مێردەکەم دەیەوێ تەڵاقم بدات بەبێ هۆکارێکی دیاری کراو ، لەکاتێکدا من ماوەیەکی کەمە زەواجم لەگەڵی کردووە ئایا دروستە ئەو کارە بکات ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مێردەکەم دەیەوێ تەڵاقم بدات بەبێ هۆکارێکی دیاری کراو ، لەکاتێکدا من ماوەیەکی کەمە زەواجم لەگەڵی کردووە ئایا دروستە ئەو کارە بکات ؟

بێگومان تەڵاق دانی ئافرەت زیان گەیاندنە پێی ، و نابێ پیاو ئەو کارە بکات و شیرازەى خێزان و ماڵى تێک بدات تەنها بەهۆکارێکی شەرعی مەقبول نەبێت ، وشەریعەتی ئیسلام داوا لەپیاو ناکات سەبەبەکان ئاشکرا بکات ؛ چونکە ئەوە نهێنی ماڵە کە پێویستە بشاردرێتەوە ، بەڵام پێویستە لەسەر پیاو عادل و دادپەروەر بێت لەو بابەتەدا ، با مامەڵە لەگەڵ خێزانیدا بکات هەروەک چۆن پێی خۆشە ئاوها مامەڵە لەگەڵ خوشک و کچەکانیدا بکرێت لەلایەن پیاوەکانیانەوە ، گەر وا نەکات حەتمەت ستەم کارە ، ئافرەت تەنها گەر عەقدی زەواج گرێ درا ئەوا دەبێتە خێزانی ئەو پیاوە ، وئەو ئافرەتە چەند مافێکی هەیە ، ولەهەمان کاتدا ئەرک و واجباتیشی لەسەرە ، چ جای ئەوەی پیاو ژنەکە بگوازێتەوە و لەگەڵیدا ژیابێت و ئەو ئافرەتە دڵی پێی ئارام بوبوێت ، وچەندین ئومێدی لەسەر ئەو پیاوە هەڵچنیبێت ، ئایا چۆن ئازاری دەداو دڵی دەشکێنێت بەتەڵاق دان بە بێ هیچ هۆکارێکى شەرعى ، و هەموو ئومێدە شەرعیەکانی خێزانەکەى لەگۆڕ دەنێت ؟!
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (وَقَدْ أَفْضَى بَعْضُكُمْ إِلَى بَعْضٍ وَأَخَذْنَ مِنْكُمْ مِيثَاقًا غَلِيظًا) النساء/21 .
واتە : بەتەئکید خودا ئێوەی گەیاندووە بەیەک وپەیمانێکی بەهێزی لێ وەر گرتوون .

جا (الميثاق الغليظ ) واتە : عەقدی زەواج کە ئافرەت لەپێناویدا گەورەترین شتی دەبەخشێت .

وە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (لا يَفْرَكْ مُؤْمِنٌ مُؤْمِنَةً، إِنْ كَرِهَ مِنْهَا خُلُقًا رَضِيَ مِنْهَا آخَرَ) رواه مسلم.
واتە : با پیاوی باوەڕدار ڕقی لەئافرەتی باوەڕدار نەبێتەوە ، خۆ ئەگەر لەڕەوشتێکی ڕازی نەبێت ئەوا لەڕەوشتی تری ڕازیە .

وەهەروەها پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (أَيُّمَا امْرَأَةٍ سَأَلَتْ زَوْجَهَا طَلاقًا فِي غَيْرِ مَا بَأْسٍ فَحَرَامٌ عَلَيْهَا رَائِحَةُ الْجَنَّةِ) رواه أبو داود.
واتە :
هەر ئافرەتێک داوای تەڵاق بکات لەمێردەکەی بەبێ هۆکارێکی شەرعی ئەوا بۆنی بەهەشتی لێ حەڕامە .

جا بۆیە گرنگە ئاگادار بین بابەتی تەڵاق ترسناکە ، نابێت موسوڵمان بیری لێ بکاتەوە و دەستی بۆ بەرێت و وەکو کاڵایەک سەیرى خێزانەکەى بکات و هەرکات حەزى پێ نەما تەڵاقى بدات مەگەر لەبەر هۆکارێکی شەرعی نەبێت کە خۆی دەیزانێت ، جا ئەوانەی سوکایەتی بەتەڵاق دەکەن و بەسادە تەماشای دەکەن ئەوە بەتەئکید هەڵس و کەوتی نەشیاویان کردوە بەرانبەر ئیسلام و ئاکارە بەرزەکانی ، وە وا وێنای ئیسلامیان کردووە کە ئیسلام دینی ئارەزووە و گاڵتە کردنە بە هەسی ئافرەتان و کەس و کارەکەیان ، پاشان بێگومان خەڵک گومانی خراپ بەو ئافرەتە دەبەن کە مێردەکەی زوو تەڵاقی دەدات ، وە ئەگەر ئافرەتەکە منداڵیشی هەبوو ئەوە شیرازەى ئەو خێزانە تێک دەچێ و ئەو منداڵانە بێ بەش دەبن لە ناز و پەروەردەیەکى جوانى دایک و باوکیان ، و هەموو ئەم تاوان و زیانانەش لە ئەستۆى ئەو پیاوانەیە کە زۆر بە سادە و سوکى سەیرى بابەتى تەڵاق و جیابونەوە لە خێزان دەکەن و گوێ بە تێکچونى شیرازەى خێزان نادەن ، و تەنها خەمى تێرکردنى ئارەزووى خۆیەتى ، و ئایا ئەو پیاوە چۆن وەڵامی خودا دەداتەوە لەبەرانبەر ئەو کارەیدا کە بۆتە هۆکاری لەکەدار کردنی سومعەی ئەو ئافرەتە موسوڵمانە و کەس و کارەکەشی ؟!

وە بەتەئکید تەڵاق کارێکی زۆر ترسناکە ، خوای پەروەردگار داویەتی یە دەسی پیاوی موسوڵمانەوە بۆیە پێویستە ئەو پیاوەش کەلەخودا بترسێت و بزانێت ڕۆژێک لەبەرانبەر خودادا ڕادەوستێنرێت بۆ لێ پرسینەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: (وَاتَّقُوا يَوْمًا تُرْجَعُونَ فِيهِ إِلَى اللَّهِ ثُمَّ تُوَفَّى كُلُّ نَفْسٍ مَا كَسَبَتْ وَهُمْ لا يُظْلَمُونَ) البقرة/281.
واتە : لەڕۆژێک بترسن کە دەگەڕێنەوە بۆلای خودا ، پاشان هەموو کەسێک پاداشت یاخود سزا وەر دەگرێت لەبەرانبەر ئەو کارانەی کردوویەتی ، وبێگومان ستەمیان لێ ناکرێت .

بەڵام بابەتی دانی مارەیی (هەمووی یاخود نیوەی) ئەوە قەرەبوو کردنەوەیەکی کەمە دەدرێت بەئافرەت لەبەرانبەر موسیبەتێکی گەورەدا کە ئەو ئافرەتە دوو چاری بووە ، تەنانەت گەر ماڵەکەش زۆر بێت هەرگیز قەرەبووی ئەو زیانە ناکاتەوە کە بەو ئافرەتە گەشتووە .

هەر بۆیە با پیاوان تەقوای خودابکەن و لەخودا بترسن ، بەجوانی بیر لەو بابەتە بکەنەوە ، وەبا پیاوی ساڵح و باوەڕدار و بەتوانا بێت ، تەحەمولی ئەو کارە بکات کە خۆی هەڵی بژاردووە ، تەنانەت گەر ئەو ئافرەتەشی بەدڵ نەبێت ، با لێی خۆش بێت بەڵکو خودا لێی خۆش بێت ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: (وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ) النور/22.
واتە : با لێ خۆش بوو لێ بوردە بن ، ئایا پێیان خۆش نی یە خودا لێیان ببورێ ، خودا لێ بوردەو بەبەزەییە، والله أعلم.

سەردان: ٢,٦٥٤ بەش: تەڵاق و جیابونەوە