چی بەو کەسانە دەڵین کە بەڕۆژوون بەڵام زمانى خۆیان ناگرن لە وتنى خراپە و تاوان ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چی بەو کەسانە دەڵین کە بەڕۆژوون بەڵام زمانى خۆیان ناگرن لە وتنى خراپە و تاوان ؟

موسڵمانانی یەك خوا پەرست، گەر ڕۆژوو گرتن تەنها خۆگرتنەوە بوایە لە خواردن و خواردنەوە ئەوا لە ڕۆژوو گرتن ئاسان تر نەدەبوو، بەڵام ئەم هەڵە تێگەیشتنەی زۆرێكمان وای كردوە لەگەڵ تەواو بوونی ڕەمەزان زۆرێكمان تەنها برسێتی و تینوێتیەكەمان بۆ ئەمێنێتەوە لەگەڵ تاوانێكی زۆر، هۆكاری سەرەكی ئەم ئەنجامەش پارچە گۆشتێكی بچوكە كە ڕەنگەی بەشی تێربوونی پشیلەیەكی برسی نەكات كەچی بەهۆیەوە مرۆڤێكی چوارشانە ئەچێتە دۆزەخەوە. بە واتایەكی تر یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی خۆشبەختی و كوێرەوەری ژیان مرۆڤ (زمانە). هەروەك پێغەمبەر بە (معاذ بن جبل) ی ووت: لە باری دایكت بچوبایەیت، ئایا هەموو ئەو كەسانەی كە لە سەر ڕووخساریان فڕێ‌ دەدرێنە ناو ئاگری دۆزەخەوە مەگەر بەروبومی قسە خراپەكانیان نیە ! وە ئەفەرموێت: زۆرترین شتێك خەڵكی بخاتە دۆزەخەوە زمان و داوێنە. هەروەها ئەفەرموێت: زینای زمان قسە كردنە.
جۆری یەكەمی زمان
ئەم جۆرە زمانە كۆمەڵە تاوانێك ئەكات سەرئەنجام خاوەنەكەی بەرەو دۆزەخ ڕاپێچ ئەكات، لەو تاوانانەش:
1 ـ درۆ كردن: ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە خوای پەروەردگار فەرمـــانمــان پێ‌ ئـــەكات بـــە دور كـــەوتنەوە لـــە درۆ وەك ئــــەفـــەرموێت: [ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ ] (الحج: 30)، واتە: هەروەها خۆتان بپارێزن لە قسەی درۆ و ناڕەوا.
پێغەمبەری خوایش فەرمویەتی: باوەڕی هیچ بەندەیەك تەواو نابێت تاكو واز نەهێنێت لە درۆكردن لە كاتی گاڵتە و دەمەقاڵە و موجادەلەدا، ئەگەر ڕاستیش بكات.
هەروەها ئەفەرموێت: بەردەوام بن لەسەر ڕاستگۆیی و دور بگرن لە درۆ، چونكە درۆكردن ڕێخۆشكارە بۆ خراپەكاری و خراپەكاریش ئاكامی دۆزەخە.
لە هەمویشی ترسناك تر پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ئەگەر ڕۆژووان وازنەهێنێ‌ لە ووتەی درۆ و كردەوەپێ كردنی، خوای گەورە پێویستی بەوە نیە واز لەخواردن و خواردنەوەكەی بێنێت لەبەر خوا.
2 ـ غەیبەت كردن: زۆرێك لە موسڵمانان خوا هیدایەتیان بدات هەر لەگەڵ هەستانیان بۆ پارشێو لەسەر سفرەی نان خواردن غەیبەتی خەڵك ئەكەن هەتاوەكو بانگی ئێوارە بەربانگ ئەكەنەوە، خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێت: [ وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا فَكَرِهْتُمُوهُ وَاتَّقُوا اللَّهَ ] (الحجرات: 12)، واتە: غەیبەتی یەكتر مەكەن و بەشوێن كەموكوڕی یەكتردا مەگەڕێنەوە لە پاشملە بە خراپی باسی یەكتر مەكەن، ئایا یەكێ‌ لە ئێوە ئامادەیە گوشتی برای خۆی بە مردوویی بخوات ؟!! بێ‌ گومان ئەمەتان زۆر پێ‌ ناخۆشە وپێتان ناكرێ‌، كەواتە خۆتان بپارێزن و لە خوا بترسن.
هەروەها پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ئایا دەزانن غەیبەت چی¬یە ؟ ووتیان خودا و پێغەمبەر باش دەزانن، پێغەمبەر لە وەڵامدا فەرمووی: باسكردنی براكەتە بەو شتەی كە پێی ناخۆشە، ئەوانیش وتیان: ئەی ئەگەر ئەوەی كە ئێمە دەیڵێین لەبراكەماندا هەبوو ؟ پێغەمبەر فەرمووی: ئەگەر ئەوەی ئێوە دەیڵێن لەبراكەتاندا هەبوو ئەوە غەیبەتان كردووە.
وە (رجا‌ء) ی كوڕی (أبو سلمة) فەرموی: لە (مجاهد) م پرسی: غەیبەت كردن دەستنوێژ بەتاڵ ئەكاتەوە ؟!!! فەرمووی: بەڵێ‌ هەروەها ڕۆژویش بەتاڵ ئەكاتەوە !!!!!
هەروەها (مجاهد) ئەفەرموێت: ئەوەی پێی خۆشە ڕۆژووەكەی سەلامەت بێت با خۆی لە غەیبەت و درۆ كردن بپارێزێت.
وە لە (عَبیدە السلمانی) فەرمویەتی: خۆتان بپارێزن لەو دوو شتەی ڕۆژوو بەتاڵ ئەكەنەوە غەیبەت و درۆ كردن.
3 ـ گێڕانەوەی نوكتە: ئەمەش جۆرێكی ترە لە تاوانەكانی زمان، زۆر جاریش بەزمان نایڵێن، بەنامەی مۆبایل بۆ یەكتری ئەنێرن بەڵام هەمان حوكمی زمانی هەیە و زۆر مەترسیدارە، چونكە پێغەمبەری خوا (3) جار لەسەر یەك فەرموویەتی: وەیل بۆ ئەو كەسەی كە قسە بۆ خەڵك دەكات و تێیدا درۆ دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی پێبكەنن، (وەیل: دۆڵێكە لە دۆڵەكانی دۆزەخ).
4 ـ قسەی پڕوپوچ و گاڵتەكردن بە خەڵكی: ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە خوای پەروەردگار ئەفەرموێت: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَـوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ وَلَا نِسَاءٌ مِنْ نِسَاءٍ عَسَى أَنْ يَكُنَّ خَيْرًا مِنْهُنَّ ] (سورة الحجرات: 11).
5 ـ جوێن دان: ئەمەش بەناوی گاڵتە كردنەوە بوەتە نەریتێكی باوی نێو گەنجان !! تەنانەت لەناو پیرانیشدا هەیە !! و زۆر كارێكی ترسناكە چونكە پێغەمبەری خوا ئەفەرموێت: جوێندان بە مرۆڤی موسڵمان دەبێتە هۆی فاسق بوونی جوێن دەرەكە.
هەروەها ئەفەرمووێت: یەكێك لە تاوانە گەورەكان ئەوەیە ئادەمیزاد جوێن بە دایك و باوكی خۆی بدات، وترا ئەی پێغەمبەری خوا : ئایا كەس جوین بە دایك و باوكی خۆی دەدات ؟! ئەویش فەرمووی: جوێن دەدات بە باوكی كەسێك، كەسەكەش جوێن دەداتەوە بە باوكی ئەو، وە جوێن دەدات بە دایكی كەسێك كەسەكەش جوێن دەدات بە دایكی ئەو.
6 ـ گۆرانی وتن: ئەمـەش زۆر باوە لەنێو لاوان، گۆرانی وتنیش یەكێكە لە تاوانە گەورەكانی زمـــان، لـــەم بارەیەوە خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌: [ وَمِنَ النَّاسِ مَن يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَن سَبِيلِ اللَّهِ ] (لقمان: 6).
(ابن مسعود) ئەفەرموێت: (والله الذي لا اله الا غيره هو الغناء)، پێشەوا (القرطبي) ش ئەفەرموێت: ناكۆكی نیە لەسەر حەرامێتی گۆرانی چونكە لەهۆیەكانی ڕابواردن و گاڵتەچێتییە و سەرزەنشت كراوە بەڕێكەوتنی (زانایان)، وە (عبدالله) ی كوڕی (مسعود) ئەفەرموێت: گۆرانی دووڕوویی لەدڵدا دەچێنێت.
7 ـ بوختان كردن: ئەمەش زۆر مەترسیدارە چونكە هاوەڵان لە پێغەمبەری خوایان پرسی ئەگەر ئەوەی كە ئێمە دەیڵێین لەبراكەماندا هەبوو ؟ پێغەمبەر فەرمووی: ئەوە غەیبەتان كردووە، خۆ ئەگەر وانەبوو ئەوا بوهتانتان كردووە (درۆتان بۆ هەڵبەستوە). ئەوانەش كە بوختان ئەكەن دوچاری چەند سزایەك ئەبن لەوانەش (80) جەڵدەیان لێدەدرێ‌ ـ ئەگەر بوختیانەكە بە داوێن پیسی بێت بۆ ئافرەتان ـ و شایەتیان قبوڵ ناكرێ‌ و فاسقن هەروەها لە دونیا و قیامەتیشدا نەفرەت لێكراون و لە قیامەت سزایەكی سەخت چاوەڕانیانە هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێت: [ وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاء فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَداً وَأُوْلَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ ] (النور: 4).
هەروەها ئەفەرموێت: [ إِنَّ الَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ الْغَافِلَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ لُعِنُوا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ ] (النور: 23).
8 ـ قسەگێڕی لەنێوان خەڵكی (نمیمە): لەم بارەیەوە خوای پەروەردگار ئەفەرموێت: [ وَيْلٌ لِّكُلِّ هُمَزَةٍ لُّمَزَةٍ ] . پێغەمبەری خوایش دەفەرمێت: خراپترین خەڵك لە بەندەكانی خوای گەورە لەم ئوممەتەدا ئەوانەن كە سەرقاڵی هێنان ‌و بردنی قسە و باسی خەڵكن ‌و دەبنە هۆی لێك جیا كردنەوەی خۆشەویستەكان لەیەكتر.
وە (حذیفە) ش ئەفەرموێت: گوێم لێبوو پێغەمبەری خوا ئەیفەرموو: قسە گێڕان ناچنە بەهەشتەوە.
(عبدالله) ی كوڕی عەباس رضي الله عنه ئەفەرموێت: ڕۆژێكیان پێغەمبەر بەلای دوو گۆڕدا تێپەڕی پاشان فەرمووی: ئەم دوو مردووە سزا دەدرێن وە... یەكێكیان گوناهەكەی ئەوە بوو قسەگێڕی دەكرد لە نێوان خەڵكدا.
جۆری دووەمی زمان
ئەم جۆرە زمانە كۆمەڵە كارێكی خێر ئەنجام ئەدات سەرئەنجام خاوەنەكەی بەرە و بەهەشت ئەبات، لەو كردەوانەش:
1 ـ یادكرنەوەی خوای پەروەردگار (ذكر): خوای پەروەردگار ئەفەرموێت: [ أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ ] (الرعد: 28).
پێغەمبەری خوایش ئەفەرموێت: ئایا پێتان ڕاگەیەنم كەوا چ كردەوەیەكتان باشترین و پاكترین كردەوەتانە لای پەروەردگارتان، و لە هەمووشی پلەی بەرزترە، وە لە بەخشینی زێڕ و زیو چاكترە بۆتان، و باشتر بێت بۆتان لەوەی لە كاتی جیهاد و تێكۆشاندا ڕوو بەڕووی دووژمنتان ببنەوە و لە ملیان بدەن و لە ملتان بدەن ؟ فەرموویان: بەڵێ ئەی پەیامبەری خوا ، فەرمووی: زیكری خوای پەروەردگار.
هەروەها (عبدالله) ی كوری (بسر) رضي الله عنه ئەگێرێتەوە كە پێغەمبەری خوا بە پیاوێكی وت: با هەموو كاتێك زمانت تەڕ و پاراو بێت بە زیكری خوداوە.
2 ـ پاڕانەوە لە خوای پەروەردگار (دعا‌ء): بە تایبەت لە مانگێكی پیرۆزی ڕەمەزان كە پاڕانەوە تیایدا گیرایە وەك پێغەمبەرمان فەرموویەتی: سێ‌ پاڕانەوە هەن وەڵام ئەدرێنەوە لەوانەش: پاڕانەوەی ڕۆژووان.
هەروەها فەرموویەتی: خوای پەروەردگار لە هەموو ڕۆژو و شەوێكی مانگی ڕەمەزاندا چەندەها كەس لەئاگر ڕزگار ئەكات، هەروەها بۆ هەموو بەندەیەك پاڕانەوەیەك هەیە تیایدا وەڵام ئەدرێتەوە.
3 ـ قورئان خوێندن: پێغەمبەر دەفەرمووێت: قورئان بخوێنن، چونكە لە ڕۆژی قیامەتدا تكاكارە بۆ خاوەنەكانی.
هەروەها ئەفەرموێت: هەركەسێك پیتێك لـە قورئانی پیرۆز بخوێنێت بە هەموو پیتێكی چاكەیەكی بۆ دەنووسرێت، چاكەی لە لای خوای پەروەردگار بە دە ئەوەندەی خۆیەتی و چەند جار دەكرێتەوە، ناڵێم [ الم ] بە پیتێك دەژمێردرێت، بەڵكو [ أَلِف ] پیتێكە و [ لام ] پیتێكە، و [ مِیم ] پیتێكە.
هەربۆیە گرنگی و گەورەیی قورئان وای كردبوو كە (سفيان الثوري) وازی لە هەموو شتێك ئەهێناو گرنگی بە قورئان خوێندن ئەدا، (قتادە) لە ڕەمەزان لە سێ‌ ڕۆژدا خەتمەیەكی ئەكرد، ئیمامی (الزهری) كە ڕەمەزانی بەسەردا ئەهات وازی لە هەموو زانستێكی شەرعی ئەهێنا و ڕوی ئەكردە قورئان خوێندن.
لە جۆرەكانی تری قورئان خوێندن: ئەوەیە خەڵكی فێر بكەیت ئەمەش پاداشتێكی زۆری هەیە هەروەك پێغەمبەری خوا ئەفەرموێت: هیچ كۆمەڵە كەسێك لە ماڵێك لە ماڵەكانی خوا كۆ نابنەوە بۆ خوێندنەوەی قورئان و لە نێوان خۆیاندا باسی دەكەن ئیللا ئارامییان بەسەردا دادەبەزێت، و ڕەحمەت دایاندەپۆشێت، وفریشتەكان دەورەیان دەدەن، و خوای گەورەش لای فریشتەكان باسیان دەكات.
هەروەها ئەفەرموێت: باشترین كەستان ئەوانەن فێری قورئان ئەبێ‌ پاشان خەڵكیش فێری قورئان خوێندن ئەكات.
4 ـ خوێندنەوەی كتێب: بەتایبەت ئەو كتێبانەی پەیوەستن بەڕۆژوو و بە مانگی ڕەمەزان وەكو كتێبی (چۆنێتی ڕۆژووی پێغەمبەری خوا لە ڕەمەزاندا).
5 ـ گەڕانەوە بۆ لای خوا بە ئیستغفاركردن: خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحاً عَسَى رَبُّكُمْ أَن يُكَفِّرَ عَنكُمْ سَيِّئَاتِكُمْ ] (التحريم: 8).
6 ـ بانگەواز كردن بە زمان: قواستنەوی هەلی ئەم مانگە پیرۆزە بۆ ئامۆژگاری كردنی خەڵك و بانگەشە كردن بۆ ئاینی ئیسلام كە ئەركی هەموو موسڵمانێكە بە زمانی بانگەشە بكات بۆ ئاینی ئیسلام هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌: [ وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلاً مِّمَّن دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحاً ] (فصلت: 33)، واتــە: كێ‌ وتـــەی چاكتر و بەجێ ترە لـــەو كــــەسە (خەڵك) بۆ لای خوا بانگ ئەكات و كاری چاكە ئەكات.
وە ئەگەر ئەم بانگەشە كردنە لەمانگی ڕەمەزاندا بوو ئەوا خێرەكەی لەمانگەكانی تر زۆرترە چونكە چاكە كردن لە ڕەمەزان چەن جارەیە.
وتەی كۆتایی
موسڵمانان لە خوا بترسن و ئاگاتان لە زمانتان بێت لەو قسانەی ئەیكەن، چونكە خوای گەورە دەفەرمێت: [ مَا يَلْفِظُ مِنْ قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ ] (ق: 18)، واتە: هیچ وتەیەك لە دەمی ئادەمیزاد دەرناچێ‌ ئیللا فریشتەیەك چاودێر و گۆێ‌ بیستی قسەكەیەتی وتۆماری دەكات.
پێغەمبەری خوایش ئەفەرموێ: ڕەنگە ڕۆژوانی واهەبێ جگە لە برسێتی و تینوێتی هیچی تری بۆ نەمێنێتەوە لە ڕۆژووەكەی.
زانای پایەبەرز (ابن القیم) فەرموویەتی: ((كل صيام لا يصان عن قول الزور والعمل به لا يورث صاحبه إلا مقتاً و رداً)).
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

ستافى وەڵامەکان / پێداچونەوەى مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٢,٨٣٩ بەش: ڕۆژوو