حوكمى روقیە، وە هەروەها حوكمى نووسینى هەندێك ئایەت و هەڵواسینى بە ملى نەخۆشیدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى روقیە، وە هەروەها حوكمى نووسینى هەندێك ئایەت و هەڵواسینى بە ملى نەخۆشیدا
پرسیار:

ئایا حوكمى روقیە چیە؟ وە هەروەها حوكمى نووسینى هەندێك ئایەت و هەڵواسینى بە ملى نەخۆشیدا چیە؟

 روقیە كردن بۆ نەخۆش و كەسی سیحر لێكراو یان نەخۆشی تر هیچی تێدا نیە ئەگەر  روقیەكە لەقورئان و دوعا حەڵاڵ ورێپێدراوەكان بێت، وە هاتووە لە پێغەمبەرى خواوە    كە روقیەى بۆ هاوەڵانى كردووە و لە نێو ئەو دوعایانەى كە روقیەى پێ كردووە ئەمەیە: ((ربنا الله الذي في السماء تقدس اسمك، أمرك في السماء والأرض، كما رحمتك في السماء فاجعل رحمتك في الأرض، أنزل رحمة من رحمتك وشفاء من شفائك على هذا الوجع))(1) جا دواى ئەوە چاك بۆتەوە.
 وە هەروەها ئەم دوعایەش: ((بسم الله أرقيك من كل داء يؤذيك، من شر كل نفس أو عين كل حاسد، الله يشفيك، بسم الله أرقيك))(2) وە دوعا واش هەیە كە مرۆڤ دەستى لەسەر ئەو شوێنە دادەنێت لە جەستەى كە ئازارى هەیە و دەڵێت: ((أعوذ بالله وعزته من شر ما أجد وأحاذر))(3) جگە لەمانەش كە زانایان باسیان كردووە لەو فەرموودانەى كە هاتوون لە پێغەمبەرى خواوە .
بەڵام نووسینى ئایەت و زیكر و هەڵواسینی ئەوا زانایان ڕاجیاوازن لەبارەیەوە: تێیاندا هەیە كە ڕێگەى پێ داوەو وە تێیاندا هەیە كە قەدەغەى كردوە وڕێگرى كردووە، وە نزیكتر لە حەقەوە ئەوەیە كە ڕێگرى لێ بكرێ، چونكە ئەمە لە پێغەمبەرى خواوە    نەهاتووە، بەڵكو ئەوەى هاتووە ئەوەیە كە قورئان بەسەر نەخۆشدا بخوێنرێت، بەڵام نووسینی ئایەت و دوعا و هەڵواسینى بەملى نەخۆشدا یان بەدەستیدا یان لەژێر دۆشەك ونوێنەكەى و هاوشێوەكانى، ئەوا لە كارە قەدەغە ورێگرى كراوەكانە لەسەر ووتەى پەسەند ئەوەش لەبەر ئەوەى هیچ ئەسەر وبەڵگەیەك لەسەرى نەهاتووە، وە هەر كەسێك كارێك بكاتە هۆكارێك بۆ كارێكى تر بەبێ ئیزنى شەرع ئەوا كارەكەى بە جۆرێك لە شیرك هەژمار دەكرێت چونكە شتێكى كردۆتە هۆكار كە خواى گەورە نەیكردۆتە هۆكار.     
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(1) أخرجه أبو داود، كتاب الطب، باب كيف الرقى (3892).
(2) أخرجه مسلم، كتاب السلام، باب الطب والمرض والرقى (2186) .
(3) أخرجه مسلم، كتاب السلام، باب استحباب وضع يده على موضع الألم مع الدعاء (2202) .

سەردان: ٣,٢١١ بەش: ڕوقیەى شەرعى