ئایا دەستپەڕ كردن ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوه يان نا‌؟ وە ئایا كەفارەتەكەى چى یه و چەندە‌ ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دەستپەڕ كردن ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوه يان نا‌؟ وە ئایا كەفارەتەكەى چى یه و چەندە‌ ؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
زانایان دوو بۆچوونى جیاوازیان هەیە لەبارەى ئەوەى كە: ئایا ئاوهێنانەوەى خۆ بە دەست یان بەهەر شتێكى تر (دەست پەڕ) ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە یان نە ؟
بۆچوونى یەكەم: ئەو كارە ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە، و خاوەنەكەى تاوان بارە و پێویستە تۆبە بكات، و قەزاى ڕۆژووەكەشى بكاتەوە، بەڵگەى ئەم كۆمەڵەش قیاسكردنێتى لە گەڵ ئەو كەسەى كە لە گەڵ خێزانى خۆیدا جووت بێت لە كاتى بە ڕۆژوو بووندا هەروەك لەم فەرموودەیەدا هاتووە كە (أبو هریرە) رضي الله عنه لە پێغەمبەرەوە دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: أَتَاهُ رَجُلٌ فَقََالَ: يَا رَسَوُلَ اللهِ هَلَكْتُ ؟ قَالَ: وَمَا أَهْلَكَكَ ؟ قَالَ: وَقَعْتُ عَلَي امْرَأَتي في رَمَضَانَ، قَالَ: هَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تَعْتِقَ رَقَبَةً ؟ قَالَ: لا، قَالَ: هَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تَصُومَ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ ؟ قَالَ: لا، قَالَ: فَهَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تُطْعِمُ سَتِّينَ مِسْكِينَا ؟ قَالَ: لا قَالَ: اجْلِسْ، فَجَلَسَ، فَأُتِيَ النَّبيُّ بِعَرَقٍ فِيهِ تَمْرٌ، قَالَ: تَصَدَّقْ بِهِ، قَالَ: مَا بَيْنَ لابَتَيْهَا أَحَدٌ أَفْقَرَ مِنَّا، قَالَ: فَضَحِكَ النَّبيُّ حَتَى بَدَتْ أَنْيَابُهُ، قَالَ: خُذْهُ فَأَطْعِمْهُ أَهْلَكَ (ثبت الحديث بألفاظ مختلفة عن البخاري: (11/516) رقم: (6709) و (1936)، ومسلم رقم: (1111)، والترمذي رقم: (724)، والبغوي: (6/288)، وأبي داود رقم: (2390)، والدارمي: (2/11)، وابن ماجه رقم: (1671)، وابن أبي شيبة: (2/183 ـ 184)، وابن خزيمة: (3 /216)، وابن الجارود رقم: (139)، والشافعي رقم: (299)، ومالك: (1 / 297)، وعبدالرزاق: (4 / 196). وأرسله بعضهم، ووصله جلهم، وصحت عند بعضهم زيادة: اقضي يوما مكانه وقد صححها الحافظ ابن حجر في (الفتح): (11/516)، وهو كما قال، والعرق: زنبيل منسوج من بسائج الخوص.. واتە: زەمبیلێكى چنراو لە شوڵی دار).
واتە: پیاوێك هاتە خزمەتى پێغەمبەر و پێى فەرموو: تیاچووم ئەى پێغەمبەرى خوا، ئەویش پێى فەرموو: چی لە ناوى بردیت ؟ فەرمووى: لەگەڵ خێزانەكەمدا جووت بووم لە مانگى ڕەمەزاندا، فەرمووى: ئایا دەتوانیت كۆیلەیەك ڕزگار بكەیت ؟ فەرمووى: نەخێر، فەرمووى: ئایا دەتوانیت دوو مانگ لە سەر یەك بە ڕۆژوو بیت ؟ فەرمووى: نەخێر، فەرمووى: ئایا دەتوانیت خواردنى شەست هەژار بدەیت ؟ فەرمووى: نەخیر، فەرمووى باشە دانیشە و چاوەڕێ بكە، ئەویش دانیشت، لەو كاتەدا سەبەتەیەك خورمایان هێنا بۆ پێغەمبەرى خوا فەرمووى: ئەم خورمایە بەرەو بیكە بەخێر، فەرمووى: لە نێوان ئەم پەڕو ئەو پەڕى ئەم شارەدا كەسێكى تر نیە لە ئێمە هەژارتر بێت، (أبو هريرة) رضي الله عنه دەفەرمووێت: پێغەمبەرى خوا پێكەنى تا دانەكانى دەركەوت و فەرمووى: بیبە، بە خواردنى خێزانەكەتى دە.
بەڵام ئەم كۆمەڵەیە هیچ كەفارەیەكى ناخەنە سەر هەروەكو لە فەرموودەكەدا هاتووە.
بۆچوونى دووەم: ڕۆژووەكەى بەتاڵ نابێتەوە، و هیچ قەزاكردنەوەیەكى لە سەر نیە، بەڵام ئەنجام دەرى تاوانێكى گەورەیە، و دەبێت تۆبە بكات لەو تاوانەى كە كردوویەتى، و جارێكى تر نەیكاتەوە، وە سەبارەت بە بەڵگەى بەرامبەر دەڵێن:
1 / ئەمە قیاسكردنێكە لە گەڵ بوونى جیاوازى لە نێوانیان، چونكە ئەگەر جیاوازى لە نێوانیاندا، ئەى بۆ كەفارەى هەمان تاوانى ناخەنە سەر.
2 / بۆ هەموو شتێك كە بە بەتاڵ كەرەوە دابنرێت پێویستمان بە بەڵگە هەیە لە قورئانى پیرۆز و سوننەتى پێغەمبەر ()، كەچى بەڵگەمان لەو بارەیەوە نەهاتووە.
كەواتە: هەردوو كۆمەڵەكە هاو دەنگن لە سەر ئەوەى كە ئەنجام دەرى تاوانى ئەنجام داوە، پێویستە لە سەرى تۆبە بكات و جارێكى تر ئەو كارە ئەنجام نەدات.
وە جیاوازن لەوەى كە بەتاڵكەرەوەى ڕۆژووە یان نە، وە ئایا كەفارەى دەكەوێتە سەر یان نە ؟
بۆیە بۆ دەرچوون لەم جیاوازیە دەڵێم: پێویستە لە سەر موسوڵمان ئەم تاوانە ئەنجام نەدات، و نزیكى نەكەوێت، چونكە تاوان لە خێرى ڕۆژوو كەم دەكاتەوە، هەروەكو (أبو هریرە) رضي الله عنه لە پێغەمبەرى خوا دەگێڕنەوە كە فەرموویەتى: مَنْ لَم يَدَعْ قَوْلَ الزُّوڕ وَالعَمَلَ بِه ِفَلَيْسَ للهِ ـ عز وجل ـ حَاجَةً أنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَه (أخرجه البخاري: (4 / 99) رقم: (1903))
واتە: ئەگەر ڕۆژووان واز نەهێنێ لە ووتەى درۆ و كردەوەپێ كردنى، خواى بەتواناو گەورە پێویستى بەوە نیە واز لەخواردن و خواردنەوەكەى بێنێت.
هەروەها لە (أبو هريرة ) وە رضي الله عنه دەگێڕنەوە كە فەرموویەتى: پێغەمبەر فەرمووی: لَيْسَ الصَّيامُ مِنْ الأكلِ والشُّرْابِ، إنَّمَا الصَّيام مِن اللغْوِ وَ الرَّفَثِ، فَإِنْ سَابَّكَ أحَدٌ أو جَهِلَ عَلَيْكَ فَقُلْ: إنّي صَائِمٌ (أخرجه ابن خزيمة رقم: (1996)، والحاكم: (1 / 430 431)، وسنده صحيح).
واتە: ڕۆژوو تەنها خۆگرتنەوە نیە لە خواردن و خواردنەوە، بەڵكو ڕۆژوو بریتى یە لە خۆگرتنەوە لە ووتەى پڕوپوچ و بێ سوود، وە ئەگەر هاتوو كەسێك جوێنى پێ داى یان نەزانینێكى (كردەوەیەكى نەفامانەى) بەرامبەرت ئەنجامدا (واتە: هەڵەیەكى بەرامبەرت كرد) ئەوا پێی بڵێ: من بەڕۆژووم، من بەڕۆژووم.
چونكە تاوان وا دەكات لە ڕۆژووان بەشى ئەم فەرموودەیە بێت كە تێیدا هاتووە: رُبَّ صَائِمٍ حَظُّةُ مِنْ صِيَامِهِ الجُوعُ وَالعَطَشْ (أخرجه ابن ماجه: (1 / 539)، والدارمي: (2 / 211)، وأحمد: (2 / 441 و 273)، والبيهقي: (4 / 270) من طريق سعيد المقبري من أبي هريرة، وسنده صحيح)
واتە: زۆر ڕۆژووان هەیە تەنها برسێتى و تینویەتى بۆ دەمێنێتەوە.
ئەمە لە لایەكەوە، لەو لاشەوە ئاشكراشە كە حیكمەت لە شەرعاندنى ڕۆژوو ئەوەیە كە لە خوا ترسان لە موسڵماندا درووست بێت، ئەنجام دانى ئەو كارەش پێچەوانەیە لە گەڵ ئەو حیكمەتەدا، هەروەكو خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ] [البقرة: 183] .
واتە: ڕۆژووتان لەسەر فەرز كراوە هەروەكو چۆن لەسەر ئوممەتانى پێش ئێوە فەرز كراوە بۆ ئەوەى لە خوا بترسن و خۆتان بپارێزن لە سزاى خوا.
پاشان وەكو ئیحتیات كردنێك، ئەو ڕۆژەشى قەزا بكاتەوە... خواى پەروەردگاریش لە هەمووان زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە