چۆن یارمەتى منداڵەکانم بدەم بۆ لەبەر کردنى قورئانی پیرۆز؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن یارمەتى منداڵەکانم بدەم بۆ لەبەر کردنى قورئانی پیرۆز؟
پرسیار:

من وەکو دایکێک دەمەوێ منداڵەکانم گرنگی بەقورئان بدەن و لەبەرى بکەن بۆیە داواتان لێ دەکەم هاوکاریم بکەن کە چۆن بتوانم یارمەتى منداڵەکانم بدەم بۆ لەبەر کردنى قورئانی پیرۆز و چ ڕێگایەک بەکاربهێنم؟

بسم الله، والحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن اهتدى بهداه ، أما بعد: 
بێگومان کۆمەڵێک ڕێگەی هەمەجۆر هەیە بۆ ئەوەی منداڵ ڕازی بکرێت بۆ لەبەر کردنی قورئان، بەڵام ڕێگەی خۆشەویستی و خۆشەویست کردن و حەز و خواستن هەر بە ڕێگەی یەکەم و بنچینەیی ئەمێنێتەوە کە ئەکرێ پشتی پێ ببەسترێ لەم بابەتەدا ، لە پاش دوعاکردن و پشت بەستن بە خوای گەورە و پێویستی پێ بوونی ، وێڕای ئەوەی کە دایک و باوک سەرمەشقی یەکەمن بۆ ئەوەی بگەن بەو ئامانجەی منداڵەکانیان قورئان لەبەر بکەن ، لەگەڵ خۆڕاگری و ئارامگرتن ، وە دووبارە کردنەوەی هاندان و ئامۆژگارێکان و نەرم و نیان بوون لەگەڵیان ، وە چاودێریەکی چڕوپڕ لەلایەن دایک و باوکەوە لەم کارەدا ، بەتایبەت دایک کە بناغەی یەکەمە لەم کارە مەزنەی لای خواى گەورە  .

ئەمەش هەندێک ڕێپیشاندان بۆ هاوکاری کردنتان
١- بەرەکەتی گوێ گرتن لە قورئان لەلایەن ئافرەتى دووگیانەوە :

کۆمەڵێک لە زانایانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەڵێن کۆرپەلە کاریگەر دەبێت بە گشت بارودۆخەکانی دایکییەوە لە کاتی دڵخۆش بوون و توڕەبوونی ، وە لە کاتی بەختەوەری و دڵتەنگیدا ، بۆیە ئەگەر بە دەنگی بەرز شتێک بخوێنێتەوە ئەوا کۆرپەلەکەی بەو خوێندنەوەیە کاریگەر دەبێت ، دەی ئەگەر ئەو خوێندنەوەیەی قورئانی پیرۆز بێت چی ؟! ، یان ئەگەر دایکە دووگیانەکە زۆر گوێ لە قورئان بگرێت ، ئەو ئارامییەی کە هەستی پێ دەکات بۆ کۆرپەلەکەشی دەگەڕێتەوە و دەبێتە خێرێکی گەورە بۆی ، وە ئەوەشی خوای گەورە لە پەنهانییەکاندا دروستی دەکات ئەوە گەورەتریشە .

٢- گوێگرتن لە قورئان و خوێندنەوەی لە ماوەی شیردان بە کۆرپەلە .
کۆمەڵێک لە زانایان ئەڵێن کۆرپەی شیرخۆر بە شتەکانی چواردەوری زۆر کاریگەر دەبێت ، بەجۆرێک هەستی بیستن ئامادە ئەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو دەنگانەی چواردەوری ، بۆیە کۆرپەلەکە ئەو وشە و دەستەواژانەی کە دەیبیستێت خەزنی دەکات هەرچەندە نەشتوانێ ئەو وشانە بەکار بێنێت و قسەی پێ بکات لە ماوەی شیرپێدانی دا ، بەڵام دواتر قسەی پێ دەکات ، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا کە کۆرپەلەکەت گوێ لە قورئان بگرێت یان قورئان بە دەنگێکی بەرز بخوێننەوە ئەوا بێگومان زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر کۆرپەلەکە ، وە دواتریش بە ئاسانی قورئان لەبەر ئەکات بە ویستی خوا ، هەر بۆیە دەبینین خوای گەورە ئامۆژگاری دایک دەکات کە ماوەی دوو ساڵ شیر بە کۆرپەکەی بدات ، وە ئەوەشی کردۆتە مافێک لە مافەکانی منداڵ بەسەر دایکییەوە ، وەک دەبینین خوای گەورە لەو ماوەیەدا کەفالەتی دایک دەکات بەوەی لە ڕێگەی ڕۆزی دانی باوکی مناڵەکەوە پۆشاک و خۆراک بۆ خۆی و کۆرپەکەشی دابین بکات ، وەکو فەرمایشتی :﴿ وَٱلْوَٰلِدَٰتُ يُرْضِعْنَ أَوْلَٰدَهُنَّ حَوْلَيْنِ كَامِلَيْنِ  لِمَنْ أَرَادَ أَن يُتِمَّ ٱلرَّضَاعَةَ  وَعَلَى ٱلْمَوْلُودِ لَهُۥ رِزْقُهُنَّ وَكِسْوَتُهُنَّ بِٱلْمَعْرُوفِ ﴾ . [سورة البقرة:233]
واتە :  دایكان تادوو ساڵی ته‌واو ده‌توانن شیر به‌مناڵه‌كانیان بده‌ن، ئه‌و دووساڵه‌یش بۆ كه‌سێكه‌كه‌بیه‌وێ ده‌ورانی شیرپێدان ته‌واو بكات؛ له‌وماوه‌دا ئازووقه‌و جلك و پۆشاكی ئه‌ودایكه‌شیرده‌ره‌یه‌له‌سه‌ر باوكی منداڵه‌كه‌یه‌، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی جوان و به‌پێی باوی موسڵمانانی ئه‌و شوێنه‌ ئه‌نجام بدرێت.

٣- خوێندنەوەی قورئان لەپێش منداڵەکان :
چەندان منداڵی بچوکمان بینیوە لاسایی باوکی دەکاتەوە لە دانیشتن و جوڵەکانى چوونە ڕکوع و سجودەوە ، بۆیە بەزۆر خوێندنەوەی قورئان لە پێش چاویان خۆشەویستی قورئان ئەچێتە دڵیانەوە ، بۆیە دواتریش ئەتوانێ هانیان بدات بۆ لەبەر کردنی ، وێڕای ئەوەی خوای گەورە بەرەکەتێکی زۆر دادەڕژێنێتەوە سەریان بەهۆی خوێندنەوەی قورئانەوە ، وە گشت خانەوادەکەی ئەو خێرەیان بەر ئەکەوێ ، وە کۆبوونەوەی خێزان بۆ خوێندنەوەی قورئان کارێکی خوازراو و زۆر خۆشەویستە ، وە فەزڵەکەشی لە ئەژمار نایەت .

٤- جوانترین دیارییەک کە بدرێتە منداڵان بریتیە لە قورئان :
سروشتی ئینسان وایە حەزی لە خاوەندارێتییە ، وە لەبەر ئەوەش منداڵان زۆر پەیوەستن بە یارییەکانیانەوە وە لە شوێنێکی دیاریکراو یارییەکانیان ئەشارنەوە ، وە گشت جارێکیش دەیژمێرن ، بۆیە ئەم پاڵنەرە سروشتییە دەبێ بە شێوازێکی ئەرێنی بەکاری بێنین ، پاشان بەخشینی قورئان بە مناڵەکان لە بۆنە و یادە جیاوازەکان وایان لێ دەکات زیاتر پەیوەستی قورئان بن ، ئەمەش وایان لێ دەکات ڕوو بکەن لە لەبەرکردنى قورئان بەبێ دوودڵی .

٥- ئاهەنگ گێڕان لە پاش ئەوەی منداڵەکانمان خەتمی قورئان ئەکەن :
هاندان و خواستن لە ناخدا شرینن ، وە لە ناخی منداڵاندا زیاتر ، بۆیە هەر جارێک خوای گەورە تەوفیقی منداڵەکانمانی دا بە خەتم کردنی جوزئێک له قورئان ئەوا با دیارییەکیان پێشکەش بکەین لە ئاهەنگێکی بچوکدا ، ئەمەش دەبێتە ڕووداوێکی لەیاد نەکراو لە ژیانی مناڵەکەدا ، وە دەبێتە هەلێک و ئاوات دەخوازێت دووبارە بێتەوە ، وە پەیوەست بوونیشی بە قورئان زیاتر ئەکات ، تاکو دەگات بە قۆناغى خۆشەویستی گەورە ، هەربۆیە ڕووکردنە لەبەرکردنی قورئان بە خۆشویستییەکی زۆرەوە دەبێت بۆ قورئان بەبێ فەرمان کردن و توندى و زبری .

٦- گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەی کە لە قورئاندا هاتووە بۆ منداڵان :
منداڵ حەزی لە چیرۆکە ، بۆیە ئەگەر دایک و باوک بە شێوازێکی ئاسان و تامەزرۆییەوە چیرۆکەکانی نێو قورئان بۆ منداڵەکانیان بگێڕنەوە و پەند و ئامۆژگارییەکانی ناو چیرۆکەکەیان بۆ باس بکەن بە شێوازێک منداڵەکە بە ئاسانی لێی تێ بگات هەرکات گوێی لێ گرت ، ئەنجا کۆتایی چیرۆکەکەش بە ئایەتێکی قورئان بێت کە پەیوەندی هەبێت بەو چیرۆکەی گێڕاویەتییەوە ، ئەمەش هۆکارە بۆ پەیوەست بوونی منداڵ بە قورئانەوە ، وە هاندانیشە بۆ زیاتر گوێ گرتن لە قورئانی پیرۆز ، بەڵکو بۆ لەبەر کردنی بە ئاسانی ، هەموو ئەمانەش ئەبنە هۆکاری گەشەکردنی باڵانسی زمانەوانی قورئان لەلای منداڵەکە .

٧- پێشبڕکێی لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز ، بەتایبەت سورەتە کورتەکان :
پێشبڕکێ بکرێت لەناو ماڵدا لە نێوان منداڵەکاندا ، یان بانگی هاوڕێکانیشی بکرێت بۆ هاندانی ئەوانیش بۆ لەبەر کردنی قورئان ، یان بانگی منداڵی دراوسێکانیش بکرێ ، وە دەبێت تەمەنی منداڵەکان لەبەرچاو بگیرێت بۆ پرسیار کردن لێیان ، وە ئەوەی پرسیاریان لێ بکرێ سەبارەت بەو ئاژەڵەی کە ئەبرەهەی حەبەشی بەکاری هێنا لە جەنگەکەی لە دژی قوڕەیش ـ کە فیل بوو ـ ، یان پرسیار بکرێ سەبارەت به وشەیەک لەسەر گەشت و سەفەر لە سوڕەتی قوڕەیش کە (رحلة)ـیە ، هەروەها پرسیار لەسەر دوو وەرز لە وەرزەکانی ساڵ لە سوڕەتی (قریش) کە زستان و هاوینن (الشتاء والصيف) ، یان بڵێی وشەیەکم بۆ بێنەوە لەسەر برسێتی کە وشەی (الجوع) ، هەروەها هەر پرسیارێکی دیکە کە بۆ منداڵ گونجاو بێت و هانیان بدات بۆ لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز .

٨- دەبێت منداڵان لە سەرەتای تەمەنیان فێری زانستیان بکەین لە ڕێگەی قورئانی پیرۆزەوە .
منداڵەکان فێری خوێندەواری و نوسین ئەکەین لە ڕێگەی ئایەتەکانی قورئانەوە ، فێری ژمارەکانیان ئەکەین لە ڕێگەی ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژەوە ، فێری زانستی زیندەیان ئەکەین به باسکردنی ئەو ئاژەڵانەی کە لە قورئاندا باسکراوە ، فێری مێژوویان ئەکەین لە گێڕانەوەی چیرۆکی نەتەوەکانى پێشوو ، فێری زانستی گەردوونناسییان ئەکەین بە باسکردنی ئەو ئایەتانەی کە سەبارەت بە ئاسمانەکان و زەوی و ڕووبار و دەریاکانن ، وە زۆر شتی تریش ، گشت ئەمانەش دەبنە هۆی زیاتر پەیوەست بوونی منداڵ بە قورئانەوە.
٩- گەڕان بەدوای ئەو وشانەی قورئان کە گونجاون بۆ تەمەنی منداڵ بۆ فێرکردنی :
منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا هەڵپەی هەیە بۆ گەشەکردنی باڵانسی زمانەوانییەکەی ، وە هەوڵ ئەدات چەندەی پێ ئەکرێ فێری وشە و دەستەواژەکان ببێ ، وە هەوڵێ لکاندنیان ئەدات بۆ دروستکردنی ڕستە ، بۆیە دەبێ ئەو هەلە بقۆزینەوە بە یارمەتی دانیان لەسەر گەشەکردنی باڵانسی زمانەوانییەکانیان لە قورئانی پیرۆزدا ، بەتایبەت لە کورتە سوڕەتەکان ، بۆنمونە لێیان بپرسین وشەی (قريش) لە چی سورەتێکە ؟ ، وە وشەی (التين والزَّيتون) یان جگە لەوانەش لە چی سورەتێکە ؟ ، ئەمەش وا له منداڵ دەکات ئەو سورەتە لەبەر بکات ، وە حەز بە ناسینی ئەو وشە و دەستەواژانەش ئەکات کە لەناو سورەتەکەن .

١٠- دەبێ کارێک بکەین قورئان ببێتە هاوڕێى مناڵەکانمان لە بەیانیان و ئێواراندا :
بۆ نمونە قورئانێکی قەبارە بچوکیان بە دیاری پێ ببەخشین ، وە هانیان بدەین کە هەمیشە پێیان بێت بەو پێیەی کە سەرچاوەی ئارامی و دڵنەواییە بۆیان ، وە بەرەکەتێکە بۆیان کە هەمیشە لەگەڵیانە لە بەیانیان و ئێواراندا ، وە دەیانپارێزێت لە خراپەکان بە ویستی خوای گەورە ، بەوەش زیاتر پەیوەستی قورئان دەبن ، وە ویستی لەبەر کردن و هەڵگرتنی لە سینگیان زیاتر دەبێت ، ئەمەش لەگەڵ فێرکردنی چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ قورئانی پیرۆز .

١١- هاندانی مناڵەکان بۆ سەیرکردنی ئەو کەناڵانەی کە تایبەتن بە قورئانەوە ، بەتایبەت ئەو کەناڵانەی کە پەخشی پێشبڕکێیەکانی لەبەرکردنی قورئان ئەکەن :
سەیرکردنی ئەو دیمەنانە هانیان ئەدات بۆ کێبڕکێ کردن بۆ لەبەر کردنی قورئان ، چونکە کاتێک ئەو منداڵانەی هاوتەمەنی خۆی ئەبینێت کە کێبڕکێی لەبەر کردنی قورئان ئەکەن ، وە زۆر ڕێزی لێ ئەگرن و شکۆمەندی ئەکەن بەهۆی ئەوەی قورئانیان لەبەرە ، وە دایک و باوکانیش هانی مناڵەکانیان ئەدەن بۆ لەبەرکردنی قورئان و بەشداری کردن لەو جۆرە پێشبڕکێ خواپەرستییە ، وە با لە گوێیەکانیان ئەوەش دابکوتین کە ئێوەش ئەتوانن وەکو ئەو منداڵانە بن کە لە تەلەفزیۆن ئەیانبینین بەڵکو لەوانەیە لەوانیش باشتر بن .

١٢- بەکارهێنانی کەرەستە و ئامێرەکانی سەردەم کە ئاسانکارە بۆ لەبەر کردنی قورئان :
بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە منداڵان حەز و خولیایان هەیە بۆ ئامێر و کەرەستەکانی سەردەم ، جا گەر لەم لایەنەوە دەستباری منداڵەکانت بیت ئەوا ئاسانکاریت کردووە بۆیان بۆ لەبەرکردنی قورئان ، هەروەها لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەوە ئەتوانن دەنگی خۆیان تۆمار بکەن کاتێک قورئان ئەخوێنن و دواتر گوێی لێ بگرنەوە ، بەوەش ئەتوانن هەڵەکانی خۆیان بزانن .

١٣- با هانی منداڵەکانمان بدەین بۆ بەشداریکردن لە گشت ئەو پێشبڕکێیانەی کە ساز ئەکرێت بۆ لەبەر کردنی قورئان ، چ لەناو مزگەوت بێت یان قوتابخانەکان یان ڕێکخراوەکان :
زۆرجار منداڵ بەتەنیا ناتوانێت قورئان لەبەر بکات ، بەڵام ئەگەر کارەکە بە کۆمەڵ و گرۆ بێت ئەوا دەبنە کێبڕکێ کاری یەکتر ، بەتایبەت ئەگەر خەڵات بدرێت بە زیرەک و سەرکەوتووەکان ، جا منداڵیش هەمیشە هەوڵی سەرکەوتن ئەدات ئەگەر چی شانسیشی نەبێت ، جا منداڵ لەو کێبڕکێیەی لەبەر کردنی قورئان بەردەوام ئەبێت تاکو ویستێکی فیتڕی لا دروست ئەبێت بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز ، هەروەها دەستخۆشی و ستایش بکرێت بەهۆی ئەو هەوڵ و ویستە بەردەوامەی کە هەیەتی بۆ لەبەر کردنی قورئان .

١٤- هاندانی منداڵان بۆ تۆمارکردنی دەنگیان لەکاتی قورئان خوێندندا :
ئەم کارە متمانە بەخۆبوون پەیدا ئەکات لای منداڵان ، وە هەستی توانین لایان دروست ئەبێت بۆ لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز بە ویستی خوا ، وە لەوانەیە خوای گەورە تەوفیقیان بدات ببن بە قورئانخوێن ، بەڵکو ببن بە یەکێک لە قورئانخوێنە ناسراوەکانیش ، هەروەها بەردەوام تۆمارکردنی دەنگیان وا ئەکات لە منداڵەکە بزانێت چەندە چۆتە پێشەوە و خوێندنەوەی باشتر بووە ، وە لە قۆناغێکەوە دەچێت بۆ قۆناغێکی تر .

١٥- هاندانی منداڵان بۆ بەشداری کردن لە گشت چالاکییە ئاینییەکان لە قوتابخانەکاندا بە خوێندنەوەی قورئان :
بێگومان زۆرێک لە کاروچالاکییەکان هۆکاری دەرکەوتنی کۆمەڵێک لە خاوەن بەهرەکان بووە کە دواتر درەوشاونەتەوە ، بۆیە بوونەتە کەسایەتییە تایبەتەکانی نێو کۆمەڵگە ، جا بەڕاستی بەشداری کردنی منداڵان لە ڕادیۆکان بە خوێندنەوەی قورئان ، وە ستایش کردنی لەلایەن مامۆستاکانی و بەرپرسانیش دەبێتە هاندانی بۆ زیاتر پەیوەست بوونی بۆ لەبەر کردنی قورئان ، وە هەر لەم سۆنگەیەشەوە بە مامۆستا و بەڕێوەبەران ئەڵێین پێویستە لەسەریان هانی منداڵان بدەن بۆ لەبەر کردنی قورئان ، وە گشت جارێک دەستخۆشیان لێ بکەن بۆ ئەو کارەیان ، وە لە پۆلەکاندا باسیان بکەن و ستایشیان بکەن ، تاکو خۆشەویستیان بۆ قورئان زیاتر بێت ، وە زیاتر پەیوەستی لەبەر کردنی قورئان بن و جوانتر بیخوێننەوە ، هەروەها پێویستە لەسەر دایک و باوکیش بەردەوام لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ مامۆستاکان تاکو ئەو پەیوەستیەی منداڵەکانیان بە لەبەر کردنی قورئان گەشە پێ بدەن لە ناخیاندا .

١٦- گوێگرتن لە منداڵ کاتێک کە قورئان ئەخوێنێت یان کاتێک کە چیرۆکەکانی قورئانمان بۆ  دەگێڕنەوە :
زۆرجار دەبینین هەندێک لە مامۆستایان یان هەندێک لە باوکان گرنگی نادەن بە خوێندنەوەی منداڵەکانیان یان کاتێک چیرۆکی قورئانیان بۆ دەگێڕنەوە ، ئەمەش وا دەکات لە منداڵ دوور بکەوێتەوە لە خوێندنەوەی قورئان و گێڕانەوەی چیرۆکەکانیشی پشتگوێ بخات ، بەڵکو ڕاست و دروست ئەوەیە کە دەبێت گۆێ ڕابگیرێت بۆ منداڵان بە گشت گرنگی پێدانێکەوە ، لەگەڵ ئاماژەدانێک بۆ هاندانیان ماچکردنیان ، لەگەڵ ڕاستکردنەوی هەندێک لە زانیارییەکان یان زیاتر ئاسانکردنی زانیارییەکانیان تاکو ڕوونتر بێت بە شێوازێکی چاک لەلای منداڵان ، گشت ئەمانەش هێزی پێ دەبەخشن تاکو بەردەوام بێت لەکاری لەبەرکردنی قورئان و هەوڵ و کۆششەکانی ، وە متمانە بەخۆ بوونیشی  لا دروست دەبێت ، وە بە جوانیش سەعییەکانی قورئانی دەکات .

١٧- هاندانی منداڵان بۆ ئەوەی پێشنوێژی بۆ یەکتر بکەن :
بەتایبەت لە ماڵەوە کاتێک منداڵ لەگەڵ هاوڕێکانیان یان منداڵی دراوسێکان کۆبوونەوە ، ئاساییە گەر هانی منداڵەکانت بدەیت بۆ بەرنوێژی کردن بە هاوڕێکانی ، تاکو متمانە بە خۆ بوون لەلای زیاتر بێت ، وە تاکو زیاتر قورئان لەبەر بکات .

١٨- دانیشتنی هەفتانە بۆ لەبەرکردنی قورئان لە ماڵەوەدا :
پێویستە تاکەکانی خێزان هاوکاری یەکتر بن بۆ دانانی مەجلیس و دانیشتنێکی هەفتانە لە ماڵەوەدا تایبەت بە قورئانی پیرۆز لەگەڵ بەگەورەدانانی ئەو دانیشتنە و ڕێزگرتنی ، وە تامەزرۆبوون بۆیی و خۆشویستنی ، بەتایبەت بۆ منداڵان ، تاکو ئەم بۆنە هەفتانەیە ببێتە هاندانێک بۆیان بۆ لەبەر کردنی قورئان .

١٩- خولەکانی مزگەوت زۆر گرنگە لە ژیانی منداڵدا :
خولەکانی لەبەرکردنی قورئان لە گرنگترین شتەکانە کە پێویستە دایک و باوک سوور بن لەسەری و گرنگی پێ بدەن ، چونکە گرنگییەکی زۆری هەیە ، لەبەر ئەوەی منداڵ ئەچێتە ناو جیهانی کێبڕکێ کردنەوە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ، هەروەها بۆ ڕێکخستنی ڕێساکانی خوێندنەوەی قورئان و تەجوید .

٢٠- ڕێکخستنی پێشبڕکێی خۆش و سەرنجڕاکێش لەسەر قورئان :
ئەمەش پاڵنەری منداڵە بۆ لەبەر کردنی قورئان و گەڕان بەدوای گشت ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە قورئانی پیرۆزەوە هەیە ، دەبێت لەمەدا ئاسانکاری بۆ منداڵان لەبەرچاو بگیرێت .

٢١- هاندانی منداڵان بۆ گەڕان و بەدواداچوون لە فەرهەنگە ئاسان و کورتەکان سەبارەت بە واتاکانی قورئانی پیرۆز :
ئەمەش گرنگە بۆ گەشەکردنی سامانی زمانەوانییان ، وە پەیوەستییان بە قورئانی پیرۆز زیاتر ئەکات .

٢٢- هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی تەفسیرە ئاسان و کورتەکان :
وە زانینی تەفسیری قورئان هانیان ئەدات بۆ لەبەرکردنی قورئان ، ئەمەش لەگەڵ لەبەرچاو گرتنی قۆناغەکانی تەمەنیان ، وە سەرنج بخرێتە سەر تەفسیری ئەو ئایەتانەی کە چیرۆکە قورئانییەکان و سورەتە کورتەکان  لەخۆ ئەگرێت .

٢٣- دانانی دانیشتنی زانستی بۆ منداڵان کە ڕێگەی بەرەو قورئانیان بۆ ڕۆشن بکاتەوە :
چەندان منداڵ خوای گەورە دەرووی خێری لێ کردووەتەوە بەهۆی  ئامادەبوونی لە مەجلیسە زانستییەکان لەگەڵ دایک و باوکیدا ، وە قورئان و گشت ئەو شتانەشی کە پەیوەندییان بە قورئانەوە هەیە لای خۆشەویست بووە ، وە خۆشەویستی پرسیار و گفتوگۆ له ناخیدا دەچەقێت ، بەوەش منداڵ دەگاتە پێگەی بەرز و شکۆ ، وە باشترین شکۆمەندیش لای خوای گەورە هەڵگرتنی قورئانەکەیەتی .
٢٤- بەکارهێنانی دەستەواژە قورئانییەکان لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵدا :
باسی تەقوای خوا بکرێ بۆ منداڵ بە ئایەتی : ﴿ إِنَّ اللَّهَ مَعَ الَّذِينَ اتَّقَوْا ﴾ [النحل: 128]، وە باسی گوێڕایەڵی دایک و باوک بە ئایەتی : ﴿ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا ﴾ [البقرة: 83]، وە جگە لەوانەش ئایەت گەلێکی زۆر هەن کە بەهۆیانەوە ئەتوانین ڕێگەی خێر و باشە نیشانی منداڵەکان بدەین له ژیانی ڕۆژانەیاندا .
ئەمەش هەندێک ڕێوشوێنی گەورە و هاوکاری بوو بۆ منداڵان تاکو قورئانی پیرۆز لەبەر بکەن ، با لێرەشدا چەند شتێکی گرنگ و سەرەکیش باس بکەین وەکو  :
• خۆشەویست کردن و هاندان لەبری توندوتیژی.
• تامەزرۆیی و ئاسانکاری لە بری قورس کردن.
• هاندان بە دیاری بەخشین و وتەی پاڵپشتی کارانە .
• کێبڕکێی و فێربوونی بە کۆمەڵ .
• خۆڕاگری بەردەوام و نەفەس درێژی .
• نزا و پاشان نزا و پاشانیش هەر نزا .
وصلَّى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم .

سەردان: ١,٤٧١ بەش: قورئانی پیرۆز