نوێژی ئیستیخارە چیە؟ وە حوکمەکەى چۆنە و چۆن ئەنجام دەدرێ ؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئێمە (10) خاڵی گرنگ سەبارەت بە نوێژى ئیستیخارە دەخەینە ڕوو بە ئومێدی ئەوەى وەڵامی زیاترت دەست بکەوێ لە پرسیارەکەى بەڕێزت .
1- پێناسەی : نوێژى ئیستیخارە واتە ئەو نوێژەى كە داوا لە خوا دەكەیت كام شتە چاكە ئەوەت بۆ بكات کاتێک لە شتێ دو دڵ بویت ، واتە ڕووکردنە پەروەردگار کە هیممەتت کۆبکاتەوە بۆ ئەو شتەی لای خوا پەسەند و هەڵبژێردراوە .
2- حوکمەکەى : زانایان یەکدەنگن لەسەر ئەوەى نوێژى ئیستیخارە سوننەتە .
3- حیکمەت لە نوێژى ئیستیخارە : تەسلیم بوونە بۆ فەرمانى پەروەردگار و دەرچوون و ڕزگار بوون لە دودڵی و دڵەڕاوکێ لەو کارەى کە دەتەوێ ئەوەش بە داواکردنى خێری دونیا و دواڕۆژ لە خواى گەورە .
4- هۆکارەکەى : زانایانی هەر چوار مەزهەبەکە یەکدەنگن لەسەر ئەوەى کە نوێژى ئیستیخارە لەو کارانە دەکرێ کە بەندە نازانێ توشی خێر دەبێ یان شەڕ .
5- شێوازەکەى : شێوازى نوێژەكە ئەوەیە دوو ڕكات نوێژ دەكەیت وەكو چۆن دوو ڕكات سوننەت دەكەیت بە نییەتى نوێژى (الإستخارة) نیەتەکەش لە دڵەوە دەهێنی و بە زمان نایڵێی ، پاش سەلام دانەوە دوعاکەى دەخوێنی .
6- دوعاکەى : دواى سەلام دانەوە ئەم دوعایە دەخوێنی و دەڵێی: ( اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْتَخِيرُكَ بِعِلْمِكَ وَأَسْتَقْدِرُكَ بِقُدْرَتِكَ وَأَسْأَلُكَ مِنْ فَضْلِكَ الْعَظِيمِ فَإِنَّكَ تَقْدِرُ وَلَا أَقْدِرُ وَتَعْلَمُ وَلَا أَعْلَمُ وَأَنْتَ عَلَّامُ الْغُيُوبِ اللَّهُمَّ إِنْ كُنْتَ تَعْلَمُ أَنَّ هَذَا الْأَمْرَ -ناوى پێویستى یەكەى دەهێنى- خَيْرٌ لِي فِي دِينِي وَمَعَاشِي وَعَاقِبَةِ أَمْري -یان فەرمووى- (عَاجِله وَآجِلِهِ) فَاقْدُرْهُ لِي وَيَسِّرْهُ لِي ثُمَّ بَاركْ لِي فِيهِ وَإِنْ كُنْتَ تَعْلَمُ أَنَّ هَذَا الْأَمْرَ شَرٌّ لِي فِي دِينِي وَمَعَاشِي وَعَاقِبَةِ أَمْري -یان فەرمووى- (عَاجِله وَآجِلِهِ) فَاصْرفْهُ عَنِّي وَاصْرفْنِي عَنْهُ وَاقْدُرْ لِي الْخَيْرَ حَيْثُ كَانَ ثُمَّ أَرْضِنِي).
7- ماناکەى: واتە خوایە من بە زانستى خۆت داواى خێرو چاكەت لێ دەكەم وداواى توانات لێ دەكەم بە تواناى خۆت وە لە فەزڵى گەورەت داوات لێ دەكەم بەڕاستى تۆ دەتوانى ومن ناتوانم و تۆ زاناى و من نازانم و تۆ زاناى نهێنی ى غەیبەكانى، خوایە ئەگەر ئەم مەسەلەیە چاكە و خێرى تیایە بۆ دین و ژیان و بژێوى و كۆتایى تەمەنم یان ئێستا و كۆتایم ئەوا خوایە بەنسیبم بكەیت و ئاسانى بكەیت لەسەرم و بەرەكەتى تێ بخە بۆم وە ئەگەر ئەم كارە خراپە بۆ دین و بژێوى وكۆتایى تەمەنم یان ئێستا و كۆتایم ئەوا خوایە لێم دووربخەرەوە و منیش لەو دوور بخەرەوە و خەیو چاكەم بە نسیب بكە لە هەر شوێنێك و پاشان دەروونم ڕازى بكە پێى.
8- شوێنی دوعاکردنەکەی : زانایانی هەر چوار مەزهەبەکە یەکدەنگن لەسەر ئەوەى کە دوعاى نوێژى ئیستیخارە لە دواى سەلام دانەوەى نوێژەکە دەخوێنرێت ، ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ فەرمودەى پێغەمبەرى خوا ﷺ.
9- ڕاوێژکردن پێش ئیستیخارە : ئیمامی نەوەوی ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەفەرموێ : سوننەتە پێش ئەنجامدانى نوێژى ئیستیخارە پرس و ڕاوێژ بەکەسانی چاکو دیندار و بەئەزمون بکات ، کاتێک بۆی دەرکەوت کارەکە لەبەرژەوەندییەتى ئەوکاتە نوێژى ئیستیخارە بکات .
10- ئەوەى دەخوێنرێ تیایدا : لە هەر چوار مەزهەبەکە جگە لە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەد دەفەرمون : سوننەتە لە ڕکاتى یەکەم دواى خوێندنی سورەتى (فاتحە) سورەتى : (قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ ) بخوێنرێ و لە ڕکاتى دووەم دواى خوێندنی سورەتى (فاتحە) سورەتى : (قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ) بخوێنێ .
تێبینی : شێخ بن باز رحمه الله دەفەرموێ : دروستە نوێژی ئیستیخارە دووبارە بکرێتەوە تا ئەو کاتەی دڵی ئاو دەخواتەوە و ئارام دەبێت بۆ ئەو کارەی دەیەوێ .
ستافی وەڵامەکان