سڵاو، دەست خۆشى لە سایتى بەهەشت ئەكەم بۆ ئەم بڕگەیەى كە تایبەت بە مانگى ڕەمەزان كردۆتەوە و هەموو بابەتەكانم خوێندەوە وەڵامى هەندێ پرسیارم دەست كەوت بەڵام دوو پرسیارى ترم لا دروست بووە: یەكەم: سەبارەت بەوەى ئاو هێنانەوە (دەستپەڕ) بە ئەنقەست ئەبێتە هۆى بەتاڵ كردنەوەى ڕۆژوو بەڵام ئایا ئەنجامدانى ئەو كارە لەشەودا ئەبێتە هۆى بەتاڵ كردنەوەى ڕۆژووى هەمان ڕۆژ؟ دووەم: لەناو گەنجاندا باس لەوە دەكرێ كە ئاو هێنانەوەى بە ئەنقەست هەموو ڕۆژووەكانى ئەو ڕەمەزانەت بەتاڵ ئەكاتەوە كە پێشتر گرتووتە جا چ لەشەودا بێت یاخوود ڕۆژ ئایا ئەم وتەیە تا چەند ڕاستە؟ زۆر سوپاس بۆ وەڵام دانەوەتان بە هیواى سەركەوتن.
سەبارەت بەخاڵى یەكەم:
كە ئەگەر تاوانى ئاوهێنانەوە لە شەودا ئەنجام بدرێت، ئایا ڕۆژووى ئەو ڕۆژە بەتاڵ دەكاتەوە یان نە ؟ نەخێر ڕۆژووى ئەو ڕۆژە بەتاڵ ناكاتەوە، چونكە ڕۆژوو كاتى دیارى كراوە لە دەركەوتنى فەجرى ڕاستگۆیە تاكو خۆر ئاوا بوون، و هیچ پەیوەندیەكى بە شەوە وە نیە، بەڵام ئەوەتان لە یاد نەچێت كە ئەو كارە تاوانێكى گەورەیە بە ڕاى ئەوانەى كە دەڵێن ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە، و ئەوانەش كە بۆچوونى پێچەوانەیان هەیە، وە دوور و پێچەوانەشە لە گەڵ حیكمەت لە شەرعاندنى ڕۆژوو كە لە خوا ترسان لە موسڵماندا درووست بێت، ئەنجام دانى ئەو كارەش پێچەوانەیە لە گەڵ ئەو حیكمەتەدا لە شەودا ئەنجام بدرێت یان لە ڕۆژدا، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ] [البقرة: 183] .
واتە: ڕۆژووتان لەسەر فەرز كراوە هەروەكو چۆن لەسەر ئوممەتانى پێش ئێوە فەرز كراوە بۆ ئەوەى لە خوا بترسن و خۆتان بپارێزن لە سزاى خوا.
خواى پەروەردگار هەموو لاوانمان بپارێزێت لەو تاوانە ناشایستەیە، ئامین.
وە سەبارەت بە خاڵى دووەم:
ئەو ووتەیە هیچ بنەوایەكى لە شەریعەتدا نیە، بگرە ئەو زانایانەش كە ئاوهێنانەوەیان بە بەتاڵ كەرەوەى ڕۆژوو زانیوە، نەیان فەرمووە ڕۆژووى هەموو مانگەكە بەتاڵ دەكاتەوە، بەڵكو تەنها ئەو ڕۆژە بەتاڵ دەكاتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا بێگومان ئەو ووتەیەش پێچەوانەیە لە گەڵ ئەو فرەموودەیەى كە (أبو هريرة) رضي الله عنه لە پێغەمبەرەوە ﷺ دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: أَتَاهُ رَجُلٌ فَقََالَ: يَا رَسَوُلَ اللهِ هَلَكْتُ ؟ قَالَ: وَمَا أَهْلَكَكَ ؟ قَالَ: وَقَعْتُ عَلَي امْرَأَتي في رَمَضَانَ، قَالَ: هَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تَعْتِقَ رَقَبَةً ؟ قَالَ: لا، قَالَ: هَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تَصُومَ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ ؟ قَالَ: لا، قَالَ: فَهَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تُطْعِمُ سَتِّينَ مِسْكِينَا ؟ قَالَ: لا قَالَ: اجْلِسْ، فَجَلَسَ، فَأُتِيَ النَّبيُّ ﷺ بِعَرَقٍ فِيهِ تَمْرٌ، قَالَ: تَصَدَّقْ بِهِ، قَالَ: مَا بَيْنَ لابَتَيْهَا أَحَدٌ أَفْقَرَ مِنَّا، قَالَ: فَضَحِكَ النَّبيُّ ﷺ حَتَى بَدَتْ أَنْيَابُهُ، قَالَ: خُذْهُ فَأَطْعِمْهُ أَهْلَكَ (ثبت الحديث بألفاظ مختلفة عن البخاري: (11/516) رقم: (6709) و (1936)، ومسلم رقم: (1111)، والترمذي رقم: (724)، والبغوي: (6/288)، وأبي داود رقم: (2390)، والدارمي: (2/11)، وابن ماجه رقم: (1671)، وابن أبي شيبة: (2/183 ـ 184)، وابن خزيمة: (3 /216)، وابن الجارود رقم: (139)، والشافعي رقم: (299)، ومالك: (1 / 297)، وعبدالرزاق: (4 / 196). وأرسله بعضهم، ووصله جلهم، وصحت عند بعضهم زيادة: اقضي يوما مكانه وقد صححها الحافظ ابن حجر في (الفتح): (11/516)، وهو كما قال، والعرق: زنبيل منسوج من بسائج الخوص. واتە: زەمبیلێكى چنراو لە شوڵی دار).
واتە: پیاوێك هاتە خزمەتى پێغەمبەر ﷺ و پێی فەرموو: تیاچووم ئەى پێغەمبەرى خوا، ئەویش پێ ی فەرموو: چی لە ناوى بردیت ؟ فەرمووى: لەگەڵ خێزانەكەمدا جووت بووم لە مانگى ڕەمەزاندا، فەرمووى: ئایا دەتوانیت كۆیلەیەك ڕزگار بكەیت ؟ فەرمووى: نەخێر، فەرمووى: ئایا دەتوانیت دوو مانگ لە سەر یەك بە ڕۆژوو بیت ؟ فەرمووى: نەخێر، فەرمووى: ئایا دەتوانیت خواردنى شەست هەژار بدەیت ؟ فەرمووى: نەخیر، فەرمووى باشە دانیشە و چاوەرێ بكە، ئەویش دانیشت، لەو كاتەدا سەبەتەیەك خورمایان هێنا بۆ پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمووى: ئەم خورمایە بەرەو بیكە بەخێر، فەرمووى: لە نێوان ئەم پەڕو ئەو پەڕى ئەم شارەدا كەسێكى تر نیە لە ئێمە هەژارتر بێت، (أبو هریرە) رضي الله عنه دەفەرمووێت: پێغەمبەرى خوا ﷺ پێكەنى تا دانەكانى دەركەوت و فەرمووى: بیبە، بە خواردنى خێزانەكەتى دە.
ڕووى هەڵێنجاندنى بەڵگە: ئەگەر جووت بوون تەنها ئەو ڕۆژە بەتاڵ بكاتەوە، بێگومان بە پێواندنى ئاوهێنانەوە لە گەڵیدا ئەویش تەنها ئەو ڕۆژە بەتاڵ دەكاتەوە، نەك هەموو مانگەكە، هەروەكو لە ناوەندى لاوانماندا بڵاوە، و جەنابتان دەیگێڕیتەوە... خواى پەروەردگاریش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە