پەردەى کچێنى و سەتر کردنى خێزان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پەردەى کچێنى و سەتر کردنى خێزان
پرسیار:

من 7 ساڵە ژنم هێناوە پەردەى كچێنی نەمابوو یەكەم جار قبوڵم كرد و لێم نەكۆڵیەوە و نازانم چۆن وای بەسەر هاتوە بەڵام ئێستا زۆر نا مورتاحم تكایە وەڵامێكی چاكم بدەنەوە كە دڵم ئارام بگرێت؟

برای بەڕێزم مادام سوپاس بۆ خوای گەورەو میهرەبان تۆ حەوت ساڵە لەگەڵ خێزانتدا دەژیت و بەدڵتە و باشە لەگەڵتدا، ئەوە مەكە بـە كێشە بۆ خۆت، كـە نازانیت بۆ خێزانەكەت پەردەی كچێنی لەدەست داوەو هۆكارەكەی چییە، زۆر لێی مەكۆڵەرەوە، چونكە لەوانەیە خێزانت هەر لە بنەڕەتدا پەردەی كچێنی نەبووبێت، یا لەوانەیە بەهۆی كەوتن و لێدانێكەوە ئەو پەردەیەی لەدەست دابێت وهەستی پێنەكردبێت، یا لەوانەیە پەردەی هەبووبێت وبەڵام بە شكاندنی ئەو پەردەیە لەلایەن تۆوە خوێنی نەبووبێت و ووشك بووبێت، یا بەهۆی هەر ئیحتیمالێكی ترەوە بێت، گرنگ بۆ تۆ ئەوەیە، كە هەوڵ بدە بەویستنی خوای گەورە و لەبەر خاتری خوای پەروەردگار ئەم كارە بپۆشەو لای كەس باسی مەكە، بەئومێدی ئەوەی، بەڵكو خوای گەورەش تاوان و عەیب و عارەكانی تۆ بپۆشێت و لێت خۆش بێت و سەرفرازی هەردوو جیهانت بكات.
پێغەمبەری خۆشەویست () دەفەرمووێت: {...وَمَنْ سَتَرَ مُسْلِمًا سَتَرَهُ اللَّهُ يوْمَ الْقِيَامَە} حَدیث صَحیحٌ اخرَجهُ الإمامُ مُسلمٍ (رَحِمَهُ الله) فی (صحِیحِهِ) بِرَقَم (6743).
هەركەسێك لەبەر خاتری خوای پەروەردگار عەیب و عارو كەم و كوڕی موسوڵمانێك بشارێتەوە و لای كەس باسی نەكات، ئەوە بێ گومان خوای گەورەو میهرەبانیش لە پاشەڕۆژدا عەیب و عارو كەم و كوڕێكانی ئەو موسوڵمانە دەپۆشێت.
لەبەر خاتری خوای گەورە باسی مەكە، بەئومێدی ئەوەی، بەڵكو (إن شَاء الله) ئەم فەرموودە پیرۆزە بتگرێتەوەو سەرفرازی ڕۆژی قیامەت بیت.
دڵنیابە لەوەی، كە هەرچی بڵێیت هەر لە زەرەری خۆتدایە، چونكە بێ گومان سووك كردنی خێزانەكەت سووك كردنی خۆتە، چونكە خەڵكی دەڵێن ئەی بۆ حەوت ساڵە دەنگ ناكەیت و خۆت كپ كردووەو ئێستا دەنگ دەكەیت؟ وەڵامت چی دەبێت؟

بەڕێز/ م.عبید فقێ وەڵامى ئەم پرسیارەى داوەتەوە

تێبینى : مەرج نیە هەر ئافرەتێک لە شەوی یەکەم خوێنى نەبینى ئەوە ماناى ئەوەیە کە پێشتر پەردەى کچێنى لە دەست داوە چونکە نە شەریعەت و نە زانست ئەوەیان بە مەرج نەزانیوە كە كچ لە ڕۆژى گواستنەوەیدا دەبێت خوێنى هەبێت ، وە ئافرەتى وا هەیە پەردەى مەتاتیە و خوێنى نابێ و دواتر هەندێک جۆریان ئەبێ بە نەشتەرگەرى لاببرێت، وە لێكۆڵینەوە پزیشكیەكان دەریان خستوە كە هەندێك كچان هەن خوێنیان نابێت لەو شەوەدا، بۆیە بە ڕاى شەریعەت و زانستیش ئەو جۆرە ئافرەتانە تاوانیان نى یە، بەڵام داب و نەریتى كۆمەڵایەتى یە كە ستەم دەكات لەو جۆرە كچانە یان ئاستى ڕۆشنبیرى مێردەكەى.
 

سەردان: ٤,٣١٢ بەش: مافەکانى ژن و مێرد