پێش ئەوەی خێزانەکەت تەڵاق بدەى بیربکەرەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
پێش ئەوەی خێزانەکەت تەڵاق بدەى بیربکەرەوە
پرسیار:

ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەو پیاوانەى لەکاتى کێشەی خێزانى یەکسەر پەنا بۆ تەڵاق دەبات و خێزانەکەى تەڵاق دەدات ؟

الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على أشرف الأنبياء والمرسلين وبعد:
سەرەتای ئامۆژگارییەکانمان بە بەسەرهاتێکی ماڵی پێغەمبەرى خوا دەست پێ دەکەین تا بزانی پێغەمبەرى خوا هەڵوێستی چۆن بووە لەگەڵ کێشەکاندا .
پێشەوا ( النسائي ) لە ئوم سەلەمەوە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویتتیەوە ودەڵێت: ( أنها أتت بطعام في صفحة لها إلى رسول الله وأصحابه فجاءت عائشة متزرة بكساء ومعها فهر - حجر - ففلقت به الصفحة، فجمع النبي بين فلقتي الصفحة ويقول: { كلو، غارت أمكم } مرتين، ثم أخذ رسول الله صفحة عائشة فبعث بها إلى أم سلمة، وأعطى صفحة أم سلمة عائشة ) .
واتە: لەقاپێکی دا خواردنی بۆ  پێغەمبەری خوا و هاوەڵانی هێنا و عائیشە هات خۆی بەجلێک داپۆشیبوو وبەردێکی پێ بوو ودای بەنێو قاپە خواردنەکەدا ، پێغەمبەر قاپەیەکەی کۆ کردەوە وفەرمووی: ( بخۆن ، دایکتان غیرەت کردوویەتی) دوو جار ئەمەی دوو بارە کردەوە ، پاشان پێغەمبەر قاپەکەی عائیشەی وەرگرت وناردی بۆ ئوم سەلەمە ، وقاپەکەی ئوم سەلەمەشی دا بە عائیشە .
بەم شێوەیە پێغەمبەر بەشێوەیەکی لێزانانە کۆتایی بەکێشەکە هێنا!.
ئەم بەسەرهاتە بۆ ئەوەیە بەڵکو فێری لێبوردەیی ببن وبزانن چاکە وباش بوون لەپێشترە ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿الَّذِينَ يُنفِقُونَ فِي السَّرَّاء وَالضَّرَّاء وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ ﴾ [آل عمران:134].
واتە: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌به‌خشن له‌ پێناو خوای گه‌وره‌ له‌ كاتی هه‌بوونی و نه‌بوونیاندا، له‌ نه‌خۆشى و له‌شساغیاندا ،وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕقی خۆیان ئه‌خۆنه‌وه‌و له‌به‌ر خوا ده‌رینابڕن خواى گه‌وره‌ له‌ پێش چاوى خه‌ڵكى بانگى ده‌كات له‌ رۆژى قیامه‌ت تا به‌ ئاره‌زوى خۆى حۆرى هه‌ڵبژێرێت ، وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خه‌ڵك ئه‌بوورێن وه‌ سزای خه‌ڵكی ناده‌ن ، وه‌ به‌ دڵنیایى خوای گه‌وره‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆش ئه‌وێ كه‌ چاكه‌كارو لێبوورده‌ن .
ئا ئەمە چەند پلە و پایەیەکە کەوا لەمرۆڤ دەکات لەمافی خۆی خۆش بێت و لەو کەسە ببوورێت کەخراپەی بەرانبەر کردووە ، بەڵکو خۆشەویستی وتەبایی بەردەوام بێت .
لەمەش زیاتر چاک بە لەگەڵ ئەو کەسەی خراپەی بەرانبەر کردووی ، ئەمەش بەکەسێک دەکرێت کەخودا ئاستێکی بەرزی لەجوان مامەڵە کردن پێ بەخشیبێت .
برای ئازیز بەویستی خودا چارەسەرێکی گونجاوت پێ پیشان دەدەم ، لەو چارەسەرانە :
یەکەم: پەلە نەکردن لەکارەکاندا : 

بەڕاستی پەله کردن لەهەموو شتێکدا خراپە تەنها لەکردنی کاری چاکەدا نەبێت ، من تۆ دەبینم ئەو پیاوە عاقڵ ولەسەر خۆیەیی بۆ کڕینی سەیارەیەک چەند لەسەر خۆی ، وبێگومان بابەتی ژن تەڵاق دان لەپێشترە ، ودواخستنی زیانت پێ ناگەیەنێت گەر قازانجی نەبێت ، چەندان پیاو پەشیمان بوونەوە لەو پەلە پەلەیی کردنیان ، بڕیارەکە لەدەستی خۆتدایه ئیتر پەلەی چیتە ؟
دووەم: عادەتی کەسی عاقڵ وایە کارەکان دەگێڕێتەوە بۆ کەسانی لێزان وپرسیان پێ دەکات ، تۆ بۆ کڕینی پارچە ئەرزێک پرس بەچەندان کەسی شارەزا دەکەیت ، دەی ئەم بابەتە زۆر لەپێشترە بۆ ئەوەی بچی پرس بەکەسانی زانا وشارەزا بکەیت وحاڵی خۆتیان بۆ باس بکەیت.
سێیەم: ئەو خەم وخەفەت ودەرد وبەڵایەیی کەتوشی بووی جۆرێکە لەجۆرەکانی بەڵا وموسیبەت کەپێویستە ئارامی لەسەر بگریت وچاوەڕێیی پاداشت بکەیت لەسەری  پێغەمبەر فەرموویەتی: { ما يصيب المؤمن من وصب ولا نصب ولا هم ولا حزن ولا غم ولا أذى حتى الشوكة، يشاكها إلا كفّر الله بها من خطاياه } [متفق عليه]
واته‌: هيچ شتێك تووشى موسڵمان نابێت له‌ ماندووبوون و خه‌م و په‌ژاره‌و ئازارو كێشه‌، هه‌تا دڕكێكيش ئازارى بدات، ئيللا خواى گه‌وره‌ به‌ هۆيه‌وه‌ له‌ گوناهه‌كانى  ده‌سڕێته‌وه‌.
وە زۆر (إنا لله وإنا إليه راجعون) بکە ، پێغەمبەر فەرموویەتی: { ما من مسلم تصيبه مصيبة فيقول أمر الله: إنا لله وإنا إليه راجعون، اللهم أجرني في مصيبتي وأخلف لي خيراً منها، إلا أخلف لله خيراً منها } [رواه مسلم].
واتە: هیچ موسوڵمانێک نی یە توشی بەڵایەک ببێت و ئەوە بڵێت کەخودا فەرمانی پێ کردووە وبڵێت : (إنا لله وإنا إليه راجعون) وخودایە پاداشتم بەرەوە لەم بەڵایەم دا ، وباشترم لەدوای ئەوە پێ ببەخشە ، ئیلا خودا باشتری پێ دەبەخشێت .
چوارەم: دڵت پاک بکەرەوە لەکین وبوغز :
ئەم شتانە چاوت دادەپۆشێت ، وشەیتان دڵخۆش دەبێت بەوە ، ئاگادار بە مەسیری خێزانەکەت لەسەر کین وبوغز بونیاد نەنەیت وهەوڵی سەرخستنی نەفست نەدەیت ، پێغەمبەر فەرموویەتی: [ اللّهم إِنِّي أُحَرِّج حَقَّ الضَّعيفَين: اليَتيم والمَرأة]حسن،صحيح سنن ابن ماجه(۲۹۸۲).
واته : ( من خەڵکی ئاگادار ئەکەمەوە بەسزای سەخت بۆ ئەو کەسانەی مافی بێ باوکان وئافرەتان نادەن وستەمیان لێ ئەکەن).

پێنجەم: خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُواْ ﴾[الأنعام:152] .
واته‌: كاتێك كه‌ قسه‌تان كرد یان شایه‌تیتان دا دادپه‌روه‌ر بن.
وە لەبارەی دوژمنان وئەوانەی کێشە لەنێوانیاندایە فەرموویەتی : ﴿ وَلاَ يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلاَّ تَعْدِلُواْ اعْدِلُواْ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى ﴾[المائدة:8].
واته: ڕق لێبونتان بۆ كه‌سانێك واتان لێ نه‌كات كه‌ دادپه‌روه‌ر نه‌بن ، به‌ڵكو ئێوه‌ دادپه‌روه‌ر بن له‌ نێوان دۆست و دوژمندا ئه‌مه‌ نزیكتره‌ له‌ ته‌قواوه‌ یان نزیكتره‌ له‌وه‌ی كه‌ خۆتانی پێ بپارێزن له‌ ئاگری دۆزه‌خ .
 وه لەدادپەروەریە باسی چاکەی خێزان بکرێت بەدرێژای ئەو ساڵانەی کەڕابردوون ، وبزانە برای بەڕێز لەکەمیندا بوون بۆ وردە هەڵە وکەم وکورتیەکان سیفەتی کەسی چاک وبەڕێز نی یە ، من دەبینم تۆ لەزۆر لەکەم وکورتی هاوڕێکەت دەبووری ، ئەوە چیتە نزیکترین کەس لەتۆوە بێبەش دەکەیت لەکاتێکدا خودا فەرمانی پێ کردووە وفەرموویەتی : ﴿وَالصَّاحِبِ بِالجَنبِ ﴾ [النساء:36]. 
واته: هاوڕێی سه‌فه‌رو .
وە فەرموویەتی: ﴿ وَلاَ تَنسَوُاْ الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ ﴾ [البقرة:237].
واته: وه‌ ئه‌و فه‌زڵ و چاكه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێوانتاندا هه‌بووه‌ بیری مه‌كه‌ن .

شەشەم: ئەوەت لەبیر نەچێت مانەوەی خێزانت لەگەڵ هەوڵدانت بۆ چاککردنی هۆکارێکە بۆ پاراستنی چاو وگوێ وداوێنت ، لەفێڵ وتەڵەکەکانی شەیتان .
و مرۆڤ لاوازە زوو پێی هەڵدەخلسکێت وتوشی فیتنە دەبێت.

حەوتەم: گەر منداڵت هەبێت ئەوان زەرەرمەند دەبن لەزوو بڕیاردانتدا ، و تۆ بێبەشیان دەکەیت لەسۆزی دایک ، وبزانە بەشێک لەخۆشیەکانت بینینی منداڵەکانە لەدەورو بەرت ، بۆیە دەبێ لەو پێناوەدا ئارام گر بیت وزوو بڕیاری قورس نەدەیت.
هەشتەم: دوور بکەوەرەوە لەخۆ بەگەورە زانین وسەرخستنی نەفس ،پێغەمبەر خۆ بەکەم زان بوو لەکاتێکدا سەرداری مرۆڤایەتی بوو .
بۆیە دوور کەوەرەوە لەتەڵاق دان بەبێ بوونی هۆکارێکی شەرعی ، وبا تەڵاق دانەکەت تۆڵەسەندنەوە نەبێت وهەوڵێک نەبێت بۆ زیان گەیاندن بەکەسانی تر چونکە ئەوە ستەمە .

نۆیەم: بەسەر هات و ژیانی پیاوە گەورەکان لەهاوەڵان وتابعین بخوێنەوە بزانە حاڵیان چۆن بووە لەگەڵ خێزانەکانیاندا ، ونموونە زیندووەکانی ژیانی پێغەمبەر بخوێنەوە.

دەیەم:ڕوو بکەرە خودا بەدوعا وداوای لێخۆش بوون کردن وخێر کردن بەڵکو خودا ئەوەت بۆ چاک بکات کەخراپ بووە ، خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجاً ﴾[الطلاق:2].
واتە: وه‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكات به‌وه‌ی كه‌ سنووری خوای گه‌وره‌ نه‌به‌زێنێ و تاوان و سه‌رپێچی نه‌كات وه‌ خێزانه‌كه‌ی ته‌ڵاقدا له‌سه‌ر سوننه‌ت ته‌ڵاقی بدات، وه‌ گه‌ڕاندییه‌وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بیگه‌ڕێنێته‌وه‌، وه‌ شایه‌ت دابنێ ، ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌رووی خێری لێ ئه‌كاته‌وه‌ له‌و كێشه‌یه‌ی كه‌ كه‌وتۆته‌ ناوی و ڕزگاری ئه‌كات، وه‌ له‌ ناخۆشییه‌كانى دونیاو قیامه‌ت رزگارى ده‌كات، یاخود كه‌وته‌ ناو هه‌ر شوبهه‌و گومانێك له‌ دیندا خوای گه‌وره‌ ده‌رووی لێ ئه‌كاته‌وه‌و ڕزگاری ئه‌كات، یاخود له‌سه‌ره‌مه‌رگدا له‌ ناخۆشییه‌كانی سه‌ره‌مه‌رگ ڕزگاری ئه‌كات، (ئیبنو مه‌سعود) ده‌فه‌رمێت: (گه‌وره‌ترین ئایه‌ت له‌ قورئاندا كه‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روى خێرى تێدا بێت ئه‌م ئایه‌ته‌یه‌).

یازدەیەم: جیاوازی لەنێوان تەبیعەت وعادەت وداب ونەریتدا هەیە و کەسەکان ئاستی خوێندەواری وتێگەیشتنیان جودایە وخێزانێک بۆ خێزانێکی تر جیاوازە ، هەریەکە لەخێزانێکدا ژیاوە جیاواز لەخێزانەکانی تر ، و تۆ ئێستا دەتەوەێ لەچەند ساتێکی کەم دا هەموو شتەکان بگۆڕی بەو شێوەیەیی کەخۆت دەتەوەێ؟!
حەتمەن ئەمە هەڵەیە و پێویستی بەکات ولێک تێگەیشتن وگفتو گۆ هەیە .
دوازدەیەم: ئەم خێزانە چەندان کاری چاکی بۆ تۆ هەیە ، لەوانە: داوێنت دەپارێزێت وپێویستیە دەروونیەکانت بۆ دابین دەکات ، وجلت بۆ دەشوات ومنداڵت بۆ بەخێو دەکات پێغەمبەر فەرموویەتی:{ لا يفرك مؤمن من مؤمنة إن كره منها خلقاً رضي منها آخر - أو قال - غيره  } [رواه مسلم].
واتە: با پیاوی ئیماندار ڕق هەڵنەگرێت لە ئافرەتی ئیماندار ئەگەر ڕەوشتێكی ئەو ئافرەتەی پێ ناخۆش بوو وە لە هەمان كاتدا ڕازی بوو لە ڕەوشتێكی تری. 
هەندێ خێزان چەند ڕەوشت و تایبەتمەندیەکیان هەیە ، بەڵام بێ بەشن لەهەندێکی تر ،هەروەک چۆن تۆش وایت هەموو سیفەتێکی باشەت تێدا کۆ نەبووەتەوە ، بۆیە ناکرێت بەچاوێک تەماشای خەڵک بکەیت وخۆتت لەبیر بکەیت ، وە ورد بەرەوە لەم شێوازە لەچواندنە : { المرأة كالضلع إن أقمتها كسرتها، وإلا استمتعت بها وفيها عوج }[متفق عليه].
واتە: ئافرەت هاوشێوەی پەراسووە گەر ڕاستی کەیتەوە دەشکێت ، وگەرنا چێژی لێ دەبینیت لەکاتێکدا لاری تێدایە .

سیازدەیەم: یەکەم کەس بەناکۆکی نێوان ژن ومێرد دڵخۆش دەبن دوژمنان وحەسودەکانە و لەپێش هەمووشیانەوە شەیتانە ، پێغەمبەر فەرموویەتی: { إن إبليس يضع عرشه على الماء ثم يبعث سراياه فأدناهم منه منزلة أعظمهم فتنة يجيء أحدهم فيقول: فعلت كذا وكذا فيقول: ما صنعت شيئاً قال: ثم يجيء أحدهم فيقول ما تركته حتى فرقت بينه وبين امرأته. قال: فيدنيه منه ويقول نعم أنت }. [رواه مسلمٍ].
واتە : شەیتان عەڕشەکەی لەسەر ئاو دادەنێت و پاشان سەربازەکانى دەنێرێت ، نزیکتریان لەشەیتانەوە ئەو کەسەیانە کە زیانی زۆر ترە ، یەکێکیان دێت ، و دەڵێت : ئەوە و ئەوەم کرد ، پێی دەڵێت : هیچت نەکردووە ، پاشان دانەیەکی تریان دێت و دەڵێت : لێی نەگەڕام تاوەکو خێزانەکەیم پێ تەڵاق دا ، شەیتان لەخۆی نزیک دەخاتەوە و دەڵێت : تۆ باشترین کەسی .

هەر بۆیە پێویستە هۆکارێکی بەهێز هەبێت بۆ تەڵاق ، دوای هەوڵ وتاقی کردنەوەی چارەسەر وڕێگاکانی تر جگە لەتەڵاق لەئامۆژگاری وهەجر و..هتد .
چواردەیەم: وا گومان نەبەیت ماڵی جگە لە تۆ خاڵیە لەکێشەى ژن ومێرد ، خۆ ئەگەر ماڵێک سەلامەت بوایە لەوە ئەوا ماڵی پێغەمبەر دەبوو .
پازدەیەم: تەڵاق دابەش دەبێت بۆ تەڵاقی سوننی وبیدعی ، وچەند مەرج وخاڵێک هەن پێویستە موسوڵمان پابەندیان بێت ، لەوانە پێویستە تەڵاقەکە لەحاڵێک دا بێت کەئافرەتەکە لەسوڕی مانگانەدا نەبێت ولەپاکیەتیەدا بێت جیماعی لەگەڵ نەکردبێت ، خۆ ئەگەر لەحاڵەتی حەیزدا تەڵاقی بدات یاخود لەحاڵەتی پاکی دا وجیماعی لەگەڵ کردبێت ، ئەوا تەڵاقەکەی حەرامە وپێچەوانەی شەرعە ، وهەروەها پێویستە زیاد لەیەک تەڵاق نەدات گەرنا پێچەوانەی سوننەت وشەرعە .

برای موسوڵمان:

پەنا بگرە بەخودا لەهەموو کارێکتدا ، وپشتی پێ ببەستە بەواز هێنان لەحەرامکراوەکان ، لەبەر ئەوەی هۆکاری بەڵاو موسیبەت گوناه وتاوانە  { فما نزل بلاء إلا بذنب ولا رفع إلا بتوبة }، وزۆر دوعا بکە وبپاڕێرەوە ، وموشاوەرەی کەسانی زانا ولەخوا ترس ولێزان بکە .
وفقك الله لما يحب ويرضى وأعانك، وجعل حياتك حياة طيبة آمنة، ورزقك الذرية الصالحة التي تقر بها عينك في الدنيا والآخرة.
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.

سەردان: ٢,٣٦٦ بەش: تەڵاق و جیابونەوە