ئایا بەكارهێنانى مۆسیقا بۆ مەبەستى چاكە حەرامە؟ وەك سامی یوسف: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا بەكارهێنانى مۆسیقا بۆ مەبەستى چاكە حەرامە؟ وەك سامی یوسف
پرسیار:

ئایا بەكارهێنانى مۆسیقا بۆ مەبەستى چاكە حەرامە؟ وەك سامی یوسف كە ئێستا بەدیلى گۆرانى یە خراپەكانەى ئەم سەردەمەیە چونكە ئەوەندەى گوێى لێ دەگرم دڵم پاراو دەبێ بە یادى خواو پێغەمبەر () ئیتر نازانم بۆ حەرامە؟ ئەگەر وابێت ئینەرنێت و سەتەلایت خراپن خۆ لە سەردەمى پێشودا نین و بیدعەن وە ئایا ئیمامى عومەر (ڕەزاى خواى لێ بێ) لەسەردەمى خۆی دا دەست بڕینى دزى نەهێشت لەكاتێكدا پێغەمبەر () فەرمانى پێ كردبوو بەرامبەر دزى كردن كەوا بێت ئەبێ اجتهاد بە پێى كات و شوێن بگۆڕێت. زۆربەى مەلاو زاناكان دەلێن موسیقا گەر بۆ كارى چاگە بەكار بێت حەرام نیە وە ئەگەر حەرام بێت كەواتە ئەو هەموو ڕاگەیاندنە ئیسلامیانە لە كوفرو خەڵوەتدان(لَهْوَ الْحَدِيثِ) خواى گەورە كە فەرموویەتى مەبەست شتێكە كە دین ناشرین بكات و قورئان لە بەرچاو خەڵكى بخات "امام محمدى غەزالى ئەفەرموێت ئەگەر قورئانیش بۆ لەبەرچاوخستنى خەڵك لێ بدەیت هەر حە رامە وە باسكراوە كە جارێكیان گوێى لە شیعرە وەتەنیەكانى ام كلثوم گرتووە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
حوكمى گۆرانى مۆسیقا حەرامێكى ڕون و ئاشكرایە و چەندین جار بەڵگەكانمان خستۆتە ڕوو ئەنجا كارو پیشەى پێغەمبەران و هاوەڵان و دۆستانى خوا نەبووە وە بەدیلى گۆرانیش بریتییە لە قورئان و ذیكر و زانست و موناجاتى خوا (جلّ جلاله)، سەردەمى زێڕینى ئیسلامەتى سەردەمى هاوەڵان كەسانى وەك (سامی یوسف)یان نەبووە گۆرانیان بۆ بڵێ ئەگەر بهاتبایە كارێكى چاك بوایە و ئیمان بەوە زیادى بكردایە ئەوە چەندین كەس خۆى بۆ تەرخان دەكرد و دەبوو بە بەشێك لە ئاینى پیرۆزى ئیسلام، ئەنجا ئەو بەڕێزەش كە ئەڵێ بە بیستنى دڵم پاراو دەبێ بە یادى خواو پێغەمبەرى خوا () ئەڵێم: ئەوە تۆ بەكەمى گوێ دەگریت لە گۆرانییە ئیسلامیەكان و سرودەكان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ وات لێ دێت ئەگەر وریاى خۆت نەبیت ئەوانە دەبنە بەدیلى قورئان و ذیكر و دوعاكردن وەزیاتر مەیلت بۆ شیعر و سرود و گۆرانییەكان دەچێت ئەنجا خەیرێكى زۆر لەدەست دەچێت، ئەنجا ئەڵێم ئینتەرنێت و سەتەلایت دوو ئامێرى چاكن و بوارى خزمەتكردنیان زۆر تێدایە بەكۆمەڵگە ئەگەر بە چاكى بەكار بهێنرێت وە قیاس كردنى بە ئامێرەكانى گۆرانى و مۆسیقا زۆر دوورن لەیەكەوە، وە كەئەڵێى لەسەردەمى پێشوودا نەبووە بۆ ئەم بڕگەیەت پێم خۆشە ڕونكردنەوەیەكت پێشكەش بكەم دەربارەى بیدعە:
بیدعە جۆرى زۆرە لەوانە :
یەكەم : بیدعەى دینى.
دووەم : بیدعەى دونیایى.
سێ یەم : بیدعەى زمانى.
یەكەم: بیدعەى دینى - هەمووى خراپە و ئاینى پیرۆزى ئیسلام پێویستى بە داهێنانى ئاین نییە چونكە خواى گەورە دەفەرموێت: (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِيناً) وە چاك و خراپى نیە بەڵكو هەموو بیدعەیەكى ئاینى گومڕاییە بەبەڵگەى ئەو حەدیسەى كە پێغەمبەرى خوا () دەفەرموێت"من أحدث في أمرنا هذا ما ليس منه فهو رد" واتە: هەركەس بیدعە لەم دینەى ئێمە بكات و لەدین دا نەبێت ئەوا قەبووڵ ناكرێت (تەماشاكە دەفەرموێت لەم دینەى ئێمەدا).
دووەم: بیدعەى دونیایى - ئەم بەشە تایبەت نییە بەسەردەمێكەوە وە ئاینى پیرۆزى ئیسلام هانى شوێنكەوتوانى دەدات بۆ بەدیهێنان و نوێكارى و بەدەست هێنانى شتى خزمەت گوزارى بەكەڵك و بەسود، تەنها مەرج ئەوەیە ئەو شتانە دژ بە ئیسلام نەبن وەكارى ناشەرعیان پێ نەكرێت ئەوكاتەش شتى بەكەڵك و بەسودى پێ بكرێت و شتەحەرامەكانى قەدەغە دەكرێت.
سێ یەم: بیدعەى زمانى - وەك ئەوەى ئیمامى عومەر (ڕەزاى خواى لێ بێ) لەسەردەمى خیلافەتى خۆیدا كە جارێكى تر موسڵمانانى لەسەر نوێژى تەراویح كۆكردەوە كە پێغەمبەر () لەبەر واجب نەكردنى وازى لێهێنابوو لەسەر هەمان نوێژ و هەمان ژمارەى ڕكاتەكان و بەجەماعەت وەك چۆن لەسەردەمى پێغەمبەر () دەكرا، بۆیە فەرمووى: (نعمت البدعة هذه) ئەمەش هیچ پەیوەندى بە حەڵاڵ و حەرامەوە نییە لێرەدا دەبێ هەموو لایەك ئەوە بزانن كاتێك شوێنكەوتوانى سەلەف باسى بیدعە دەكەن ئەوە باس و دیارى كردن و تێگەشتن و پۆلێن كردنیانە وە لەسەر ئەو سێ تەوەرە دەڕوات. ئەنجا ئەو قیاسەى كردووتە كە دەڵێیت ئیمامى عومەر دەستبڕینى دزى بەكار نەهێناوە، بزانە:
یەكەم: ئەمە لە ساڵى برسێتى و لەنەبونیدا بووە.
دووەم: پێغەمبەرى خوا () لەكاتى شتى زاجب دەفەرموێت "وما أمرتكم به فأتوا منه مااستطعتم" مەبەستم بڕگەى (ما استطعتم) بەڵام لەباسى حەرامدا دەفەرموێت "وما نهيتكم عنه فاجتنبوه" دەبینى باسى (استطاعة)ى تێدانییە و هەردەبێ نەكرێت.
ئەنجا كە دەڵێى زۆربەى مەلاكان ئەڵێن حەڵاڵە: 
دەڵێم زۆرینە هەرگیز بەڵگە نەبووە دەبینى زۆربەى خەڵك ڕقى لە ڕاستیە (وَأَكْثَرُهُمْ لِلْحَقِّ كَارهُونَ)، ئەنجا لەگەڵ ڕێزماندا بۆ مەلاكان بەڵام فەتوا كاتێك وەردەگیرێت بەڵگەى هەبێت، زانایان ڕەحمەتى خوایان لێ بێ ووتوویانە لەوانە:
یەكەم: أبو حنیفە: دەفەرموێت (لا يحل لأ أن يأخذ بقولنا ما لم يعلم من أين أخذناه).
دووەم: مالك ئەفەرموێت: (إنما أنا بشر أُخطيء و أُصيب فانظروا في رأيي فكل ماوافق الكتاب والسنة فخذه وكل ما لم يوافق الكتاب والسنة فاتركوه).
سێ یەم: الشافعي: دەفەرموێت: (كل ما قلت فكان عن النبي خلاف قولي مما يصح فحديث النبي أولى فلا تقلدوني)
چوارەم: ئیمامى ئەحمەد ئەفەرموێت: (لا تقلدني ولا تقلد مالكاً ولا الشافعي ولا الأوزاعي ولا الثوري وخذ من حيث أخذوا).
بۆ زیاتر ئاشنابوون لەم ووتانە بڕوانە پێشەكى كتێبى (صفة صلاة النبي )نوسینى شێخ ئەلبانى.
وە ئەو بڕگەیەى كە بەڕێزێكى تر دەیكات لە ئاوەها پرسیارێكدا كە باس لە ڕاگەیاندنى ئیسلامى دەكات كەگوایە لە كوفرو خەڵوەتدا دەبن، نا ئێمە بە كوفرى نازانین و ڕێزیشمان بۆ هەموو لایەك هەیە كە خزمەتى دروستى ئیسلام بكات بەڵام ڕەنگە ئەوان لە ژێر فشاردا بن و نەتوانن خۆیان ڕاگرن یان بوونى هەندێ كەس كە لەناو قیادەى ئیسلامییەكاندا كە زۆر لاى گرنگ نییە حەڵاڵ بێت یان حەرام چونكە پەروەردەیەكى سیاسى بووە و بەتەواوى لەسەر حەڵاڵ و حەرام پەروەردە نەبووەتەوە بە تایبەت لەبەر ململانێى سیاسى و حزبى بۆیە ناچار دەبێ ئەو بۆچونەى خۆى تەعمیم دەكات بەسەر هەموو لایەنگرەكانیدا و لایەنگرانیش لەبەر كەمى زانست و متمانەیان بە قیادەى خۆیان پاساوى بۆ دێننەوە.
وە ئەو بڕگەیەى ئەم بەڕێزە باسى دەكات كە ئەڵێ امام محمد غزالی گوێى لە گۆرانى گرتووە..
یەكەمجار (محمد الغزالی) كەسێكە لەم سەردەمە ژیاوە نەزانایە و نە ئیمام بەڵكو نوسەرێكى چەواشەكارى دوژمنى مەنهەجى سەلەفى بووە تامردنى، وە ڕوا بۆچوونى سەیرى هەیە بەتایبەت لە كتێبى (السنة النبوية‌) وە ناوبراو بریتى نیە لە ئیمامى غەزالى زاناى بەناوبانگ كە لەسەدەى شەشەمدا ساڵى (505) ى كۆچى مردووە. وە گەورەترین شایەت لەسەر خراپێتى محمد غەزالى سەردەم ئەوەیە كە گوێى دەگرت لە گۆرانییەكانى (أم كلثوم) ى میسرى كە هەرگیز زانایانى ئیسلام شتى وایان نەكردووە.
لە لایەن مامۆستا (خلیل أحمد) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٦,٨٧٩ بەش: تاوانه‌كان