بۆ ئەوەی ئەم عیبادەتە نەبێتە جۆرێك لەعادەت و قورس نەبێت لە سەرمان پێویستە هەموو موسڵمانێك پرسیارێك لەخۆی بكات ئەویش بۆچی ڕۆژوو بگرین ؟ جونكە خەڵكێكی زۆر ڕۆژوو ئەگرن و نازانن بۆچی ڕۆژوو ئەگرن ئەم نەزانینە وامان لێئەكات جیاوازی نەكەین لەنێوان عادەت و عیبادەت، چونكە تاوەكو ئامانج لەڕۆژوو گرتن دیاری نەكەین چێژ لەڕۆژوو گرتن نابینین، دیاری كردنی ئامانجیش وامان لێئەكات هەموو تواناكانمان بخەینە گڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، لە ڕەمەزاندا و لەگەرمای هاویندا خۆمان لە خواردنەوەی ئاوی سارد ئەگرینەوە و برسیمان ئەبێت و ماندو ئەبین لەپێناو چی ؟ ئەمانەوێ بگەینە چی ؟ بۆچی ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزان لەسەرمان فەرز كراوە ؟ بە دڵنیاییەوە مەبەستی خوای پەروەردگار ئەوە نیە تینو و برسی بەندەكانی خۆی بكات و سزایان بدات (نعوذ بالله) چونكە خوای پەروەردگار لەكۆتایی ئایەتی ڕۆژوو ئەفەرموێ: [ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ] (البقرة: 185).
واتە: خوا ئاسوودەیی و كار ئاسانی ئێوەی ئەوێ و لە ئەنجامدانی فەرزەكاندا نایەوێ بكەونە تەنگی وناڕەحەتی.
بۆیە ئامانجە سەرەكیەكان لە ڕۆژوو گرتن ئەمانەن:
ئامانجی یەكەم / جێبەجێ كردنە بۆ یەكێكە لە فەرمانەكانی خوا، كە لە هەمان كاتدا یەكێكە لە پایەكانی ئیسلام.
ئامانجی دووەم / ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە كردەوەیەكە لەدۆزەخ ڕزگارمان بكات هەر بۆیە سەبارەت بە ڕۆژوو پێغەمبەری خوا فەرموویەتی ﷺ:" [من صام يوما في سبيل الله بعد الله وجهه عن النار سبعين خريفا] " (متفق عليه)، واتە: هەر بەندەیەك لەبەندەكانی خوا لەپێناو خوای پەروەردگار ڕۆژێك بەڕۆژوو بێت، بەهۆیەوە خوای پەروەردگار (70) حەفتا پایز ـ واتە: ساڵا ـ ڕومەتی لەئاگری دۆزەخ دور ئەخاتەوە.
چونكە ڕۆژوو قەڵایەكە موسڵمان ئەپارێزێت لە ئارەزوەكانی و ڕێگریشە لە تاوان، هەروەك پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: " [قال الله تعالى الصيام جنة يستجن بها العبد من النار وهو لي وأنا أجزي به] " (حسنه الألباني في: صحيح الجامع الصغير / 4308)، واتە: خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ڕۆژوو پارێزەرە، بە هۆیەوە بەندەی موسڵمان خۆی لەئاگری دۆزەخ پێدەپارێزێ.
هەروەها خوای پەروەردگار ئەفەرموێ: [ وَأَن تَصُومُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ ] (البقرة: 184)، واتە: بێگومان ڕۆژووگرتن چاكترە بۆتان ئەگەر بەم كارە بزانن.
ئامانجی سێ یەم / پێویستمان بە كردەوەیەك هەیە بەهۆیەوە بچینە بەهەشتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە (أبو أمامە) دەگێڕنەوە كە فەرمویەتی: " [أتيت رسول الله ﷺ فقلت مرني بأمر آخذه عنك قال عليك بالصوم فإنه لا مثل له] " (صحيح سنن النسائي / 2220)، واتە: هاتمە خزمەت پێغەمبەری خوا ﷺو پێم وت: فەرمانم پێ بكە بە شتێك كە لە خۆتەوە وەری بگرم، ئەویش فەرمووی: بەڕۆژوو بە، بێگومان ڕۆژووش هاوشێوی نیە.
ئامانجی چوارەم / ئەم پەرستشە جیاوازە لە پەرستشەكانی تر هەروەك لە ڕیوایەتی ئیمامی بوخاری دا هاتوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمویەتی: " [يترك طعامه و شرابه و شهوته من أجلي، الصيام لي وأنا أجزي به، و الحسنة بعشر أمثالها] "، واتە: ڕۆژوەوان واز لەخواردن خواردنەوە و ئارەزوكانی ئەهێنێ، ڕۆژوو گرتن بۆ منە و تەنها منیش پاداشتی دەدەمەوە، ڕۆژوو پاداشتێكی دیاری نەكراوم بۆ داناوە چاكەش بە دە ئەوەندەی خۆی پاداشت دەدرێتەوە.
ئامانجی پێنجەم / پێویستمان بەكردەوەیەك هەیە لە تاوانەكانمان بسڕێتەوە و چاكەكانمان زیاد بكات بۆ ئەم مەبەستەش پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمویەتی:" [الصلوات الخمس والجمعة إلى الجمعة ورمضان إلى رمضان مكفرات لما بينهن إذا اجتنبت الكبائر] " (رواه مسلم)، واتە: پێنج فەرزەی نوێژ و نوێژی جومعە بۆ نوێژەكەی تر و ڕۆژوی ڕەمەزان بۆ ڕەمەزانەكەی تر ئەو گوناهانە ئەسڕنەوە كە لەنێوانیاندا ئەنجام ئەدرێت، بەمەرجێك خۆی بپارێزێت لە تاوانە گەورەكان.
ئامانجی شەشەم / پێویستمان بەكاتێك هەیە كە دڵنیابین دوعاكانمان تیایدا گیرا دەبێ پێغەمبەری خوا فەرموویەتی ﷺ: " [إن لله تعالى عتقاء في كل يوم وليلة لكل عبد منهم دعوة مستجابة] " (صحيح الجامع الصغير: 2169).
واتە: خوای پەروەردگار لە هەموو ڕۆژ و شەوێكی مانگی ڕەمەزان دا چەندەها كەس ڕزگار ئەكات هەروەها بۆ هەموو موسڵمانێكیش پاڕانەوەیەك هەیە تیایدا بپاڕێتەوە، وەڵامیش دەدرێتەوە.
ئامانجی حەوتەم / پێویستمان بە كاتێك هەیە پەروەردگار لێمان خۆش بێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە (أبو هریرە) ەوە دەگێرنەوە كە پێغەمبەری خوا ﷺ لەسەر مینبەر فەرمووی ( آمين آمين آمين) پاشان پرسیاریان لێ كرد ئەی پێغەمبەری خوا تۆ كاتێ ڕۆیشتیتە سەر مینبەر فەرمووت ( آمين آمين آمين) ؟ فەرمووی لەوكاتەدا جبریل ـ سەلامی خوای لێ بێت ـ هاتە لام و فەرموی: هـەر كـەسێك لـە ئـوممـەتـەكـەت مـانگی ڕەمـەزانی بـەسـەردا هـاتوو خـوا لێی خـۆش نەبوو با بڕواتە دۆزەخەوە و خوا دوری كاتەوە لە ڕەحمەتی خۆی، بڵێ ( آمين)، ئەفەرموێت: منیش وتم ( آمين).
لە هەمویشی گرنگتر جێ بەجێ كردنی فەرمانێكی گرنگە لە فەرمانەكانی خوای پەروەردگار، ئەمە جگە لەوەی لە ڕوی ڕەوشت و تەندروستی و ڕوەكانی تر سودمان پێدەگەیەنێ كە بە ویستی پەروەردگار لە بابەتەكانی تر دەچینە سەری.