کاتێ ئافرەت شوو دەکات ، بۆ دەبێ فەرمانی پیاو جێ بەجێ بکات ؟ حیکمەت چیە لەمەدا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کاتێ ئافرەت شوو دەکات ، بۆ دەبێ فەرمانی پیاو جێ بەجێ بکات ؟ حیکمەت چیە لەمەدا؟

واجبە لەسەر کەسی موسوڵمان کاتێ حوکمێکی شەرعی بۆ ڕوون دەبێتەوە یەکسەر باوەڕی پێ بێنێت و تەسلیمی ببێت هەرچەندە هەندێ جار حیکمەت و هۆکارەکەشی نەزانێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلالاً مُبِيناً ) الأحزاب/36 .
واتە : وه‌ بۆ هیچ باوه‌ڕدارێكی پیاو و ئافره‌ت حه‌ڵاڵ نیه‌ كه‌ كاتێك خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - - بڕیارێك بده‌ن ئه‌وان سه‌رپشك بن له‌وه‌ی كه‌ شتێكی تر هه‌ڵبژێرن، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌سه‌ریان پابه‌ندى گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا بن - [وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ] وه‌ هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا - - بكات [فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُبِينًا (36)] ئه‌وه‌ گومڕا بووه‌ گومڕابوونێكی زۆر ئاشكرا .

وە موسوڵمان دڵنیایه کە حوکمە شەرعیەکان بێ حیکمەت نین و جوانترین حیکمەتیان تیادایه ، بەڵام ڕەنگە هەندێ جار حیکەمەتەکەی دیار و ئاشکرا نەبێت ، جا لەم حاڵەتەدا باوەڕدار دەزانێ نەزانینی حیکمەتی ئەو شتانە لە کەم و کورتی عەقڵی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە نەک ئەسڵی بابەتە شەرعیەکە حیکەمەتی تێدا نەبێت .

وە کاتێک پیاو و ئافرەتێک کۆدەبنەوە و زەواج دەکەن و بەیەکەوە دەژین ، بێگومان بەدەر نابێت لەجیاوازی و موشکیلە ؛ بۆیە پێویستە لەم حاڵەتەدا لایەک هەبێت ئەم کێشانە بەلایەکدا بخات و بن بڕی بکات ، گەر نا موشکیلەکان زۆر دەبن ، ( هەروەک لەهەموو دام دەزگایەکدا کەسی بەڕێوەبەر هەن و کێشەکان یەکلا دەکەنەوە)بۆیە پێویستە لەم حاڵەتەدا کەسێک هەبێت سەرپەرشتی ئەم کەشتی یە بکات گەر نا هەموان غەڕق دەبن و لەناو دەچن لەکاتی جیاوازی سەرنشیناندا ، کاتێک کەسێک نەبێت سەرپەرشتیان بکات .
هەر بۆیە شەرع توانا و هێزی بەپیاو بەخشیوە لەماڵدا ؛ چونکە (زۆر جار ) پیاو عەقڵی کامڵ ترە لەئافرەت ، وئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پێویستە ئافرەت گوێ ڕایەڵی پیاو بکات ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ] پیاوان سه‌رپه‌رشتیارو باڵاده‌ستن به‌سه‌ر ئافره‌تانه‌وه‌ [بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ] به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌زڵی هه‌ندێكیانی داوه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێكیاندا فه‌زڵی پیاوی داوه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هێزتره‌ وه‌ توانای ئیشوكاری زیاتره‌ [وَبِمَا أَنْفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ] وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ماڵی خۆیان ئه‌به‌خشن، وه‌ ماره‌یى و نه‌فه‌قه‌ی ئافره‌ت له‌سه‌ر پیاوه‌ پیاوان نه‌فه‌قه‌ی ئافره‌تان ئه‌كه‌ن .

وە هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ :
یەکەم : پیاوان بەتوانا ترن لەسەر تەحەمول کردنی ئەم بەرپرساریەتی یە ، هەر وەک چۆن ئافرەت بەتوانا ترە لەپیاو لەپەروەردەکردنی منداڵ و ڕێک خستنی کار و باری ماڵ ، هەریەکێک لەپیاوان و ئافرەتان گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە و لەبوارێکدا بەتوانا و بەهێزن .

دووەم : لەئیسلام دا پیاو بەر پرسە لەپەیدا کردنی قوتی ڕۆژانە و مەسرەف کردنی ماڵ و منداڵ ، جا لەئیسلامدا پێویست نی یە لەسەر ئافرەت کار بکات و بەدوای ڕیزقدا بگەڕێت ، بەڵکو تەنانەت گەر ماڵیشی هەبوو و دەوڵەمەندیش بوو هەر پێویستە پیاو مەسرەفی بکات ئەوەندەی کەپێویستیەتی .
جا مادام پیاو بەرپرسیاریەتی مەسرەف کردنی لەسەرە هەر بۆیە بەڕێوەبردنی کار و باری ماڵ بۆ ئەوە .

هەر بۆیە بەچاوی خۆمان ئەو فەوزایە دەبینین لەو وڵاتانەی کەپێچەوانەی ئەمە دەکەن کەباسمان کرد ، لەو وڵاتانەدا پیاو بەر پرس نی یە لە مەسڕەف کردن ، و ئافرەت پابەند نی یە بە گوێڕایەڵی مێردەوە ، و لەماڵ دەردەچێت هەر کاتێک بیەوێت و ماڵ بەجێ دێڵێ و منداڵان تووشی جۆرەها شتی نەشیاو دەبن و سەر گەردان دەبن .
جا لەو وڵاتانەدا پێویستە لەسەر ئافرەت هەوڵ بدات و خۆی هیلاک بکات بۆ پەیدا کردنی قوتی ڕۆژانەی گەر لەسەر حیسابی ماڵ و منداڵەکانیشی بێت .

جا لێرەدا ئەو شتانەی کە پێویستە ڕەچاو بکرێت و لەبیر نەکرێت ئەمانەی لای خوارەوەن :
یەکەم : ئافرەت پاداشت دەدرێتەوە لەسەر گوێڕایەڵی مێردەکەی .
پێغەمبەرى خوا فەرمویەتی: (المرأة إذا صلت خمسها، وصامت شهرها، وأحصنت فرجها، وأطاعت زوجها، فلتدخل من أي أبواب الجنة شاءت).
واتە: گەر ئافرەت پێنج نوێژە فەرزەكانی بەجێ هێنا و مانگی رەمەزان بە رۆژو بو، داوێنی خۆی لە خراپەكاری پاراست و فەرمانبەری مێردەكەی بكات لە چاكە، ئەوا با لە هەر دەرگایەكی بەهەشت دەچێتە ژوور كە خۆی ئارەزوی لێیەتی بچێت.

دووەم : ئەم گوێڕایەڵی کردنە لەشتێکدایە کە بێ فەرمانی خودای تێدا نەبێت ، هەروەک پێغەمبەر فەرموویەتی: " لا طاعة لمخلوق في معصية الخالق " .
واتە : گوێڕایەڵی هیچ کەسێک ناکرێت لەبێ فەرمانی خوادا .

سێ یەم : هەروەک چۆن پیاو مافی هەیە بەسەر ئافرەتەوە بەهەمان شێوە ئافرەتیش مافی خۆی هەیە بەسەر پیاوەوە و شەرع فەرمانی بە پیاوان کردووە بەجوانترین شێوە هەڵس و کەوت لەگەڵ ئافرەتاندا بکەن ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوف ...) البقرة/228.
واتە : وه‌ چۆن پیاوان مافیان له‌سه‌ر ئافره‌تان هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئافره‌تانیش مافیان له‌سه‌ر پیاوان هه‌یه‌

نابێ پیاو توند بێ لەگەڵ ئافرەتدا و ستەمی لێ بکات و فەرمانی دژواری پێ بکات ، بەڵکو پێویستە بەحیکمەتەوە سەرپەرشتی بکات و فەرمانی بەنەرم نیانی بەو شتانە پێ بکات کە قازانجی بۆ خۆی و خێزانەکەی و ماڵ و منداڵی هەیە و دەبێت .
پێغەمبەر فەرموویەتی : " خيركم خيركم لأهله وأنا خيركم لأهلي ".
واتە : باشترینتان باشترینتانە بۆ خێزانەکەی ومن باسترینتانم بۆ خێزانەکەم .

سەردان: ٥,٤٣٠ بەش: مافەکانى ژن و مێرد