حوكمى دانانى دەستى ڕاست لەسەر دەستى چەپ چییە لەسەر سنگ یان لەسەروى دڵەوە؟ وە حوكمى دانانى دەستەكان لە خواروى ناوكەوە چییە؟ وە ئایا جیاوازى لە نێوان پیاو و ئافرەتدا هەیە لەوەدا؟
دانانى دەستى ڕاست لەسەر دەستى چەپ لە نوێژدا سوننەتە لەبەر فەرموودەى سەهلى كوڕى سەعد رضي الله عنه كە دەڵێت: ((كان الناس يؤمرون أن يضع الرجل يده اليمنى على ذراعه اليسرى في الصلاة)). أخرجه البخاري(١)
واتە: خەڵكى فەرمانیان پێكرا بەوەى كە كەسێك دەستى ڕاستى لەسەر باڵى چەپی دابنێت لە نوێژدا.
بەڵام لە كوێ دایبنیت؟
وەڵام: نزیكترین ڕاو بۆچون یان وتە لەم بوارەدا ئەوەیە كە دانانى دەست لەسەر سنگە لەبەر فەرموودەكەى وائیلى كوڕى حجر رضي الله عنه كە دەلێت: ((كان يضع يده اليمنى على اليسرى على صدره ))(٢)
واتە: پێغەمبەرى خوا ﷺ دەستى ڕاستى لەسەر دەستى چەپی دادەنا لەسەر سنگى. جا فەرموودەكە هەرچەندە هەندێك لاوازى تێدایە، بەڵام نزیكترینیانە لە صحەتەوە.
بەڵام دانانى لەسەر دڵ و لاى چەپ ئەوا بیدعەیە و هیچ بنچینەیەكى نییە.
هەروەها دانانى لەژێـر ناوك ئەوا ئەسەرێك ریوایەت كراوە لە عەلیەوە رضي الله عنه (٣) بەڵام لاوازە، وە فەرموودەكەى وائیلى كوڕى حجر لەوە بەهێزترە.
وە ئەم حوكمە هیچ جیاوازیەكى نییە بۆ پیاو و ئافرەت، چونكە لە بنچینەدا پیاوان و ئافرەتان هاوتان لە حوكمە شەرعیەكاندا، مەگەر بەڵگەیەك هەبێت لەسەر جیاوازیەكە وبەوەى لەنێوانیاندا جیاكارى كردبێت، وە من هیچ بەڵگەیەكى صەحیح نازانم كە جیاوازى بكات لەنێوان پیاو وئافرەتدا لەم سوننەتەدا.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –
(١) في الأذان ، باب وضع اليمنى على اليسرى ح (740).
(٢) أخرجه ابن خزيمة في الصلاة، باب وضع اليمين على الشمال (479). والبيهقي 2/30.
(٣) رواه الإمام أحمد 1/110، وأبو داود في الصلاة/ باب وضع اليمنى على اليسرى في الصلاة (756).