مانای ئیخلاص: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مانای ئیخلاص
پرسیار:

ماناى ئیخلاص چیە؟ وە ئەگەر كەسێك بە عیبادەت كردنەكەی شتێكى ترى بووێت ئەوا حوكمى چیە؟    

ئیخلاص بۆ خواى گەورە ماناكەى بریتیە لەمە: " مرۆڤ مەبەستى لە خواپەرستیەكەى نزیك بوونەوە بێت لە خواى گەورە و گەیشتن بێت بە بەهەشت ".   
وە ئەگەر كەسێك نیەت و ویستى شتى ترى هەبێت لە خواپەرستیەكەیدا ئەوا وردەكاریەكى تێدا هەیە بەگوێرەى ئەم پۆلێن كردنەى خوارەوە:   
بەشی یەكەم: مەبەستى نزیك بوونەوە بێت بۆ لاى غەیرى خوا بە عیبادەتەكەى و نیەتى دەستكەوتنى وەصف و ستایش كردنى خەڵكى بێت، ئەوا كردەوە پووچەڵ دەكاتەوە و لە شیرك و هاوبەش دانانە بۆ خوا. وفي الصحيح من حديث أبي هريرة –رضي الله عنه- أن النبي قال: قال الله تعالى: ((أنا أغنى الشركاء عن الشرك، من عمل عملاً أشرك فيه معي غيري تركته وشركه))(1). واتە: پێغەمبەرى خوا    دەفەرموێت: خواى گەورە فەرموویەتى: " من بێ پێویستترینى هاوبەشەكانم لە هاوبەش بڕیارداندا، ئەوەى كارێك بكات و لەگەڵ مندا هاوبەشم بۆ پەیدابكات لە غەیرى خۆم ئەوا واز لە خۆى و هاوبەش بڕیاردانەكەى دەهێنـم".
بەشی دووەم: ئەوەیە كە كەسێك بەعیبادەت كردنەوەى مەبەستى گەیشتن بێت بە ئامانجێكى دونیایی وەكو سەرۆكایەتى و پلەوپۆست و ماڵ ودارایی، بەبێ ئەوەى نیەتى نزیك بوونەوە بێت لەخواى گەورە، جا ئەمە كردەوەكەى پووچەڵ دەبێتەوە و نزیكى ناكاتەوە لەخوا. لەبەر ئەم ئایەتە:(مَنْ كَانَ يُرِيدُ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا نُوَفِّ إِلَيْهِمْ أَعْمَالَهُمْ فِيهَا وَهُمْ فِيهَا لا يُبْخَسُونَ 15 أُولَئِكَ الَّذِينَ لَيْسَ لَهُمْ فِي الآخِرَةِ إِلاَّ النَّارُ وَحَبِطَ مَا صَنَعُوا فِيهَا وَبَاطِلٌ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ) (هود:16) .
 واتە: ئەوەى بەكردەوەكانى ژیانى دونیا و خۆشیەكانى دەوێت ، ئەوا لەژیانى دونیادا بەتەواوى و بێكەم وكوڕى پاداشتى كردەوەكانیان دەدەینەوە . بەڵام ئەوانە لەڕۆژى دواییدا جگە لە ئاگرى دۆزەخ كە ئازارى گەرمیەكەى دەچێژن هیچى تریان بۆ نیە ، و سوودى ئەوەى كە كردبوویان نەمابوو ، و كردەوەكانیان پووچەڵ بووبوویەوە ، چونكە لە پێناوى خواى پەروەردگاردا ئەنجامیان نەدابوو .
وە جیاوازى نێوان ئەمە وئەوەى پێشوو ئەوەیە كە یەكەمیان مەبەستى وەصف وستایش بكرێت بەوەى كە ئەم كەسە خواپەرستە ودڵسۆزە، بەڵام ئەمەى دووەمیان مەبەستى ئەوەیە نیە كە لەلایەن خەڵكیەوە وەصف بكرێت یان نا بەوەى كە خواپەرستە و ستایشی خەڵكى گرنگ نیە بەلایەوە.   
بەشی سێ یەم: كەسێكە كە لەگەڵ مەبەستى نزیك بوونەوەى لەخوا مەبەستى دونیاییشی هەبێت كەبەو عیبادەتە دەست دەكەوێت.
 بۆ نمونە بەدەست نوێژ لەگەڵ نیەتى خواپەرستیەكەدا نیەتى ئەوەیشی هەیە كە دەستنوێژ جەستە چالاك دەكات و پاكى دەكاتەوە، وە لەنوێژكردندا هاوكات مەبەستیشی ڕاهێنان و جوڵەى لەشە، وە بەرۆژو گرتنیش نیەتى خۆلاوازكردنەوە و لابردنى زیادەى لەشى هەبێت لەگەڵ ئیخلاصدا و بەحەج كردنیش مەبەستى بینینی دروشمەكان و حاجیەكانى ماڵى خوا بێت، ئەوا لەم حاڵەتانەدا كەباسیان كرا پاداشتى ئیخلاصەكە كەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر لایەنى نیەتى خواپەرستیەكە زاڵتر و زۆرتر بوو ئەوا تەنها كامڵ بوونى پاداشتەكەى لەدەست دەچێت، بەڵام زیانى پێ ناگەیەنێت توخن كردنى تاوان و خراپە لەبەر ئەم ئایەتە كەلەبارەى حاجیانەوە دەفەرموێت :(لَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ أَنْ تَبْتَغُوا فَضْلاً مِنْ رَبِّكُمْ).(البقرة: الآية: 198) . واتە: هیچ تاوانتان ناگات ئەگەر ڕزق و ڕۆزى لەپەروەردگارتان بخوازن وقازانجێك بكەن بەهۆى بازرگانى كردنتانەوە لە ڕۆژانى حەجدا.
بەڵام ئەگەر نیەتەكەى تر زاڵتر و زۆرتر بوو بەسەر خواپەرستیەكەدا ئەوا لە دوارۆژدا پاداشتى بۆ نیە و بەڵكو پاداشتەكەى ئەوەیە كەلە دونیادا دەستى كەوتووە، وە ترسی ئەوەیە كە تاوانباریش بێت بەوە چونكە ئەو كەسە بەرزترین ئامانج كە عیبادەتە كردوویەتیە هۆكارێك بۆ دونیاى بێ بایەخ، وە نمونەى ئەو كەسەش وەكو ئەوانەیە كە خواى گەورە دەربارەیان دەفەرموێت: (وَمِنْهُمْ مَنْ يَلْمِزُكَ فِي الصَّدَقَاتِ فَإِنْ أُعْطُوا مِنْهَا رَضُوا وَإِنْ لَمْ يُعْطَوْا مِنْهَا إِذَا هُمْ يَسْخَطُونَ) (التوبة:58) واتە: لە نێو دووڕوواندا كەسى وایان هەیە تانەت لێدەگرێت لە دابەشكردنى سەدەقە ، جا ئەگەر پشكیان بەر بكەوێت وبەشیان بدرێت ئەوا بێدەنگ دەبن و قایل دەبن ، وە ئەگەر پشكیان بەر نەكەوێت ئەوا لێت بێزاردەبن و كەم وكوڕیت دەدەنەپاڵ.
 وفي سنن أبي داود عن أبي هريرة –رضي الله عنه- أن رجلاً قال: يا رسول الله رجل يريد الجهاد وهو يريد عرضاً من عرض الدنيا . فق النبي : ((لا أجر له))(2). فأعاد ثلاثاً والنبي يقول: ((لا أجر له)) .
واتە: لە ئەبی هورەیرەوە رضی الله عنه دەڵێت: پیاوێك ووتى: ئەى پێغەمبەرى خوا    كەسێك دەیەوێت جیهاد بكات و بەڵام دەستكەوتێكى دونیایی دەوێت لەوەدا، پێغەمبەرى خوایش    فەرمووێ: " پاداشتى بۆ نیە" پیاوەكە سێ جار دووبارەى كردەوە و پێغەمبەری خوایش    دەیفەرموو: " پاداشتى بۆ نیە ".
 وفي الصحيحين عن عمر بن الخطاب –رضي الله عنه- أن النبي قال: ((من كانت هجرته لدنيا يصيبها، أو امرأة ينكحها فهجرته إلى ما هاجر إليه))(3)  
 واتە: لە عومەرى كوڕى خەتابەوە رضی الله عنه كە پێغەمبەرى خوا    فەرموویەتى: " ئەوەى لە كۆچ كردنەكەیدا مەبەستى دونیا بێت كە شتێكى دەست بكەوێت، یان ئافرەتێك بێت كە بیخوازێت ئەوا كۆچ كردنەكەى بۆلاى ئەو شتەیە كە كۆچى بۆ كردووە ".
ئەگەریش هەردوو نیەتەكە وەكو یەك بوون واتە نیەتى خواپەرستیەكە و نیەتە دونیاییەكەى وەكو یەك وەها بوون ئەوا جێگاى تێڕامانە و نزیكتریش ئەوەیە كە پاداشتى بۆ نیە و وەكو كەسێك وەهایە كە كردەوە بۆ خوا و جگە لەخوایش دەكات.   
وە جیاوازى نێوان ئەم بەشە و ئەوەى پێشووى ئەوەیە كە نیەتى جگە لەخواپەرستى لە بەشی پێشوودا نیەتێكە كەبە زەرورەت بەدەست هاتووە بۆیە ویستەكەى ویستێكى دەستكەوتووە بەكردەوەكەى بەزەرورەت وەكو بڵێى تەنها مەبەستى ئەو دەرئەنجامە دونیاییەیە كە كردەوەكە هەیەتى.   
ئەگەر ووترا: ئایا پێوەر چیە بۆ دیارى كردنى ویست ونیەت تا بزانیت نیەتى خواپەرستى زاڵترە یان نیەتى جگە لەخواپەرستى؟   
دەڵێین: پێوەر ئەوەیە كە ئەگەر كەسەكە تەنها گرنگى بە عیبادەتەكە دا و خەمخۆرى بوو كەئایا ئەنجامى داوە یان نا ئەوا بەڵگەى ئەوەیە كە نیەتى خواپەرستیەكە زاڵتر و زۆرترە وبە پێچەوانەشەوە ڕاستە .   
بەهەرحاڵ نیەت كە ووتەو گوفتارى دڵە پێگەیەكى گەورەى هەیە و مەترسیدار و ترسناكیشە چونكە جارى وا هەیە بەندە بەرز دەكاتەوە بۆ پلەى ڕاستگۆیان و دایشی دەبەزێنێت بۆ خواروى خوارەوەى ئاگر، بۆیە هەندێك لەسەلەف ووتویانە: " ململانێ و تێكۆشانم نەكردووە لەگەڵ نەفسمدا لەسەر شتێك ئەوەندەى تێكۆشانم كردووە لەگەڵیدا لەسەر ئیخلاص ". جا داواكارین لەخوا كە ئیخلاصمان بەنسیب بكات لە نیەتدا و چاكێتی وڕێكیش لەكردەوەدا.   
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(1) أخرجه مسلم في كتاب الزهد والرقائق، باب من أشرك في عمله غير الله (2985) .
(2) أخرجه أبو داود، كتاب الجهاد، باب فيمن يغزو ويلتمس الدنيا (2516) . والنسائي كتاب الجهاد باب من غزا يلتمس الأجر والذكر (3140) .
(3) أخرجه البخاري، كتاب بدء الوحي، باب كيف بدأ الوحي إلى رسول الله (1)، ومسلم، كتاب الإمارة، باب إنما الأعمال بالنية (1907) .

سەردان: ٤,٢٧٧ بەش: باوەڕبون بە خوا