سوودكانی ڕۆژوو چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سوودكانی ڕۆژوو چیە؟

زانای پایەبەرز ابن قیم الجوزیە رحمە الله دەڵێت :
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست له‌ڕۆژووگرتن گرتنه‌وه‌ی نه‌فسه‌ له‌ئاره‌زووه‌كان ، وبڕینه‌وه‌یه‌تی له‌و شتانه‌ی كه‌لێی ڕاهاتووه‌ ، وگۆڕینی هێزی ئاره‌زووه‌ ؛ بۆ به‌ده‌س هێنانی ئه‌و په‌ڕی خۆش گوزه‌رانی ، وقه‌بووڵ كردنی ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ژیانی هه‌تا هه‌تایی تێدایه‌ ، و ناڕه‌حه‌تی تینوێتی وبرسێتی ده‌شكێنێت ، حاڵی كه‌سانی برسی بیر ده‌خاته‌وه‌ ، وده‌بێته‌ هۆی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ڕێگاكانی شه‌یتان به‌كه‌م كردنه‌وه‌ی خواردن وخواردنه‌وه‌ ، وهێزی ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ئاسایی ده‌كاته‌وه‌ وڕێگری لێ ده‌كات توشی ئه‌ شتانه‌ ببێت كه‌زیانی بۆ دونیا ودواڕۆژ هه‌یه‌ ، وهه‌موو ئه‌ندامێكی لاشه‌ دێنێته‌ سه‌ر خۆی ، كۆت و به‌ندی ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌ ده‌كات ، وپارێزه‌ری كه‌سانی جه‌نگاوه‌ره‌ ، و ڕاهێنانه‌ بۆ كه‌سانی چاكه‌ خواز وله‌خودا نزیك ، وڕۆژوو ته‌نها بۆ خوای په‌روه‌ردگاره‌ له‌نێو هه‌موو كرده‌وه‌كانی تردا ، ڕۆژووه‌وان هیچ كارێك ناكات ، ته‌نها واز له‌ئاره‌زووه‌كانی وخواردن وخواردنه‌وه‌ دێنێت له‌پێناو په‌روه‌ردگاره‌كه‌یدا ، ئه‌و وازی له‌و شتانه‌ هێناوه‌ كه‌حه‌زی لێیه‌تی له‌پێناو خۆشه‌ویستی بۆ خودا وڕه‌زامه‌ندی خودادا ، وه‌ڕۆژوو نهێنی نێوان به‌نده‌ وخودایه‌ هیچ كه‌سێك ئاگاداری نییه‌ جگه‌ له‌خودا ، وبه‌نده‌كان ئاگادارن لێی له‌وه‌ی كه‌ وازی له‌و شتانه‌ هێناوه‌ كه‌ڕۆژوو ده‌ش كێنێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌وازی له‌خواردن وخواردنه‌وه‌ وئاره‌زووی هێناوه‌ له‌پێناو په‌رستراوه‌كه‌یدا ، ئه‌وا شتێكه‌ كه‌ كه‌س ئاگاداری نییه‌ ، ئائه‌وا حه‌قیقه‌تی ڕۆژووه‌ .
وه‌ بێگومان ڕۆژوو كاریگه‌رییه‌كی سه‌ر سوڕهێنه‌ری هه‌یه‌ له‌پاراستنی ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌دا ، وبه‌هێزی دڵ ، وپاراستنی له‌هه‌ر كارێكی خراپ ، ڕۆژوو دڵ و لاشه‌ ده‌پارێزێت له‌نه‌خۆشی ، وه‌ئه‌و هێزانه‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌به‌هۆی ئاره‌زووه‌وه‌ له‌ده‌س چوون ، جا ڕۆژوو یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین یارمه‌تی ده‌ر بۆ به‌ته‌قوا بوون ، هه‌روه‌ك خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : [يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] سورة البقرة، الآية: 183.
واته‌ : ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانتان له‌سه‌ر فه‌رز كراوه‌ هه‌روه‌كو چۆن له‌سه‌ر ئوممه‌تانی پێش ئێوه‌ش فه‌رز كرابوو ، به‌ڵكو ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن و خۆتان بپارێزن له‌ سزاى خوا .
وه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم : (الصَّومُ جُنَّةٌ)، واته‌ : ڕۆژوو پارێزه‌ره‌ .
وه‌ فه‌رمانی به‌ڕۆژوو گرتن كردووه‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاره‌زوی ژن هێنانیان هه‌یه‌ و ناتوانن ژن بێنن ، وكردوویه‌تی به‌ ڕێگایه‌ك بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی ئاره‌زوو .
وە مەبەست لێی ئەوەیە :
كاتێ كه‌ قازانجه‌كانی ڕۆژوو بینراوه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی عه‌قڵ سه‌لیمه‌وه‌ ، وفیتڕه‌ت ڕێكه‌وه‌ ، خوداش وه‌ك ڕه‌حمه‌تێك به‌به‌نده‌كانی ڕۆژوی فه‌رز كردووه‌ له‌سه‌ریان ، بۆ پاراستنیان . زاد المعاد، 2/ 28- 30.

جا ڕۆژوو چەند سوودێكی گەورەی هەیە ، لەوانە :
یەکەم : ڕۆژوو هۆكارێكه‌ بۆ به‌ته‌قوا بوون ، چونكه‌ نه‌فس گه‌ر ملكه‌چ بوو بۆ واز هێنان له‌شته‌ حه‌ڵاڵه‌كان له‌به‌ ڕه‌زامه‌ندی خودا ،وله‌ترسی سزای خودا ، ئه‌وا به‌ته‌ئكید بۆ خۆپاراستن له‌شتی حه‌ڵاڵ به‌توانا تر ده‌بێت وخۆی لێ ده‌پارێزێت ، خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : [ يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] سورة البقرة، الآية: 183
واته‌ : ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانتان له‌سه‌ر فه‌رز كراوه‌ هه‌روه‌كو چۆن له‌سه‌ر ئوممه‌تانی پێش ئێوه‌ش فه‌رز كرابوو ، به‌ڵكو ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن و خۆتان بپارێزن له‌ سزاى خوا .
وه‌هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم : ((مَنْ لَم يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ وَالعَمَلَ بِه ِفَلَيْسَ للهِ ـ عز وجل ـ حَاجَةً أنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَه)) . أخرجه البخاري، كتاب الصوم، بابُ من لم يدع قول الزور والعمل به في الصوم، برقم 1903.
واته : هه‌ر كه‌سێك واز له‌قسه‌ی ناپه‌سه‌ند و خراپ و جه‌هل وكاری هه‌رزه‌یی نه‌هێنێت ، ئه‌وا خودا هیچ پێویستی به‌و نییه‌ واز له‌خواردن وخواردنه‌وه‌ بێنێت

دووەم :ڕۆژوو هۆكارێكه‌ بۆ سوپاسكردنی خودا له‌به‌رانبه‌ر نیعمه‌ته‌كانیدا ، چونكه‌ وازهێنان له‌خواردن ، وخواردنه‌وه‌، وباقی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ڕۆژوو ده‌شكێنن بۆ ڕێز گرتنه‌ له‌خودی نیعمه‌ته‌كان ؛ چونكه‌ وازهێنان له‌نیعمه‌ت بۆماوه‌یه‌ك واده‌كا خودی نیعمه‌ته‌كه‌ به‌قه‌در بێت ، چونكه‌ نیعمه‌ت قه‌دری نازانرێت ، وهه‌ركه‌ له‌ده‌س درا ئه‌و كات قه‌دری ده‌زانرێت ، حه‌تمه‌ن ئه‌مه‌شه‌ واده‌كا مرۆڤ سوپاسی خودا بكات ، وه‌له‌كاتی شكاندنی ڕۆژووه‌كه‌یدا هه‌ست به‌خۆشیه‌كی گه‌وره‌ ده‌كات كاتێ كه‌ئاوێكی سارد له‌كاتی تینویه‌تیدا ده‌خواته‌وه‌ وبه‌هه‌مان شێوه‌ش خواردن ، جا ئه‌مه‌ وای لێ ده‌كات سوپاس گوزاری خودا بێت ، وئاماژه‌ به‌مه‌ دراوه‌ له‌كاتی باس كردنی ڕۆژوودا ، هه‌روه‌ك له‌ئایه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌: [ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ] سورة البقرة، الآية: 185

سێیەم : ڕۆژوو ته‌بیعه‌ت ده‌گۆڕێت و نه‌فس ده‌شكێنێت ، وكاریگه‌رییه‌كی باشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاره‌زوو ؛ چونكه‌ نه‌فس كاتێ كه‌تێربوو ئاره‌زووی ده‌جوڵێت ، وبه‌ته‌ئكید تێر و ئاره‌زوو و له‌گه‌ڵ ئافره‌ت جووت بوون مرۆڤ به‌ره‌ و شتی خراپ و بێئاگای و له‌خۆ بایی بوون ده‌بات(1) ، وله‌هه‌مان كاتدا گه‌ر برسی بوو واز دێنێت له‌و شتانه‌ی كه‌حه‌زی لێیه‌تی ؛ هه‌ر بۆیه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلی الله علیه‌ وسلم فه‌رمویه‌تى : ((يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ مِنْكُمُ الْبَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ ، فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ ، وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ ، فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ)) متفق عليه: البخاري، برقم 1905، ومسلم، برقم 1400.
واته‌ : ئه‌ى كۆمه‌ڵى لاوان هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێوه‌ تواناى ژن هێنانى هه‌بوو با ژن بهێنێت ، چونكه‌ زیاتر چاو ده‌پارێزێت له‌ بینینى ناڕه‌وا ، و پارێزه‌ریشه‌ له‌ كه‌وتنه‌ داوێن پیسیه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش تواناى ژن هێنانى نه‌بوو ، با په‌نا به‌رێته‌ به‌ر ڕۆژوو گرتن ، چونكه‌ سه‌ركوت كه‌ره‌وه‌ى ئاره‌زووه‌كانه‌ .

چوارەم : ڕۆژوو وا له‌دڵ ده‌كات یه‌ك لاببێته‌وه‌ بۆ یادكردنی خودا و تێڕامان له‌شته‌كان ؛ چونكه‌ به‌كار خستنی ئاره‌زوو هۆكاری بێئاگاییه‌ ، وهه‌ندێ جار ده‌بێته‌ هۆی دڵ ڕه‌قی ، ووا له‌مرۆڤ ده‌كات حه‌ق نه‌بینێت ، وله‌هه‌مان كاتدا به‌تاڵ بوونی سك له‌خواردن وخواردنه‌وه‌ دڵ ڕوناك ده‌كاته‌وه‌ و ڕه‌قییه‌كه‌ی لاده‌بات و وای لێده‌كات مه‌جالی زیكر و بیر كردنه‌وه‌ی هه‌بێت. لطائف المعارف لابن رجب، ص 291

پێنجەم : وه‌به‌هۆی ڕۆژووه‌وه‌ كه‌سی ده‌وڵه‌مه‌ند قه‌دری نیعمه‌ته‌كانی خودا ده‌زانێت له‌كاتێكدا كه‌زۆر كه‌س لێی بێبه‌شن .

شەشەم : وه‌ڕۆژوو هۆكارێكه‌ بۆ ڕاهێنانی دڵ وزه‌بت كردنی نه‌فس وزاڵ بوون به‌سه‌ریدا، تاوه‌كو مرۆڤ بتوانێت جڵه‌وی نه‌فسی بگرێت ببێته‌ هۆی خۆش گوزه‌رانی له‌دونیا ودوا ڕۆژدا .

حەوتەم : وه‌ڕۆژوو نه‌فس جڵه‌و گیر ده‌كات وسه‌ر كێشییه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ .

هەشتەم : وه‌ڕۆژوو ده‌بێته‌ هۆی به‌ڕه‌حم بوون وبه‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ به‌هه‌ژاراندا ؛ چونكه‌ ڕۆژووه‌وان كاتێ ئازاری برسێتی چه‌شت له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا یاخود زۆر جار ، یه‌كسه‌ر دڵی نه‌رم ده‌بێت وبه‌زه‌ی به‌هه‌ژاراندا دێته‌وه‌ ، وچاكه‌ كار ده‌بێت له‌گه‌ڵیان ، وه‌به‌مه‌ش پاداشتی گه‌وره‌ به‌ده‌ست دێت . لطائف المعارف لابن رجب، ص 291

نۆیەم : وه‌ڕۆژوو خۆچواندنه‌ به‌حاڵى هه‌ژاران له‌وه‌ی كه‌ ته‌حه‌مولی ئه‌و شتانه‌ بكات كه‌ئه‌وان ته‌حه‌مولی ده‌كه‌ن ، حه‌تمه‌ن به‌مه‌ش مرۆڤ پله‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه‌ له‌لای خودا . الموسوعة الكويتية، 28/ 9

دەیەم : وه‌ڕۆژوو جوڵه‌ی خوێن كه‌م ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی برسێتی وتینویه‌تیه‌وه‌،(1) ئه‌مه‌ش ده‌بێت هۆی كه‌م بوونه‌وه‌ی توانای شه‌یتان ؛ چونكه‌ شه‌یتان به‌نێو خوێنی مرۆڤدا هاتوچۆ ده‌كات ، : (( إنَّ الشيطانَ يَجري منَ الإنسانِ مَجرى الدمِ)) متفق عليه
واته‌ : شه‌یتان به‌ناو خوێنی مرۆڤدا دێت وده‌چێت .
وه‌بێگومان به‌مه‌ش شه‌یتان بێزار ده‌بێت .

یانزەیەم : ڕۆژوو چه‌ندین سه‌بر وئارام گرتنی له‌خۆ گرتووه‌ :
سه‌بر گرتن له‌گوێ ڕایه‌ڵی خوادا : كه‌ ئه‌وه‌ش ڕۆژو گرتنه‌ ، وسه‌بڕ گرتن له‌نه‌خورادنی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ڕۆژوو ده‌شكێنن ، وسه‌بڕ گرتن له‌سه‌ر ناخۆشی برسێتی وتونیه‌تی ، به‌مه‌ش ڕۆژووه‌وان پاداشتی ئارام گران به‌ده‌س دێنێت ، وه‌حه‌تمه‌ن پاداشتی ئارام گرانیش زۆر گه‌وره‌یه‌ ،هه‌روه‌ك خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : [ إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ]سورة الزمر، الآية: 10.
واته‌ : به‌بێ ئه‌ندازه‌ خودا پاداشتی كه‌سانی ئارام گر ده‌داته‌وه‌ .

دوانزەیەم : ڕۆژوو چه‌ند سودێكی ته‌ندروستی هه‌یه‌ كه‌به‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی خواردن وخواردنه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت ، وه‌ده‌بێته‌ هۆی ئیسراحه‌ت كردنی جیهازی هه‌زم كردن ، به‌مه‌ش خوای په‌روه‌ردگار چه‌ندی نه‌خۆشی مه‌ترسی دار له‌مرۆڤ دوور ده‌خاته‌وه‌ . الموسوعة الفقهية، 28/ 8.

سیانزەیەم : ڕۆژوو عیباده‌ت كردنه‌ بۆ خوای په‌روه‌ردگار به‌هۆیه‌وه‌ كه‌سی عابد ده‌رده‌كه‌وێت ، وجودا ده‌كرێته‌وه‌ له‌وانه‌ی كه‌به‌نده‌ی ئاره‌زووه‌كانیانن ، وبه‌مه‌ ڕاستگۆی مرۆڤه‌كان به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت ؛ هه‌ر بۆیه‌ زۆربه‌ی موسوڵمانان گه‌ر لێی بدرێت یاخود سجن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت به‌بێ عوزر نایشكێنێت ، وه‌ئه‌م حیكمه‌ته‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌ورترین حیكمه‌تی به‌ڕۆژوو بوون .

سوود وەرگیراوە لە کتێبی : (الصیام في الإسلام)
لە نوسینى : شێخ سَعِيد بن عَلي بن وَهْف القَحْطَانِي - رحمه الله -
وەرگێڕانى : ستافى وەڵامەکان

 

============
(1) (لطائف المعارف لابن رجب، ص 290، والموسوعة الكويتية، 28/ 9.)