سوننەتی موئەکەدە ، فەزڵەکەی وکاتەکەی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سوننەتی موئەکەدە ، فەزڵەکەی وکاتەکەی
پرسیار:

سوننەتى موئەکەدە دەبێت بە چەند بەشەوە؟
وە فەزڵى ئەنجامدانى چیە؟
وە ئایا سوننەتەکانی پێش نوێژ ، پێش هاتنی کاتی نوێژ ئەنجام دەدرێن یاخود دوای بانگ ؟
دەتوانم پێش ئەوەی بانگی عەسڕ بدات چوار ڕکاتی سوننەتی پێش عەسر بکەم ؟
یاخود پێویستە چاوەڕێ بکەم تاوەکو بانگ دەدات ئەوکات نوێژە سوننەتەکان بکەم پاشان نوێژی فەرز ؟
وە ئایا دوو دوو دەکرێت یان چوار ڕکات پێکەوە؟

1- سوننەتی موئەکەدە دەبێتە دوو بەشەوە :

یەکەم :  ئەوانەی لەپێش نوێژە فەرزەکانەوە دەکرێن ئەوەش :
دوو ڕکاتی پێش نوێژی بەیانی ، وچوار ڕکاتی پێش نوێژی نیوەڕۆیە .

دووەم : ئەوانەی لەدوای نوێژە فەرزەکانەوە دەکرێن ئەوەش :
دوو ڕکات دوای نیوەڕۆ و دوو ڕکات دوای مەغڕیب ودوو ڕکات دوای عیشایە .
2- لەبارەی فەزڵی ئەم نوێژانەوە ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر هەیە : (" مَنْ صَلَّى فِي يَوْمٍ وَلَيْلَةٍ ثِنْتَيْ عَشْرَةَ رَكْعَةً بُنِيَ لَهُ بَيْتٌ فِي الْجَنَّةِ أَرْبَعًا قَبْلَ الظُّهْرِ وَرَكْعَتَيْنِ بَعْدَهَا وَرَكْعَتَيْنِ بَعْدَ الْمَغْرِبِ وَرَكْعَتَيْنِ بَعْدَ الْعِشَاءِ وَرَكْعَتَيْنِ قَبْلَ صَلاةِ الْفَجْرِ ") .
رواه الترمذي رقم 380 وصححه الألباني في صحيح الجامع 6362
واتە : هەر کەسێک لەشەو وڕۆژێکدا دوازدە 12 ڕکات نوێژ بکات ئەوا لەبەهەشتدا ماڵێکی بۆ دروست دەکرێت ، ئەوەش بریتی یە لە :
چوار ڕکات پێش نیوەڕۆ ودوو ڕکات لەدوایەوە ، ودوو ڕکات دوای مەغڕیب ، ودوو ڕکات دوای عیشاو ، دوو ڕکاتی پێش بەیانی .

3- کاتی ئەنجام دانی سوننەتی پێش نوێژ کاتێکە کەبانگی دابێت وکاتی ئەو نوێژە هاتبێت .

4- وەهەروەها کاتی ئەنجام دانی سوننەتی دوای نوێژ لەدوای نوێژە فەرزەکەوە دەس پێ دەکات تاوەکو تەواو بوونی کاتی ئەو نوێژە .

ابن قدامة رحمه الله دەڵێت :
" كل سنة قبل الصلاة فوقتها من دخول وقتها إلى فعل الصلاة ، وكل سنةٍ بعدها فوقتها من فعل الصلاة إلى خروج وقتها " المغني (2/544) .
واتە : هەموو سوننەتێکی پێش نوێژەکان کاتەکەی کاتێک دەس پێ دەکات کەبانگی دابێت بۆ ئەو نوێژە ، وسوننەتی دوای نوێژەکانیش کاتەکەی لەدوای نوێژە فەرزەکەوە دەس پێ دەکات تاوەکو تەواو بوونی کاتی ئەو نوێژە .

هەر بۆیە دروست نیە سوننەتی پێش نوێژە فەرزەکان ئەنجام بدرێت تاوەکو کاتی ئەو نوێژە دێت وبانگی بۆ دەدرێت ، بەڵکو دەبێت چاوەڕێ بکرێت تاوەکو کاتەکەی دێت پاشان ئەنجام بدرێت .

5- بەنیسبەت نوێژی عەسڕەوە سوننەتی موئەکەدە لەپێشیەوە نی یە بەس چوار ڕکات سوننەت هەیە بەڵام وەک سوننەتی موئەکەدە خێر وفەزڵی نی یە ، ئەو چوارەش لەم فەرموودەیەدا هاتووە : (رَحِمَ اللَّهُ امْرَأً صَلَّى قَبْلَ الْعَصْرِ أَرْبَعًا ). " رواه الترمذي رقم 395 وقال : هَذَا حَدِيثٌ غَرِيبٌ حَسَنٌ وحسنه الألباني في صحيح الجامع رقم 3493 .
واتە : ڕەحمەتی خوا لەو کەسەی کەپێش عەسڕ چوار ڕکات نوژ دەکات .

6- جا هەموو نوێژە سوننەتە چوار ڕکاتیەکان دوو ڕکات دوو ڕکات ئەنجام دەدرێن ئەمەش مەزهەبی شافعیەکان وحەنبەلیەکانە والله تعالى أعلم .

سەردان: ٧,٩٠٩ بەش: نوێژە سوننەتەکان