مافەکانی ئافرەتی تەڵاقدراو لە ئیسلامدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
مافەکانی ئافرەتی تەڵاقدراو لە ئیسلامدا 
پرسیار:

ئایا مافەکانی ئافرەتی تەڵاقدراو لە ئیسلامدا چین و کامانەن؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بێگومان هەر یەک لەئافرەتی بێوەژن وتەڵاقدار مافی تەواویان هەیە لەژێر ڕوناکی ڕێنماییەکانی ئیسلام دا ، ودروست نی یە بۆ هیچ کەسێک هیچ یەکێک لەو مافانە زەوت بکات ، یاخود زیانیان پێ بگەیەنێت ، ئەو مافانەی کەقورئان وسوننەت بەدوور ودرێژی ئاماژەیان پێ داوە.

وەئافرەتی بێوەژن وتەڵاقدار بەراود بەئافرەتانی تر زیاتر عاقڵ تر و بەتەجرەبە ترن بەهۆی ئەو ژیانەی پێشوویان ، وهیچ شتێک نییە عەیب داریان بکات ، ئا ئەوە سەحابیەی بەڕێز زەینەبی کچی جەحش خوا لێی ڕازی بێت کاتێ کەمێردەکەی زەیدی کوڕی حاریسە تەڵاقی دا شووی کرد بەکەسێک کەزۆر لەو چاکتر بوو ، ئەویش پێغەمبەری خوا بوو ، وە بووە دایکی باوەڕداران تا ڕۆژی دوایی .

وە ئافرەتی تەڵاقدراو گەر تەڵاقەکەی ڕەجعی بێت ـ ئەوەش ئەوەیە کەمێردەکەی دەتوانێت بیگێڕێتەوە بەبێ عەقدێکی تازە ـ حوکمەکەی حوکی خێزانی ئاساییە ، مافی دارایی هەیە ، بەم شێوەیەیی لای خوارەوە:

یەکەم: نەفەقە ، و ماڵ و خانو لەماڵی مێردەکەی ، لەبەر گشت گیری ئەم ئایەتە : ﴿ وَعَلَى الْمَوْلُودِ لَهُ رِزْقُهُنَّ وَكِسْوَتُهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ ﴾
واته: وه‌ باوكی مناڵه‌كه‌ ئه‌بێ نه‌فه‌قه‌و پۆشاك و جل و به‌رگ بۆ ئافره‌ته‌كه‌و بۆ مناڵه‌كه‌ بكات ئه‌گه‌ر ته‌ڵاقیشی دابوو .

وە هەروەها ئەم ئایەتە: ﴿ أَسْكِنُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ سَكَنْتُمْ مِنْ وُجْدِكُمْ وَلَا تُضَارُّوهُنَّ لِتُضَيِّقُوا عَلَيْهِنَّ ﴾ .
واته: ئافره‌ت كاتێك كه‌ ته‌ڵاقی (ره‌جعی) بوو ته‌ڵاقى یه‌كه‌م یان دووه‌م بوو مافی خۆیه‌تی له‌ ماڵدا بمێنێته‌وه‌و جێگیریان بكه‌ن له‌ ماڵه‌كانتان به‌ گوێره‌ی توانای خۆتان
{ئافره‌ت ناچار مه‌كه‌ن داواى ته‌ڵاق بكات} ، به‌ڵام لێیان ته‌سك و ته‌نگ مه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ نه‌فه‌قه‌دا یان له‌ جێگادا له‌ ماڵدا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ناچار بن خۆیان داوای ته‌ڵاق بكه‌ن، یاخود ماڵ به‌جێ بهێلن یان بڵێ ماره‌یی و هیچم ناوێ ته‌نها ڕزگارم بێ له‌ ده‌ستی، یاخود لێ ته‌سك كردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڵاقی بدا ڕۆژێك دوو ڕۆژی مابێ و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی لێ تاڵ و ته‌سك بكات ئه‌مانه‌ هه‌مووی حه‌رامه‌و بێ ئه‌مری خوای گه‌وره‌یه‌.

وە ئافرەتی تەڵاقدراوی یەکجاری ، گەر سکی هەبوو ئەوا نەفەقەی بۆ هەیە تاوەکو سکەکەی دادەنێت ، خۆئەگەر سکی نەبوو ئەوا نەفەقەی بۆ نییە چونکە بۆتە کەسێکی دوور وپەیوەندی ژن ومێردایەتی نەماوە لەنێوانیاندا .

دووەم: مافێکی تر کەپێی دەوترێت( المتعة ): ئەوەش بریتی یە لەماڵێکی زیاد لەنەفەقە کەپیاو دەیدات بەو ئافرەتەی تەڵاقی داوە پێش ئەوەی بچێتە لای وبیگوێزێتەوە ، ئەوەش وەک دڵدانەوەی وتیمار کردنی حاڵەتی دەروونی ئافرەتەکەیه ، بێگومان ئەم کارە یەکێکە لەجوانیەکانی ئیسلام ، بەڵگەش ئەم ئایەتە پیرۆزەیە: ﴿ لَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ إِنْ طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ مَا لَمْ تَمَسُّوهُنَّ أَوْ تَفْرِضُوا لَهُنَّ فَرِيضَةً وَمَتِّعُوهُنَّ عَلَى الْمُوسِعِ قَدَرُهُ وَعَلَى الْمُقْتِرِ قَدَرُهُ مَتَاعًا بِالْمَعْرُوفِ حَقًّا عَلَى الْمُحْسِنِينَ ﴾. 
واته: دیسان گوناهبار نابن ئه‌گه‌ر هاتوو خێزانتان ته‌ڵاق دا كه‌ هێشتا جیماعتان له‌گه‌ڵدا نه‌كردووه‌و نه‌تانگواستۆته‌وه‌ ، یان هێشتا ماره‌ییه‌كه‌تان پێی نه‌داوه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌گه‌ر ماره‌یی دیاری نه‌كرابوو ماره‌یی ئافره‌تانی هاوشێوه‌ی خۆی پێ ئه‌درێ ، وه‌جگه‌ له‌ ماره‌یی بۆ دڵدانه‌وه‌یان پۆشاك و شتومه‌كیان پێ بده‌ن [عَلَى الْمُوسِعِ قَدَرُهُ] كه‌سێك كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌و حاڵی باشه‌ با زیاتر بدات ،وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌متر ده‌ستی ئه‌ڕوات كه‌متر بدات به‌چاكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ عورف و داب و نه‌ریتدا به‌ چاكه‌ ناوبرا بێت ، وه‌ حه‌قه‌ له‌سه‌ر چاكه‌كاران.

وە بابەتی ( المتعة ) بۆ هەموو جۆرە ئافرەتێک کارێکی چاک وسوننەتە ، بەبەڵگەی گشت گیری ئەم ئایەتە: ﴿ وَلِلْمُطَلَّقَاتِ مَتَاعٌ بِالْمَعْرُوفِ حَقًّا عَلَى الْمُتَّقِينَ ﴾ [البقرة: 241]. 
واته: وه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ ته‌ڵاق دراون نه‌فه‌قه‌ی خۆیان بۆ هه‌یه‌ به‌چاكه‌ وه‌ حه‌قه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن كه‌ خێزانیان ته‌ڵاق دا نه‌فه‌قه‌یان بكه‌ن ئه‌گه‌ر ته‌ڵاقه‌كه‌ ره‌جعی بوو، وه‌ ئه‌و ماره‌ییه‌ی كه‌ له‌شه‌رع دانراوه‌ پێیان بده‌ن. 

وەک وتمان ئەوەش ماڵێکە پیاو دەیدات بەو ئافرەتەی کەتەڵاقی داوە ، بەهۆی هۆکارێکە کە خەتای ئافرەتەکەی تێدا نی یە زۆر جار .
جا بەداخەوە  لەم ڕۆژگارەدا خەڵکێکی زۆر لەو مافە ماڵیە بۆ ئافرەتی تەڵاقدار بێ ئاگان ، وکەم کەس لەم ڕۆژگارەدا ئەو مافە دەدات ؛ چونکە زۆر لەئافرەتان پێداگری ناکەن لەپێناو دروست نەبووی ناخۆشی و دوو بەرەکی..

سێیەم: مافی مارەیی : ئەوەش ئەندازەکەی ئەوەندەیە کا پێشتر لەسەری ڕێك کەوتوون ، جا هەمووی گەر دوای چوونە لای تەڵاقی دابێت ، ودروست نی یە بۆ پیاو هیچ بەشێکی لێ ببڕێت مەگەر بەڕەزامەندی ئافرەتەکە نەبێت ، بەڵگەش ئەم ئایەتە پیرۆزەیە: ﴿ وَإِنْ أَرَدْتُمُ اسْتِبْدَالَ زَوْجٍ مَكَانَ زَوْجٍ وَآتَيْتُمْ إِحْدَاهُنَّ قِنْطَارًا فَلَا تَأْخُذُوا مِنْهُ شَيْئًا أَتَأْخُذُونَهُ بُهْتَانًا وَإِثْمًا مُبِينًا * وَكَيْفَ تَأْخُذُونَهُ وَقَدْ أَفْضَى بَعْضُكُمْ إِلَى بَعْضٍ وَأَخَذْنَ مِنْكُمْ مِيثَاقًا غَلِيظًا ﴾ [النساء: 20، 21]
واته: وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو خێزانێكی ترتان هێنا وه‌ قینتارێك ماره‌ییتان پێیدا، واته‌: سه‌د ڕه‌تڵ ئاڵتوونتان پێیدا، ئه‌وه‌نده‌ زۆرتان دا ، پاشان ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌ڵاقت دا نابێ هیچ له‌ ماره‌ییه‌كه‌ی لێ بسه‌نیته‌وه‌ ، ئایا ئێوه‌ ئه‌و ماره‌ییه‌یان لێ ئه‌سه‌ننه‌وه‌ به‌بێ حه‌ق ئه‌مه‌ بوهتان و ناحه‌قییه‌ وه‌ تاوانێكی زۆر ئاشكرایه‌و حه‌رامه‌. 
 وه‌ چۆن ئێوه‌ ئه‌و ماره‌ییه‌ له‌ ئافره‌تان ئه‌سه‌ننه‌وه‌ كاتێك كه‌ ئێوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ جیماع و سه‌رجێیتان كردووه‌ ، وه‌ پێشتریش عه‌قدو به‌ڵێنێكی ئه‌ستوور له‌ نێوانتاندا هه‌بووه‌ كه‌ عه‌قدی ماره‌بڕین بووه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو پیاو خێزانه‌كه‌ی گواسته‌وه‌و جیماعی له‌گه‌ڵ كردو دواى ئه‌وه‌ ته‌ڵاقیدا ئه‌وه‌ ئه‌و ماره‌ییه‌ هه‌مووی بۆ خێزانه‌كه‌ ئه‌بێت، وه‌ ئه‌گه‌ر پێش گواستنه‌وه‌ ته‌ڵاقى بدات ئه‌وه‌ نیوه‌ى ماره‌ییه‌كه‌ى ده‌كه‌وێت، ئیلا ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه‌ خۆی داوای ته‌ڵاق و خولع بكات ئه‌و كاته‌ هیچى ناكه‌وێت و ده‌بێت ماره‌ییه‌كه‌ بۆ پیاوه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

وەهەروەها ئایەتی: ﴿ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا فِيمَا افْتَدَتْ بِهِ ﴾ [البقرة: 229] .
واته: وه‌ ئه‌گه‌ر ترستان هه‌بوو ئه‌مانه‌ سنووری خوای گه‌وره‌ جێبه‌جێ ناكه‌ن ئه‌وه‌ هیچ تاوانێكیان له‌سه‌ر نیه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ئافره‌ته‌ ماره‌ییه‌كه‌ی بۆ پیاوه‌كه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، واته‌: داوای (خولع) و ته‌ڵاقی كرد ئه‌وكاته‌ ماره‌ییه‌كه‌ بۆ پیاوه‌كه‌ ئه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ .

وە ئەگەر پێش چوونە لای ودوای ناو نانی مارەیەکە تەڵاقی دا ئەوا نیوەی ئەو مارەیەیی بۆ هەیە کەدیاری کراوە ، هەوەک خوای گەورە فەرموویەتى: ﴿ وَإِنْ طَلَّقْتُمُوهُنَّ مِنْ قَبْلِ أَنْ تَمَسُّوهُنَّ وَقَدْ فَرَضْتُمْ لَهُنَّ فَرِيضَةً فَنِصْفُ مَا فَرَضْتُمْ ﴾ [البقرة: 237].
واته: وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو خێزانه‌كانتان ته‌ڵاق دا پێش ئه‌وه‌ی كه‌ بیانگوازنه‌وه‌و جیماعیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن وه‌ ماره‌ییه‌كه‌تان دیاری كردبوو ، ئه‌وه‌ ئه‌بێ نیوه‌ی ماره‌ییه‌كه‌یان بده‌نێ، كه‌سێك ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات پێش ئه‌وه‌ی بیگوازێته‌وه‌ ئه‌بێ نیوه‌ی ماره‌ییه‌كه‌ی بداتێ له‌ پێشه‌كی و پاشه‌كی .

بەڵام گەر دوای گواستنەوە وچوونە لای تەڵاقی دا ، وپێش ئەوەی مارەییەکە دیاری بکرێت ، ئەوا مارەیی هاوشێوەی  ئافرەتانی خۆی بۆ هەیە کەپێی دەوترێت ( مهر المثل ) ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پێرۆزە: ﴿ فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً ﴾ [النساء: 24].
واته: ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ سوودتان له‌و ئافره‌تانه‌ بینی به‌جیماع كردن و نزیك بوونه‌وه‌و نیكاحی شه‌رعی ئه‌وا ماره‌یی خۆیانیان بده‌نێ، وه‌ وتراوه‌: (فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ) مه‌به‌ست پێی موتعه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ئیسلامدا حه‌ڵاڵ بووه‌ پاشان نه‌سخ بۆوه‌ كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ له‌ بوخاری و موسلیم هاتووه‌ ئیمامی عه‌لى گێڕاویه‌تیه‌وه‌: (أَنَّ النَّبِيَّ- - نَهَى عَنْ نِكَاحِ الْمُتْعَةِ يَوْمَ خَيْبَرَ، وَعَنْ لُحُومِ الْحُمُرِ الْأَهْلِيَّةِ) (البخاري (5115) مسلم (1407)) پێغه‌مبه‌ری خوا- - نه‌هی كرد له‌ نیكاحی موتعه‌و سیخه‌ وه‌ له‌ گۆشتی گوێدرێژی ماڵی له‌ غه‌زای خه‌یبه‌ردا.

 چوارەم: مافی بوون بەوارس ، ئافرەتی تەڵاقدراو لەتەڵاقی ڕەجعی دا ، گەر مێردەکەی لەعادەکەیدا مرد ئەوا وەک هەر ئافرەتێکی تری ئاساییە کەلای مێرەکەیەتی ومیراتی بەردەکەوێت ، ودروست نی یە هیچی لێ ببڕدرێت ،مەگەر بەڕەزامەندی خۆی نەبێت ، وئەوەی کەگوێمان لێ دەبێت لەبێ بەش کردنی ئافرەت بەحەزی مێرد ئەوا پێچەوانەی شەرعە ، وشکاندنی سنووری خودایە ، وخودا ئەوەی داناوە وکەس بۆی نی یە بەتاڵی کاتەوە.

پێنجەم: ئەو مافە دارایانەی کەپێویستە لەسەر پیاو:
ئافرەتی تەڵاقدراو تەواوی ئەومافە دارایانەی بۆ هەیە کەهی مێردەکەیەتی ، وەک قەرز ، وئەرز وهاوشێوەی ئەمانه ، وبەهەمان شێوە ئافرەتی مێرد مردووش مافی دارایی بۆهەیە  دوای مردنی مێردەکەی ، میراتی بۆ هەیە لەو ماڵەدا ودروست نی یە لێی وەربگیردرێت و زەوت بکرێت مەگەر بەڕەزامەندی خۆی نەبێت ، وئەگەر مێردەکەی ماڵی بەجێ نەهێشتبێت ئەوەندەی بەشی خۆی منداڵەکانی بکات ، ئەوا مافی ئەوەی هەیە خێر وزەکاتی پێ بدرێت ، پێغەمبەر فەرموویەتی"الساعي على الأرملة والمسكين كالمجاهد في سبيل الله".
واتە: ئەو کەسەی یارمەتی بێوەژن وهەژار دەدات ئەوا وەک تێکۆشەر وایە لەپێناوی خودادا .

 شەشەم: مافی تەڵاقدراو لەمنداڵ بەخێو کردندا :
ئافرەتی تەڵاقدراو دەتوانێت منداڵەکەی بەخێو بکات ، ونەفەقەی بۆ هەیە تا ماوەی دوو ساڵ ، ودروست نی یە منداڵەکەی لێ وەرگرێتەوە ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە: ﴿ لَا تُضَارَّ وَالِدَةٌ بِوَلَدِهَا وَلَا مَوْلُودٌ لَهُ بِوَلَدِهِ ﴾ [البقرة: 233]. 
واته: نابێ دایكێ زیان به‌ مناڵه‌كه‌ی یان به‌ پیاوه‌كه‌ بگه‌یه‌نێ كه‌ شیر به‌ منداڵه‌كه‌ نه‌دات یان شیری پێ بدات به‌ڵام داوای پاره‌ی زۆر له‌ پیاوه‌كه‌ بكات كه‌ له‌ توانایدا نه‌بێ ، وه‌ پیاوه‌كه‌ش نابێ زه‌ره‌ر له‌ ئافره‌ته‌كه‌ بدات به‌وه‌ی كه‌ منداڵه‌كه‌ی لی بسه‌نێته‌وه‌ یان پاره‌ی كه‌می بداتێ كه‌ مناڵه‌كه‌ی بۆ به‌خێو ئه‌كات و شیری پێ ئه‌دات .

وە ئەم مافە یەکێکە لەو مافانەی کەزۆرترین جار ستەمی تێدا دەکرێت لەئافرەت لەلایەن مێردەوە ، وهەرکات منداڵەکە لەشیر بڕایەوە ئافرەتەکە مافی بەخێو کردنی ئەو منداڵەی بۆ هەیە تا دەگاتە حەوت ساڵ گەر دایکەکە شووی نەکردبێت.

هۆکارەکانی حاڵەتی تەڵاق لەم سەردەمەدا :
1- پەلە کردنی هەردوو لا لەهەڵبژادندا .
2- یەکتر نەبینینی کچ وکوڕ ، لەکاتێکدا دروستە لەشەرعدا .
3- دوور ئاستی عەقڵی و ڕۆشنبیر وکۆمەڵایەتی .
4- کردنی تاوان ، چەندان ئافرەت پیاوەکانیان جێ هێشت لەبەر ئەوەی مێردەکانیان نوێژی نەدەکرد ، یاخود لەبەر ئەوەی مادە هۆشبەرەکانی بەکار دەهێنا .
5- خراپی مامەڵە کردن جا لەلایەن پیاوەوە بێت یاخود ئافرەت ، وستەم کردن لەیەک ونەبوونی ئینساف .

سەردان: ٤,١٠٥ بەش: مافەکانى ژن و مێرد