بۆ ئەو فێرخوازانەی کە ئەیانەوێ قورئان و فەرموودە لەبەر بکەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆ ئەو فێرخوازانەی کە ئەیانەوێ قورئان و فەرموودە لەبەر بکەن
پرسیار:

ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەو فێرخوازانەی کە ئەیانەوێ قورئان و فەرموودە لەبەر بکەن؟

 

بسم الله الرحمن الرحيم

بۆ ئەو فێرخوازەی کە ئەیەوێ قورئان و حەدیس لەبەر بکات ئەم ئامۆژگاریانە پێشکەش دەکەین 
١- با هەموو کارەکانت لە پێناوی خوای گەورەدا بێت بە ئیخڵاصی و دڵسۆزییەوە .
٢- پارێزگاری لە نوێژەکانت بکە و بە جەماعەت ئەنجامی بدە لە مزگەوت .
٣- زۆر نوێژی سونەت بکە و زۆر لە سوژدەدا بە (( کاتێک بەندە لە سوژدەدایە نزیکترینە لە خوای گەورەوە )).رواه مسلم 
بۆیە نزیکبە لە پەروەردگارت .
٤- هەوڵ و کۆششی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بدە و لەبەری بکە موراجەعەی بکەرەوە هێندەی پێویست یان هێندەی دەتوانی .
٥- سوربە لەسەر ڕۆژی ڕۆژە سپییەکان و ڕۆژانی دووشەمان و پێنج شەمان .
٦- بەردەوام شەونوێژ بکە چونکە خوای گەورە لە سێ یەکی کۆتایی شەو دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دونیا بۆیە موناجاتەکەت لەگەڵ خوای گەورە لە دەست خۆت مەدە .
٧- با ئیرەیی و غەیبەت و درۆکردن و ئەو جۆرە ڕەفتارانە لە ئاکارەکانتدا نەبێت ، چونکە تۆ پێشەنگی لە پێش چاوی خەڵکی .
٨- خزمەت کردنی خەڵکی بەپێی توانا ، وە با ڕەوەشتت بەرز بێت و نەرم نیان بە و با لێوت بە بزە بێت ، وە خۆبەکەمزان بە تاکو خۆشەویستی خەڵکی بەدەست بێنی .
٩- هەموو ڕۆژێک موحاسەبە و لێپرسینەوەی خۆت بکە .
١٠- چەندە خوات خۆش بوێ هێندە خەڵک خۆشی ئەوێی ، وە چەندە خوات بە گەورە دانابێ هێندە خەڵک ڕێزت لێ ئەگرن .
١١- گوێڕاگرە لەو وتارانەى  ئامۆژگارییان تێدایە ، وە کتێبی بەسود بخوێنەوە وەکو (ریاض الصالحین )و (الرحیق المختوم) و جگە لەوانەش .
١٢- درک بە گەورەیی و ڕەحمەتی خوا بکە بەوەی  نیعمەتی هیدایەتی پێ بەخشیوی و غەیری تۆی لێ مەحروم کردووە ، بۆیە سوپاسی خوای لەسەر بکە .
١٣- کاتەکانت بە عیبادەت و کارە حەڵاڵەکان بەسەر ببە چونکە نەفس گەر بە عیبادەت بەسەری نەبەی ئەوا بە تاوانەوە سەرقاڵت ئەکات .
١٤- هاوڕێتی خەڵکانی چاک و باش بکە چونکە ئەوان لە پاش خوای گەورە لەسەر ڕێگاى ڕاست پێچەسپاوت ئەکەن .
١٥- بەردەوام ئامادەی مەجلیسی زیکر و موحاضەڕات بە چونکە ئیمانت نوێ دەکاتەوە .
١٦ـ با لە ژیانتدا ئامانجت هەبێت .
١٧- ببە بە پێشەنگ لە چاکەکاری بەرامبەر دایک و باوکت .
١٨- تێکۆشانی نەفست بکە بە داخستنی چاوت لەئاست حەرام و دەست و پێیەکانت بگرەوە لە تاوان .
١٩- با جێ دەستت دیار بێت لە بانگەواز کردن بۆ لای خوا بە بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار و نامیلکە و شتی دیکەی بەسود .
٢٠- با زمانت نەوەستێت لە زیکر و یادی خوا ﴿ الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِكْرِ اللَّهِ أَلا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ ﴾ [الرعد:28]. واتە : ﴿ ئەو كەسانەی كە باوەڕیان هێناوەو دڵیان ئارام ئەبێت بە زیكرو یادی خوای گەورە وە بزانن كە تەنها بە زیكرو یادی خوای گەورە دڵەكان هێمن و ئارام و ئاسوودە ئەبێت ﴾ .
٢١- بزانە کە خوای گەورە چاودێریت ئەکات لە جوڵە و وەستانەکانت ، بۆیە تەقوای خوات هەبێ لە گشت کردار و گفتارێکتدا .
٢٢- سەردانی گۆڕستان بکە چونکە سەرەنجامت وەبیر دێنێتەوە وە سەردانی نەخۆش بکە تا قەدری لەشساغی خۆت بزانى.
٢٣- بەردەوام خێر و سەدەقە بکە تەنانەت گەر بە بڕێکی کەمیش بێت چونکە توڕەیی خوای گەورە لەسەرت لا دەبات هەروەکو چۆن ئاو ئاگر ئەکوژێنێتەوە .
٣٤- دوعا و پاڕانەوە چەکی دەستی موسڵمانە وە پەتی درێژکراوی ئاسمانە بۆ سەر زەوی بۆیە پەنا بەخوا بگرە و گشت کاروبارەکانت بەو بسپێرە .
٢٥- پشت بە خوای گەورە ببەستە لە هەموو کاروبارەکانتدا : ﴿ وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ ﴾[الطلاق:3]. واتە : ﴿ هەرکەسێک پشت بە خوای گەورە ببەستێت ئەوا هەر خوای بەسە کە پشت و پەنای بێت ﴾ .
٢٦- ئامۆژگاریت ئەکەم بە خۆڕاگری و ئارامی هەرچەندەش بەڵا و ناخۆشییەکان زۆریش بن چونکە ئەوە سونەتی ژیانە وایە : ﴿ إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ ﴾ .[الزمر:10]. واتە :﴿ بەراستی خۆڕاگرن و ئارامگران بەبێ ئەژمار پاداشت ئەکرێن ﴾ .
٢٧- لە ڕووپامایی و سەرسامبوون بە خودەوە دووربە چونکە کردەوەکانت پوچەڵ ئەکاتەوە ، کار مەکە بۆ ئەوەی باس بکرێی بەڵکو چاکەکانت بشارەوە هەر وەکو چۆن تاوانەکانت دەشاریتەوە .
٢٨- با نیاز و نیەتت هەبێ بۆ هەموو کردارەکانت ، وە هیچ کارێکی باشیش بە کەم مەزانە ، چونکە تۆ نازانی کام کردارەت ئەبێتە هۆی چونت بۆ بەهەشت .
٢٩- تێڕامێنە کە چۆن دروست بوویت لە پارچە خوێنێت و پاشانیش بوی بەم مرۆڤەى کە ئێستاکە هەی .
٣٠- پارێزگاری لە زیکرەکانی بەیانیان و ئێواران و دوعاکانت بکە له هەموو کارەکانی ژیانت  .

داوای نیازپاکی ئەکەین لە خوای گەورە لە گفتار و کردارەکانمان ، وە دڵیشمان پاک بکاتەوە لە دووڕوویی ، وە کردارەکانیشمان پاک بکاتەوە لە ڕووپامایی .

وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
 

سەردان: ٢,٥٠٦ بەش: زانست و بانگەواز