قوتابخانەى ڕەمەزان لە (30) وانە و پەیامی گرنگدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قوتابخانەى ڕەمەزان لە (30) وانە و پەیامی گرنگدا
پرسیار:

چۆن سود لە مانگی ڕەمەزان ببینین و بیکەین بە قوتابخانەیەک و وانە و پەیامی جوانى لێوە فێرببین؟

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وصحبه وسلم.
 ڕەمەزان قوتابخانەیە و چەندین وانەى گرنگی لێوە فێردەبین ئەم نووسراوە پێكهاتووە لە (30) پەیام و وانە کە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە فێری دەبین ، داوا لە خوای گەورەش دەكەم لێمی وەربگرێت.   

(1)  لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە پارێزگاری لە نوێژەكانمان بكەین لەكاتەكانی خۆیاندا وەكو چۆن پارێزگاری لە ڕۆژوەكەمان دەكەین لەكاتی خۆیدا، جا بیربكەرەوە لە پێكەوە بوونی باسی خشوع لەنوێژدا لەگەڵ ڕۆژوودا بەوەی كە یەكێكە لە سیفاتی باوەڕداران لەم ئایەتەدا: {وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ} [الأحزاب:35].

(2) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە چۆن كاتەكانمان بە وردی بەڕێوەببەین، تۆ بیربكەرەوە كە چەند بیرمان لای كاتە، خواردنەوەی قومە ئاوێك لەدوای دەرچوونی فەجرەوە بەساتێك ڕۆژووەكە بەتاڵ دەكاتەوە: {وَكُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّواْ الصِّيَامَ إِلَى الَّليْلِ}[البقرة:187].

(3) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئامانجەكامكان بەرز بنرخێنین، چونكە مەبەست لە رۆژوو بریتی نییە لە برسێتی و تینوێتی، بەڵكو بۆ ئەوەیە باوەڕدار تەقوادار بێت بە جێ بەجێكردنی فەرمانەكان و دووركەوتنەوە لە نەهی لێكراوەكان، ئا ئەوە تەقوایە: {يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُون} [البقرة:183].

(4) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە بەدڵنیاییەوە دەتوانین ئەندامەكانی لاشەمان لە تاوان و حەرام بپارێزین لەپێناو خوادا، وەكو چۆن توانیمان دەممان بگرینەوە لە خواردن و خواردنەوە لەپێناو خوادا، پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت : (مَن لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ والعَمَلَ به، فليسَ لِلَّهِ حَاجَةٌ في أنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وشَرَابَهُ) رواه البخاري. واتە:  ئەوەی واز لە قسەو وشەی نەشیاو و ناشایستە وتاوان ونەزانین نەهێنێت ئەوا خوای گەورە پێویستی بەوە نییە كە ئەو كەسە واز لە خواردن و خواردنەوەكەی بهێنێت.

(5) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە فێڵ و تەڵەكە نەكەین، بەڵكو بیرلەوە بكەینەوە كە هەمیشە خوامان لەگەڵدایە، جا ئەگەر ئەم هەستە نەبوایە ئەوا ئەو كاتەی كە چاوی خەڵكیمان لێوە دیار نییە دەستمان دەكرد بە خواردن و خواردنەوە، بۆیە ئیحسان و چاكە بریتیە لە:  (أنْ تَعْبُدَ اللَّهَ كَأنَّكَ تَرَاهُ، فإنْ لَمْ تَكُنْ تَرَاهُ فإنَّه يَرَاكَ) رواه البخاري. واتە: ئەوەیە كە خوا بپەرستیت وەكو ئەوەی دەیبینی، ئەگەریش تۆ ئەو نەبینیت ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو تۆ دەبینێت.

(6) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە نیعمەت بە گەورەبزانین، سەرنجی تامەزرۆیی نەفس بكە بۆ ئەو پارووە خواردنەی ئێوارە لەكاتی ڕۆژوو شكاندندا، لەبەرئەوەی زۆر پێویستی پێیەتی، بەگەورەڕاگرتنی نیعمەتیش بریتیە لە پارێزگاری لێكردنی و سووكایەتی پێنەكردنی و سوپاسی خواكردن لەسەری، {يَابَنِي آدَمَ خُذُواْ زِينَتَكُمْ عِندَ كُلِّ مَسْجِدٍ وكُلُواْ وَاشْرَبُواْ وَلاَ تُسْرِفُواْ إِنَّهُ لاَ يُحِبُّ الْمُسْرِفِين}[الأعراف:31].

(7) لە ڕەمەزانەوە فێری دڵخۆشی و هەستكردن بەخۆشنوودی دەكەین، دڵخۆشی سوپاسگوزاران لەسەرنیعمەتە خواییەكان، لەگەورەترینیان نیعمەتی هیدایەت، كە تووشی دوو بەختەوەریت دەكات: هەر لە دونیادا چەندین جار و ئەو كاتەش كە بەخوای پەروەردگارت دەگەیت بۆ هەتا هەتایە، پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: (لِلصَّائِمِ فَرْحَتَانِ يَفْرَحُهُمَا: إذَا أفْطَرَ فَرِحَ، وإذَا لَقِيَ رَبَّهُ فَرِحَ بصَوْمِهِ) رواه البخاري.واتە: دوو خۆشی هەیە بۆ ڕۆژوەوان، كاتێك بەربانگ دەكاتەوە دڵخۆشە بەڕۆژو شكاندنەكەی، كاتێكیش بەدیداری پەروەردگاری شاد دەبێت دڵخۆشە بەڕۆژوەكەی)).

(8) لە ڕەمەزانەوە فێری ئارامگری و دان بەخۆداگرتن دەبین بۆ گەیشتن بە ئومێدە چاوەڕوانكراوەكان، ئەوە بهێنە پێش چاوی خۆت كە دەكرێ مرۆڤ هەندێ جار واز لە خۆشیە كاتیەكانی بهێنێت بۆ دەستكەوتنی خۆشیە هەمیشەییەكان، ئەوەتا ڕۆژوو دەگرێت و خوا لێی خۆش دەبێت، بیربكەرەوە لە كاریگەری و گەورەیی تەنها یەك ڕۆژ بەڕۆژووبون لەم فەرموودەیەدا: (من صامَ يومًا في سبيلِ اللهِ زحزحَ اللَّهُ وجْهَهُ عنِ النَّارِ بذلِكَ اليومِ سبعينَ خريفًا) رواه النسائي وصححه الألباني. واتە: هەركەسێك یەك رۆژ لەپێناوی خوادا رۆژو بگرێت ئەوا خوای گەورە حەفتا پایز دەموچاوی لە ئاگر دووردەخاتەوە.

(9) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە چۆن كۆنترۆڵی هەڵچوونەكانمان بكەین بەرانبەر ئەو شتانەی كە دەیوروژێنن، چونكە مرۆڤ بە هێمنی ولەسەرخۆیی زیاتر كەسایەتی و هەیبەتی دەردەكەوێت، ئەوەتا پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: (وإذا كان يومُ صَومِ أحَدِكم فلا يَرفُثْ ولا يصخَبْ، فإن سابَّهَ أحدٌ أو قاتَلَه فلْيقُلْ: إنِّي امرؤٌ صائِمٌ) متفق عليه واتە: ئەگەر ڕۆژێك كەسێكتان بەڕۆژو بوو با ئەو ڕۆژە قسەی ناشیرین و هات و هاوار نەكات، خۆ ئەگەر كەسێك جنێوی پێداو شەڕی پێ‌ فرۆشت بابڵێت: من كەسێكی بەڕۆژوم.

(10) لە ڕەمەزانەوە فێری ئەوە دەبین كە هەستەمانمان لەگەڵ خەڵكانی تردا بەشداربكەین و پێكەوە هەست بە دڵشادی بكەین، ئەوەتا پێكەوە لەسەر سفرەی رۆژوو شكاندن لەگەڵ خەڵكیدا ئەو ژەمە بەڕێ دەكەین، جا مەپرسە لە هەست و حاڵی نەفس كە چەند خۆشە، لەوەش خۆشتر ئەگەر ئەو ژەمە سووكە خۆت ئامادەت كردبێت و تەرخانت كردبێت بۆ ڕۆژوەوانان بەتایبەت ئەگەر خێزان و نەوەی خۆت بن، هەروەها پێكەوەش لەگەڵ ئەوانی تردا ساتە ناڕەحەتەكانی برسێتی و تینوێتی و گەرمابوونیش لەگەڵیاندا بەڕێدەكەین، ئەمەش بڵندبوونەوە و پلەبەرزبوونەوەیە كاتێك هەستەكانمان دەیخەین لەگەڵ هەستی ئەوانی تردا، بیرلەم فەرموودەیە بكەرەوە: (تَرَى المُؤْمِنِينَ في تَراحُمِهِمْ وتَوادِّهِمْ وتَعاطُفِهِمْ، كَمَثَلِ الجَسَدِ، إذا اشْتَكَى عُضْوًا تَداعَى له سائِرُ جَسَدِهِ بالسَّهَرِ والحُمَّى) رواه البخاري.  واتە: نموونەی ئیمانداران لە خۆشەویستی بۆ یەكتر و، هاوسۆزی و بەزەیی یەكدا وەكو یەك جەستەوان، ئەگەر ئەندامێكی ئازارێكی هەبوو ئەوا دەناڵێنێ‌ لە تاو بێ‌خەوی و گەرمە تا)).

(11) لە ڕەمەزانەوە فێری ئاسانكاری و بارسووك كردن دەبین مادام سنووری شەرعی خوا نەبەزێنێت، ئەی نابینی لەنێو جەرگەی ئایەتەكانی ڕۆژوودا خوای گەورە دەفەرموێت   {يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ}[البقرة:185]
   پێغەمبەری خوایش ﷺ دەفەرموێت: (ما خُيِّرَ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ بيْنَ أمْرَيْنِ قَطُّ إلَّا أخَذَ أيْسَرَهُمَا، ما لَمْ يَكُنْ إثْمًا، فإنْ كانَ إثْمًا كانَ أبْعَدَ النَّاسِ منه) رواه البخاري  واتە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ كات سەرپشك نەكراوە لە نێوان دوو كاردا مەگەر كامیان ئاسانە ئەوەیانی هەڵبژاردووە ئەگەر تاوان نەبووبێت، ئەگەر تاوان بووبێت ئەوە دوورترین كەس بووە لێی.

(12) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە زیاتر پەیوەندیمان لەگەڵ قورئاندا نوێ بكەینەوە و دڵئاوێزانی بین، چۆن وانییە لەكاتێكدا خوای گەورە فەرموویەتی: {شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدىً لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ}[البقرة:185] جا ئیتر چۆن دەبێت ئەگەر بەدرێژایی ساڵ ئێمە تەنها مانگی ڕەمەزان لەگەڵیدا بین !

(13) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە پرۆڤە وڕاهێنان لەسەر شەونوێژ بكەین، بۆ ئەوەی هەموو شەوێك پشكێكمان تێیدا هەبێت، ئای چەند جوان و خۆشە نیوەشەو هەستان و ڕاوەستان لە پێشگای خوادا و هەڵوەدای لێخۆشبوون و ئومێدی لێبوردنت هەبێت لە پێش خوای میهرەباندا. پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: (مَن قَامَ رَمَضَانَ إيمَانًا واحْتِسَابًا، غُفِرَ له ما تَقَدَّمَ مِن ذَنْبِهِ) متفق عليه واتە: ((هەركەس لەرەمەزاندا بەبروای تەواوو بەهیوای پاداشتەوە شەونوێژ بكات، خوا لەگوناهە پێشوەكانی خۆش دەبێت)).

(14) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە چۆن دەستەكان كراوەدەبن بۆ بەخشین، لەبەر ئەوەی خوای گەورە پاداشتی چەند جارە كردۆتەوە بۆیە دەبێت بڕی بەخشینەكانیش چەند جارە بن: (كانَ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ أجْوَدَ النَّاسِ، وكانَ أجوَدُ ما يَكونُ في رَمَضَانَ) رواه البخاري.واتە: پێغەمبەری خوا ﷺ بەخشندەترین كەس بوو، بەتایبەت لە مانكی ڕەمەزاندا زیاتر دەبوو.

(15) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئومێد لەسەر گەورەیی و زۆری بەخشینی خوا هەڵچنین، چونكە ئەو لەسەر كردەوەیەكی كەم پاداشتێكی زۆر و بێ شومار دەبەخشێت، ئەوەتا پێغەمبەری ئازیز ﷺ دەفەرموێت: (كُلُّ عَمَلِ ابْنِ آدَمَ له إلَّا الصَّوْمَ، فإنَّه لي وأنا أجْزِي به) رواه البخاري،واتە: هەموو كاروكردەوەیەكی ئادەمیزاد بۆ خۆیەتی جگە لە ڕۆژوو نەبێت، ئەوەیان بۆ منە و خۆم پاداشتی دەدەمەوە. 
   جا بۆیە درێغی مەكەن و كاروكردەوەی چاك بۆ خوا بكەن و شوێنی سوننەت بكەون و ئومێدتان هەبێت و مژدە و مزگێنی بەیەكتر بدەن.

(16) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە خوای گەورە لێمانەوە نزیكە و وەڵامی داواكاریەكانمان دەداتەوە، ئەوەتا لەنێو ئایەتەكانی باسی ڕۆژوودا دەفەرموێت: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ}[البقرة:186].

(17) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە دڵ و ناخ و دەروونمان لەخێرەوە نزیكترە، تەنها پێویستی بە هەوڵ و تێكۆشان هەیە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِين}[العنكبوت:69].

(18) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە پەلە و دەستپێشخەری بكەین و هەلەكان بقۆزینەوە و نەهێڵین لەدەستمان دەربچن، چونكە چیتر ناگەڕێنەوە، بیركەرەوە چۆن خوای گەورە وەسفی رەمەزانی كردووە: {أَيَّامًا مَّعْدُودَاتٍ}[البقرة:184].

(19) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئەوەی بۆ خۆمان پێمان خۆش بێت بۆ خۆشەویستانیشمان پێمان خۆش بێت، چونكە پێغەمبەرمان ﷺ هەركە دە شەوی كۆتایی ڕەمەزان دەهات خێزانەكانیشی بەخەبەر دەهێنایەوە بۆ خواپەرستی: (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ إِذَا دَخَلَ الْعَشْرُ ...أَيْقَظَ أَهْلَهُ) رواه البخاري ومسلم.

(20) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ڕاوەستان لەبەردەم خوادا ژیان و زیندەگی دڵە، بیربكەرەوە لەم وتەیەی عائیشە رەزای خوای لێ بێت كە دەڵێت: (إِذا دَخَلَ العَشْرُ الأَوَاخِرُ مِنْ رمَضَانَ أَحْيا اللَّيْلَ) متفقٌ عَلَيهِ. واتە: ئەگەر دە شەوی كۆتایی رەمەزان بهاتایە ئەوا پێغەمبەری خوا بە نوێژ شەوەكەی زیندوو دەكردەوە.

(21) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە هەندێ كردەوە هەیە ئەگەرچی كەمن بەڵام سوودەكەیان زۆر و گەورەیە، بیر لە شەوی قەدر بكەرەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی تەنها یەك شەوە بەڵام باشترە لە هەزار مانگ {لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْر}[القدر:3].

(22) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئێمە توانایەكی گەورە و چاكمان هەیە لەسەر خۆڕاگری لە خواپەرستیدا كاتێك دڵ و دەروونمان پشت بە خوا دەبەستن و ئومێدی پاداشتی لای ئەو دەكەن، پێكەوە بە پاڵپشتی و بەشداری یەكتر لەو عیبادەتەدا هێزێكی دەروونی گەورە دروست دەبێت بۆ بەرگری لەشەیتان و دروست بوونی ئارامگری و خۆڕاگری لەسەر بەڕۆژووبوون، بۆ ئەوەی هیچ یەكێكان هەست بە نامۆیی نەكات و هیلاك بێت و بڵێت: چۆن دەبێت مانگێكی رەبەق بەرۆژوو بم و ئەو هەموو نوێژە بكەم، لەكاتێكدا پێش رەمەزان نەیكردووە. 

(23) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئەوەی لەگەردنماندایە بۆ خوا و مافی خەڵكیش بیبەخشین و پێشكەشی بكەین، تێبفركە لەم ئایەتە: {فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ} [البقرة:184].

(24) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە هیچی تێدا نییە ئەگەر كەسی باوەڕدار لە وەرزی عیبادەتدا زیاتر ڕوو لە خواپەرستی بكات بەتایبەت ئەو سات و كاتانەی كە پاداشتیان تێدا چەند بارە دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی لاوازی نییە لە جگە لەو كاتانەدا بەڵكو بەڵگەیە لەسەر زیرەكی و خێرویستی كەسەكە (فلقد كَانَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ يَجْتَهِدُ فِي رَمضانَ مَالا يَجْتَهِدُ في غَيْرِهِ، وَفِي العَشْرِ الأَوَاخِرِ منْه مَالا يَجْتَهدُ في غَيْرِهِ) رواه مسلم.واتە: پێغەمبەری خوا ﷺ بەشێوەیەك هەوڵ و تێكۆشانی دەكرد لە رەمەزاندا كە لە جگە لەوكاتەدا ئەوەندە هەوڵی نەدەدا، و لە دە شەوی كۆتایششدا هەوڵ و خۆماندووكردنی زیاتر دەكرد بەبەراود بە بیست شەوەكەی تر.

(25) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە بێ ئومێد نەبین لە بەدەستهێنانی بەهەشتی خوای میهرەبان، و هەردەم تۆبە تازەبكەینەوە، ئەوەتا ئازیزمان  ﷺ دەفەرموێت: (إنَّ لله عتقاءَ في كلِّ يوم وليلة، لكلِّ عبد منهم دعوةٌ مستجابة)،واتە: خوای گەورە لە رەمەزان لە هەموو شەو و رۆژێكدا لە كۆمەڵە كەسێك خۆش دەبێت، و بۆهەریەك لەو بەندانە دوعایەكی بۆ هەیە كە وەڵام دەدرێتەوە. 

(26) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە یەكڕیزی و كۆكبوون نیعمەتە و پەرتەوازەییش فیتنە و ئاژاوایە، بیرلەوە بكەرەوە كە چۆن ڕیزەكانی نوێژ ڕێك دەبن لە رەمەزان و دڵەكان خۆشنوود دەبن پێكەوە لەسەر سفرەی بەربانگ و پارشێو، ئێمە ئوممەتێكین پێكەوە بەهێزین، پێكەوە جوانین، پێكەوە كاریگەرین، تێڕامێنە لەم فەرموودەیە:  (إنَّ الرَّجلَ إذا صلَّى معَ الإمامِ حتَّى ينصرفَ حسبَ لَه قيامُ ليلةٍ) رواه النسائي وصححه الألباني.واتە: ئەگەر پیاوێك لەگەڵ ئیمامدا نوێژەكەی كرد هەتا تەواو بوو ئەوا بەشەو نوێژ بۆی هەژمار دەكرێت (لەتەراویحدا).
(27) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە چۆن لە خەڵك خۆش بین، چونكە یەكێك لە دوعا دووبارەبوەكانی شەوی قەدر بریتیە لە ((اللهمَّ إنك عفوٌّ تُحبُّ العفوَ فاعفُ عنِّي) رواه الترمذي وحسّنه،واتە: خوایە تۆ لێخوۆشبوونت خۆش دەوێت بۆیە لێم خۆش بە.
  جا چۆن حەزمان لێیە خوا لێمان خۆش بێت دەبا ئێمە لە خەڵك خۆش بین: {وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَن يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَّحِيمٌ} [النور:22]، اللهم إني عفوت عن خلقك فاغفر لي واعف عني.

(28) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئەگەر خوا یەكێكی سەركەوتوو كرد بۆ عیبادەتێك ئەوا ئومێدی وەرگرتنیشی بۆ دروست دەكات و لەهەمان كاتیشدا ترسی رەددانەوەشی هەیە، بۆیە سەرسام نەبیت بەكردەوەی خۆت و بێ هیواش مەبە لە بەزەیی خوا، بیربكەرەوە لەم ئایەتە: {أَمَّنْ هُوَ قَانِتٌ آنَاءَ اللَّيْلِ سَاجِدًا وَقَائِمًا يَحْذَرُ الْآخِرَةَ وَيَرْجُو رَحْمَةَ رَبِّهِ}[الزمر:9].

(29) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە دڵ و دەروون پێویستی بەپاكژكردنەوە هەیە، كە لە خراپە و تاوان و بێ هوودەیی پاك بێتەوە، بیربكەرەوە لە حیكمەتی سەرفترە: (فَرَضَ رسولُ اللهِ صدقةَ الفطرِ طُهْرَةً لِلصَّائِمِ مِنَ اللَّغْوِ والرَّفثِ، طُعْمَةً لِلْمَساكِينِ) رواه أبو داود بإسناد حسن واتە: پێغەمبەری خوا ﷺ سەرفترەی فەرزكرد لەسەر ڕۆژووەوان وەكو پاكبوونەوەیەی لە قسە و ڕەفتاری نابەجێ و هاوكات خواردن و پاروویەكیش بێت بۆ هەژاران.

(30) لە ڕەمەزانەوە فێر دەبین كە ئەگەر باوەڕدار خوای گەورە سەركەوتوی كرد بۆ رۆژووی رەمەزان و تەواوی كرد، ئەوا لەسەریەتی سوپاسی خوا بكات و شوكر و خوابەگەورەزانین دەرببڕێت لەجەژندا، ئەوەتا دەفەرموێت: {وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَىٰ مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ}[البقرة:185].

تقبل الله مني ومنكم صالح الأعمال، وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.

سەردان: ٣,٣٢٧ بەش: ڕۆژوو