ئایا درۆ کردن بۆ گاڵتە و خۆشی لە (1) ى نیسان کە پێى دەوترێ (درۆى نیسان) تاوانە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا درۆ کردن بۆ گاڵتە و خۆشی لە (1) ى نیسان کە پێى دەوترێ (درۆى نیسان) تاوانە؟
پرسیار:

ئایا درۆ کردن بۆ گاڵتە و خۆشی لە (1) ى نیسان کە پێى دەوترێ (درۆى نیسان) تاوانە؟
لە ئیسلامدا چ سزایەک دانراوە بۆ کەسی درۆزن؟
خراپترین درۆکان کامەیە؟
چ کاتێک درۆ کردن دروستە و بۆ چ مەبەستێک؟

جێگەى داخە لە كاتێكدا سەروەرى مرۆڤایەتى محمد هەموو موسڵمانانى ئاگادار كردووەتەوە لە خراپى درۆكردن و ئەو ئاكامەى دووچارى درۆزن دەبێت لە دواڕۆژدا، كەچى بەشێک لە موسڵمانان بە شوێنكەوتنى بێباوەڕان ناشرینترین سیفەت ئەدەنە پاڵ خۆیان و لە یەكى نیسان بە دڵخۆشیەوە لەگەڵ یەكدا درۆ دەكەن !!!
مەترسی دارترین شت لە لاسایى كردنەوەى بێ باوەڕان ئەوەیە لە شتێك لاساییان بكەینەوە كە لە بیروباوەڕیاندا بێت، وە ئەو كاتەى درۆكردن ئەبێتە ناشیرین ترین و قێزەوەن ترین سیفەت لە ئیسلامدا، كەچى بەشێک لە موسڵمانان  بە شوێن كەوتنى بێ باوەڕان خۆشحاڵن بە هاتنى (1) ى نیسان و وائەزانن درۆكردن لەم ڕۆژە ڕێگە پێدراوە و ئاساییە بەبێ ئەوەى شەرع ڕێگەى پێ دابن، درۆكردن لەو ڕۆژە بۆ خۆیان ئەشەرعێنن، بێ ئاگا لەوەى كە هەموو ڕۆژەكان لاى خوا جیاوازیان نیە. وە بێ ئاگا لەوەى كە درۆكردن لە ئیسلامدا هەر درۆكردنە و هێندە قێزەوەنە لە هیچ ڕۆژێكدا ڕێگەى پێنەدراوە و لەهەر ڕۆژێكدا بێت هەر تاوانە، بەڵكو زانایان لە تاوانە گەورەكان ئەیژمێرن .
ئەمانەى خوارەوە هەندێک لەو فەرموودانەن کە سەبارەت بە خراپی درۆ کردن هاتوون کە پێویستە موسڵمانان ئاگایان لێ بێ و بە ناوى (درۆى نیسان)ە وە هیچ کات پەنا نەبەنە بەر درۆ کردن با بە گاڵتەشەوە بێ :
پێغەمبەری خوا لە فەرموودەیەكدا كە عبدالله كوڕی مسعود ڕەزاى خواى لێ بێ بۆمان دەگێڕێتەوە، هانمان دەدات بۆ ڕاستگۆیی‌و مژدەی بەهەشت دەدات بەو كەسانەی كە ڕاستگۆن، وە هەڕەشەمان لێ دەكات لە درۆكردن بە (دۆرزەخ) كە تێیدا دەفەرمووێت: ( عَلَيْكُمْ بِالصِّدْقِ, فَإِنَّ اَلصِّدْقَ يَهْدِي إِلَى اَلْبِرِّ, وَإِنَّ اَلْبِرَّ يَهْدِي إِلَى اَلْجَنَّةِ, وَمَا يَزَالُ اَلرَّجُلُ يَصْدُقُ, وَيَتَحَرَّى اَلصِّدْقَ, حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اَللَّهِ صِدِّيقًا, وَإِيَّاكُمْ وَالْكَذِبَ, فَإِنَّ اَلْكَذِبَ يَهْدِي إِلَى اَلْفُجُورِ, وَإِنَّ اَلْفُجُورَ يَهْدِي إِلَى اَلنَّارِ, وَمَا يَزَالُ اَلرَّجُلُ يَكْذِبُ, وَيَتَحَرَّى اَلْكَذِبَ, حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اَللَّهِ كَذَّابًا ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ .
واتە : پەیوەست بن بە ڕاسگۆییەوە ، چونكە بەڕاستی ڕاستگۆیی ڕێنماییت دەكات بۆ چاكە ، وە چاكەش ڕێنماییت دەكات بۆ بەهەشت ، وە پیاو بەردەوام ڕاست دەكات و بە دوای ڕاستیدا دەگەڕێت تاوەكو لە لای خوا بە زۆر ڕاستگۆ دەنووسرێت ، وە وریا و بە ئاگا بن لە درۆ ، چونكە بەڕاستی درۆ ڕێنماییت دەكات بۆ خراپە ، وە خراپەش ڕێنماییت دەكات بۆ ئاگری دۆزەخ ، وە پیاو بەردەوام درۆ دەكات و بە دوای درۆدا دەگەڕێت تاوەكو لە لای خوا بە زۆر درۆزن دەنووسرێت .

وە پێغەمبەر لە فەرموودەیەكی تردا درۆزنی بە یەكێك لە نیشانەكانی دووڕوو(منافیق)هێناوەو فەرموویەتی: (آيَةُ الْمُنَافِقِ ثَلَاثٌ : إِذَا حَدَّثَ كَذَبَ , وَإِذَا وَعَدَ أَخْلَفَ , وَإِذَا ائْتُمِنَ خَانَ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ . واتە : نیشانەی مرۆڤی دوو ڕوو سێ شتە: ئەگەر قسە بكات درۆ ئەكات، وە ئەگەر بەڵێن بدات نایباتە سەر، وە ئەگەر ئەمانەتی لەلا دابنرێت خیانەتی لێ دەكات.

خراپترین درۆش ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم : درۆكردن بە ناوی خوای گەورەو پێغەمبەرەوە
كە ئەمە گەورەترین درۆیە، وە خاوەنەكەی شایستەی توندترین سزای دوا ڕۆژە، وهەندێ لە زانایان بە كافری دادەنێن! وەكو پێغەمبەر فەرموویەتی : (مَنْ كَذَبَ عَلَيَّ مُتَعَمِّدًا ، فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنَ النَّارِ ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ، واتە: هەر كەسێك بەئەنقەست درۆ بكات بە دەمی منەوە، ئەوا با جێگایەك بۆ خۆی دابنێ لە جەهەننەم!!

دووەم : درۆ لە كڕین و فرۆشتندا:
پێغەمبەر فەرموویەتی: سێ كەس هەن لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە قسەیان لەگەڵ ناكات و سەیریان ناكات و لە تاوان پاكیان ناكاتەوە و سزایەكی بە ئێش و ئازاریان هەیە ، وتم : ئەوانە كێن ئەی پێغەمبەری خوا بەڕاستی بێ سەرنجام و خەسارۆمەندن ؟ فەرمووی : ئەو پیاوەی شرواڵەكەی شۆڕكردبێتەوە بۆ خواروی (قاپەڕەقەی) ، وە ئەو كەسەی كە منەت دەكات بە بەخشینەكەیەوە ، وە ئەو كەسەی كە شتومەكەكەی دەفرۆشێت بە سوێندی درۆ . صحيح سنن ابن ماجه رقم : (2207) .
وە هەروەها پێغەمبەرى خوا دەفەرموێ : ((مَنِ اقْتَطَعَ مَالَ أَخِيهِ الْمُسْلِمِ بِيَمِينٍ لَقِيَ اللَّهَ وَهُوَ عَلَيْهِ غَضْبَانُ)) صحيح سنن الترمذي رقم : (3012) صحيح الـجامع الصغير رقم : (5719) .
واتە : هەركەسێك ماڵی برای موسڵمانی ببات بە سوێند خواردنی درۆ ئەوا كاتێك دەگات بە خوا خوای پەروەردگار لـێ‌ی توڕەیە .

سێیەم : گێڕانەوەی خەون بە درۆ:ـ
ئەو كەسەی كە خەون دەبینێ بەڵام بەیانی خەونەكەی دەگێڕێتەوە بە شێوەیەك درۆی لەگەڵ دەكات‌و بەو شێوەیە نەبووە كە بینیویەتی ئەوا لە ڕۆژی دوایدا داوای لێ ئەکرێ دوو دەنکە گەنم گرێ بدات ، بێ گومان پێی ناکرێ و لە ئەنجامیشدا سزا ئەدرێ .
عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ , عَنِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : (... ومَنْ تَحَلَّمَ كَاذِبًا , دُفِعَ إِلَيْهِ شَعِيرَةٌ وَعُذِّبَ حَتَّى يَعْقِدَ بَيْنَ طَرَفَيْهَا , وَلَيْسَ بِعَاقِدٍ)

چوارەم : ئەوەی بیستت بیگێڕیەوە:
پێغەمبەر فەرمووی : (كَفَى بالمَرْءِ كَذِباً أنْ يُحَدِّثَ بِكُلِّ ما سَمِعَ). رواه (مسلم في مقدمة صحيحه)، واتە: ئەوەندە بەسە بۆ كەسێك كە پێی بگوترێت: درۆزن، ئەوەی بیستی بیگێڕێتەوە!

پێنجەم : درۆكردن لەگەڵ منداڵ:
بۆ ئەوەی فێڵ لە منداڵ بكەی‌و بە دوات نەكەوێ‌، یان پێی بڵێی: وەرە ئەو شتەت دەدەمێ، یان بۆت دەكڕم، ئەگەر ئەوەی پێی دەڵێی: بۆی نەكەی، ئەوا بە درۆ لە قەڵەم دەدرێت! پێغەمبەر فەرمووی: (مَنْ قَالَ لِصَبِيّ تَعَالَ هَاكَ , ثُمَّ لَمْ يُعْطِهِ شَيْئًا ، فَهِيَ كِذْبَةٌ) السلسلة الصحيحة :2/384.

شەشەم : درۆ  بۆ ئەوەی خەڵكی پێبكەنن :
پێغەمبەر دەفەرمووێ‌ :(وَيْلٌ لِلَّذِي يُحَدِّثُ بِالْحَدِيثِ ، لِيُضْحِكَ بِهِ الْقَوْمَ ، فَيَكْذِبُ ، وَيْلٌ لَهُ ، وَيْلٌ لَهُ)، حسّنه الألباني في صحيح سنن الترمذي: 2/268 .
واتە : هاوارو سزا بۆ ئەو كەسەی كە قسە بكات ‌و درۆ بكات بۆ ئەوەی خەڵكی پێبكەنن هاوارو سزا بۆ ئەو، هاوارو سزا بۆ ئەو.

ئەو شوێنانەی كە جائیزە درۆی تێدا بكرێت:
پێغەمبەر دەفەرمووێ‌ : (لا يَحِلُّ الْكَذِبُ إِلا فِي ثَلاثٍ : يُحَدِّثُ الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ لِيُرْضِيَهَا ، وَالْكَذِبُ فِي الْحَرْبِ ، وَالْكَذِبُ لِيُصْلِحَ بَيْنَ النَّاسِ (. رواه الترمذي. تحقيق الألباني : صحيح دون قوله : " ليرضيها " ، الصحيحة: ( 545 ).
واتە: دروست نیە درۆ تەنها لە سێ حاڵەتدا نەبێ :
حاڵەتى یەکەم : لە نێوان ژن‌و مێردا بە مەبەستی زیاتر پتەوكردنی خۆشەویستی‌و لێك نەترازانی خێزان‌و ڕازیكردنی.
حاڵەتى دووەم : وە لەكاتی جەنگدا.
حاڵەتى سێیەم : وە بۆ ئاشتەوایی نێوان موسڵمانان كە ناخۆشیان هەیە.

لەوانەى كە خستمانە ڕو بۆمان دەرئەكەوێ كە:

1 ـ درۆكردن كارێكى ناشەرعیە و ڕێگە پێنەدراوە.
2 ـ درۆ كردن سیفەت و ڕەوشتى ئیماندار نیە بەڵكو سیفەتى دوڕوەكانە.
3 ـ درۆكردن پێچەوانەى باوەڕى ڕاستەقینەیە.
4 ـ خیانەتێكى گەورەیە بەرامبەر بە موسڵمانان ئەكرێت.
5 ـ دەبێتە هۆى ڕوو ڕەش بوونى درۆزن لە دونیا و لە قیامەت.
6 ـ ڕێگا خۆشكەرە بۆ چونە ئاگرى دۆزەخ.
7 ـ لەبەر خراپى سیفەتى درۆ شایەتى دانى درۆزن قبوڵ ناكرێ.
8 ـ لە قیامەتدا سزایەكى سەختى توش ئەبێت.
9 ـ دەبێتە هۆى ناتەواوى باوەڕى موسڵمان.
ئەوە حەقیقەتى سزاى درۆ کردنه بەچاوى خۆت خوێندتەوە ، هیچى تر ناڵێم چونكە چى بڵێم هەرگیز بەقەد ئەو بەڵگانەى سەرەوە بەهێز نین، گەر یەكێكیش لەدواى ئەو هەموو بەڵگەیەى سەرەوە نەگاتە ئەنجام ئەوا خۆى خۆش. چونكە بە زیندویى دڵى مردوە و ئاگاى لـە خۆى نیە، بۆیە سەرەخۆشى مردنى دڵى ئاراستە ئەكەین وە (إنَّا لله و إنَّا إلیه راجعون).

سەردان: ٥,٩٣٩ بەش: تاوانه‌كان