ئایا ڕاگیر کردنی ماسی بۆ جوانی دروستە ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ڕاگیر کردنی ماسی بۆ جوانی دروستە ؟
پرسیار:

وە من گوێم لەوە بووە گوایە سەگ لەپاش ماوەی شتی پیس دروست کراوە ئەوەی کەشەیتان لەگەڵ ئادەم شەڕیان لەسەر کرد ، ئایا ئەو قسەیە ڕاستە ؟

لەشەریعەتی ئیسلام دا ڕێگری کراوە لە ڕاگیر کردنی هەندێ حەیوانات لەوانە ( سەگ وبەراز) ؛ چونکە ڕاگیر کردنیان دەبێتە هۆکاری هەندێ زیان کەئێمە هەندێکی دەزانین وهەندێکی نازانین .

بەڵام ئەوەی کە لەشەریعەتدا ڕێگری لەڕاگرتنی نەکراوە ئەوا دروستە ڕاگیر بکرێن ، وەلەسوننەتدا هاتووە کەبەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەندێ لەهاوڵان هەندێ حەیوانیان ڕاگیر کردووە بۆ جوانی یاخود یاری کردن ، هەروەک لە ئەنەسی کوڕی مالیەکەوە رضي الله عنه هاتووە کە برایەکی بچوکی هەبوو ئەو برایەیی چۆلەكەیەکی بچووکی هەبوو ، جا چۆلەكەکەی مردار بووەوە ، پێغەمبەر ئەو منداڵەی بینی بەغەمباری ، بۆیە وەک دڵنەواییەکە گاڵتەی لەگەڵ کرد ، کەئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئیقڕاڕی ڕاگیر کردنی ئەو باڵندەی کردووە لەلایەن ئەو منداڵەوە ، جا پێغەمبەر وەک گاڵتە کردنێک بەو منداڵەی گوت : ( يا أبا عمير ما فعل النغير !!).
واته : ئەی باوکی عومەیر چی بەسەر باڵندەکەتدا هات ؟

وە پێغەمبەر هەواڵی پێداوین کەئافرەتێک بەهۆی پشیلەیەکەوە چووە ئاگرەوە ( نەئەوە بوو خۆی خواردنی بداتێ ونەبەرەڵاشی دەکرد بۆ خۆی خواردن پەیدا بکات ) جا ئەم فەرمودەیە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە گەر خواردنی پێ بدابایە ئەوا توشی ئەم سزایە نەدەبوو .

وه باس لەوە دەکرێت کە هۆکاری ناو نانی ئەبو هوڕەیرە بەو ناوەوە ئەوە بووە پشیلەیەکی هەبووە وهاوڕێیەتی کردووە .

کەواتە ڕاگیر کردنی حەیواناتی پاک بەمەرجێک پشت گوێ نەخرێت وخواردنی پێویستی بدرێتێ دروستە بەڵکو ڕەنگە خێرێکیش بێت لەخێرەکان ، هەروەک پێغەمبەر فەرمووەیەتی : ( في كل كبد رطبة أجر ) واتە : لەهەموو خاوەن جەرگێکی زیندو خێر هەیە .

بەڵام گەر ڕاگیری بکات وپشتگوێی بخات وستەمی لێ بکات ئەوا دروست نی یە ودەبێته هۆکاری چوونە دۆزەخەوە هەروەک لەو فەرموودەیەدا هاتووە کەئافرەتەکە پشیلەکەی پشت گوێ خست و سجنى کرد تاوەکو مردار بووەوە .

جا لێرەدا ئەو برایەی پرسیاری کردووە وەهەروەها کەسانی خوێنەر ئاگادار دەکەینەوە کە دینی ئیسلام پێش هەموو ڕێکخراوە غەربی وشەرقیەکان مافی بۆ ئافرەت وحەیوانات ...هتد ، داناوە ، وەهەروەها مافی کرێکار وخاوەن کاری دەست نیشان کردووە .

وەهەروەها لەوەش ئاگاداریان دەکەینەوە جنسی مرۆڤ لەپێش ترە بەگرنگی پێدان وبەخێو کرد وپاداشتی ئەوە گەورە ترە ، هەروەک لەفەرموودەدا هاتووە : ( اتقوا النار ولو بشق تمرة ) واتە : خۆتان لەئاگری دۆزەخ بپارێزن گەر بەلەتە خورمایەکیش بێت .

وەهەروەها فەرموویەتی : ( أنا وكافل اليتيم في الجنة كهاتين )
واتە : من وئەو کەسەی چاودێری کەسی هەتیو دەکات لەبەهەشتدا بەیەکەوەین وەک ئەو دوو پەنجەیەین ،
ئیشارەتی کرد بۆ پەنجەی شایەتومان وئەوەی تەکی ، وجگە لەم فەرمودەیە فەرموودەی تریش هەن .

هەر بۆیە دروستە ماسی بۆجوانی ڕاگیر بکرێت بەمەرجێک گرنگی پێ بدەیت وپشت گوێی نەخەیت ، والله أعلم .

بەڵام بەنیسبەت ئەوەی دروست بوونی سەگەوە ...خوای پەروەردگار سەگی وەک هەر دروست کراوێکی تر دروست کردووە وهیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نی یە سەگ هیچ تایبەتمەندیەکی هەبێت ، حەتمەن ئەمە دەبێ بەڵگەیەکی لەسەر بێت ، : ( وما شهدنا إلا بما علمنا ) .
واتە : ئێمە هیچ شتێکمان نەبینیوە لەوەی زانیومان .
واتە : هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نی یە کەلەپرسیارەکەدا ئاماژەی پێ دراوە .

بەڵام بەنیسبەت شەیتانەوە ، خوای تەعالی فەرمانی پێکرد سەژدە بۆ ئادەم ببات ئەویش سەژدەی نەبرد وخۆی بەگەورە زانی ، پاشان ئادەمی بەهەڵەدا برد تاوەکو لەو دارەی خوارد کەڕێگری لێ کرابوو ، ولەنێوان ئادەم وشەیتاندا هیچ شتێکی پیس نەبوو ، والله أعلم ، وەهیچ شتێک نازانم لەبارەی ئەو شەڕەی کە گوایە ڕووی داوە لەنێوان شەیتان وئادەمدا .

پاشان قورئان وا فێری کردوین کە ئەو زانستەی کەموسوڵمان پێویستیەتی لەدونیا ودواڕۆژدا باس دەکرێت ، بەڵام ئەو زانیاریەیی کە هیچ پێویستیەکمان پێی نی یە ئەوا قورئان باسی نەکردووە وەک ئەوەی بەموسڵمانان بڵێت خۆتان بەزانستێکەوە سەرقاڵ بکەن کە سود بەخش بێت وئەوانی تر پشت گوێ بخەن .
بۆ نموونە قورئان باسی ڕەنگ وشێوەی سەگەکەی ( أصحاب الكهف) ی نەکردووە ، وەهەروەها باسی جۆری ئەو دارەی نەکردووە کەکەشتیەکەی نوحی لێ دروست کرابوو، وهاو شێوەی ئەمانە کە هیچ باوەڕێکی لەسەر دانەمەرزێت ، جا دەتوانین بڵێن قسه کردن لەبارەی ئەو مادەیەیی سەگی لێ دروست بووە لەو جۆرەیە کەهیچ سودێکی ئەوتۆی نی یە . والله أعلم .

سەردان: ٣,٥٧٠ بەش: مافەکان