چۆن گرنگی بە تەمەنی گەنجێتیمان بدەین و لە شتى چاکەدا سەرفی بکەین؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەچیتە خزمەت فەرمودەیەکی پێغەمبەری خوا ﷺ کە هانی داوین و ئامۆژگارى کردوین کە ئاگامان لە پێنج گەنجینە و دەستکەوتى گەورە بێ و دەفەرموێ :
{ اغْتَنِمْ خَمْسًا قبلَ خَمْسٍ } پێنج شت بقۆزنەوە پێش ئەوەی پێنج شتتان بەسەردا بێت:
یەکەم : (شَبابَكَ قبلَ هِرَمِكَ) گەنجێتیت پێش پیربوونت
چەند زۆرن ئەو گەنجانەی كە لە تەمەنی لاوێتیدان و تووشی بەخۆسەرسام بوون هاتوون و بیرلەوە ناكاتەوە كە مردن هەموو خۆشیەكان دەپچڕێنێت و لەززەتەكان تێك دەدات، ئومێد و هیواكان بڵاوبوونەتەوە بەشێوەیەکی هەڕەمەكی ، خەریکی تاوان و خراپە و ڕابواردنە و سود لەو تەمەنی گەنجێتی و هێز و توانایە نابینێ کە کارێکی پێ بکات بۆ قەبر و قیامەتی و غافڵ و بێ ئاگایە لەوەى ئەم هێز و گەنجێتیەى هەر وا بۆ نامێنێتەوە و بەشێوەى مانگەکە کەمە کەمە بەرەو لاوازی و نەمان دەچێت . ئەوجا خۆی لە پیریدا دەبینێتەوە و پەشیمانیش نەسوودی بۆی هەیە و نە فریای دەكەوێت.
پێغەمبەری خواوە ﷺ دەفەرموێت: هەر كەس تەمەنی گەیشتە شەست ساڵ ئیتر هیچ بڕوبیانوویەكی بەدەستەوە نامێنێت بۆ ئەنجامدانی تاوان و گوناه، و دواخستنی تۆبە و خوا بیانووی ئەو كەسەی بڕیوە.
دووەم : (وصِحَّتَكَ قبلَ سَقَمِكَ) تەندروستیت پێش نەخۆش كەوتنت
چەند زۆرن ئەوانەی كە لەشساغ بوون بەڵام نەخۆشی چۆكی پێ داداون پێش ئەوەی بتوانێت خۆی لێ بپارێزێت ولێی دەربچێت، ئیتر ئەو كەسە لەحاڵەتی نەخۆشیەكەیدا ناتوانێت ئەو كاروكردەوە چاكانە ئەنجام بدات كە لەكاتی لەشیاغیدا نەیكردبوون و هەربیریشی لێ نەكردبوەوە .
سێیەم : ( وغِناكَ قبلَ فَقْرِكَ ) دەوڵەمەنديت پێش هەژاركەوتنت
چەند زۆرن ئەو دەوڵەمەندانەی كە هەژاری و نەبوونی هێرشی بۆ هێنا پێش ئەوەی كۆگاكانی ئاخیرەتی پڕ بكات ، و سودی لە پارەکەى وەرنەگرت بۆ توێشوی قیامەتی .
چوارەم : ( وفَرَاغَكَ قبلَ شُغْلِكَ ) دەست بەتاڵیت پێش سەرقاڵیت
چەند زۆرن ئەو كەسانەی كە هێشتا قورسایی بەرپرسیارێتی و ئەركی ژیانیان لەسەر نییە یان كەمە و كاتی زۆرە و نیعمەتی زۆر لەبەردەمیدا فەراهەم كراوە، بەڵام نرخ و بەهای نازانێت و مافی نادات، بەڵكو لەبری ئەوە سەرقاڵی بەفیڕۆدانی كاتەكانێتی لە گاڵتە وگەپ و خۆشی وسەرگەرمی خۆیدا و بگرە ئاگای لەدەوروبەری نزیكی خۆیشی نییە و تەنها خۆی بەلاوە گرنگە و سەفەر وبرادەر ودەشت ودەر و مۆبایلەكەی دەستی بوەتە هەموو ژیانی .
پێنجەم : ( وحَياتَكَ قبلَ مَوْتِكَ) ژیانت پێش مردنت
چەند زۆرن ئەوانەی مردن هێرشی بۆ هێنان و ڕاپێچی كردن پێش ئەوەی ئەمان هێرش بۆ ژیان ببەن و بیقۆستنەوە، بەشێوەیەك سەرقاڵ و ڕۆچوو بوو لە دونیادا و ئومێدەكانی وەها داگیریان كردبوو هیچ سوودێكی لە دونیای وەرنەگرت جگە لەو خواردنەی كە بوو بەپاشەڕۆ و ئەو جلەی كە داڕزا، هەر بە ئاگا نەهاتەوە هەتا خۆی بینیەوە وا لە نێو قەبرێکی تەنگ و تاریکە .
لە كۆتاییدا... برا و خوشکی بەڕێزمان چۆن خوێندنەوەی ئەم نووسینەت تەواو كرد، تەمەنیش هەربەو شێوەیە تەواو دەبێت، پرسیار لەخۆت بكە بەچ شتێكەوە دەگەیتە پەروەردگارت؟ وەڵامت چی دەبێت كاتێك لەبەردەم خوادا وەستاویت و لێت دەپرسێت: " ئەی بەندەكەم, ئایا لەشساغم نەكردیت، ئایا ڕزقم نەدایت و ئاوی ساردم پێ نۆش نەكردی ؟ " حاڵت چۆن دەبێت ئەو كاتەی كە تاوانەكانت هەموو پیشان دەدەن و تۆش دانی پێدا دەنێیت؟ سوێند بەخوا زەلیلی ئەو حاڵەتە و ئەو ساتەوەختە ئەوە خودی سزایە چ جای ئاگری دۆزەخ؟!
بۆیە تاوەکو لە ژیاندای قەدری کاتەکانت بزانە و کارێک بکە بۆ ژیانی دواى مردنت .