا كە ڕۆژانی خێر و بەرەكەتە و هەلێكی گەورەیە كە بەندە بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لای خوای پەروەردگاری لەكاتێكدا شەیتانەكان زنجیربەند كراون و دەرگاكانی خێر واڵاكراون و عیبادەت زۆر دەبێت ئا لەو ساتەدا بگەڕێرەوە بۆ لای پەروەردگارت و لێی نزیك بەرەوە وڕووی تێ بكە و خۆت ڕزگاربكە لە كۆت وبەندی تاوان و سەرپێچی، ئیتر ئەو كاتە هەست دەكەیت چاوت پڕفرمێسك دەبێت و دڵیش پڕترس. 

سەردان: ١,٩٤٤ بەش: ڕۆژوو