لەکاتی جیماع کردن شیری خێزانم خوارد ، ئایا شیری بۆ من حەڵاڵە ؟ وە ئایا حەرام نابم لە خێزانم چونکە شیریم خواردوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لەکاتی جیماع کردن شیری خێزانم خوارد ، ئایا شیری بۆ من حەڵاڵە ؟ وە ئایا حەرام نابم لە خێزانم چونکە شیریم خواردوە؟

پێش ئەوەی وەڵام ئەو پرسیارە بدەینەوە پێویستە چەند شتێکی گرنگ ڕوون کەینەوە :
یەکەم : حەڕام بوونی ئافرەت بەهۆی شیر خواردنەوە سابت بووە بەقورئان وسوننەت وکۆدەنگی زانایان .
بەنیسبەت قورئانەوە ئەم ئایەتە پیرۆزە :
( وأمهاتكم اللاتي أرضعنكم وأخواتكم من الرضاعة ) .
واتە : یەکێک لەو ئافرەتانەی کەحەڕامە لەسەرتان مارەیان بکەن ئەو ئافرەتانەن کەشیریان پێداون وهەروەها خوشکی شیری .

وەبەنیسبەت سوننەتەوە :
ئەو فەرموودەیە کە ابن عباس گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەر فەرمووی : (يحرم من الرضاع ما يحرم من النسب) . متفق عليه (البخاري ، مسلم 1444) .
واتە : بەشیر خواردن ئافرەت حەڕام دەبێت هەروەک چۆن بەنەسەب وخزمایەتی ئافرەت حەڕام دەبێت .

وەبەنیسبەت کۆدەنگی زانایانەوە :
زانایان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کەشیر خواردنی ئافرەت کاریگەری هەیە لەسەر حەڕام کردن وبوون بەمەحڕەمی یەکتر ودروستی تەماشا کردنی یەک تر وبەتەنها لەگەڵ یەک کۆبوونەوە وخەڵوەت کردن .

دووەم : بێگومان شیر ئەو کاریگەریانەی کەئاماژەمان پێدا دروست دەکات بەچەند مەرجێک :
1- شیر پێدانەکە لەتەمەنی دوو ساڵی بەرە وخوار بێت ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( والوالدات يرضعن أولادهن حولين كاملين لمن أراد أن يتم الرضاعة ) {البقرة : 233} .
واتە : با دایکان شیر بەمنداڵەکانیان بدەن بۆ ماوەی دوو ساڵی تەواو ئەوانەی کەدەیانەوێت بەتەواوی شیر بدەن بەمناڵەکانیان .

2- پێویستە پێنج جاری تەواو شیری دابێت بەو منداڵە بەشێوەیەک هەر جارە و تێری لێ خواردبێت ، وەک ژەمێکی خواردنی تەواو ، نەک تەنها چەند قومێکی کەمی لێ بدات وبەپێنج جار ئەژمار بکرێت !
ئەمە حسابی شیر خوردنی بۆ ناکرێت ، وەئەمە مەزهەبی (الشافعي)یە و (ابن القيم)یش ئەم بۆچوونەی لاپەسند بووە .

جا پێناسەی شیر خواردن بەم شێوەیەیە :
منداڵ شیری ئافرەتێک بخوات تاوەکو دەگاتە نێو سکی پاشان بەدڵی خۆی واز لەشیر خواردن بێنێت ، بەڵگەش بۆ ئەوەی کەپێویستە پێنج جار شیر بخوات پاشان دەبێتە منداڵی ئەو فەرموودەیەیه کە عائشة رضي الله عنها گێڕاویەتیەوە ودتڵێت: (كان فيما أنزل من القران عشر رضعات معلومات يحرمن ثم نسخن بخمس معلومات فتوفي رسول الله وهن فيما يقرأ من القرآن) . رواه مسلم (1452)
واتە : پێشتر قورئان دادەبەزی کەدەجار شیری بخواردبایە ئەوجا حەڕام دەبوو پاشان نەسخ بووەوە بۆ پێنج جار شیر خواردنی دروست ، تەنانەت تا ئەو کاتەی پێغەمبەری خواش وەفاتی کرد هەندێ کەس هەر ئەو ئایەتانەیان دەخوێندکەباسی دەجار شیر خواردنەوەی دەکرد .
واتە : زۆر درەنگ نەسخی خوێندنی ئەو ئایەتانە کرایەوە تەنانەت پێغەمبەری خواش وەفاتی کرد هەندێ کەس هەر ئەو ئایەتانەیان دەخوێند ونەیان دەزانی نەسخ بۆتەوە پاشان کەهەواڵی نەسخیان پێگەیشت وازیان لێ هێنا ، ئەمەش جۆرێکە لەنەسخ کە خوێندنەوەی نەسخ بووە وحوکمەکەی ماوە ونەسخ نەبووە .

جا کاتێ ئەمە ڕوون بووەوە ، ئەوجا شیر خواردنی دوای دوو ساڵی هیچ شتێک بەهۆیەوە حەڕام نابێت ، ئەمەش بۆچوونی جمهوری زانایانە ، ویەکێک لەبەڵگەکانیان ئەو ئایەتەی پێشووە لەگەڵ ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەردا :  " لا يُحِّرم من الرضاعة إلا ما فتق الأمعاء وكان قبل الفطام " . رواه الترمذي (رقم 1152) وقال : هذا حديث حسن صحيح .
واتە : ئەو شیر خواردنە ئافرەتان بەهۆیەوە حەڕام دەبێت کەچووتە نێو مەعیدەوە وپێش بڕینەوە بوبێت لەشیر .

پاشان زۆربەی هەرە زۆری زانایان لەهاوڵان وغەیری ئەوانیش کاریان بەمە کردووە بەوەی کە شیر خواردنێک ئافرەت حەڕام دەکات کەمنداڵ تەمەنی لەدوو ساڵ کەمتر بێت بەڵام گەر دوای دوو ساڵی بوو ئەوا هیچ کاریگەری نی یە وهیچ حەرام نابێت بەهۆیەوە .ا.هـ.

دواتر کۆمەڵێ وتە لەهاوەڵانەوە گێڕرداوەتەوە ، لەوانە ( أبي عطية الوادعي) دەڵێت : پیاوێک هات بۆلای (ابن مسعود) وگوتی : (إنها كانت معي امرأتي فحُصر لبنها في ثديها فجعلت أمصه ثم أمجُّه فأتيت أبا موسى فقال ما أفتيت هذا ؟ فأخبره بالذي أفتاه فقال ابن مسعود ، وأخذ بيد الرجل : أرضيعاً ترى هذا ؟ إنما الرضاع ما أنبت اللحم والدم ، فقال أبوموسى : لا تسألوني عن شيء ما كان هذا الحَبْر بين أظهركم ). رواه عبدالرزاق في المصنف (7/463 رقم13895) .
واتە : خێزانەکەم لەگەڵدا بوو شیرەکەی گیری خواردبوو لەمەمکیدا ، منیش دەستم کرد بەمژینی پاشان دەمجاوی پاشان چوو بۆ لای ئەبو موسا و ئەویش گوتی : من فەتوام بەدروستی ئەم کارە داوە ؟
ئەویش هەواڵی بە (ابن مسعود)دا ، ئەویش کردی بەدەستی پیاوەکەدا و گوتی ئایا ئەم پیاوە بەمنداڵ تێگەیشتوی ؟!
شیر خواردنێک حسابی بۆ دەکرێت کەبەهۆیەوە خوێن وگۆشت دروست ببێت ، ئەبو موساش گوتی : پرسیاری هیچ شتێک لەمن مەکەن تاوەکو ئەم زانایەتان لەنێودا بوو .

وە  [مالك لە الموطأ (2/603)] دا، لە (ابن عمر)ەوە گێڕاوەتەوە کەگوتویەتی : ( لا رضاعة إلا لمن أُرضع في الصغر ولا رضاعة لكبير ). وإسناده صحيح .
واتە : شیر خواردن حسابی بۆ ناکرێت مەگەر لەمنداڵیدا بووبێت وهیچ حسابێک بۆشیر خواردنی گەورە ناکرێت .

وەهەروەها [مالك لە (الموطأ) ] دا ، لە (عبد الله بن دينار)ەوە گێڕاوەتەوە کەگوتویەتی : (جاء رجل إلى عبد الله بن عمر وأنا معه عند دار القضاء يسأله عن رضاعة الكبير ؟ فقال عبد الله بن عمر : جاء رجل إلى عمر بن الخطاب فقال إني لي وليدة وكنت أطؤها فعمدت امرأتي إليها فأرضعتها ، فدخلت عليها فقالت : دونك ، فقد والله أرضعتها . فقال عمر : أوْجِعْها وأْتِ جاريتك فإنما الرضاعة رضاعة الصغير) . وإسناده صحيح .
واتە : پیاوێک هات بۆ لای عبد اللەی کوڕی عومەر ومن لەگەڵی دانیشتبووم لەجێگای فەتواداندا لەبارەی شیر خواردنی کەسی گەورەوە پرسیاری لێ کرد ؟
عبد اللەی کوڕی عومەریش گوتی : پیاوێک هات بۆ لای عومەری کوڕی خەتاب وگوتی : ‌من کەنیزەیەکم هەیە و جیماعم لەگەڵ دەکرد ، خێزانەکەم بەئەنقەست شیری پێ دا ، منیش ویستم بچم بۆ لای کەنیزەکە و لەگەڵی جوت ببم ، خێزانەکەم گوتی : لەسەر خۆت سوێند بەخوا شیرم پێی داوە .
عومەری کوڕی خەتابیش گوتی : لە خێزانەکەت بدە و بچۆ لای کەنیزەکەت شیر خواردن بۆ منداڵە .

جا لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە خواردنەوەی شیری خێزان کاریگەری نی یە لەحەڕام کردنیدا .

ابن قدامة لە[ المغني (9/201)] دا ، دەڵێت : یەکێک لەمەرجەکانی حەڕام بوون بەهۆی شیر خواردنەوە ئەوەیە :
دەبێ لەتەمەنی دوو ساڵی بەرەو خوار بێت ئەمەش بۆچوونی زۆربەی زانایانە ، هەروەک لە ( عمر وعلي وابن عمر وابن مسعود وابن عباس وأبي هريرة و خێزانەکانی پێغەمبەر جگە عائشة)ەوە گێڕدراوەتەوە ، وە (الشعبي وابن شبرمة والأوزاعي والشافعي وإسحاق وأبو يوسف ومحمد وأبو ثور) هەمان بۆچوونیان هەیە ، وەڕیوایەتێکیشە لە مالكەوە .

هەر بۆیە مژنی شیری خێزان کاریگەری نی یه لەسەر حەرام بوونى مێردەکەى لێى هەرچەندە باشتر وایە ئەو کارە نەکرێت چونکە مەسەلەى مەمك مژینى خێزان دروستە هیچ ڕیگرێكمان نیە بۆ قەدەغەكردنى بەڵام نابێت زیادەڕەوى تیا بكرێت وە ئازارى ئافرەتەكە بدرێت بەوەى بریندارى بكات وە خوێنى برینەكە بخوات وە پێویستە لەسەر پیاوان خۆیان بەدوور بگرن لەو سێكسانەى لە ئاستى پیاوەتى دایان دەبەزێنێ وە ئەگەر ئەندازەیەكى كەم شیرى خێزانى ڕۆشتە دەمى پیاوەكەوەئەوە هیچ شتێك ڕونادات بەڵام وا چاكترە موسڵمانان خۆیان لەم جۆرە زیادەڕەویانە بپارێزن.

وەلەبارەی ئەم بابەتەوە پرسیار کراوە لە الشيخ محمد بن صالح العثيمين، لەوڵامدا گوتویەتی : (رضاع الكبير لا يؤثّر لأنّ الرضاع المؤثّر هو ما كان خمس رضعات فأكثر في الحولين قبل الفطام ، وعلى هذا فلو قُدِّر أنّ أحدا رضع من زوجته أو شرب من لبنها فإنه لا يكون ابنا لها) . فتاوى إسلامية 3/338 والله تعالى أعلم .
واتە : شیر دان بەکەسی گەورە هیچ کاریگەریەکی نی یە ؛ چونکە شیر خواردنێک کاریگەری هەیە پێنج جار یاخود زیاتر بێت وپێش تەمەنی دوو ساڵی بێت وپێش بڕینەوە بێت لەشیر ، هەر بۆیە گەر پیاوێک دەم بنێت بەمەمکی خێزانیەوە وشیری بخوات یاخود شیری بخوات بەهەر ڕێگەیەک ئەوا ئەو پیاوە نابێت بەمنداڵی ئەو ئافرەتە .

سەردان: ١٥,٠١٠ بەش: پرسیارە جنسیەکان