مەنع کردن و ڕێگری کردن لە منداڵ بوون: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەنع کردن و ڕێگری کردن لە منداڵ بوون
پرسیار:

من ئافرەتێکم زەواجم کردوە و منداڵێکم هەیە ، پێم خۆشە منداڵی ترمان ببێ بەڵام مێردەکەم ڕێگرە و پێی خۆش نیە لەبەر ئەوەى نەبێتە بارگرانی و خەرجی زیاتر ، ئایا چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆمان؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

لە ئامانجەکانی هاوسەرگیری بوونی نەوە وزۆربوونی ئومەتی ئیسلامە، پێغەمبەر ﷺ   دەفەرموێت: ( تَزَوَّجُوا الْوَدُودَ الْوَلُودَ فَإِنِّي مُكَاثِرٌ بِكُمْ الأُمَمَ )، واته: (ئافرەتی ڕوو خۆش و مێرد دۆست بێت و ئەوانە مارە بکەن کەمنداڵیان زۆر دەبێت ، من شانازی دەکەم بەزۆری ئێوەوە بەسەر ئومەتەکانی ترەوە ). [صحیح أبي داود: 1805] .
دواخستنی منداڵبوون لە ترسی خەرجی لە سەر منداڵەکان ئەمە لە گومان خراپیە بەرامبەر خوای گەورە؛ چونکە خوای گەورە دەفەرموێت: ( نَحْنُ نَرْزُقُهُمْ وَإِيَّاكُمْ )[الإسراء: 31]، واته: (ئێمە ڕزقی ئێوە وئەوانیش دەدەین).
زۆری منداڵ شەریعەت فەرمانی پێکردووە، وئیماندار گومانی باشی هەیە بەرامبەر خوای گەورە چۆن ئەو (الرزاق)ە ڕۆزیدەرە. 
ئەگەر خەڵکی لە سەر ئەم ترسە بژین ئەوا نەوە کەم دەبێت وئەمەش پێچەوانەی فەرمانی شەریعەتە. 
ومنداڵ هێنان مافێکی هاوبەشە لە نێوان هەردوو هاوسەر، ونابێت مێرد عەزل بکات بە بێ ڕوخسەتی خێزانەکەی.

ئیبن قودامە -ڕەحمەتی خودای لێبێت- دەڵێت: (نابێت عەزل بکات لە خێزانە ئازادەکەی بە بێ ڕوخسەتی خێزانەکەی). 
(خێزانی ئازاد: مەبەست ئەوەیە ئافرەتی کەنیزەک وکۆیلە نەبێت).
مەبەست لە(عەزل)ئەوەیە کاتێک کەپیاو لەگەڵ خێزانیدا جووت دەبێ ناهێڵێ (ئاوەکەی)بچێتە نێو ڕەحمی خێزانیەوە.

القاضي دەڵێت:  (ئەوەی ئاشکرایە لە وتەکانی ئەحمەد -ئەحمەد کوڕی حەنبەل- ئەوەیە: واجبە ڕوخسەت وەرگرتن لە خێزان لە کاتی عەزل کردندا). چونکە ئیبن عومەر -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر ﷺ  نەهی کردووە لە عەزل کردن لە خێزانی ئازاد مەگەر بە ڕوخسەتی خۆی نەبێت.[رواه أحمد وابن ماجه]. 
چونکە ئافرەت مافی هەیە لە منداڵەکە، وزیان هەیە لە سەری لە کاتی عەزل کرندا، بۆیە دروست نیە ئەنجامبدرێت بە بێ ڕوخسەتی ئافرەتەکە.[المغني (7/ 298)]. 
لەم دەقانەوە ئەو حوکمە وەردەگیرێت: کە مێرد بۆی نیە خێزانەکەی ناچار بکات لە سەر منداڵ نەبوون و نابێت ڕێگری لێبکات لە منداڵبوون. 
بەڵام پێویستە بۆ منداڵبوون گفتوگۆ وڕاوێژ ولێک تێگەیشتن هەبێت، وئەو ترسەی پەیوەندی بە ڕزقەوە هەیە نەمێنێت، بۆ ئەوەی ئەم منداڵبوونە نەبێت هۆی ناکۆکی ودژایەتی کردنی یەکتر کە پێشتر نەبوو، ولەوەیە سەرەنجامەکانی پاش منداڵبوون قورس بێت ونەتوانێت بەرامبەری بوەستێتەوە.
والله أعلم -خودا زاناترە-.

سەردان: ٣,١٨٠ بەش: مافەکانى ژن و مێرد