ئامۆژگایتان چیە بۆ ئەو کەسانەى کە بەڕۆژ بە ڕۆژوون بەڵام شەوان تا درەنگێ سەیرى فلم و دراماکان دەکەن کە جۆرەها شتى حەرامى تێدایە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئامۆژگایتان چیە بۆ ئەو کەسانەى کە بەڕۆژ بە ڕۆژوون بەڵام شەوان تا درەنگێ سەیرى فلم و دراماکان دەکەن کە جۆرەها شتى حەرامى تێدایە؟

والله ئامۆژگاری ئەوەیە كە چەند جار تەئكیدمان لەسەر كردوەتەوەو دووبارەشی دەكەینەوە وەسیەتی خوای پەروەردگار بۆ ئێمەش‌و بۆ ئوممەتانی پێش ئێمەش: :[وَلَقَدْ وَصَّيْنَا الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ وَإِيَّاكُمْ أَنِ اتَّقُوا اللَّهَ] (النساء:131) .وەسیەتی خوا بۆ ئێمە‌و بۆ ئوممەتانی پێش ئێمەش ئەوەیە كە تەقوای خوای گەورە بكەین وە ئەو ڕۆژووگرتنەشی بۆیە لەسەر ئێمە داناوە بۆ ئەوەی بە تەقوا بین، خوای گەورە دەفەرمووێت: [إنَّ الصَلاَةَ تَنْهَى عَنِ الفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ ](العنكبوت:45). واتە: نوێژ لە فاحیشە‌و خراپە‌و لە مونكەر‌و بێ‌ شەرعی مرۆڤ دەگێڕێتەوە، ڕۆژووش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەیە كە تەقوای خوای گەورە بكەین‌و لە كاری خراپە بگەڕێینەوە، جا كە نوێژێك لە بێ‌ شەرعی‌و خراپە نەتگێڕێتەوە، وە ڕۆژووگرتنێك لە خراپە‌و بێ‌ شەرعی نەتگەڕێنێتەوە كەواتە تۆ نە لە نوێژ گەیشتوی نە لە ڕۆژوو گەیشتوی نە ئەجر‌و پاداشتی نوێژ‌و ڕۆژووەكەت بۆ دەنوسرێت، بەڵكو تەنها لاشەیەكیت بەبێ‌ روح‌و بەبێ‌ گیان، كەسێكیت كە تەنها رووكەشی، لە چەند شتێك تێگەیشتوی‌و دەستت پێوەگرتون‌و بە تەقلیدی نوێژەكەت دەكەی‌و ڕۆژووەكەت دەگری‌و ساڵانە كە ڕەمەزان دووبارە دەبێتەوە بەبێ‌ ئەوەی بزانیت حیكمەتی ڕۆژوو چیە، ژیان كە چەند گرنگە‌و خوای گەورە سوێندی پێ‌ خواردوە [وَالْعَصْرِ * إِنَّ الإِنسَانَ لَفِي خُسْرٍ * إِلاَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ ](العصر:1-3) .

واتە: سوێند بەكات مرۆڤ لە زەرەرمەندی دایە تەنها ئەو مرۆڤە نەبێت كە چوار سیفەتی تیایە:
مرۆڤ ئیمانی هەبێت‌و كاری چاكە بكات‌و ئامۆژگاری چاكە بكات‌و ئارام بگرێت ئەو كەسە سەرفرازە‌و زەرەرمەند نیە، كەواتە ژیانی مرۆڤ بۆ ئەوەیە مرۆڤ كردەوەی چاكەی تیا بكات‌و ئەمر بەچاكە بكات‌و نەهی لە خراپە بكات، ژیان كێڵگەیەكە بۆ ئاخیرەت چ بچێنیت ئەوە دەدوریتەوە، ئەو ژیانە كورتەی دونیامان كە بەڕاستی زۆر كورتە چونكە ژیان بریتیە لە سێ‌ ڕۆژ، ڕۆژێكیان تەمەنی ڕابردوتە گەر سەد ساڵیش بێت ڕۆیشت‌و نەما، ڕۆژێكیشیان داهاتووە نازانی دەگەیت پێی یان ناگەیت پێی، ڕۆژێكیشیان ئەوەیە كە تێیدایت، ئەمڕۆ هی تۆیە‌و بەس، ئەمڕۆ هی تۆیە كە تێیدایت، كەواتە كردەوەی چاكە بكە‌و بە تەمای ئەوە مەبە كە ڕابردو باش بوویت، وە بە ئومێدی ئەوەش مەبە كە سبەینێ‌ چاك دەبیت، چونكە تۆ موڵكی سبەینێ‌ نیت سبەینێش موڵكی تۆ نیە، ئەمڕۆ ڕۆژی تۆیە كردەوەی چاكەی تیادا بكە جا كە تۆش خوای گەورە زەمەنێكی موبارەك‌و پیرۆزت بە نسیب بكات ڕۆژانە بە خەو ڕۆژانە بە كاری خراپە‌و وە شەوانەش بە سەیر كردنی زنجیرەی دۆبلاژ كراو و فیلمی توركی‌و بیانی بە دیار ئەوانەوە دانیشیت لەم زنجیرەوە بۆ ئەو زنجیرە، لە كەناڵێكەوە بۆ كەناڵێكی تر زنجیر بەستی بكەیت‌و بزانیت ئەویان كاتژمێر ئەوەندەیە‌و كەناڵەكەی تریش زنجیرەیەكی تری هەیە كاتژمێر ئەوەندەیە‌و ئەوەی تریشیان كاتژمێر ئەوەندەیە ژیانی تۆ لەوەدا بێت بەڕاستی خەسارەتێكی گەورەیە، كە خوای گەورە فەرمووی: [إِنَّ الإِنسَانَ لَفِي خُسْرٍ ](العصر:2) .
ئەو مرۆڤە زەرەر دەكات ژیانی تۆ لە زەرەرمەندی دایە وە سودیش لە ڕۆژوو لە نوێژەكەت نابینی، چونكە ئەو نوێژ‌و ڕۆژووە تۆی نەگێڕایەوە لە خراپە كاتێك بە دیار فیلمێكەوە دادەنیشیت كە ئافرەتی ڕوتی تیایە كە ماڵ‌و منداڵەكەت فێری دڵداری‌و خیانەتی زەوجی‌و بەد ڕەوشتی‌و بەدئەخلاقی دەكات، فێری ئەوەی دەكات كە چۆن لەگەڵ ژنی خەڵك عیلاقەت هەبێ‌‌و ژنەكەت چۆن لەگەڵ پیاوی خەڵكی پەیوەندی هەبێ‌، كچەكەت چۆن لەگەل كوڕی خەڵكی هاوڕێیەتی هەبێ‌، ئەوە تۆ خۆت بە دەستی خۆت ماڵی خۆت كاول دەكەیت، خوای گەورەش دەفەرمووێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ] (التحريم:6) .
واتە: خۆتان‌و خێزان‌و ماڵ‌و منداڵتان بپارێزن لە ئاگرێك كە سوتەمەنیەكەی مرۆڤـ و بەردە. خوای گەورە بمانپارێزێت، كەواتە دەبێت ئێمە ماڵ‌و منداڵمان بپارێزین لە ئاگری جەهەنەم نەك بە دەستی خۆمان وە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیش دا بە تایبەت بێین بە دیار سەتەلایت‌و تەلەفزیۆنەوە ماڵ‌و منداڵمان بسوتێنین‌و ڕەوشتیان نەهێڵین، ئەو كاتە هیچ سوود لە ڕۆژوو لە نوێژەكەمان نابینین، وە بۆیە بە تەقوایش نابین‌و پاكمان ناكاتەوەو لە خوا نزیكمان ناكاتەوە، وە ئەو كەسانەیش كە دوای ڕەمەزان یەكسەر دەگەڕێنەوە سەر كاری خراپە چونكە لە ڕەمەزان دا ئیستفادەیان نەكردو نەیانزانی ڕۆژوو گرتن یانی چی، خوای گەورە هیدایەتی هەموو لایەكمان بدات‌و تەقوامان پێ‌ ببەخشێت‌و ئاخیرمان خێر بكات ان شا‌ء الله والحمد لله.

ئەم پرسیارە لە لایەن بەڕێز (دکتۆر عبداللطیف أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٧٤٢ بەش: ڕۆژوو