مێردەکەم شەوان سەیرى فلیمى سێکسى دەکات ، زۆر گوێ بە مافى من نادات ...: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مێردەکەم شەوان سەیرى فلیمى سێکسى دەکات ، زۆر گوێ بە مافى من نادات ...
پرسیار:

مێردەکەم شەوان سەیرى فلیمى سێکسى دەکات ، زۆر گوێ بە مافى من نادات و زۆرم پێ ناخۆشە چۆن بتوانم واى لێ بکەم کە تەرکى بکات؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
گومانى تێدا نیە کە سەیرکردنى فلیم و گرتەى سێکسی حەرامە و تاوانە .
وە بەیارمەتى خواى گەورە بە دە خاڵ وەڵامى ئەم خوشکەمان دەدەینەوە بۆ ڕزگاربونیان لەم تاوانە :

یەکەم: بێ گومان سەیرکردنى ئەم فلیمە بێ ڕەوشتیانە دەردێکى کوشندەیە و هەڕەشە لە خێزانەکان دەکات ، وە زۆرێک لە ئافرەتان ئەم گلەییە لە مێردەکانیان دەکەن جا پێش ئەوەى ئێمە ئامۆژگارى مێردەکەت بکەین بە بەڕێزت و هەموو ئەو ئافرەتانەى تر دەڵێین پێویستە لەسەرت کە زۆر باش بیت بۆ مێردەکەت و مافەکانى بدەیت و هەمیشە دەم بە خەندە و قسە خۆش و ڕازاوە و بۆنخۆش بیت بۆ مێردەکەت بۆ ئەوەى نزیکى ئەو کارانە نەبێتەوە ، چونکە زۆرێک لە پیاوان کاتێک کە تەماشاى ئەم فلیمانە دەکەن یان خیانەت لە هاوسەرەکانیان دەکەن خەتاکە دەگەڕیتەوە بۆ خراپ هەڵسوکەوت کردنى ژنەکەى و گوێ نەدان بە حەق ومافى مێردەکەى و تێرنەکردنى مێردەکەى لە ڕووى جنسیەوە ، و ئەمە وا دەکاتکە مێردەکەى پەنا بباتە بەر سەیرکردنى ئەم فلیمانە ، بۆیە گەر ژن هەمیشە خۆى بۆ مێردى بڕازێنێتەوە و قسە خۆش و دەم بە خەندە و بۆن خۆش بێ بێ مەحاڵە مێردەکەى چاوى ببڕێتە ئافرەتانى تر و خیانەت لە خێزانى بکات.

دووەم : ئەو پیاوەى کە خواى گەورە خێزان وماڵ ومنداڵی پێ بەخشیوە پێویستە لەسەرى کە سوپاسی خواى گەورە بکات ، وە حەق و مافى خێزانى بدات و خیانەت لە خێزانى نەکات ، چونکە هەروەک چۆن پیاو مافى هەیە لەسەر خێزانى بەهەمان شێوە ئافرەتیش مافى هەیە لەسەر مێردەکەى و دەبێت زۆر بە باشە ڕەفتارى لەگەڵ بکات چونکە : پێغەمبەر دەفەرموێ: ((خيركم خيركم لأهله، وأنا خيركم لأهلي)) رواه الطبراني(صحيح).
واتە: باشترین كەستان ئەو كەسەیە كە لەگەڵ خێزانەكەی بەباشی هەڵس و كەوت و ڕەفتار دەكات، منیش لە هەموانتان زیاتر رەفتارم لەگەڵ خێزانەكەم جوان و باشە.
هەروەها دەفەرموێ: ((أكمل المؤمنين ايماناً احسنهم خلقاً وخيارهم خيارهم لنسائهم)). رواه الترمذي وحسنه وهو كما قال.
واتە: تەواو ترین باوەڕی باوەڕدار ئەو كەسەیە كە ڕەوشتی لە هەموان باشتر بێ و باشترینیشیان ئەو كەسانەن كە لەگەڵ ژنەكانیان بەباشی هەڵس و كەوت دەكەن و جوان ڕەفتارن.

سێیەم : بە مێردەکەت و هەموو ئەو کەسانەى کە سەیرى ئەم فلیمە خراپانە دەکەن دەڵێین :
ئەی ئەو كەسەی كە تووش بویتە بە بینـین وسەیركردنی فیلم و گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ڕووت وناشەرعی ، سەرەتا لەوەوە دەست پێدەكەم كە بزانە یەكێك لە ناوە جوانەكانی خواى گەورە بریتیە لە (الرقیب) واتە: چاودێر، واتە چاودێره بەسەر كردەوەی بەندەكانەوەیە، كە هیچ شتێكی ووردو بچوكی لێ‌ وون نابێت، هەروەکو دەفەرموێت [إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيباً] {النساء:1}واتە: بێگومان خوا بەوردیی و هەمیشەیی ئاگادارو چاودێرە بەسەرتانەوە.
وە لەئایەتێكی تردا دەفەرموێـت [وَكَانَ اللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ رَقِيباً] واتە: خوا هەمیشە بە سەر هەموو شتێكدا چاودێره.
تۆ ئەی ئەو كەسەی كە دانیشیت بەرانبەر ئەو دیمەنە ئابڕووبەرەو پیاو و ئافرەتی ڕووت دەبینی كە خەریكی ئەنجامدانی تاوان وسەرپێچیـن بەهەموو بوێریەكەوە ناشرینترین وقێزەونترین گوناه ئەكەن لەخراپترین شێوازیدا، بزانە كە ئەوانە وەكو خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [إِنْ هُمْ إِلَّا كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ سَبِيلاً] {الفرقان:44}واتە: ئەوانە وەكو ئاژەڵ وماڵاتن وهیچی ترنین بەڵكو لە ئاژەڵ گومڕاترن.

چوارەم : بەڕاستى فیترەتی تەواو و سروشتی ساغ وسەلامەت ئەم جۆرە كارانە بێزلێدەكاتەوە لەكاتێكدا تۆ چێژ لەو دیمەنانە وەردەگریت و حەزت دەچێتە سەر ئەو جەستە ڕووت وبێ ئابڕوویانە، خوای بینەر لەسەرەوە بەسەرتەوەیە وئاگاى لێتە و دەتبینێت و هەموو سەیرکردن و جموجوڵت دەنوسرێ و لە قیامەتدا پیشانت دەدرێتەوە بۆیە لە خواى گەورە بترسە و ترسی خوات هەبێت وشەرمی ئەو بتگرێت لەكاتی نهێنی وئاشكرادا بۆ ئەوەى لەو كەسانە نەبیت كە چاودێری وسەیركردنی خواى گەورە بەسووك دێتە بەرچاویان...

پێنجەم : زۆر وریابە لە ئاخر شەڕی (واتە بەسەر تاوانەوە بمریت)، چونكە مردن گەورەو بچووك ناناسێت و جیاوازی ناكات لەنێوان لەش ساغ ونەخۆش و بەهێزو لاوازدا....
وە ووریابە لەوەی كەسبەینێ‌ بگەیتە حزوری خوا بەكۆڵێك بینینی ئەم دیمەنە قێزەونانەوە .
ئایا پێت خۆشە نامەى کردەوەکانت ڕەش کرابێت بە تاوانى سەیرکردنى فلیمی بێ ڕەوشتى؟
چۆن لەڕووت دێ بیخوێنیتەوە؟
وە ناشتوانى بڵێى نامەوێ و وەرى ناگرم و نایخوێنمەوە چونکە خواى گەورە بۆمان باس دەکات و دەفەرموێ : [ وَكُلَّ إِنسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ ۖ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَابًا يَلْقَاهُ مَنشُورًا (13) اقْرَأْ كِتَابَكَ كَفَىٰ بِنَفْسِكَ الْيَوْمَ عَلَيْكَ حَسِيبًا ]
واتە : نامه‌ی کرده‌وه‌ی هه‌ر که‌سێکیشمان هه‌ڵواسیووه‌ به‌ گه‌ردنیداو له‌ ڕۆژی دوایدا کارنامه‌ی کرده‌وه‌کانی بۆ ده‌رده‌هێنین و به‌ کراوه‌یی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستی * پێی ده‌ووترێ نامه‌که‌ت بخوێنه‌ره‌وه‌ ئه‌مڕۆ خۆت به‌سه‌ به‌ حیساب که‌ر به‌سه‌ر خۆته‌وه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ر خۆت موحاسه‌به‌ی خۆت) بکه‌.
والله ى بیرکردنەوە لەم ئایەتانە بەسە بۆ ئەوەى واز لە سەیرکردنى ئەو فلیمە بێ ڕەوشتیانە بهێنی ، چونکە تۆ تەواو دڵنیایی کە ئەو تاوانانەى کە لە دنیادا دەیکەى دەنوسرێ و سبەینێ لە قیامەت دەدرێتە دەستەوە و دەبێت بیخوێنیتەوە .

شەشەم : ئەو دیمەنە بهێنە پێش چاوى خۆت کە لەساحەى مەحشەردا وەکو خواى گەورە بۆمان باس دەکات کە کۆمەڵێک لە تاوانباران دەڵێن : [يَقُولُونَ يَا وَيْلَتَنَا مَالِ هَذَا الْكِتَابِ لا يُغَادِرُ صَغِيرَةً وَلا كَبِيرَةً إِلاَّ أَحْصَاهَا وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِراً وَلا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَداً] {الكهف:49}.‏
واتە: دەڵێن ئەی تیاچوونی خۆمان! ئەمە چ نامەیەكە هەموو شتێكی گەورەو بچووك وردو درشتی ‏لەخۆیدا جێكردۆتەوەو ئەژماردوویەتی؟ ئەوسا پاداشتی كاروكردەوەكانی خۆیان بەحازری دەبینن و ‏وەری دەگرن پەروەردگاریشت ناهەقی وستەم لەهیچ كەس ناكات. ‏
وە لە ڕۆژی دواییدا خوای گەورە دەفەرموێت: [ يَا عِبَادِي: إِنَّمَا هِيَ أَعْمَالُكُمْ أُحْصِيهَا لَكُمْ، ثُمَّ أُوَفِّيكُمْ إِيَّاهَا فَمَنْ وَجَدَ خَيْرًا فَلْيَحْمَدِ اللَّهَ، وَمَنْ وَجَدَ غَيْرَ ذَلِكَ فَلَا يَلُومَنَّ إِلَّا نَفْسَهُ] رواه مسلم. ‏واتە: ئەی بەندەكانم ئەمە كردەوەكانتانە وتۆمارم كردووەو بۆتانی دەخەمە ڕوو پاشان‏ ‏ بەگـوێرەی ئـەوە پـاداشتتـان دەدەمەوە، جا ئەوەی خێر و ‏‏ چاكەیەكی بینی با سوپاسی خوا بكات وە ئەگەریش جگە لەوەی بینی ئەوا با تەنها لۆمەی خۆی ‏بكات.‏
جا تۆ پێش ئەوەى قیامەت بێ هەر ئەمڕۆ تەوبە بکە و لۆمەى نەفسی خۆت بکە و چیتر بەردەوام مەبە لەسەر ئەو تاوانە بۆ ئەوەى سبەینێ لە قیامەت نەڵێى هاوار و تیاچون بۆ خۆم ...

حەوتەم : بیربکەرەوە کە بەڕاستی یەكێك لە بەخششەكانی خوای پەروەردگار بۆ مرۆڤـ چاوە وەك هەموو ئەندامەكانی تری جەستەی مرۆڤـ بۆیە دەبێ سوپاسی زۆری پەروەردگاری خاوەن بەخشش بكەین.
وە بزانە كە بەرپرسیاری بەرامبەر چاوەكانت لە پاشەڕۆژدا وەك هەموو ئەندامەكانی تر، وە خوای گەورە لێت دەپرسێتەوە بەڵكو مۆر دەدا بەسەر دەمتدا و ئەندامەكانت كە لەدونیادا بەپێی فەرمانی خوای گەورە پێیان هەڵنەساوی دەیان هێنێتە قسە كردن و هەموو شایەتیت لەسەر دەدەن، وەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: [ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً ] (الإسراء:36)، واتا: بەڕاستی ئەندامەكانی بیستن و بینین و دڵ هەموویان كە سێ دروست كراوی خوای گەورەن خاوەنیان بەرپرسە لێیان.
جا لەبەر ئەوە پێویستە بەزەییمان بەخۆدا بێتەوە و چاومان بپارێزین، چونكە چاو ئامرازی وروژاندنی هەستی مرۆڤە، بۆیە ئەوەی كە چاوی داناخات دووچاری بێزاری دەبێت و هەمیشە غەم و پەژارەی زیاد دەكات و لەبیر كردنەوە و ئازاردا دەژی.
بۆیە دەبێ سوپاسی پەروەردگاری لەسەر بكەین و لە بێ فەرمانیدا بەكاری نەهێنین و چونكە چاو یەكەم پەیژەی سەركەوتنە بۆ تاوان بۆیە شەیتانیش دەركی بەمە كردووە و زۆرتر لە ڕێگای چاوەوە دەچێتە ناو دڵەوە كەوایە چاوت بپارێزە و ئەو دەرگایەی شەیتانی نەفرین لێ‌ كراو لەسەر خۆت داخە.

هەشتەم : بزانە كەخۆشبەختی لەسەیركردنی ئەم جۆرە فیلمانەدا نیە بەڵكو هەموو بەختەوەری لە گوێڕایەڵی كردنی خوای میهرەباندایە وەكو دەفەرموێت [مَنْ عَمِلَ صَالِحاً مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُم بِأَحْسَنِ مَا كَانُواْ يَعْمَلُونَ] {النحل:97} واتە: ئەوەی كارو كردەوەی چاكەی كردبێت، پیاو بێت یان ئافرەت لە كاتێكدا بڕوادار بێت، سوێند بە خوا بە ژیانێكی كامەران و ئاسوودە لە دنیادا دەیژێنین، لە قیامەتیشدا پاداشتیان بە جوانتر دەدەینەوە لەوەی كە ئەوان دەیانكرد.

نۆیەم : کەسى موسڵمان ئەبێت هەموو کات لە خواى گەورە بترسێت و موحاسەبەى نەفسی خۆى بکات و بیر بکاتەوە کە لەم دنیایە ڕێبوارە و سبەى دەمرێت و بەرەو قیامەت دەڕوات و ڕێگایەکى دوورى لە پێشە و پێویستى زۆرى بە کردەوەى چاکە هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَلْتَنْظُرْ نَفْسٌ مَا قَدَّمَتْ لِغَدٍ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ] {الحشر:18}
واتە: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، له‌ خو ابترسن و خواناس و پارێزکاربن و له‌ سنووره‌کانی مه‌ترازێن،وه‌با هه‌ركه‌سه‌ سه‌رنج بداو بزانێ چ شتێكی بۆ سبه‌ینێ(قیامه‌ت) پێشخستووه‌ له‌ كرده‌وه‌ی چاك ، هه‌وڵ بده‌ن هه‌میشه‌و به‌رده‌وام پارێزکارو دیندارو خواناس بن، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا زۆر ئاگایه‌ به‌هه‌موو ئه‌و کاروکرده‌وانه‌ی که‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

دەیەم : دەرگاى تەوبە دانەخراوە و هێشتا کات ماوە کە تەوبە بکەیت و بگەڕێیتەوە بۆ لاى خواى گەورە و لاپەڕەى ڕەشى تاوانەکانت سپی بکەیتەوە بە تەوبەیەکى ڕاستەقینە .
خوای پەروەردگار ‏منەتی ناوە بەسەر ئەم ئوممەتەوە بەوەی كە دەرگای تۆبەی دانەخستووە ، بۆیە دەفەرموێت: [قُلْ يَا عِبَادِي الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعاً إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ] {الزمر:53}واتە: ئەی پێغەمبەر! ‏لەمنەوە بڵێ‌: ئەی بەندەكانی من! ئەی ئەوانەی ستەم وزیادەڕۆییتان لەخۆتان كردووە! ئێوە لە ‏ڕەحمەت ومیهرەبانی خوا بێ‌ ئومێد مەبن بەڕاستی خوا لەهەموو تاوانێ‌ خۆش ئەبێ‌ چونكە ئەو ‏لێبوردەومیهرەبانە. ‏
هەرچەندە تاوان گەورەو مەزن بێت ئەگەر بكەرەكەی ڕوو بكاتە خوا ئەوا لێی خۆش دەبێت.‏

لە کۆتاییدا :
دەبێت هەموو کەس بزانێتکە سەیرکردنى فلیم و گرتەى سێکسی حەرامە ، وە پێوستە ژن مافە جنسیەکانى مێردەکەى بدات بۆ ئەوەى مێردەکەى لاڕێ نەبێت ، وە پێویستە هەموو پیاو وگەنجێک لەخواى گەورە بترسن و هەست بەچاودێرى خواى گەورە بکەن و بزانن کە هیچ شتێک لە خواى گەورە شاراوە نیە و لەقیامەتدا هەموو کار وکردەوەکان پیشانى بەندەکان دەدرێت بۆیە دەبێت لەدنیادا کارى وا نەکەن کە لە قیامەتدا ڕوتان نەیات بیخوێننەوە ، وە پێویستە کە سوپاسی نیعمەتەکانى خواى گەورە بکرێت بە تایبەتى نیعمەتى چاو و تاوانى پێ نەکرێت ، وە دەبێت ئەوەش بزانرێت کە خۆشبەختى لە سەیرکردنى ئەم فلیمانە نیە و بەڵکو خۆشی و لەزەى زوو دەڕوات و تاوانەکەى دەمێنێتەوە ، بۆیە دەبێ هەموو کەس موحاسەبەى نەفسى خۆی بکات و تاوەکو لە ژیاندایە و دەرگاى تەوبە دانەخراوە تەوبە بکات .
ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٣٢,٤٣٦ بەش: تاوانه‌كان