فەزڵ و چاکەکانى مانگی ڕەمەزان کامانەن ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و چاکەکانى مانگی ڕەمەزان کامانەن ؟

چاكەكانی مانگی ڕەمەزان :
ڕەمەزان مانگی خێر و بەرەكەتە ، خوای پەروەردگار چەندین چاكە و فەزڵی ئاشكرای پێ بەخشیوە ، ئەوەش ئەم شێوانەی خوارەوەیە :
1 ـ مانگی قورئانی پیرۆزە :
خوای بەتوانا و پایەبەرز قورئانە پیرۆزەكەی ناردۆتە خوارە وە بۆ ڕێنیشاندانی خەڵكی ، وە بۆ ئەوەی شیفاش بێت بۆ بڕواداران و ڕێنیشاندەریش بێت بۆ ڕاسترین كار و ڕونكردنەوەش بێت بۆ ڕاسترین كار و ڕێگای سەرفرازی ، ئەم ناردنەش لە شەوی قەدر ( لیلة القدر ) دا بوو ، لە مانگی ڕەمەزانی خێر و بەرەكەت ، خوای خاوەن عەرشی گەورە و پیرۆز دەفەرمووێ :  [ شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ ] [البقرة : 185].
واتە : مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە قورئانی پیرۆز تێدا هێنراوەتە خوارەوە ، بۆ ئەوەی ببێتە ڕێنیشاندەری خەڵكی ، و چەندەها ڕونكردنەوەی تێدایە بۆ ڕێنیشاندان ، و جیاكردنەوەی ڕەوایی و ناڕەوایی لە یەكتر ، جا ئەگەر هەریەكێك لە ئێوە ، ئەم مانگەی بەسەردا هات ، با بە ڕۆژوو بێت .
ئەوەش بزانە برای خۆم خوای پەروەردگار بەرەكەتی خۆیت بەسەردا بڕێژێت ، وەسف كردنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ( بەوەی كە قورئانی تێدا هێنراوەتە خوارەوە ) لە ڕستەی یەكەمدا و دەست پێ كردنی ڕستەی دوای ئەو بە پیتی ( فـ ) واتای هۆكار و سەبەب دەگەیەنێت: [ فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ ] ئەم ئایەتە ئەوە دەگەیەنێت بەڕێگەی ئاماژە كردن بۆ هۆكارەكە كە هۆی هەڵبژاردنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بۆ ئەوەی كە موسوڵمانان تیایدا بە ڕۆژوو بن ئەوەیە كە قورئانی پیرۆزی تێدا هێنراوەتە خوارەوە .
2 ـ كۆت كردنی شەیتانەكان و داخستنی دەرگاكانی دۆزەخ و كردنەوەی دەرگاكانی بەهەشت لەم مانگەدا :
لەم مانگە موبارەكەدا خراپە كەم دەبێتەوە لەسەر زەویدا : شەیتانەكان و ( مارد ) ە یاخی بووەكانی جنۆكە زنجیر و توند دەكرێن بە زنجیر و كۆت و پاوەند ، بەوەش توانای زیانیان نیە بە بەندەكانی خوا بەو شێوەیەی چۆن لەپێشدا زیانیان پێ دەگەیاندن ، ئەوەش بەهۆی خەریك بوونی موسوڵمانان بەڕۆژووەوە ، ئەو ڕۆژووەی كە هۆی سەركوت كردنی ئارەزووەكانە ، وە بەهۆی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز و هەموو چەشنە پەرستەكانی تر كە هۆی پەروەردە و پاك بوونەوەی دەرونن ، خوای پایە بەرز دەفەرمووێت : [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ ] [البقرة : 183].
واتە : ڕۆژووتان لەسەر فەرز كراوە هەروەكو چۆن لەسەر ئوممەتانی پێش ئێوە فەرز كراوە بۆ ئەوەی لە خوا بترسن و خۆتان بپارێزن لە سزای خوا .
بۆیە دەرگاكانی دۆزەخ دادەخرێن و دەرگاكانی بەهەشتیش دەكرێنەوە ، چونكە لەم مانگەدا كاری چاكەو ووشەی شیرین زۆر دەبێت .
پێغەمبەری خوا   دەفەرمووێت : " إذَا جَاءَ رَمَضَان فُتِحَ أبْوابُ الجَنَّة ، وغُلِقَت أبوابُ النِّيران ، وَصُفِدَتِ الشَّيطان " أخرجه البخاري : (4/97) رقم : (1898) و (1899) و (3277) ، ومسلم رقم : ( 1079 ) .
واتە : كە مانگی ڕەمەزان بەسەردا دێت دەرگاكانی بەهەشت دەكرێنەوە ، و دەرگاكانی دۆزەخیش دادەخرێن ، و شەیتانەكان زنجیر دەكرێن .
هەموو ئەوانەش لە شەوی یەكەمی ئەم مانگە پیرۆزە دەبێت ، چونكە پێغەمبەر   دەفەرمووێت : " إذَا كانَ أَوَّلُ لَيْلَةٍ مِنْ شَهْرِ رَمَضان ، صُفِّدَتِ الشَّيَطان وَمَرَدَةُ الجِّنِ ، وَغُلِقَت أبوابُ النَّارِ فَلَمْ يُفْتَح مِنْها بَابٌ ، وَفُتِحَت أبوابُ الجَنَّةِ فَلَمْ يُغْلَق مِنْهَا بَابٌ ، وَيُنَادي مُنادٍ يَا بَاغِيَ الخَيْرِ أَقْبِلْ ويَا بَاغِيَ الشَّرِ أَقْصِرْ ، وَللهِ عُتَقاءٌ مِن النَّارِ و ذلِكَ كُلَّ لَيْلَة " أخرجه الترمذي رقم : ( 682 ) ، و ابن خزيمة : ( 3 / 188 ) من طريق أبى بكر بن عياش عن الاعمش عن أبي هريرة ، و هذا إسناد حسن .
واتە : كە ڕۆژی یەكەم بەسەردا دێت لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ، شەیتانەكان و یاخی بوو (مَرَدَە) ە كانی جنۆكە زنجیر دەكرێن و دەرگاكانی دۆزەخ دادەخرێن و هیچ دەرگایەكی ناكرێتەوە ، وە دەرگاكانی بەهەشتیش دەكرێنەوە و هیچ دەرگایەكیان داناخرێت ، وە بانگەوازكارێك بانگ دەكات : ئەی ئەو كەسەی چاكەت دەوێت چاكە بكە ، وە ئەی ئەو كەسەی خراپەت دەوێت واز بێنە ، خوای پەروەردگاریش هەموو شەوێك لەشەوەكانی ئەم مانگە پیرۆزە چەندەها كەس ڕزگار دەكات لە ئاگری دۆزەخ .
3 ـ بوونی شەوی قەدر ( لیلە القدر ) تیایدا:
ئەی بەندەی بڕوادار ئەوت زانی كە پەروەردگار مانگی ڕەمەزانی هەڵبژاردوە ، لەبەر ئەوە لەم مانگەدا قورئانی پیرۆزی ناردوەتە خوارەوە ، دەتوانرێت ئەوە بەكار بهێنێت لە " قیاس" دا بەچەند ڕێگەیەكی جۆراو جۆر ، لەوانە :
أ / پیرۆزترین ڕۆژ لای خوای پەروەردگار لەم مانگەدایە كە قورئانی تێدا نێراوەتە خوارەوە ، بۆیە پێویستە تایبەتمەندیش بدرێت بەزیادكردنی كردەوەی چاك .
باشترین بەڵگەش بەدوا گـــەڕانی شەوی قەدر ( لیلة القدر ) ە و تایبەتمەندێتی پێدان بە كردەوەی زیاتر لە لایەن پێغەمبەر  و هاوەڵەكانی ـ خوای پەروەردگار لە هەموویان ڕازی بێت ـ باسی ئەمەش لەبەشەكانی تری ئەم كتێبەدا لە باسی ( لیلة القدر ) دا باس دەكرێت .
ب / موسوڵمانان هەر نیعمەتێكیان دەست كەوتبێت ، وا پێویست دەكات كردەوەی زۆر بكەن بۆ شوكرانە بێژی ئەو نیعمەتەی كە پێیان بەخشراوە ، بەڵگەش ئەم ووتەیە ئەوەیە كە خوای پەروەردگار دوای بەسەربردنی مانگی ڕەمەزان فەرموویەتی : [ وَلِتُكْمِلُواْ الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُواْ اللّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ ] [البقرة : 185] .
واتە : بۆ ئەوەی ڕۆژەكانی ڕەمەزان تەواو بكەن و خوای خۆتان بە گەورە بزانن لەبەر ئەو ڕێنیشاندانەی كە كردوونی وە بۆ ئەوەی شوكرانە بژێری نیعمەتەكانی خوا بكەن .
وە خوای پایە بەرز دوای كۆتای هاتنی نیعمەتی حەج دەفەرمووێت : [فَإِذَا قَضَيْتُم مَّنَاسِكَكُمْ فَاذْكُرُواْ اللّهَ كَذِكْرِكُمْ آبَاءكُمْ أَوْ أَشَدَّ ذِكْرًا] [البقرة : 200] .
واتە : ئەگەر هەموو كردەوەكانی حەجتان تەواو كرد زیكری خوا بكەن و خواتان لە یاد بێت چۆن باوكانتان لەیادە یان لەوەش زیاتر .

مامۆستا عدنان بارام