ئایا لەسونەتدا ئادابی (جیماع) کردن چۆن ڕوون کراوەتەوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لەسونەتدا ئادابی (جیماع) کردن چۆن ڕوون کراوەتەوە ؟
پرسیار:

ئاینى پیرۆزى ئیسلام هەموو شتێکی فێر کردووین ، فێری کردووین چۆن نان بخۆین و چۆن جل لەبەر بکەین ، ئایا لەسونەتدا ئادابی (جیماع)کردن چۆن ڕوون کراوەتەوە ؟
لەم وەڵامە ئەم شتانەى خوارەوە ڕوونکراوەتەوە : 
1- سودەكانی جیماع کردن چیە؟
2- جیماع بۆ چ مەبەستێك دانراوە؟
3- ئەو شتە گرنگانە چین کە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت لەکاتی (جماع) کردندا؟
4- لە جیماع كردندا پیاو خێری دەست دەكەوێ؟
5- چ زیكرێك بكەین لە كاتی جیماع كردندا؟
6- تاوانی ئەو كەسە چیە كە لە كۆمەوە دەچێتە لای خێزانی؟
7- ئەی دروستە لە پشتەوە بچیتە لای خێزانت بەڵام تێكەڵاوی پێشەوەی بیت؟
8- كەسێك جیماعی كرد و پاشان ویستی دوبارەی بكاتەوە چی سوننەتە ئەنجامی بدات؟
9- چ كاتێك غوسل واجب دەبێت لەسەر ژن و پیاو؟
10- دروستە دوای جیماع بخەویت و غوسل دوابخەیت؟
11- حوكمی جیماع كردن لەكاتێكدا ئافرەتەكە لە سوڕی مانگانەدا بوو چیە؟
12- کەفارەتی تاوانی جووت بوون لەکاتی سوڕی مانگانەدا چۆنە ؟
13- ئایا دروستە لە کاتی سوڕی مانگانەدا ژن ومێرد بە دەستی یەکتر یەکتر ڕەحەت بکەن .
14- چ كاتێك دروستە ژن و پیاو مەنع بكەن؟
15- حوكمی باسكردنی نهێنی جوتبون لە لای خەڵكى چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بەڵێ جوانت گوت کاتێ دەڵێی ئیسلام فێری هەموو شتێکی کردووین ، بێگومان ئیسلام هەموو خێرێکی دونیا و دواڕۆژ و مردن و ژیانی بۆ مرۆڤەکان هێناوە و بۆی ڕوون کردوونەتەوە .
وە (جماع ) کردن لەکارە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤە کە دینەکەمان ڕوونی کردۆتەوە بۆمان و چەند ئاداب و ئەحکامێکی بۆ داناوە بۆ ئەوەی تەنها چێژ وەر گرتن نەبێت وەک ئاژەڵان ، بەڵکو بەستوویەتی بەوەی مرۆڤ نیەتی چاکی هەبێ لەو کارەدا و زیکر و ئادابی بۆ دەسنیشان کردووە بۆ ئەوەی موسوڵمان پاداشت وەر بگرێت لەبەرانبەر ئەنجامدانی دا .
وە لەسوننەتدا ئەمە ڕوون کراوەتەوە ، هەروەک الإمام ابن القيم ـ رحمه الله ـ لەکتابی (زاد المعاد) دا ئاماژەی پێ کردووە و دەڵێ : ( بەنیسبەت جیماع کردنەوە ، سونەتی پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ تەواو ترین ئاکارە ، کە بەهۆیەوە پارێزگاری دەکرێت لەتەندروستی مرۆڤ ، و دەبێتە هۆی چێژ لێوەرگرتن و دڵ خۆش بوون ، و ئەو ئامانجانە بەدەست دێت کە لەجیماعدا هەن ، چونکە بەتەئکید جیماع بۆ سێ مەبەست دانراوە :
یەکەم : پاراستنی وەچە و نەوە (حفظ النسل) ، و بەردەوام هاتنە دونیای ئەو کەسانەی کەقەدەری خودا وایە بێنە دونیاوە .
دووەم : ڕشتن و دەرهێنای ئەو ئاوەی کە هێشتنەوەی لە لەشدا زیان بەتەندروستی دەگەیەنێت .
سێیەم : جێبەجێ کردنی ئارەزوو ، وگەیشتن بە خۆشی و لەزەت بەهۆی ئەو نیعمەتەوە ، و ئەم تەنها سود و فائدەیە کە لەبەهەشتا هەیە ؛ چونکە لەوێ منداڵ بوون نی یە ، و شتێک بوونی نی یە بەناوی هێشتنەوەی ئاو تاوەکو دەر بکرێت .
وە دکتۆرە چاکەکان پێیان وایە کە جیماع کردن یەکێکە لەهۆکارەکانی پاراستنی تەندرووستی . [الطب النبوي ص249] .
وە هەروەها الإمام ابن القيم ـ رحمه الله ـ دەڵێت :
( یەکێک لەسوودەکانی (جماع) : پاراستنی چاو ، و پاراستنی نەفس ، و توانای خۆ پاراستن لەحەرام زیاد دەکات، و هەروەها بەدەست هاتنی ئەم سوودانە بۆ ئافرەتانیش ، و بێگومان پیاو سوود بەخۆی دەگەیەنێت لەدونیا و دواڕۆژدا و سوود بە خێزانى دەگەیەنێت ، هەر بۆیە پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ ئەو کارەی دەکرد و خۆشی دەویست و دەیفەرموو : ( حبب إلي من دنياكم : النساء والطيب ) رواه أحمد 3/128 والنسائي 7/61 وصححه الحاكم .
واتە : لەدونیای ئێوەدا ئافرەتان و بۆنی خۆش خۆشەویست کراوە لەلام .
وەهەروەها پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرموویەتی : ( يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة فليتزوج ، فإنه أغض للبصر وأحفظ للفرج ، ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء ) رواه البخاري 9/92 و مسلم 1400 ) . الطب النبوي 251 .
واته : ئەی کۆمەڵی گەنجان هەرکەسێک لەئێوە توانای ژن هێنای هەیە با ژن بێنێت ، وهەر کەسێک توانای نەبوو با بەڕۆژو بێت ؛ بەتەئکید ڕۆژو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای جنسی و ئارەزوو .

وە ئەو شتە گرنگانەش کە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت لەکاتی (جماع) کردندا ئەمانەن :
یەکەم : لەکاتی ئەنجامدانی ئەو کارەدا نیەت بۆ خوا یەکلایی بکرێتەوە ، و مەبەستی لەو کارەی پاراستنی نەفس و خێزانی بێت لەحەرام ، و هەروەها زیاد کردنی ئومەتی ئیسلامی بۆ ئەوەی بەرز ببێتەوە ؛ چونکە زۆر بوون دەبێتە هۆکاری بەهێز بوون ، و با بزانێت کە پاداشت دەدرێتەوە هەر چەندە ئەو ئارەزوی خۆی بەجێ دێنێت .
ئەبو زەڕ ـ خوا لێی ڕازی بێت ـ دەڵێ : پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرمووی : ( وفي بُضع أحدكم صدقة ) ـ ،أي في جماعه لأهله - فقالوا : يا رسول الله أيأتي أحدنا شهوته ويكون له فيها أجر ؟ قال عليه الصلاة والسلام : ( أرأيتم لو وضعها في الحرام ، أكان عليه وزر ؟ فكذلك إذا وضعها في الحلال كان له أجر ) رواه مسلم 720 
واتە : (بەئەنجامدانی جماع پاداشتان دەس دەکەوێت) (!) ، گوتیان : ئەی پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ یەکێک لەئێمە ئارەزوی خۆی جێ بەجێ دەکات و پاداشتی بۆ دەنوسرێ ؟!
فەرموو : ( ئەی ئەگەر لەحەرامدا جێبەجێی بکردایە ئایا تاوان بار نەدەبوو ؟ بەهەمان شێوە گەر لەحەڵادا شەهوەتی بەجێ بێنێت پاداشت وەردەگرێت ) .
وە ئەمە فەزڵی خوایە لەسەر ئەم ئومەتە ، سوپاس بۆ خودا کەئێمەی کردووە لەبەشێک لەم ئومەتە .

دووەم : پێش (جماع)کردن یاری و گاڵتە لەگەڵ خێزانی بکات و ماچی بکات .

سێیەم : لەکاتی (جماع)کردندا بڵێت : (بِسْمِ الله ، اللهُمّ جَنِّبْنا الشَّيطانَ ، وَجَنِّبِ الشَّيطانَ مارَزَقْتَنا ) واتە : (بە ناوی خوا. خوایە شەیطانمان لێ‌ دوور بخەرەوەو شەیطان لەو مناڵەش دوور بخەرەوە كە پێمان دەبەخشی.)
پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ دەفەرمووێ : ( فإن قضى الله بينهما ولدا ، لم يضره الشيطان أبدا ) رواه البخاري 9/187 . گەر خودا منداڵیان پێ ببەخشێت ، شەیتان ناتوانێ زیانی پێ بگەیەنێت ) .

چوارەم : دروستە بۆ پیاو لەداوێنەوە (جماع)بکات بەهەر شێوازێک بێت ، لەدواوە ، و لەپێشەوە ، بەمەرجێک لەشوێنی منداڵ بوونەوە ئەو کارە بکات ، (واته دروستە بۆ پیاو لە پشتەوە جیماع لەگەڵ خێزانى بکات بەو مەرجەى زەکەرى بخاتە نێو عەورەتى خێزانى نەک کۆمى) ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ ) واتە : خێزانەكانتان كێڵگەن بۆ ئێوە بە ویستی خۆتان لە شوێنی منداڵ بوونەوە بچنە لایان .
و ە جابرى کوڕى عبد الله ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ دەڵێت ـ جولەکە دەیان گوت : گەر پێیاو لەدواوە بچێتە لای خێزانی منداڵەکەی چاو خێل دەر دەچێت ! بۆیە ئەم ئایەتە دابەزی : ( نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ ) .
پێغەمبەری خواش ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرمووی : ( مقبلة ومدبرة إذا كان ذلك في الفرج ) رواه البخاري 8/154 ومسلم 4/156 .
جیاوازی نی یه لەدواوە بێت یاخود لەپێشەوە گرنگ ئەوەیە لەشوێنی منداڵ بوونەوە (جماع)بکرێت .

پێنجەم : بەهیچ شێوازێک دروست نی یە لەدواوە بچیتە لای خێزانت ، خوای تەعالی فەرموویەتی : ( نِسَاؤُكُمْ حَرْثٌ لَّكُمْ فَأْتُوا حَرْثَكُمْ أَنَّىٰ شِئْتُمْ ) .
واتە : ئافرەتان وەک زەوی وان بۆ ئێوە بەو شێوەیە تۆ و بچێنن کە پێتان خۆشە .
وە زانراوە کەشوێنی جماع کردنە داوێنە کەشوێنی منداڵ بوونه ، پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرموویەتی : ( ملعون من يأتي النساء في محاشِّهن : أي أدبارهن ) رواه ابن عدي 211/1 و صححه الألباني في آداب الزفاف ص105 .
واتە : مەلعونە ئەو کەسەی لەدواوە دەچێتە لای ئافرەتان .
چونکە ئەم کارە پێچەوانەی فیتڕەتی مرۆڤە و تەبیعەتی ساغ و سەلیم قێزی لێدەکاتەوە ، هەروەک ئافرەتان خۆش و لەزەتتیان بەو هۆیەوە لەدەس دەچێت و چەندین زیانی تری هەیە .

شەشەم: گەر پیاو (جماع)ی لەگەڵ خێزانی کرد پاشان ویستی دوو بارەی بکاتەوە با دەس نوێژ بگرێت ، لەبەر ئەم فەرموودەیەیی، پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ : ( إذا أتى أحدكم أهله ثم أراد أن يعود فليتوضأ بينهما وضوءا ، فإنه أنشط في العَوْد ) رواه مسلم 1/171 .
واتە : گەر یەکێک لە ئێوە(جماع)ی لەگەڵ خێزانی کرد پاشان ویستی دوو بارەی بکاتەوە با لەنێوانیاندا دەس نوێژ بگرێت ؛ چونکە دەس نوێژ زیاتر نەشات و گرجوگۆڵی پێدەبەخشێت .
وە دەست نوێژ گرتن کە لەم فەرموودەیەدا ئاماژەی پێکراوە سونەتە نەک واجب .
خۆ ئەگەر توانی خۆی بشوات لەنێوان هەردوو (جماع)ـەکەدا ئەوا باشترە 

حەوتەم : خۆ شوشتن لەسەر پیاو و ئافرەت واجب دەبێت یاخود لەسەر یەکێکیان لەم حاڵەتانەدا :

أ - گەیشتنی ئەندامی نێرینەی پیاو و ئافرەت بەیەکتر - بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ : " إِذَا جَاوَزَ الْخِتَانُ الْخِتَانَ ( وفي رواية) : مسّ الختان الختان ) فَقَدْ وَجَبَ الْغُسْل . " رواه أحمد ومسلم رقم 526 .
واتە : گەر ئەندامی نێرینەی پیاو چووە نێو ئەندامی مێینەی ئافرەتەوە ، وە لەڕیوایەتێکی تردا : گەر ئەندامی نێرینەی پیاو بەر ئەندامی مێینەی ئافرەت کەوت ) بەتەئکید خۆ شوشتن واجب دەبێت .
جا ئەم خۆشوشتنە واجب دەبێت ئاویان بێتەوە یاخود نا .
وە مەبست لەبەر کەوتن لەم فەرموودەیەدا : چونە ژوورەوەیە نەک تەنها بەرکەتن و پیا خشاندن .

ب - دەرچوونی (مەنی) هەر چەند (جماع)کردنیش ڕووی نەدابێ ،بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ : (إنما الماء من الماء ) رواه مسلم رقم 1/269 .
واتە : خۆشوشتن واجب دەبێ بەهۆی دەرچوونی ئاوەوە .
ئیمامی البغوي ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ لە (شرح السنة)دا (2/9) دەڵێت : ( خۆشوشتنی لەشگرانی پێویست دەبێ بەدوو شت :
یان بەچوونە نێو ئەندامی نێرینەی پیاو بەئەندامی مێینەی ئافرەتدا ، و یاخود بەدەرچوونی ئاوێکی بەقوەت (مەنى) لەپیاوان و ئافرەتانەوە ) .
وە درووستە بۆ پیاو و ئافرەت بەیەکەوە خۆیان بشۆن وتەماشای یەکتریش بکەن ، بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی کە عائشة ـ خوا لێی ڕازی بێت ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێ : (كنت أغتسل أنا والنبي من إناء بيني وبينه واحد تختلف أيدينا فيه فيبادرني حتى أقول : دع لي ، دع لي قالت : وهما جنبان ). رواه البخاري ومسلم .
واتە : من و پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ بەیەکەوە لەیەک تەشتدا خۆمان دەشوشت کە لەنێوانماندا بوو ، دەستمان تێکەڵ دەبوو ، دەم گوت : بەشم بهێڵە بەشم بهێڵە
، دەڵێ : هەردوکیان لەشران بوون .

هەشتەم : درووستە بۆ ئەو کەسەی خۆ شوشتنی لەسەر بێت بخەوێت و خۆشوشتنەکەی دوا بخات بۆ پێش نوێژ ، بەڵام نابێت بە هۆى لەشگرانیەوە نوێژەکەى لە دەست بدات بەتایبەت نوێژى بەیانى ، وە باشتر وایە و سونەتە دەس نوێژ بگرێت پێش نوستن ،بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی کە عبدالله ی کوڕی عومەر ـ خوا لێیان ڕازی بێت ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێ : پرسیارم کرد لە پێغەمبەرى خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ و گوتم : ئایا یەکێک لەئێمە بنوێت گەر لەشی گران بوو ؟ فەرمووی : ( نعم ، ويتوضأ إن شاء ) رواه ابن حبان 232 . واتە : بەڵێ ، وە دەست نوێژ دەگرێت گەر بیەوێت . 

نۆیەم : حەرامە جووت بوون لەگەڵ ئافرەتدا لەکاتی سوڕی مانگانەدا ، بەبەڵەگی ئەم ئایەتە : ( وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ ۖ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ ۖ وَلَا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّىٰ يَطْهُرْنَ ۖ فَإِذَا تَطَهَّرْنَ فَأْتُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ أَمَرَكُمُ اللَّهُ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ ) .
واتە : وە پرسیارت لێدەكەن ـ ئەی پەیامبەری خوا ـ لەبارەی خوێنی حەیز و سوڕی مانگانەی ئافرەتانەوە ـ كە بریتیە لەو خوێنەی لەڕەحمی ئافرتانەوە دێتە دەرەوە بە فیترەت لە چەند كاتێكی دیاریكراودا ـ تۆش لەوەڵامدا پێیان بڵێ‌ : ئەو خوێنە پیسیەكی قیزەونە ، و زیان دەگەیەنێت بەوەی كە نزیكی بكەوێتەوە ، بۆیە خۆتان بە دووربگرن لە جووتبون لەگەڵ ئافرەتان لەماوەی سوڕی مانگانەدا هەتا خوێنەكە دەبڕێتەوە ، جا ئەگەر خوێنەكە بڕایەوە ، و خۆیان پاككردەوە ، ئەوسا لەگەڵیاندا جووت ببن لەو شوێنەوەی كە خوای پەروەردگار بۆی حەڵاڵكردون ، كە پێشەوەیەتی نەك پاشەوەی . بێگومان خوای پەروەردگار ئەو بەندانەی خۆش دەوێت كە زۆر داوای لێخۆشبون دەكەن و زۆر تەوبە دەكەن ، و بەندە خۆپاكڕاگرانی خۆش دەوێت كە خۆیان لە خراپە و پیسی بەدوور دەگرن .

کەفارەتى تاوانى جووت بوون لەکاتى حەیزدا :
هەركەسێ بەئەنقەست و بزانێت حەرامە ئەو كارە بكات ئەوە تاوانێكى گەورەى كردووە پێویستە تەوبەى لێ بكات و ئەبێت (كفارة)ەكەى بدات كە بریتى یە لە یەك دینارى زێڕ ئەگەر لە پێشەكى بێ نوێژییەوە بوو ، وە ئەگەر لە كۆتایى بێ نوێژییەوە بوو نیو دینارى زێڕ. ابن عباس خواى لێ ڕازى بێ ئەم حوكمەمان لە پێغەمبەرەوە دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتى: (يتصدق بدينار أو نصف دينار) رواه أبو داود و النسائي وابن ماجه و صححه الألباني.
ڕوونكردنەوە:
یەك دینار زێڕ واتە: پێنج گرام ئاڵتون.
بۆ ئەوەى بزانین پێنج گرام چەنێك پارە دەكات پێویسته x 5 نرخى یەك گرام ئاڵتون بكەین = ئەو پارەیەى كە پێویستە بدرێت بە هەژاران لە برى كەفارەتى كردنى ئەم تاوانە.
بەڵام دروستە لە جگە لەدوایەوە لەزەت لەخێزانی ببینێ لەبەر فەرموودەکەی عائشة ـ رضي الله عنها ـ کەدەڵێت : ( كان رسول الله يأمر إحدانا إذا كانت حائضا أن تتزر ثم يضاجعها زوجها ) متفق عليه.
واتە : پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرمانی بەیەکێکمان دەکرد گەر لەسوڕی مانگانەدا بوایە خۆی ببپێچێتەوە و پاشان مێرەکەی لەگەڵیدا بنوێت و یاری لەگەڵ بکات .
وە هەروەها دروستە بۆ پیاو و بۆ خێزانیشی کە لە کاتى سوڕى مانگانەدا بە دەستى یەکتر یەکتر ڕەحەت بکەن .

دەیەم - درووستە بۆ پیاو (عەزل)بکات [ کە بریتی یە لەدەرهێنانی ئەندامی نێرینە لەکاتی (جماع)کردن و ئاو نەکردنە نێو ڕەحمی ئافرەتەوە ] ، گەر حەزیان لەمنداڵ نەبوو و هەروەها بەکار هێنانی شتی تر کەدەبنە ڕێگر لەمنداڵ بوون ، بەمەرجێک ئافرەتەکە ڕێگە بدات ؛ چونکە ئافرەت مافی خۆیەتی بگات بەجێژ و هەروەها مافی خۆیەتی منداڵی ببێت ، وەبەڵگەی ئەمەش ئەو فەرموودەیەیە کە جابر بن عبد الله ـ رضي الله عنهما ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێ : (كنا نعزل على عهد رسول الله فبلغ ذلك رسول الله فلم ينهنا ) . رواه البخاري 9/250 ومسلم 4/160 .
واتە : ئێمە (عەزل)مان دەکرد لەسەردەمی پێغەمبەری خوادا ـ صلى الله عليه و سلم ـ و ئەو هەواڵەی پێ گەشتەوە و ڕێگری لێ نەکردین .
بەڵام باشتر وایە ئەو کارانە نەکەن ، لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە : چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەت نەگات بەچێژ یاخود بەتەواوی نەگات بەچێژ ، وە دەبێتە ڕێگری کردن لەمەبەستێکی گرنگی زەواج کە ئەویش منداڵ بوونە .
تێبینى : مەنع كردن لەبەر كەمدەرامەتی و بارگرانی ژیان هەڵەیەكی گەورەیە چونكە ڕزقی منداڵ لە سەر خوایە (ئەگەر خوا سەر بدات ڕزقیش دەدات) وەك پێشینان فەرموویانە.
بەڵام ئەگەر لەبەر هۆكاری تر بێت وەك ڕێكخستنی منداڵ بوون بۆ ماوەیەكی كاتی تاوەكو دایك هەندێك پشوو بدات و زۆر ئازار و ناڕەحەتی نەبینیت بە هۆی زوو منداڵ بوون و بەخێوكردنی لە دوای یەكی منداڵەكانەوە ئەوا دروستە بە مەرجێك ئەگەر پیاوەكە و ژنەكەش ڕازی ببن و بۆ ماوەیەكی كاتی بێت نەك درێژخایەن .

یانزەیەم - حەرامە لەسەر پیاوان و ئافرەتان ئەو نهێنى و سڕانە ئاشکرا بکەن کە لەنێوانیاندا هەیە لەبابەتی ژن و مێردایەتی ، بەڵکو کارێکی زۆر ناشرینە ، پێغەمبەری ـ صلى الله عليه و سلم ـ فەرموویەتی : ( إن من شر الناس منزلة عند الله يوم القيامة الرجل يفضي إلى امرأته وتفضي إليه ثم ينشر سرها ) رواه مسلم 4/157 .
واتە : یەکێک لەخراپترین کەسەکان لەلای خودا لەڕۆژی دوایدا ئەو کەسەیە کەلەگەڵ خێزانیدا جووت دەبێت و پاشان بڵاوی دەکاتەوە .
وە لە ـ أسماء بنت يزيد ـ وە هاتووە کە لەلای پێغەمبەردا ـ صلى الله عليه و سلم ـ بوو ، پیاوان و ئافرەتان دانیشتبوون ، فەرمووی : ( لعل رجلا يقول ما يفعل بأهله ، ولعل امرأة تخبر بما فعلت مع زوجها ؟! ) فأرّم القوم - أي سكتوا ولم يجيبوا - ، فقلت : إي والله يا رسول الله ! إنهن ليفعلن ، وإنهم ليفعلون . قال : ( فلا تفعلوا ، فإنما ذلك مثل شيطان لقي شيطانة في طريق فغشيها والناس ينظرون ) رواه أبوداود برقم 1/339 ، وصححه الألباني في آداب الزفاف ص143 .
واتە : (ڕەنگە پیاو ئەو شتانە بگێڕێتەوە کەلەگەڵ خێزانیدا ئەنجامی دەدات ،و ڕەنگە ئافرەت ئەو شتانە بگێڕێتەوە کەلەگەڵ مێردەکەیدا ئەنجامی دەدات ) ، خەڵکە بێدەنگ بوون و وەڵامیان نەدایەوە ، گوتم : بەڵێ : سوێند بەخوا ئەی پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ ئافرەتان ئەو کارە دەکەن و پیاوانیش بەهەمان شێوە . فەرمووی : ( ئەو کارە مەکەن ، نموونەی ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن وەک شەیتانێک وایە لەڕێگادا ئەو کاره لەگەڵ بەشەیتانێک بکات و جووت بێت لەگەڵی و خەڵک سەیریان بکەن .
ئەمانە هەندێک بوون لە ئادابەکاتى جیماع و ئەو شتانەى کە پەیوەندی هەیە بە نێوان ژن و مێردەوە ، خواى گەورە هەموو لایەکمان مۆفەق بکات

سەردان: ٣٩,٧٢٠ بەش: پرسیارە جنسیەکان