چ کاتێک سەرتاشین واجبە؟ چ کاتێک حەرامە؟ چ کاتێک بیدعەیە؟ ئادابەکانى سەرتاشین چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چ کاتێک سەرتاشین واجبە؟ چ کاتێک حەرامە؟ چ کاتێک بیدعەیە؟ ئادابەکانى سەرتاشین چیە؟

ئەوەی لەقسەی زانایان وەردەگیرێت لەبارەی سەر تاشینەوە دەبێت بەشەش جۆرەوە :

جۆری یەکەم :
عیبادەت و نزیک بوونەوەیە لەخودا و مرۆڤ پاداشت وەردەگرێت لەسەری ، ئا ئەمەش لەچوار حاڵەتدایە کەئەمانەن :

1- لەحەجدا .
2- لەعومڕە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : (لَّقَدْ صَدَقَ اللَّهُ رَسُولَهُ الرُّؤْيَا بِالْحَقِّ ۖ لَتَدْخُلُنَّ الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ إِن شَاءَ اللَّهُ آمِنِينَ مُحَلِّقِينَ رُءُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ ) سورەتی: الفتح - ئایەتی ژمارە: ٢٧
پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ - - خه‌وی بینی له‌ خه‌ویدا ئه‌چنه‌ مه‌ككه‌وه‌و ته‌واف و عومره‌ ئه‌كه‌ن و له‌ مه‌دینه‌ خه‌وه‌كه‌ى بۆ هاوه‌ڵان گێڕایه‌وه‌، خوای گه‌وره‌ خه‌وبینینه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خواى - - به‌ڕاست گێرا، وه‌ خه‌وی پێغه‌مبه‌ران وه‌حیه‌و له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌یه‌ خه‌وێكی حه‌ق بوو كه‌ ئێوه‌ به‌ دڵنیایی ئه‌چنه‌ ناو (مسجد الحرام) و كه‌عبه‌ی پیرۆزو ته‌واف ئه‌كه‌ن (إن شاء الله) [آمِنِينَ] وه‌ به‌ ئه‌مینیش، به‌ڵام بۆ ساڵی داهاتوو [مُحَلِّقِينَ رُءُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ] هه‌تانه‌ سه‌رتان ئه‌تاشن وه‌ هه‌یشتانه‌ كورتى ئه‌كه‌نه‌وه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا - - سێ جار دوعاى كردووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى قژیان ده‌تاشن له‌ حه‌ج یان عومره‌، به‌ڵام یه‌ك جار دوعاى كردووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ قژیان كورت ده‌كه‌نه‌وه‌
3- تاشینی سەری منداڵ لەڕۆژی حەوتەمی لەدایک بوونی دا ، بەڵگەی ئەمەش ئەو فەرموودەیەیە کەئیمامی الترمذي (1439) لە علي بن أبي طالب رضي الله عنه گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : (عق رسول الله عن الحسن بشاة ، وقال : ( يا فاطمة احلقي رأسه وتصدقي بزنة شعره فضة ) حسنه الألباني في صحيح الترمذي (1226) ، وانظر : تحفة المودود لابن القيم (ص : 217)
واتە : پێغەمبەر گوێزەبانەی بۆ حەسەن وحوسەین کرد ، فەرمووی : ئەی فاتمە سەری بتاشە و بەقەد کێشی قژى زیو بکە بەخێر .

4- کافر کاتێک کەموسوڵمان دەبێت ، لەبەر ئەو فەرموودەیەیی کە ئیمامی أبو داود (356) گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : ( أن النبي أمر رجلاً كافراً أسلم بقوله : ( ألق عنك شعر الكفر واختتن ) حسنه الألباني في صحيح أبي داود ، وانظر : المغني 1/276 ، وشرح العمدة لشيخ الإسلام (1/350)
واتە : پێغەمبەر فەرمانی بەپیاوێک کرد کەموسوڵمان بوو بوو وپێی فەرموو : ( موی بێباوەڕی لەخۆت بکەرەوە و خەتەنە بکە ).

جا زانایان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە لەجگە لەم چوار حاڵەتەدا سوننەت نی یە سەر بتاشرێت ، بڕوانە : الاستقامة لشيخ الإسلام 1/256

جۆری دووەم :
هاوبەش بڕیار دانە ، واتە : ئەو سەر چاک کردنە هاوبەش بڕیار دانە بۆ خودا .
ئەوەش ئەوەیە گەر سەری بتاشێت وەک عیبادەتێک بۆ غەیری خودا.
ابن القيم رحمه الله لە [ زاد المعاد 4/159]دا ، دەڵێت :
هەروەک دەروێشەکان بۆ شێخەکانیان سەریان دەتاشن ، یەکێکیان دەڵێت : من سەرم تاشی بۆ فڵانە کەس ، وتۆ سەرت بۆ فڵانە کەست تاشی ، ئەمەش وەک ئەوە وایە بڵێت :سەژدەم بۆ فڵانە کەس برد ، بەتەئکید سەرتاشین خۆ زەلیل کردن وعیبادەتە هەر بۆیە لەتەواو کاری حەجە ...
جادانانی سەر لەبەرانبەر خوادا خۆ شکاندنە بۆ گەورەیی خودا وخۆ زەلیل کردنە بۆ عیزەتی خودا و ئەوپەڕی عیبادەتە ، هەر بۆیە عەڕەب کاتێ بیانەوێت ئەسیر زەلیل بکەن سەری دەتاشن .

جۆری سێیەم :
بیدعەیە ومەکڕوهە ، وئەم جۆرە چەند شێوەیەکە :
یەکەم : تاشینی سەر بەمەبەستی عیبادەت لەغەیری ئەو چوار جێگایەیی ئاماژەمان پێ دا، هەروەک تاشینی سەر بکرێت بە شیعاڕی پیاو چاکان ، یاخود نیشانەی زوهد ، هەروەک خەواریج ئەم کارەیان دەکرد ، لەپێغەمبەرەوە هاتووە یەکێک لەسیفاتەکانی خەواریج تاشینی پرچە هەروەک فەرموویەتی : ( سيماهم التحليق ) البخاري (7007) ومسلم (1763) ، واتە : یەکێک لەعادەتەکانیان سەر تاشینە .
القرطبي رحمه الله دەڵێت :
( قوله : سيماهم التحليق ) ئەوە یەکێکە لەنیشانەکانیان چونکە ئەوان جوانیەکانی دونیان ڕفز دەکەن ، و شیعارێکە بۆ ئەوەی بناسرێت پێی ، ئەوەش لەنەزانینەوە ، وبیدعەیە وداهێنانە لەدینی خوادا کە پێغەبەر و(الخلفاء الراشدين) و شوێنکەوتوانیان بەپێچەوانەوەی ئەوکارە دەجوڵانەوە ، وانظر شرح العمدة 1/231 ومجموع الفتاوى 21/118

دووەم : ئەوەی هەندێ کەس دەیکەن کاتێ کەسێک تەوبە دەکات فەرمانی پێ دەکەن سەری بتاشێت ئەوەش بیدعەیە چونکە سەحابە وتابعین وهیچ یەکێک لەپێشەوایان ئەو کارەیان نەکردووە . مجموع الفتاوى 21/118

جۆری چوارەم :
حەڕامە وچەند شێوەیەکە ، لەوانە :
یەکەم : تاشینی سەر لەکاتی موسیبەت وناخۆشیدا وەک مردنی کەسێکی نزیک .
(أبي موسى الأشعري رضي الله عنه) دەڵێت : ( إن رسول الله بريء من الصالقة والحالقة والشاقة ) رواه مسلم (149) ،
واتە : پێغەمبەری خوا بەریە لەو کەسەی دەنگی بەرز دەکاتەوە لەکاتی موسیبەتدا ،وسەری دەتاشێت ، وجلەکانی دەدڕێت .

ابن حجر رحمه الله لە ( الزواجر عن اقتراف الكبائر ) باسی تاوانە گەورەکانی کردووە ودەڵێت :
(حلق الشعر عن المصيبة ، قال : لأن ذلك يشعر إشعاراً ظاهراً بالسخط ، وعدم الرضا بالقضاء) . اهـ
واتە : تاشینی قژە لەکاتی موسیبەتدا ، دەڵێت : ئەمەش لەبەر ئەوەیە چونکە ناڕازی بوونی تێدایە بەرانبەر ئەوەی بەسەری هاتووە وڕازی نەبوونە بەقەدەری خودا .

دووەم : تاشینی سەر وەک خۆ شوبهاندن بەبێباوەڕان یاخود فاسقان ئەوانەی کە واناسراون سەریان دەتاشن ، وهەندێ جار جۆرە ڕۆنێکی لێ دەدەن ئەوەی وەک ئەوان دەردەکەوێت ، یاخود ئەم لاو ئەو لاکەی زۆر کورت دەکاتەوە وناوڕاستەکەی دەهێڵێتەوە (واتە حەفرى دەکەن)، هەموو ئەمانە خۆ شوبهاندنە بەبێباوەڕان وحەڕامە ، نسأل الله السلامة والعافية ، ئەمە لەکاتێکدایە پێغەمبەر فەرموویەتی: ( من تشبه بقوم فهو منهم ) رواه أبو داود (4031) وصححه الألباني في صحيح أبي داود (3401) ،
واتە : هەر کەسێک خۆی بەهەر گەلێک بشوبهێنێت ئەوا لەوانە .

جا القاري رحمه الله دەڵێت :
أي من شبه نفسه بالكفار أو بالفساق أو الفجار ( فهو منهم ) أي : في الإثم اهـ
واتە : هەرکەسێک خۆی بشوبهێنێت بەکافران یاخود فاسقان یاخود خراپەکاران ئەوا وەک ئەوان تاوان بار دەبێت .

وه پرسیار کراوە لە الشيخ عبد المحسن العباد – حفظه الله –
لەم ڕۆژانەدا عادەتێک بڵاو بۆتەوە ئەویش ئەوەیە زۆر کەس سەریان دەتاشن وەک خۆشوبهاندن بە بێباوەڕان ، ئایا دروستە سەر بەکاملی بتاشرێت ؟
وەئایا ڕاستە ئەوە خۆ شوبهاندنە بەخەواریج ؟
لەوەڵامدا فەرمویەتى :
گەر مرۆڤ مەبەستی خۆ شوبهاندن بێت بەکافران یاخود خەواریج ئەوا دروست نی یە .
بەڵێ هاتووە کە یەکێک لەسیفاتەکانی خەواریج ئەوەبوو سەریان دەتاشی ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەموو سەر تاشینێک دروست نەبێت وخۆشوبهاندن بێت بە خەواریج ، بەڵێ گەر مەبەست لەو سەر چاک کردنە خۆ شوبهاندن بێت بەخەواریج یاخود غەیری ئەوان ئەوا دروست نی یە ، ئەو کارە بەهۆی ئەو نیتەوە حەڕام دەبێت .
بەڵام گەر بۆ مەسڵەحەتێک بێت ، یاخود بۆ پێویستیەک بێت ئەوا دروستە وهیچی تێدا نی یە .

جۆری پێنجەم :
موباحە ودروستە ئەوەش ئەوەیە بۆ پێویستی سەری بتاشێت ، وەک ئەوەی بۆ تەداوی کردن ، یاخود لەبەر دەرچوونی دومەڵ لەسەر سەری ، سەری بتاشێت ، شيخ الإسلام رحمه الله : ئائەمە دروستە بەبەڵگەی قورئان وسوننەت وکۆدەنگی زانایان . اهـ مجموع الفتاوى 12/117

جۆری شەشەم :
سەری چاک بکات بەبێ پێویستی وبەبێ ئەوەی هۆکارێک لەوهۆکارەکانە هەبێت کە ئاماژەمان پێدا .
ئا ئەمە زانایان ناکۆکن لەبارەی حوکمەکەیەوە ، هەندێ لەزانایان پێیان وایە مەکڕوهە لەوانە ئیمام مالك رحمه الله ، بەڵگەیان ئەوەیە ئەو کارە یەکێکە لەنیشانەکانی ئەهلی بیدەع کەخەواریجەکانن ، هەروەک ئاماژەمان پێ دا ، پێغەمبەریش فەرمووەیەتی : ( من تشبه بقوم فهو منهم )
واتە : هەر کەسێک خۆی بەهەر گەلێک بشوبهێنێت ئەوا لەوانە .

وە ئەوانەی کەبەدروستی دەزانن ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە کە أبو داود (4192) گێڕاویەتیەوە دەڵێت : أن النبي أتى آل جعفر بن أبي طالب رضي الله عنه ، بعد موت جعفر بثلاث ، ودعى بالحلاق فأمره أن يحلق رؤوس بنيه . صححه الألباني في صحيح أبي داود (3532)
واتە : پێغەمبەر دوای سێ ڕۆژ لەمردنی جەعفەر چو بۆ ماڵیان ، وبانگی حەلاقی کرد وفەرمانی کرد سەری منداڵەکانی بتاشێت .

وەهەروەها ئەم فەرموودەیەیی کە أبو داود (4195) گێڕاویەتیەوە دەڵێت : أن النبي رأي طفلاً قد حُلِق بعض رأسه ، وتُرِك بعضه فقال : ( احلقوه كله أو اتركه كله ) صححه الألباني في صحيح أبي داود (3535) ،
واتە : پێغەمبەر منداڵێکی بینی بەشێک لەسەری تاشرابوو وهەندێکی نەتاشرابوو ، فەرمووی : یان هەمووی بتاشن ویاخود واز لەهەمووی بێنن .

ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت : (وهذا صريح في إباحة حلق الرأس لا يحتمل تأويلاً ). اهـ شرح مسلم ،
واتە : ئائەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر دروستێتی تاشینی سەر وهیچ لێکدانەویەکی تر هەڵناگرێت .

بەڵام کردنە بەڵگەی ئەم دوو فەرموودەیە لەسەر دروستێی تاشینی سەر بەبێ ئەوەی پێویستیەک وای کردبێت ، جێی تێڕامانە :

یەکەم : چونکە تاشینی سەر لەو فەرموودانەدا لەبەر پێویستیەک بووە ،ئەمەش دروستە ، پێویستیەکەش ئەوەیە منداڵ عادەتەن زۆر تر توشی پیس بوونی سەر دەبن وڕشک وئەسپی دەدات لەسەریان . زاد المعاد 4/159

دووەم : ئەمە بۆمنداڵی بچوکە ، حەتمەن هەندێ شت بۆ منداڵ ڕێگای پێ دەدرێت ، بەڵام بۆ کەسی گەروە ڕێگای پێ نادرێت . حاشية السندي على النسائي ، وانظر مجموع الفتاوى (21/119) وشرح العمدة (1/230)

جا خیلافکە لەبەشی شەشەمدایە ئەویش ئەوەیە :
ئایا مەکڕوهە سەر بتاشرێت یاخود دروستە ؟یاخود باشتر وایە ؟
جا باشتر وایە سەر نەتاشرێت ، القاري رحمه الله دەڵێت : الأفضل أن لا يحلق إلا في أحد النسكين ( يعني : الحج والعمرة ) كما كان عليه صلى الله والسلام مع أصحابه رضي الله عنهم . اهـ من عون المعبود (11/248) ،
واتە : باشتر وایە سەر نەتاشرێت تەنها لەکاتی حەج وعەمڕەدا نەبێت هەروەک چۆن پێغەمبەر وهاوەڵانی وایان دەکرد ، والله تعالى اعلم .

سەردان: ٤,٧٧١ بەش: ئادابەکان