دروستە لە دڵەوە قسەى ناشرین و جنێو بە کەسێک بدەم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروستە لە دڵەوە قسەى ناشرین و جنێو بە کەسێک بدەم؟
پرسیار:

ئایا دروستە جنێو بەهیچ کەسێک بدەم ، بەڵام لەدڵمدا جنێو دەدەم ، کەس نازانێ من جوێنم بە کێ داوە ، بۆ نموونە لەدڵی خۆم دا دەڵێم : ئەی فڵانە کەس ...بۆ ئەو کارەت بەرانبەرم کرد ، ئایا تاوان بار دەبم  ؟

جوێن و قسە وتن یان بەشێویەکی حەقە یاخود بە ناحەق :
یەکەم :
ئەوەی کە حەققە : ئەوەیە کە ستەمێکی دیار و ڕوون لەکەسێک کرابێت ، و زیانێکی ڕوونی پێگەشتبێت کە کەس نکۆڵی لێناکات ، لەو کاتەدا هیچ لەسەر ئەو کەسە نی یە کە بەرگری لەخۆی بکات بەقسە وتن و جنوێن ، جا جوێنەکە ئاشکرا بێت یاخودنهێنی ، بەمەرجێک زیادە ڕەوی و سنور بەزاندنی تێدا نەبێت ، هەر چەندە باشتر وایە ئەو کارە نەکات .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( لَاْ يُحِبُّ اللّهُ الْجَهْرَ بِالسُّوءِ مِنَ الْقَوْلِ إِلاَّ مَنْ ظُلِمَ وَكَانَ اللَّهُ سَمِيْعًا عَلِيْمًا ) النساء/148
واتە : خوای گه‌وره‌ به‌ئاشكرا قسه‌ی خراپی پێ خۆش نیه‌و خۆشی ناوێ وه‌كو جوێندان و تانه‌و ته‌شه‌ردان ئیلا ئه‌گه‌ر كه‌سێك سته‌می لێ كرابێ ، وه‌ خوای گه‌وره‌ زۆر بیسه‌رو زانایه‌

شێخ السعدي رحمه الله دەڵێت :
خوای پەروەردگار هەواڵی پێداوین کە قسەی نەشیاوی پێ خۆش نی یە و سزای ئەو کەسە دەدات کەدەیڵێت ، وة ئەمە هەموو جۆرە قسەیەکی خراپ دەگرێتەوە کە کەڕامەتی کەسانی تر لەکەدار دەکات ، و عاجزیان دەکەت ، وەک : جوێن ، تۆمەتی زینا ، قسەی نەشیاو وهاشێوەی ئەمانە ، ئا ئەمانە هەمووی ڕێگری لێ کراوە و خودا ڕقی لێیانە .
جا ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خودا قسەی جوانی خۆش دەوێت ، وەک : زیکر و هەر قسەیەکی نەرم و ڕێک .
وە کە ئەفەرموێت : ( إِلا مَن ظُلِمَ ) واتە : دروستە بۆ ئەو کەسەی ستەمی لێ کراوە دوعا لەو کەسە بکات کەستەمی لێ کردووە و دەتوانێت شکاتی لێ بکات ، وقسەی ناشرین بەو کەسە بکات کە قسەی ناشرینی پێ کردووە بەبێ ئەوەی درۆی بەدەمەوە بکات ، وزیادەڕەوی تێدا بکات زیاد لەوەی ستەمی لێ کراوە ، وجوێن بەکەسێک نادات جگە لەو کەسەی ستەمی لێ کردووە ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لێبوردەیی و وەڵام نەدانەوەی باشترە ، هەروەک خوای تەعالی فەرموویەتی : ( فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ )" انتهى.  " تيسير الكريم الرحمن " (ص/212) .واتە : ئەوی ببورێت و چاکە خواز بێت ئەوا پاداشتی لەسەر خودایە .

وه خوای پەروەردگار فەرموویەتی :
( وَلَمَنِ انْتَصَرَ بَعْدَ ظُلْمِهِ فَأُوْلئِكَ مَا عَلَيْهِم مِّن سَبِيْلٍ ، إِنَّمَا السَّبِيلُ عَلَىْ الّذِيْنَ يَظْلِمُونَ النَّاسَ وَيَبْغُونَ فِيْ الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقّ ، أُوْلئِكَ لَهُم عَذَابٌ أَلِيمٌ ) الشورى/ 41-42
واته : ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ دوای ئه‌وه‌ی سته‌میان لێكراوه‌ سه‌رئه‌كه‌ون به‌سه‌ر سته‌مكاراندا ئه‌وانه‌ هیچ لۆمه‌ ناكرێن وه‌ سزا نادرێن وه‌ حه‌ق و مافی شه‌رعی خۆیانه‌ ته‌نها لۆمه‌و گله‌یی كردن و سزا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ سته‌م له‌ خه‌ڵكی ئه‌كه‌ن وه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا به‌ناحه‌ق زوڵم و سته‌م بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ستدرێژی ئه‌كه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵكی ئا ئه‌مانه‌ سزایه‌كی به‌ ئێش و ئازاریان بۆ هه‌یه‌ [وَلَمَنْ صَبَرَ وَغَفَرَ إِنَّ ذَلِكَ لَمِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ (43)] به‌ڵام كه‌سێك ئه‌گه‌ر ئارام بگرێ له‌سه‌ر ئازاری خه‌ڵكی وه‌ لێخۆشبوو بێت له‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ خه‌ڵكی به‌رامبه‌ری كردوویه‌تی ئه‌مه‌ به‌ڕاستی له‌ كاره‌ چاك و گرنگ و دامه‌زراو و سوپاسكراوه‌كانه‌،

وە ئەبو هوریرە گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : پێغەمبەری خوا فەرمووی : (الْمُسْتَبَّانِ مَا قَالَا فَعَلَى الْبَادِئِ، مَا لَمْ يَعْتَدِ الْمَظْلُومُ ) رواه مسلم (2587) .
واتە : دوو کەس کاتێ جوێن بەیەک دەدەن ئەوا تاوانەکەی لەسەر یەکەمیانە کەدەس پێش خەری کردووە ، بەمەرجێ کەسی ستەم لێ کراو زیادە ڕەوی نەکات .

وە باشترین دوعا کەکەسی ستەم لێ کراو لەستەم کاری بکات ئەوەیە کەجابر رضي الله عنه گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : پێغەمبەری خوا دەیفەرموو : ( الَّلهُمّ أَصْلِحْ لِيْ سَمْعِي وَبَصَرِيْ ، وَاجْعَلْهُمَا الوَارِثَيْنِ مِنّي ، وَانصُرنِي عَلَى مَنْ ظَلَمَنِي ، وَأَرِنِي مِنْهُ ثَأْرِي )
رواه البخاري في الأدب المفرد (1/226) ، وصححه الألباني ، وانظر الدعاء للطبراني (1/421 ، 426)
جا ئەولا تر و باشتر وایە لێی خۆش بێت ، بەڵکو خودا لێمان خۆش بێت لەڕۆژی دواییدا ، وبێگومان پاداشت بەگوێرەی کردەوەیە ←(فالجزاء من جنس العمل ).

خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَجَزَاء سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِّثْلُهَا فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ ) الشورى/40
واتە : سزای خراپە خراپەی هاو شێوەیەتی هەر کەسێک لێ بوردەبێت و چاکە کار بێت پاداشتی لەسەر خودایە ، خوا ستەم کارانی خۆش ناوێت .

وە پێغەمبەر فەرموویەتی : ( يَا عُقبَةَ بنَ عَامِر : صِلْ مَنْ قَطَعَكَ ، وَأَعْطِ مَنْ حَرَمَكَ ، وَاعْفُ عَمَّن ظَلَمَكَ )
رواه أحمد (4/158) وصححه الألباني (السلسلة الصحيحة/891) .
واتە : ئەی عوقبەی کوڕی عامر سەردانی ئەو کەسانە بکە کەسەردانت ناکەن ، وببەخشە بەوانەی کەپێت نابەخشن ، وە لەو کەسانە خۆشبە کە ستەمت لێ دەکەن .

هەروەک لەهەندێ لەتابیعینەوە هاتوە بەڵگەن لەسەر ڕێز و باشی لێ خۆش بوون لە ژیانی دونیادا :
الهيثم بن معاوية دەڵێت : " من ظُلِمَ فلمْ ينتصرْ بيدٍ ولا لسانٍ ، ولم يحقدْ بقلبٍ ، فذاك يضيء نوره في الناس " انتهى.
رواه البيهقي في شعب الإيمان (6/264)
واتە : هەر کەسێک ستەمی لێ کراو و وەڵامی نەدایەوە نەبەدەست و نەبەزمان ، ولەدڵیدا هەڵی نەرگرت ، ئائەو کەسە ڕوناکی لەنێو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە .

دووەم :
جوێن و قسە پێ وتنی بەناحەق بێت ، بەڵکو ڕقی لەکەسێکە یاخود حەسودی پێ دەبات یاخود نەسەب و باڵای بەخراپ دەزانێت وجگە لەمانەش کەخەڵک تێی دەکەون لەجوێن وقسەی نەشیاو ، ئا ئەمانە هەمووی حەرامن ، و لە شتە خراپەکانی زمانن کە چاکەکان دەخۆن وتاوان دێنن جا جیاوازی نی یە بەنهێنی بێت یاخود ئاشکرا .

عبد الله بن مسعود رضي الله عنه دەڵێ پێغەمبەر فەرمووی : ( سِبَابُ الْمُسْلِمِ فُسُوقٌ وَقِتَالُهُ كُفْرٌ ) رواه البخاري (رقم/48)، ومسلم (64)
واتە : "جوێن دان بە موسڵمان فاسقێتی و لە ڕێدەرچوونە ، وە كوشتار كردنیشی بەشێكە لە بێ‌باوەڕی"
وەهەروەها عبد الله بن مسعود رضي الله عنه دەڵێ پێغەمبەر فەرمووی : ( لَيْسَ الْمُؤْمِنُ بِالطَّعَّانِ وَلَا اللَّعَّانِ وَلَا الْفَاحِشِ وَلَا الْبَذِيءِ )
رواه الترمذي (1977) وقال : حسن غريب . وصححه الألباني في صحيح الترمذي
واتە : کەسی باوەڕ دار تەعن دەر نی یە و لەعنەت کار نی یە و زمان پیس و ئەزیەت بەخش نی یە .

ئیمامی المباركفوري رحمه الله دەڵێت :
( ليس المؤمن ) واتە : باوەڕداری کامڵ نی یە .
( بالطعان ) واتە : عەیب لەخەڵک بدۆزێتەوە .
( ولا اللعان ) زۆر لەعنەت کار نی یە .
( ولا الفاحش ) واتە : فاحشە ئەنجام نادات و قسە و ڕەفتاری نەشیاو ناکات ، و ڕواڵەتی فەرموودەکە مەبەستی جوێنی ناشرینە .
( ولا البذيء ) کەسێکە بێ حەیا و بێشەرم بێ .
" تحفة الأحوذي " (6/111)

سێ یەم :
گەر توشی جوێن بوو لەدڵی خۆیدا و لەبەر خۆیەوە ودەرینەبڕی (حديث نفس) ، مەبەستی خاوەنەکەی نەبوو ، وبەزمان دەری نەبڕی ، بەڵکو وەسوەسەی شەیتان بوو کە وای لێ دەکات جوێن بەفڵان و فڵان بدات ، لەهەمان کاتدا جێ بەجێی ناکات و بڕیار نادا ئەو جوێنە بدات ، ئا ئەوانە قسەی دڵن و جێگای لێ خۆش بوونن ، لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( إِنَّ اللَّهَ تَجَاوَزَ عَنْ أُمَّتِي مَا حَدَّثَتْ بِهِ أَنْفُسَهَا مَا لَمْ تَعْمَلْ أَوْ تَتَكَلَّمْ ) .رواه البخاري ( 4968 ) ومسلم ( 127 ) .
واتە :خوا لەئومەتەکەم خۆش بووە لەوەی بەدڵیا دێت بەمەرجێ بە کردەوە ئەنجامی نەدات و بەزمان دەرینەبڕێت .
لەگەڵ ئەوەشدا ترسی هەبێت ئەو شتانە لەدڵیدا هەبێت ؛ چونکە گەر جێ گیر بوو لەدڵدا ڕەنگە دواتر بەزمانی دەری بڕێت .
القاسمي رحمه الله دەڵێت :
" بەنیسەت شوێنەواری ، واتە : توڕەیی لەدڵدا : ڕق و کینە و حسود ، وحەشار دانی خراپە ، ودڵ خۆش بوون بەتووش بوونی کەسی بەرانبەر بەناخۆشی ، ودڵ تەنگ بوون بەتووش بوونی بەخۆشی ، و بڕیاردان لەسەر بڵاو کردنەوەی نهێنیەکان ، وگاڵتە پێ کردن ، وجگە لەمانەش لەشوێنەوارە خراپەکان ، ئەوانە شوێنەواری توڕەییەکی زۆرن "تهذيب موعظة المؤمنين" (312) .

سەردان: ٤,٠٥٩ بەش: تاوانه‌كان