بەنیسبەت گۆرانی و مۆسیقاوە: بەتەئکید لەم ڕۆژگارەدا هەندێ کەس توشی بوون ، و زۆر بووە لە نێو خەڵکدا ، لەڕادیۆ و تەلەفیزۆن و شیریت و کاسیەت وجگە لەمانەش، وبێگومان ئەم کارەش زۆر ترسناکە و بەڵایەکی گەورەیە ، وهۆکاری توش بوونە بەداوێن پیسی ، و تاریکی دڵ و سەر گەردانی ، وڕوو کردنە داوێن پیسی ، تەمبەڵی لەئەنجام دانی عیبادەت ، بۆیە پێویستە زۆر ئاگادار بن ، وگوێی لێ نەگرن ، چونکە ڕوقیەیی شەیتانە ، مرۆڤ بەرە و زینا پەل کێش دەکا .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًا أُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُهِينٌ * وَإِذَا تُتْلَى عَلَيْهِ آيَاتُنَا وَلَّى مُسْتَكْبِرًا كَأَنْ لَمْ يَسْمَعْهَا كَأَنَّ فِي أُذُنَيْهِ وَقْرًا فَبَشِّرْهُ بِعَذَابٍ أَلِيمٍ ) [لقمان:6- 7]،
واتە : هەندێك لە خەڵكی قسە و باسی بێهودە و بێكەڵك دەكڕێت ـ كە بریتیە لە هەرشتێك سەرقاڵ بكا لەگوێڕایەڵی خوای پەروەردگار و ڕێگریكاری ڕەزامەندی ئەو بن ـ بۆ ئەوەی خەڵكی گومڕا و لاڕێبكا بكات لە ڕێگەی هیدایەتەوە بۆ ڕێگای هەوا و ئارەزوو ، وە ئایەتەكانی قورئانیش بكاتە جێی گاڵتەجاڕی ، ئا ئەوانە سزایەكی بێڕێزكار و سەرشۆڕكاریان بۆ هەیە * وە ئەگەر ئایەتەكانی قورئانی بەسەرا بخوێنڕێتەوە پشت هەڵدەكات لە گوێڕایەڵی خوای پەروەردگار ، و فیززلی دەیگرێت و سودمەند نابێت و پەند و ئامۆژگاریان لێوەرناگرێت ، وەك بڵێی گوێبیستی هیچ نەبووبێت ، و گوێكانی تووشی كەڕی بوبێتن ، جا هەركەس ئەمە حاڵی بێ ئەوا موژدەی سزایەكی بەئێش و ئازاری لە ئاگری دۆزەخ پێبدە ـ ئەی پەیامبەری خوا ﷺ ـ لە دواڕۆژیدا .
(عبدالله ی كوڕی مەسعود) سێ جار دەفەرمێت: سوێند بەو خوایەی هیچ پەرستراوێك بەحەق نیە شایانی پەرستن بێت جگە لەو، مەبەست لەم ئایەتە گۆرانییە.
وە (عبداللەی كوڕی عەبباسو جابرو عیكریمەو سەعیدی كوڕی جوبەیرو موجاهیدو مەكحولو عەمری كوڕی شوعەیبو عەلی كوڕی بوزەیمەیش) وایان فەرمووە.
وە (حەسەنی بەصری) دەفەرمێت: ئەم ئایەتە لەسەر گۆرانیو مۆسیقا دابەزیوە .
وە زۆر لەزانایانی تەفسیر و جگە لەوانیش دەڵێن : مەبەست لە ( لهو الحديث ) مۆسیقایە ، و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ڕێگای خوادا ، هەربۆیە فەرموویەتی: (لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ) .
ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە مۆسیقا هۆکارێکی دوور خستنەوەی خەڵکە لەزیکر و یادی خودا، و هۆکارە بۆ گاڵتە کردن بەئایەتەکانی خودا ، وهۆکاری گوێ نەگرتنە لەقورئانی پیرۆز ، ئەمە سێ بەڵای گەورەیە کەباسی کردووە :
گومڕایی و گومڕا کردن و بوونە هۆکاری گاڵتە کردن بەقورئان گوێنەگرتن لێی ، بۆیە پێویستە زۆر ئاگاداری بین .
وه له پێغەمبەری خواوە ﷺ هاتووە کەفەرموویەتی (ليكوننَّ من أمتي أقوامٌ يستحلُّون الحِرَ والحريرَ والخمرَ والمعازفَ) أخرجه البخاري في "الصحيح"، وخرجه جماعةٌ آخرون.
واتە : کۆمەڵێک لەئومەتەکەم پەیدا دەبن زینا و حەریر و عەڕەق و مۆسیقا حەڵاڵ دەکەن .
پێغەمبەری خواوە ﷺ ڕوونی کردۆتەوە کە لە ئاخیر زەماندا کۆمەڵێ ئاوها پەیدا دەبن ( وئەو شتانە سەردەمانێکی زۆرە ڕویان داوە) و حەتمەن ئەمەش یەکێکە لەنیشانەکانی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر ﷺ کەسانێکی زۆر هەن ئەو شتانە ئەنجام دەدەن و گوێیی پێ نادەن .
(الحرير ) : لەبەر کردنی جلی حەریرە بۆ پیاوان ، کەحەڕامە پیاوان لەبەری بکەن .
(الخمر) هەروەها خەڵک گوێى ناداتێ و دەیخواتەوە ، و هەندێکیان بەحەڵاڵی دەزانن .
(المعازف) هەموو ئامێرێکی مۆسیقا دەگرێتەوە ، تەپڵ و دەف و خودی مۆسیقا ....هتد .
وه ابنُ الصلاح رحمه الله دەڵێت :
گۆرانی گەر یەکێک لەئامێرەکانی مۆسیقای لەگەڵ بوو ، ئەوا حەڕامە بەکۆدەنگی زانایان ، بەڵام بە بێ ئامێری مۆسیقا لای زۆر لەزانایان هەر حەرامە ، وهەندێ لەزانایان کۆدەنگی زانایانی نەقڵ کردووە لەسەر حەرامیەتی گۆرانی بەبێ مۆسیقاش ، و حساب بۆ بۆچوونی کەمێک لەوانە ناکرێت کە بۆچوونیان بەو شێوەیە نی یە ، چونکە بەڵگە لەگەڵ ئەوانەیە کەبەحەڕامی دەزانن ، لەبەر ئەو زیانانەی کەهەیەتی ، بەتایبەت گەر مۆسیقای لەگەڵ بێت یاخود عود و کەمان وجگە لەوانەش لەئامێری مۆسیقا ئەوا لەو حاڵەتەدا زیاتر حەڕامە ، ودەبێتە جێی کۆدەنگی زانایان ویەک هەڵوێستی لەنێوان ئەهلی عیلم دا لەسەر حەڕامیەتی .
بۆیە پێویستە ئاگاداری ئەم موسیبەتە بین کەزۆر کەس توشی بووە ، پێویستە لەسەر باوەڕدار ئەو جۆرە ئامێرانە نەهێنێتە ماڵەوە ، وئامۆژگاری ماڵ و منداڵی بکات بەڵکو سەلامەت بن لەو بەڵایە، والله المُستعان.
زاناى پایەبەرز عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله