ئەمەوێ بزانم ئایا ئیجماع چییە ؟ وجۆرەکانی چین ؟ وەمەرجەکانی چین ؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
پێناسەکەی :
زانای پایەبەرز ( الشيخ ابن عثيمين ) ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت:
ئیجماع لەڕووی زمانەوانیەوە: کۆدەنگی ودڵنیا بوونە.
وەلەئیستڵاحدا بریتی یە لە : (اتفاق مجتهدي هذه الأمة بعد النبي ﷺ على حكم شرعي) .
واتە : کۆ دەنگی موجتەهیدانی ئەم ئومەتەیە لەدوای پێغەمبەر ﷺ لەسەر حوکمێکی شەرعی .
جا کاتێ دەڵێین : " ئیتفاق و گۆدەنگی " : هەبوونی خیلاف دەچێتە دەرەوە، هەر چەند تەنها کەسێکیش بێت ، و ئەو کات پێی ناوترێت ئیجماع .
وەکاتێ دەڵێین " موجتەهیدان " : عەوام وکەسانی موقەلید دەچنە دەرەوە ؛ وهیچ حسابێک بۆ کۆ دەنگی وخیلافی ئەوان ناکرێت .
وکاتێ دەڵێین : " هذه الأمة " ئیجماعی غەیری ئەوان دەچێتە دەرەوە ؛ وحسابی بۆ ناکرێت .
وەکاتێ دەڵێین : " بعد النبي ﷺ " : کۆدەنگیان لەسەر دەمی پێغەمبەردا ﷺ دەچێتە دەرەوە ، وئیجماعی ئەوان پێی ناوترێت ئیجماع لەو ڕووەی بەبەڵگەی ئیجماع ئەژمار بکرێت ؛ چونکە لەو حاڵەتەدا بەڵگەکە بەڵگەی سوننەتی پێغەمبەرە ﷺ ، جا بەڵگەی گوفتاری بێت یاخود کرداری وتەقریر (بێدەنگی کردن لێی) ، هەر بۆیە گەر هاوەڵێک بڵێت: ئێمە فڵانە کارمان دەکرد ، یاخود هاوەڵان فڵانە کاریان لەسەردەمی پێغەمبەردا ﷺ دەکرد ، ئەوکات حوکمی ڕەفعی هەیە بۆلای پێغەمبەر ﷺ ، نەک نەقڵ کردنی ئیجماع بێت .
وە کاتێ دەڵێین : " على حكم شرعي " : کۆ دەنگی ئەوان لەسەر بابەتی عەقڵی وعادی دەچێتە دەرەوە ، وپەیوەندی بەم بابەتەوە نی یە ، چونکە بابەتی ئیجماع بابەتێکی شەرعیە .
وەئیجماع بەڵگەی شەرعیە لەبەر چەند بەڵگەیەک لەوانە:
1 – ئایەتى : ( وكذلك جعلناكم أمة وسطاً لتكونوا شهداء على الناس ) .
واته: بهم شێوازه ئێوهمان گێڕاوه به ئوممهتێكی مامناوهند، (وَسَطًا) واته: باشترین یان دادپهروهرترین ئوممهتن ، بۆ ئهوهی ئێوه له ڕۆژی قیامهتدا ببنه شایهت بهسهر خهڵكیهوهو شایهتی بۆ پێغهمبهران ئهدهن كه دینیان به ئوممهتهكانیان گهیاندووه، وهكو ئهوهی كه شایهتی بۆ نوح پێغهمبهر ﷺ دهدهن كه پهیامی خوای گهورهی گهیاندووه.
بڕگەی : ( شهداء على الناس ) شایەتی دان لەسەر کردەوەکانیان دەگرێتەوە ، وقسەی کەسی شایەتیش وەرگیراوە .
2- ئایەتی : ( فإن تنازعتم في شيء ) .
ئهگهر له ههر شتێكدا كێشه كهوته نێوانتانهوه له دین و دونیا .
بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەلەسەری کۆ دەنگن حەقه .
3- فەرمایشتی پێغەمبەر ﷺ : " لا تجتمع أمتي على ضلالة " .
واتە: ئومەتەکەم لەسەر گومڕایی کۆ نابنەوە .
4- وەهەروەها دەڵێین : کۆ دەنگی ئوممەی ئیسلامی یان حەقە و یاخود باتڵ و ناحەقە ، خۆ ئەگەر حەق بوو ئەوا حوجە وبەڵگەی شەرعی یە ، وئەگەر باتڵ وناحەق بوو ئەوا چۆن دەکرێت ئەم ئومەتە کۆ دەنگ بێت لەسەر ناحەق لەکاتێکدا باشترین ئومەتە لەلای خودا ؟ ! ئەمە شتێکی مەحاڵە .
جۆرەکانی ئیجماع :
ئیجماع دوو جۆرە : قەتعی ، و زەنی.
1- ئیجماعی قەتعی (قطعي) : ئەوەیه کەئومەت هەموو لەسەری کۆ دەنگن وشتێکی زانراوە لای هەموان ، وەک ئیجماع وکۆدەنگی لەسەر ئەوەی پێنج نوێژەکە فەرزن ، و زینا حەرامە ، ئەم جۆرەیان هیچ کەسێک نکۆڵی لێ ناکات ، و کەس نییە بڵێ حوجە نی یە ، و کەسێک نکۆڵی لێ بکات کافر دەبێت گەر نەزان نەبێت .
2- ئیجماعی زەنی (ظني) : ئەوەیان کە بەگەڕان و ورد بوونەوە نەبێت نازانرێت ، وزانایان لەگونجانی ڕوودانی دا ناکۆکن ، وتەواو ترین قسەیان قسەکەی ( شيخ الإسلام ابن تيمية ) کەلە ( العقيدة الواسطية ) دا دەڵێت: " والإجماع الذي ينضبط ما كان عليه السلف الصالح ، إذ بعدهم كثر الاختلاف وانتشرت الأمة " . أهـ .
واتە: کۆ دەنگی ئەوەی دەکرێت بوونی هەبێت ئەوەیه کەلەسەردەمی سەلەف دا هەبوو ، چونکە لەدوای ئەوان خیلاف وناکۆکی زۆر بوو وئومەی ئیسلامیش فراوان بوو .
وەلەوە دڵنیابە کەناکرێت ئومەی ئیسلامی کۆک بێت لەسەر پێچەوانەی بەڵگەیەکی سەحیح وسەڕیح ونەسخ نەکراو ؛ ئوممەت کۆک نابێت مەگەر لەسەر حەق نەبێت ، و گەر کۆدەنگیەکت بینی وپێت وابوو پێچەوانەی ئەوەیە ، ئەوا بڕوانە : یان بەڵگەکە سەریح نی یە ویاخود سەحیح نی یە، ویاخود نەسخ کراوە ،و یاخود لەبابەتەکەدا خیلاف هەیه وتۆ پێت نەزانیوە .
مەرجەکانی ئیجماع:
ئیجماع چەند مەرجێکی هەیە لەوانە :
1- بەڕێگایەکی سەحیح هاتبێت جا یان لەنێو زانایاندا مەشهور بێت ویاخود ئەو کەسەی نەقڵی کردووە سیقە بێت وموتاڵەعەیەکی فراوانی هەبێت.
2- پێش ئەو ئیجماعە خێلافێکی جێگیر نەبووبێت ، خۆ ئەگەر خیلاف هەبوو پێشتر : ئەوا بەئیجماع ئەژمار ناکرێت ؛ چونکە بۆچوون بەمردنی خاوەنەکانیان لەنێو ناچن وهەر حسابیان بۆ دەکرێت .
ئیجماع خیلاف وناکۆکی پێشتر لانابات ، بەڵکو ڕێگری دەکات لەدروستبوونی خیلاف .
ئائەوە بۆ چوونی ڕاست ودروستە ، لەبەر بەهێزی بەڵگەکانی .
وەگوتراوە : ئەوە مەرج نی یە ، ودەکرێت لەسەردەمی دووەم دا ئیجماع دروست بێت لەسەر یەکێک لەبۆچوونەکانی ڕابردوو ، ودەبێتە حوجە بەسەر دوای خۆیەوە .
وە لەلای جمهوری زانایان مەرج نی یە سەردەمی ئەو کەسانە کۆتایی بێت کەکۆدەنگیەکەیان پێک هێناوە ؛ ئیجماع تەنها بەکۆ دەنگ بوونیان دێتە دی ، ودواتر بۆ ئەوان وجگە لەوانیش نییە پێچەوانەی فەتوا بدەن ؛ چونکە ئەو بەڵگانەی کەدەبنە بەڵگە لەسەر حوجەیی ئیجماع باسی کۆتایی هاتنی سەردەمی تێدا نی یە ، وەهەروەها لەبەر ئەوەی ئیجماع لەکاتی کۆدەنگیەکەیانەوە دروست بووە ، ودواتر چ شتێک هەڵی دەوەشێنێتەوە ؟
وکاتێ هەندێ لەموجتەهیدەکان قسەیەکان کرد یاخود کردارێکیان کرد وبڵاو بووەوە لەنێو ئەهلی ئیجتیهاددا ، ونکۆڵیان لێ نەکرد لەکاتێکدا توانای نکۆڵی کردنیان هەبوو ، بۆ چوونێک هەیە دەڵێت: دەبێتە ئیجماع .
وەبۆ چوونێکی تر هەیە دەڵێت: دەبێتە حوجە ونابێتە ئیجماع .
وەگوتراوە: گەر سەردەمیان تەواو بوو پێش نکۆڵی کردن لێی ئەوا ئیجماعە ؛ چونکە بەردەوامی بێدەنگیان لەکاتێکدا توانای قسە کردن ونکۆڵی کردنیان هەیه : بەڵگەیه لەسەر ئەوەی هاوڕان ، ئەمە نزیکرترین بۆ چوونە لەحەقەوە .
" الأصول من علم الأصول " ( 62 – 64 ) .
والله أعلم .