ئایا ڕاستە سورەتى (یس) بە نیەتی هەر شتێکەوە بخوێنى ئەو شتەت دەست دەکەوێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ڕاستە سورەتى (یس) بە نیەتی هەر شتێکەوە بخوێنى ئەو شتەت دەست دەکەوێ؟
پرسیار:

ئایا هیچ فەرموودەیەکی سەحیح هاتووە لەبارەی فەزڵی خوێندنی سوڕەتی ( يس ) نەوە؟ چونکە هەندێ کەس دەڵێن : بەهەر نیەتێکەوە بیخوێنیت ئەو شتەت دەست دەکەوێت ؟!

یەکەم :
سوڕەتی ( يس ) یەکێکە لەسوڕەتەکانی قورئانی پیرۆزو لەمەکە دابەزیوە ، و ژمارەی ئایەتەکانی ۸۳ ئایەتە ، ئایەتەکانی کورتن وکاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە بەسەر کەسی باوەڕدارەوە ، بابەتە سەرەکییەکانی ، ئەو بابەتانەن کە لەسوڕەتە مەکییەکاندا هاتوون ، باس لەیەکخواپەرستی دەکات ، و وەهەروەها باسی سەرەنجامی بێباوەڕان دەکات ئەوانەی قورئانیان بەدرۆ دەخستەوە ، و ئەو بابەتەی کەزیاتر تەرکیزی خستۆتە سەر بابەتی زیندو بوونەوە و هەستانەوە لەنێو گۆڕ .

دووەم :
چەند فەرموودەیەک لەبارەی فەزڵی ئەم سوڕەتەوە هاتوون ، زۆربەیان هەڵبەستراو و درۆن وڕاست نین ، وهەندێکیان زەعیفن ، و ئێمە فەرمودەیەکی سەحیحمان لەم بارەیەوە نەبیستووە کەباس لەفەزڵی سوڕەتی ( يس ) بکات .

جاهەندێ لەو فەرموودانەی کە لەو بارەیەوە هاتوون وزانایان بەزەعیفیان لەقەڵەم داوە دەیخەینە ڕوو تەنها بۆ ئاگادار بوون لێیان - :

1- ( إن لكل شيء قلبا ، وقلب القرآن ( يس ) ، من قرأها فكأنما قرأ القرآن عشر مرات )
واتە :هەموو شتێک دڵی هەیە ، ودڵی قورئانیش سوڕەتی ( يس )ه ، و هەرکەسێک بیخوێنێت وەک ئەوە وایە دەجار قورئانی خوێندبێت .

2- ( من قرأ سورة ( يس ) في ليلة أصبح مغفورا له )
واتە : هەرکەسێک لەشەوێکدا سوڕەتی ( يس ) بخوێنێت ئەوا بەیانی لێدەبێتەوە وخودا لێی خۆش بووە .

3-( من داوم على قراءتها كل ليلة ثم مات مات شهيدا ) .
واتە : هەرکەسێک هەموو شەوێک بەردەوام بیخوێنێت وپاشان بمرێت ئەوا بەشەهیدی دەمرێت .

4-( من دخل المقابر فقرأ سورة ( يس ) ، خفف عنهم يومئذ ، وكان له بعدد من فيها حسنات ) .
واتە : هەرکەسێک بچێتە قەبرستانەوە و سوڕەتی ( يس ) بیخوێنێت ، ئەوا سزایان لەو ڕۆژەدا لەسەر سوک دەکرێت ،و بەئەندازەی ئەوەی لەوگۆڕستانەدا هەیە خێری بۆ دەنوسرێت .

بڕوانە "الموضوعات" لابن الجوزي (2/313) ، "الفوائد المجموعة" للشوكاني (942،979) ، وە هەروەها بڕوانە رسالة : " حديث قلب القرآن يس في الميزان ، وجملة مما روي في فضائلها " لفضيلة الشيخ محمد عمرو عبد اللطيف ، حفظه الله .

سێیەم :
وەیەکێکی تر لەو فەرموودانەی کەخەڵک دەیگێڕنەوە ( يس لما قرئت له ) ، واتە : سوڕەتی ( يس )بەهەر نیەتیەکەوە بیخوێندرێتت ئەو شتە بەدەس دێت .
جا مەبەستیان ئەوەیە بەخوێندنی سوڕەتی ( يس ) کاروبار و پێویستیەکانت جێ بەجێ دەبن و بۆت ئاسان دەبن گەر لەکاتی خوێندنیدا نیەتی ئەوانە بێنیت .

وە پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە ئەم شتانە ناڕاستن و دەبێ خەڵکی لێ ئاگادار بکرێتەوە کەئەمە فەرمایشتی پێغەمبەرى خوا نی یە ، و هەروەها فەرمایشتی هاوەڵان وتابیعن و پێشەوایانیش نی یە ، و لەهیچ یەکێک لەوانەوە شتی وا نەگێڕدراوەتەوە ، بەڵکو ئەوان ئەو جۆرە شتانەیان بەناڕاست زانییوە و خەڵکیان لێ ئاگادار کردۆتەوە .

ئیمامی السخاوي رحمه الله دەربارەی ئەم فەرموودەیە دەڵێت : " لا أصل له بهذا اللفظ " انتهى . "المقاصد الحسنة" (741) ، واتە : ئەم فەرموودە بەم شێوازە هیچ ئەسڵێکی نی یە و ڕاست نی یە .

وەهەروەها القاضي زكريا لە ( حاشية البيضاوي)دا ، دەڵێت : موضوع . كما في "كشف الخفاء" (2/2215)
واتە : ئەو فەرموودەیە دروست کرا و هەڵبەستراوە .

هەر بۆیە دروست نی یە بۆ هیچ کەسێک ئەم جۆرە شتانە بداتە پاڵ پێغەمبەر ، و ناشبێ لەکۆڕ ومەجلیسدا باس بکرێ ، وهەرکەسێک پێی وابێ کە تەجرەبە سەلماندوویەتی ئەو فەرموودەیە سەحیحە ، ئەوا پێی دەوترێت :
تەجرەبەش سەلماندویەتی کە زۆر کەس سوڕەتی ( يس )یان خوێندووە بەنیەتی جێ بەجێ بوونی پێویستیەکانیان و بۆیانیش جێ بەجێ نەبووە ، ئایا بۆ تەجرەبەی تۆ وەر بگرین وهی غەیری تۆ وەر نەگرین !؟

سەردان: ١٣,٣٤٢ بەش: قورئانی پیرۆز